کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌لاماردانی كورده‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ باشووری كوردستان كرده‌وه‌یه‌كی ترسه‌نۆكانه‌یه‌

Sunday, 08/03/2015, 12:00



 
له‌ ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ی رابردوودا كورده‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كانی نیشته‌جێی باشووری كوردستان، له‌ لایه‌ن پارته‌ باشوورییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌گونجاو و ته‌نانه‌ت دوژمنكارانه‌یان به‌رامبه‌ركراوه‌. ئه‌گه‌رچی كۆماری كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ سه‌رده‌می جۆراوجۆردا پاڵپشت و یاوه‌ری بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌ باشوور و هه‌موو كوردستان بوون، به‌ڵام پارته‌ باشوریه‌كان به‌ كرده‌وه‌ نه‌ك پاڵپشت نه‌بوون، به‌ڵكو له‌ زۆر قۆناخدا بوونه‌ هاوكار و یاریده‌ده‌ری ساواك و ئیتلاعات.
سه‌رۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان مه‌لا مسته‌فا له‌ شۆڕشی به‌ ناو ئه‌یلول ئه‌و ئاوه‌ بێزراوه‌ی رشت، كه‌ مه‌سعود و ئیدریسی كوڕی له‌ دوای هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی ئێران تۆختریان كرد. له‌ دوای راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئازادبوونی به‌شێكی زۆر له‌ باشووری كوردستان، به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و زۆر پارتی دیكه‌ش تێكه‌ڵ به‌و رێچكه‌یه‌ بوون. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا به‌ سه‌دان كوردیی رۆژهه‌ڵات له‌ باشووری كوردستان وه‌ك دیاری بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر كران. له‌و ده‌وره‌یه‌دا وه‌ك سه‌رده‌می مه‌لا مسته‌فا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌ زیندوویی گیراون و راده‌ستی ده‌زگای سیخوڕی ئیتلاعاتی ئێران دراونه‌وه‌. ئه‌وان ناچاركران كه‌ رادیۆی ده‌نگی كوردستان دابخه‌ن و خه‌باتی چه‌كداریان راگرن. له‌ جه‌رگه‌ی باشووری كوردستاندا بنكه‌ و باره‌گاكانی حیزبی دێموكڕات كرانه‌ ئامانجی سپای پاسداڕان و ناچاركران، كه‌ به‌ مانه‌وه‌ قه‌ناعه‌ت بكه‌ن و بێجگه‌ له‌ پاراستنی یه‌كێتیی و پارتی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رۆژهه‌ڵات نه‌كه‌نه‌وه‌.
سه‌ركرده‌ی پارته‌ كوردییه‌كانی باشوور له‌ پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ئێران و به‌رپرسانی سپای پاسدڕاندا په‌رێزیان خاوێن نییه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ گه‌ڵ بكوژی د.قاسملوو و زۆر كوردكوژی دیكه‌دا وه‌ك هاوڕێی گیانی به‌ گیانی ده‌سته‌ملان بوون و له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند تاكه‌ كه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ك مێژوی كورده‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كانیان هه‌راج كردوه‌. ئه‌وان هه‌ولێر و سلێمانیان كردۆته‌ مه‌یدانی رمبازێنێی به‌رپرسانی رێژیمی ئێران و له‌ یادكردنه‌وه‌ی مه‌رگی خومه‌یینی و ته‌نانه‌ت هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی ئێراندا له‌ كێبه‌ركێی گه‌رم و گۆڕدان.
له‌ درێژه‌ی سیاسه‌تی ناكوردانه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی رۆژهه‌ڵات رۆژی ٣ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٥ زایینی به‌ بیانووی گرتنی كه‌سێك به‌ هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌لاماری كۆمه‌ڵگه‌ی ئازادیی له‌ ده‌شتی كۆیه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌وان به‌ چه‌كدار و پۆلیسی زۆره‌ و به‌ شێوازێكی نابه‌رپرسیارانه‌ و دوژمنكارانه‌ هه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند ماڵێك و به‌ شێوازێكی دوور له‌ یاسا له‌ گه‌ڵ ژن و منداڵ و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێراندا جوڵاونه‌وه‌. كرده‌وه‌ی شه‌رمنانه‌ و ترسه‌نۆكانه‌ی چه‌كدار و پۆلیسی حیزب دژ به‌ پارتێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ بیر ناچنه‌وه‌. پارته‌ باشووریه‌كان باشتره‌ بیركورت نه‌بن و له‌ بیریان بێ، كه‌ بێحورمه‌تی كردن به‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان و سوكایه‌تی كردن به‌ پارته‌ سیاسییه‌كان ئاكامی نه‌رێنی به‌دواوه‌ ده‌بێ. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ و به‌ تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ده‌كه‌ن، سبه‌ینێ ده‌بێ چاوه‌ڕوان بن به‌ خۆتان و چه‌كداره‌كانتان بكرێته‌وه‌.
جێگای خۆیه‌تی، كه‌ ئه‌وپه‌ری رێز له‌ تێكۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵات بگرن. پارته‌ كوردییه‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌كان و یه‌ك له‌وان حیزبی دێموكڕات ره‌خنه‌ی زۆری له‌ سه‌ره‌ و له‌ پێناوی برایه‌تیی و كوردایه‌تیدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان فیدای سیاسه‌تی پارتی دێموكڕات و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كردوه. سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی ئێوه‌ خێری هیچ لایه‌كی تێدانابێ و ئه‌وانه‌ی تۆوی دوژمنایه‌تی و شكاندنی ئه‌وانی دیكه‌ ده‌چێنن، رۆژێك به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌دروونه‌وه‌.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە