تاجه گوڵینه‌ی سه‌ر گۆڕی ئه‌و که‌سه‌ی خاڵه‌کانی من و نێچیری هه‌ڵواسی
Tuesday, 28/12/2010, 12:00
هێشتا له هیچ وتار و کتێبێك دا ده‌رباره‌ی ئه‌تا تورك و دڕنده‌یی خۆی و سیسته‌م و بیرکردنهوهیم نه‌ده‌زانی، هێشتا هێنده تێکه‌ڵ به کۆڕ و کۆمه‌ڵ نه‌بو بوم که بۆم باسکرابێت ئه‌و گورگه کێیه که ئاوا له به‌رگی سێکولاریزم و پێشکه‌وتن خوازی دا خۆی شاردۆته‌وه. یه‌که‌مین باسی سیاسی که له ته‌مه‌نی دوانزه ساڵانم دا له گۆڤاری 'ئه‌ستێره ' ی منداڵان دا سه‌رنجی ڕاکێشابم ده‌رباره‌ی شه‌هیدی نه‌مر قازی موحه‌مه‌د و کۆماری کوردستان بو.
نازانم چه‌ند ساڵان بوم، ته‌نها هێنده ده‌زانم زۆر زوتر ئه‌تا تورکم ده‌ناسی.ئه‌و دو مرۆڤه هه‌ر له منداڵیمه‌وه زۆر جیاواز له یه‌کتری تێم ده‌ڕوانین. باوکم له لایه‌که‌وه شانازی به ڕابوردوی خه‌باتی خۆیه‌وه ده‌کرد له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌ستی به گوناهێك ده‌کرد که بواری ئه‌وه‌ی نه‌بووه خزمه‌ت به خێزانه‌که‌ی بکات به تایبه‌تی دایکه به‌سۆزه‌که‌ی. هه‌میشه به ناسۆره‌وه له تێکچونی ده‌رونی دایکی و پوری، خه‌دیجه و زه‌کیه ی شێخ مارفی قه‌ره‌داغی ده‌دوا. هه‌میشه ئه‌و سه‌رگوزشته‌یه‌ی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه که چۆن تێکچونی ده‌رونی دایکی و پوری (که نه‌نکی نێچیره له دایکه‌وه) به هۆی دڕنده‌یی ئه‌تا تورکه‌وه بووه. ئه‌م دو خوشکه دو برایان هه‌بو که له هه‌ڕه‌تی لاویی وههرزهکاریان دا بون و وه‌کو زۆر له ده‌رچوان و قوتابی ڕوشدیه‌ی عه‌سکه‌ری، ئه‌فسه‌ر و قوتابی سوپای عوسمانی بون شێخ عه‌بدولڕه‌زاق کاتێك ده‌بێته ئه‌فسه‌ر برا هه‌رزه‌کاره‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات بۆ تورکیا. باوکم نه‌یده‌زانی خاڵه عه‌بدولڕه‌زاق له کام ڕێکخراو و ده‌سته‌یه‌ك دا بوو، ته‌نها هێنده‌ی ده‌زانی که دژ به ئه‌فسه‌رانی ناو سوپاکه‌ی ئه‌تا تورك وه‌ستاوه‌ته‌وه پاشان خۆی و براکه‌ی ناچار بون خۆیان بگه‌یه‌ننه یۆنان، پاشان به فێڵی ئه‌وه‌ی لێ بوردونیان بۆ ده‌رچووه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ تورکیا، تورکه‌کان حیزفرسه‌تانه ده‌یانگرن و شێخ عه‌بدولڕه‌زاق ئیعدام ده‌که‌ن و براکه‌ی ده‌خرێته زیندانه‌وه. پاش شه‌هید کردنی خاڵه شێخ عه‌بدولڕه‌زاق برا هه‌رزه‌کاره‌که‌ی ئازاد ده‌که‌ن، ئه‌ویش بێکه‌س و ته‌نها به پێپه‌تی و به برسێتی، ڕێگای گه‌ڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته به‌ر، له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی دا له یه‌کێ له‌و ئاوانه‌ی دێته ڕێی، له‌شه برسی و لاوازه‌که‌ی به‌رگه‌ی شه‌پۆلی ئاوی خور و توند ناگرێت و ئاو ده‌یبات و لاشه‌که‌شی نادۆزرێته‌وه. هه‌ردو براکه گۆڕ غه‌ریب ده‌بن .خوشکه‌کانیان له ڕێگای خه‌ڵك و خواوه ته‌نها هه‌واڵی مردنه‌که‌یان پێ ده‌گاته‌وه.
ئه‌م سه‌رگوزشته‌یه یه‌که‌مین ناساندنی موسته‌فا که‌مالی گۆڕبه‌گۆڕ بو به من، پێش ئه‌وه‌ی بزانم من کێم و سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌کم، بیر و ئایدۆلۆژیا مانای چی، ئه‌وه‌م ده‌زانی که ئه‌تا تورك تاوانبارێکه و که‌سانێکی هه‌ڵواسیوه که خۆشه‌ویستی خێزان و دهورهبهرهکهیان بون و هه‌رچیه‌ك بوبن خراپکار نه‌بون. ڕه‌نگه باوکم خۆشی قه‌رزاری ئه‌م سه‌رگوزه‌شته‌یه بوبێت، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای لاویه‌وه ڕێگای خه‌بات و تێکۆشانی گرتبووه به‌ر. ڕه‌نگه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خه‌باتگێری بنه‌ماڵه‌که‌مان له هه‌ر پارت و سه‌نگه‌رێکدا بوبن کاریگه‌ری ئه‌و دوو شه‌هیده بێت.
پاشان چه‌ندین سه‌رگوزشته‌ی تری نامرۆڤانه‌م سه‌باره‌ت به ئه‌و گورگه و ڕژێم و سوپا حیزفرسهتهکهی تورکیا دژ به گه‌لی کورد و یۆنانی وباڵکان و گه‌لانی تری ناتورك بیست و خوێنده‌وه. کاتێ ده‌ڵێم حیز فرسه‌ت له ڕق و توڕه‌ییمه‌وه نیه، به‌ڵکو له باوهڕهێنانمهوهیه به حیز فرسه‌تی سوپای تورکه‌کان، که له ته‌واوی مێژوی سیاسی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه وسوپاکه‌ی و ڕابه‌ره‌کانیان دا وه‌کو میتۆدێکی هه‌میشه‌یی په‌یڕه‌ویان کردووه.
656 ساڵ پێش ئێستا‌و سه‌د و یه‌ك ساڵ پێش داگیر گرتنی کۆستهنتینۆپڵ 1453 که ناویان نا ئه‌سته‌نبوڵ، یه‌که‌مین شاری قاڕه‌ی ئه‌وروپا که له ساڵی 1354 دا له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه گیرا کالیپۆلی بو. ئه‌م شاره که له لایه‌ن بێزهنتیهکانهوه حوکمڕانی ده‌کرا، که‌وتۆته سه‌ر به‌شی ئه‌وروپای زێی مه‌ڕمه‌ڕه‌وه. پاشان ناوه‌که‌ی گۆڕدرا بۆ گالیپۆلوو. کالیپۆلی به هۆی ئازایه‌تی و قاره‌مانێتیه‌وه نه‌گیرا، به‌ڵکو شاره‌که گومهلهرزهیهکی توند لێی داب‌و دیواره‌کانی ڕوخابون و دانیشتووه‌که‌ی ئاواره و بێده‌ره‌تان، برسی و سه‌رلێ شێواو، له ده‌شتاییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که‌دا بڵاو بوبونه‌وه. تورکه‌کان له بری ڕاکێشانی ده‌ستی یارمه‌تی بۆیان شاره‌که‌یان داگیر کردن و هه‌رچی سروشت به‌زه‌یی پیادا هاتبۆوه و وێرانی نه‌کردبو ئه‌مان وێرانیان کرد و کوشتارێکی بێشوماریان لێ کردن ودهستدرێژیان کرده سه‌ر سه‌دان ئافره‌تی ئه‌و شاره. له‌و کاته‌وه زنجیره‌ی یه‌که‌مین تاوانکاری و دڕنده‌یی و حیزفرسهتیان له خاکی ئه‌وروپاشدا پیاده‌کرد. مێژوی تاوان و ناجوامێرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك به پشتیوانی و چاولێپۆشی زۆربه‌ی زۆری گه‌له‌که‌یان هه‌ر له پێش ئه‌و مێژووه و له سه‌رده‌می ئه‌ڵپ ئه‌رسه‌لانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌تا تورك تاکو ئه‌مڕۆ به ناهه‌ق شانازی پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیه‌کان له‌سه‌رده‌مێکدا شانازیان به هیتله‌ره‌وه ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ئه‌ڵمانیه‌کان نه‌ك هه‌ر شه‌رمه‌زار وپه‌شیمانی پشتیوانی کردنی هیتله‌رن به‌ڵکو زۆر جار شه‌رمه‌زاری ئه‌ڵمانی بونی خۆیانن، به هۆی دڕنده‌یی ئه‌و ڕابه‌ره و ئایدۆلۆژی و سیسته‌مه‌که‌یه‌وه.
ویلی براند کانسلای ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا، پێش یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له 7ی کانونی یه‌که‌می 1970 دا له به‌رده‌می مۆنومێنتی قوربانیه‌کانی گێتۆی وارشۆ دا وه‌کو نیشاندانی ڕێزی بۆ ڕاپه‌ڕینی جوله‌که‌کانی گێتۆی وارشۆ و په‌شیمانی گه‌لی ئه‌ڵمانی به‌رامبه‌ر تاوانه‌کانیان دژ به گه‌لی جوله‌که به چاوی پڕ له فرمێسکه‌وه ئه‌ژنۆی بۆ دان، هه‌رده‌و ده‌ستی به‌رامبه‌ر مۆنومێنته‌که له‌یه‌ك قایم کردب، بۆ ئه‌وه‌ی پێشانیان بدات که وه‌کو نوێنه‌ری گه‌لی ئه‌ڵمانیا داوای به‌خشینیان لێ ده‌کات . له 19ی مارتی 2008دا ئه‌نگێلا مێرکلی کانسلای ئه‌ڵمانی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئیسرائیل دا به‌و په‌ری سۆزه‌وه سه‌ری ڕێزی بۆ قوربانیان و ئه‌وانه‌ی یارمه‌تی قوربانیه‌کانی گه‌لی جوله‌که یان داوه دانه‌واند و په‌شیمانی بۆ ئه‌و تاوانانه ده‌ربڕی که به‌رامبه‌ر به گه‌لی جوله‌که له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیای هیتلهریهوه ئه‌نجام درابو. ئه‌وه‌ش خۆی له خۆی دا نیشانه‌ی شارستانیه‌تی ئه‌و گه‌له‌یه که دان به تاوانه‌کانی باب و باپیرانی خۆیان و ڕابوردوی خۆیان دا ده‌نێن و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که نایانه‌وێت هه‌رگیز تاوانی وا ڕوبداته‌وه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه زۆربه‌ی تورکه‌کان به چه‌پ و ڕاست و "مۆدێڕن " و کۆنهپهرستهکانیانهوه شانازی به مێژوی ڕه‌ش و دڕندانه‌ی ڕابوردویانهوه ده‌که‌ن. تا ئێستاش تورکه‌کان نه‌ك شه‌رمه‌زار و په‌شیمان نین له جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان، به‌ڵکو کاتێك وڵاتێکی بێگانه ده‌یه‌وێت تاوانباریان بکات، به و په‌ڕی وزه و به دڵ و به گیان ده‌که‌ونه پاکانه بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی باب و باپیره گۆڕبهگۆڕهکانیان ئهنجمیان داوه و ده‌که‌ونه هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی هه‌رزان. دوباره ئه‌و ڕاستیه نیشان ده‌ده‌ن که ڕۆژێ له ڕۆژان بۆیان هه‌ڵبکه‌وێت له‌وه خراپتر دوباره ده‌که‌نه‌وه.
گۆڕی ڕابه‌ره دڕنده و تاونبارهکانیان کردۆته مه‌زاری ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی، به‌تایبه‌تی مسته‌فا که‌مالی تاوانبار .
زۆرجار خه‌ریکه بێمه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ڕاسته مێژو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رکه‌وتوانه‌وه ده‌نوسرێته‌وه. له ته‌واوی چوارساڵی کۆلێژی ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا له زانکۆی لۆڤنی به‌لجیکا ته‌نها له دو شوێن دا ووشه‌ی کورد له کتێبه‌کاندا نوسراون. یه‌کێکیان له باسی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی دا که به‌ڕه‌گه‌ز کورد بووه، ئه‌وی تریان به یه‌ك ووشه كه له ڕیزی گه‌لانی موسوڵمانه ناعه‌ره‌به‌کان دا ڕیز کراوه. له کۆلێژی ڕۆژهه‌ڵاتناسی دا له‌وه ده‌چێت که نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنی کورد هیچ پهیوهستێکیان به ڕۆژهه‌ڵاته‌وه نه‌بێت و له قوتبی باکور یان باشوردا بژین. به‌ڵام به‌هه‌ق و به ناهه‌ق دوان و نوسین سه‌باره‌ت کاره "جوانه‌کانی" مسته‌فا که‌مال و بردنی تورکیا به‌ره‌و سێکولاری و" پێشکه‌وتن و ژیانی مۆدێڕن" قوتابی بێزار و توشی توڕه‌یی ده‌کات. به تایبه‌تی که هه‌رگیز لایه‌نه ڕه‌شه‌کانی مێژوی ئه‌و دڕنده‌یه ناخه‌نه به‌رچاو. له کاتێك دا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌تا تورك، هه‌ندێك له سوڵتانه‌کانی عوسمانی زۆر مرۆڤ دۆست تر و کراوه تر بون. لێره‌دا نامه‌وێت له باشی سوڵتانه‌کان بدوێم ته‌نها مه‌به‌ستم بهراوردیه و ده‌مه‌وێت ته‌نها بڵێم ڕه‌حمه‌ت له کفن دز ! .
شتێکی ئاساییه وه‌کو منداڵێك یه‌که‌مین ڕق و کینه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌تاتورك و لایه‌نگرانی که زۆربه‌ی زۆری نه‌ته‌وه‌ی تورك ده‌گرێته‌وه ته‌نها هه‌ڵقوڵاوی سۆزم و نا ئه‌قڵانی بوبێت، به‌ڵام پاشان زۆر باشتر له ئه‌تا تورك و سیسته‌مه‌که‌ی و لایه‌نگرانی گه‌یشتم و له‌گه‌ڵ هه‌ر زانیاریه‌کی نوێم دا ڕق و کینه‌م زیاتر ده‌بو. ڕق و کینه‌م مۆرکێکی هۆشیارانه و ڕاسیۆنالانه تری به خۆوه ده‌گرت.
کاتێك سه‌رانی وڵاتان و که‌سایه‌تیه ناسراوه‌کان ده‌چونه سه‌ر گۆڕی ئه‌تا تورك که کراوه به باو و به‌شێك له پڕۆتۆکۆڵی سه‌ردانه ڕه‌سمیه‌کان له ناخی خۆم دا وام هه‌ست ده‌کرد سوکایه‌تی به شه‌هیدانی گه‌له‌که‌م و شه‌هیدانی گه‌لانی ئازادی خوازی دونیا ده‌کرێت. نه‌مده‌زانی ڕۆژێ دێت که شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان هێنده بێ‌نرخ ده‌بن که سه‌رۆك کۆماری "وڵاته‌که‌یان"، یه‌کێك له "ڕابه‌رانی" بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازیان و یه‌کێك له هاوزوبانهکانی کورده سه‌ربه‌رزه‌کانی باکور تاجه گوڵینه له‌سه‌ر گۆری جه‌لاده گۆڕبهگۆڕهکه و باوکی ڕۆحی جه‌لاده‌کانی ئه‌مڕۆیان داده‌نێت.
ئه‌گه‌ر من ده‌نگم به جه‌لال تاڵه‌بانیدا ناگات و پێی بڵێم شه‌رمه‌زاری بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان و بنه‌ماڵه‌که‌مان بیت، که چویته سه‌ر گۆری بکوژانی گه‌له‌که‌م و خاڵه‌کانم که یه‌که‌مین شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌که‌مان بوون و جێگای شانازی خۆمان و ئه‌ولادی ئهولادهکانمانن، خۆ نێچیر به‌رزانی تۆ هه‌ر کاتێك بته‌وێت ده‌توانێت ئه‌و شه‌ریکه سترایجیهتان ببینێت و ئه‌و دوو شه‌هیده سهبهرزه که چۆن خاڵی منن ئاواش خاڵی تۆن و یه‌که‌مین شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی دایکی خوالێخۆشبوی تۆن. ده‌با ته‌نها بۆ جارێك و له جیاتی بنه‌ماڵه‌که‌ی دایکه به‌ڕێز و به سۆزه‌که‌ت ڕوڕهشیت له تاڵه‌بانی بکردایه.
نه‌ك بێده‌نگ بیت یان ده‌سخۆشی لێبکه‌یت بۆ سه‌رکه‌وتنه دبلۆماسیه‌کانی! کام دبلۆماسیه‌ت؟
من که ته‌واوی ژیانم کرێکارێك و ڕه‌نجده‌رێکی خێزانه‌که‌مان بوم، زۆر له خۆم ده‌که‌م له به‌ڵگه‌نامه زانکۆییهکانم بدوێم، که له پاڵ کرێکاری و ڕه‌نجی شانم به‌ده‌ستم هێناون، نه‌ك به منحه و زه‌ماله وه‌کو کوڕی به‌پرسه گه‌نده‌ڵه‌کان. به‌ڵام هه‌ندێك جار ناچار ده‌بم باسی زانکۆ و به‌ڵگه‌نامه‌کانم بکه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به تاڵه‌بانی و شه‌ریکه ستراتیجیه‌کانی بڵێم له ته‌واوی ماوه‌ی زانکۆیی و به‌ده‌سهێنانی ماسته‌رم له په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و دبلۆماسیه‌تا له به‌لجیکا، دبلۆماسیه‌تی سهرشۆریم نه خوێندووه، نه بیستووه، نه بونی هه‌یه، نه ده‌مه‌وێت بیخوێنم، نه ده‌مه‌وێت بیبیستم .
گه‌ل و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل پاش 344 ساڵ له کوشتاری 50 هه‌زار له‌جوله‌که‌کانی ئۆکرانیا به ده‌ستی شێملینسکی، رابه‌ری ڕاپه‌رینی ناوه‌ندی سه‌ده‌ی 17 ی ئۆکرانیا هێنده توڕه بون نه‌یانده‌ویست په‌یوه‌ندی دبلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ببه‌ستن. یه‌که‌م په‌یوه‌ندی دبلۆماسیان و یه‌که‌م گرێبه‌ستی بازرگانیان له 1992 دا پێکهات. ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که شیملینسکی به قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی ئۆکرانیا داده‌نرێت.
ئه‌تا تورکی قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا هێشتا له یادی پیاوان و ژنانی حه‌فتا و هه‌شتا ساڵیدا ماوه که سوپاکه‌ی له ژێر فه‌رمانده‌ی خۆیدا چۆن خوێنی گه‌له‌که‌مانی ده‌ڕشت و چۆن هه‌زاران لادێی کوردستانی کاول کرد. هێشتا له یادیان ماوه چۆن چه‌ند ملوێنێك کوردی کوردوستانی بۆ شاره تورك نشینه‌کان ئاواره کرد و له ڕێگای ڕه‌وی ئه‌و سهردهمهیاندا هه‌زاران له برسا و له تینوێتی و له سه‌رما و گه‌رمادا مردن. تاکو ئێستاش کاروانی تاوانه‌کانی ئه‌تا تورك له ئه‌و پارچه‌یه‌ی خاکه‌که‌مان دا رانه‌وه‌ستاوه و هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیه‌که‌ی درێژه‌ی پێده‌ده‌ن و گه‌له‌که‌مان له خوێنی خۆیدا ده‌گه‌وزێنن.
به‌ڵێ کوردستان و تورکیا ناکرێت به ئیسرائیل و ئۆکرانیا به‌راورد بکه‌ین، که هه‌زاران میلیان له نێواندایه. هیچ که‌سێکیش هێنده گه‌مژه نیه بڵێت شه‌ڕی تورکیا بکه‌ن و په‌یوه‌ندی دبلۆماسی له‌گه‌ڵ ببڕن. ته‌نها و ته‌نها شتێکتان لێ داوا ده‌که‌ین و لێتان ده‌پاڕێینه‌وه، ئه‌وه‌یه که واز له دبلۆماسیه‌تی سه‌رشۆڕی بێنن.
تورکیا ناتوانێت سه‌رۆکی هیچ وڵاتێك ناچار بکات به دانانی تاجه گوڵینه بۆ سه‌رگۆڕی قاره‌مانه‌که‌یان که تاوانباری دادگای ویژدانی گهکهمانه.
ئه‌وه ئێوه خۆتانن که پێشبڕکێی و هه‌ڵپه‌ی سوابهتهیی ده‌که‌ن. که‌س نایه‌ت پیره مێردێك به گۆچان و دوور نیه دایبی هه‌ڵگرتبێت، ڕاپێچی گۆڕی ئه‌تا تورك بکات. ئه‌وه خۆیه‌تی که پێشنیاری ده‌کات و هه‌ڵپه‌ی بۆ ده‌کات. به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین که نرخه‌که‌ی ده‌ده‌ین، کاتێك له شه‌قام و له بازاڕ و له سه‌ر کاره‌کانمان له ئه‌وروپا دا ڕۆژانه ڕوبه‌ڕوی تورکه‌کان ده‌بینه‌وه، سه‌ری خۆمان کز ده‌که‌ین نه وه‌کو گه‌ڕمان پێبکه‌ن و داوامان لێبکه‌ن پێڵاوه‌کانیان پاك بکه‌ینه‌وه. ئه‌وان ئێمه ناناسن له ڕۆژنامه‌کانه‌وه ئێوه ده‌ناسن و ده‌رباره‌ی سوکایه‌تی و خۆ بچوککردنه‌وه‌ی ئێوه ده‌خوێننه‌وه و له به‌ناو سه‌رۆکه خۆسهپێنهکانمانهوه له ئێمه ده‌ڕوانن. ئێوه به‌رپرسی بێ‌نرخ کردنی ئێمه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان سه‌رشۆڕی ده‌که‌ن. خه‌ڵکی کوردستان زۆر سه‌ربه‌رزه و پێویستی به دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی گه‌لانه. پێویستی به دبلۆمات و سه‌رانی سه‌ربه‌رزه، نه‌ك سه‌رانی دڕنده له ئاستی گه‌له‌که‌یان و سه‌رکز و سه‌رشۆڕ و برا بچوکی..
ڕه‌نگه هه‌ندێ بڵێن ئه‌وه به‌هایه‌کی هێنده گه‌وره‌ی نیه بچیته سه‌ر گۆڕێکی چه‌ند مه‌تری ڕه‌ق و ته‌ق!. ڕاسته مه‌زاری مردوان له ڕوی ماتهریهوه هیچ به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی نیه، دو مه‌تر چاڵ و له‌شێکی دارزیو و کۆمه‌ڵێ ئێسقانی کۆن زیاتر نیه. هه‌روه‌ك چۆن ئاڵا له پارچه په‌ڕۆیه‌ك زیاتر نیه. به‌ڵام نرخ و گه‌وره‌یی و ناوه‌رۆکی ئاڵای وڵاتێکی سه‌ربه‌رز و ئازاد هێنده به‌رزه که ئه‌وه ده‌هێنێت هه‌زاران سه‌رباز و ڕۆڵه‌ی قاره‌مان ژیانی خۆیانی له پێناودا ببه‌خشن. به‌ڵام ئاڵای نازیه‌کان جگه له سوتاندن هیچی تری نه‌ده‌هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکێکی دڕندانه و نامرۆڤانه‌ی هه‌بو. مه‌زاری مردوانیش به هه‌مان شێوه نرخ و به‌های له‌وه‌دایه که ئه‌و کۆمه‌ڵه ئێسکه کۆنانه ئێسکی کێ بون و چ جۆره مرۆڤێك بوون. ئه‌و کۆمه‌ڵه ئێسك و پروسکه نرخێکی زهمبولیان هه‌یه که هه‌ندێکیان شایانی ئه‌وه‌ن به ڕێزه‌وه سه‌ردانی بکه‌ین و تاجه گوڵینه‌یان له‌سه‌ر دابنێین و سه‌ریان له ئاستا نه‌وی بکه‌ین. هه‌ندێکی تریشیان ته‌نها شایه‌نی ئه‌وه‌ن وه‌ك ئه‌و گۆڕستانه‌ی له پاریس بۆ دز و تاوانبارن جیا کراوه‌ته‌وه، له گۆڕستانێکی ئاوادا گۆڕ بکرێن و له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بێت که هه‌رچۆنێ بێت مرۆڤ بون و هه‌موو مرۆڤێك مرۆڤ بونه‌که‌ی نرخێکی ده‌داتێ، ده‌نا شایه‌نی ئه‌وه‌ن له بری تاجه گوڵینه وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ڵێت میزیان پیا بکرێت.
گۆڕ و ئاڵا و خواکان که مانا و ناوه‌رۆکیان بۆ مرڤه‌کان ته‌نها ره‌مزیه ، هیچ نرخێکی ماتهریان نیه، نرخیان ته‌نها مه‌عنه‌ویه. به‌ڵام نرخی مه‌عنه‌ویان هێنده به‌رزه نه ده‌فرۆشرێن و نه ده‌کڕدرێن. به‌ڵام هه‌ندێ له ڕه‌مزانه هێنده نزمن، هێنده سوکن، نزیك بونه‌وه لێیان شه‌رمه‌زاری و ڕسوایی له دوایه. خوای شه‌ڕ و لافا و و نه‌خۆشیه‌کان، ئاڵای وڵاتێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستی وه‌ك ئه‌فه‌ریقای باشوری پێش ماندێلا و ئه‌ڵمانیای نازی، مه‌دالیاکانی سه‌دام حسێن به سنگی قاره‌مانانی ئه‌نفاله‌وه.هاوڕێیانی کۆنی سه‌دام حسێن و هاوڕێیانی ئه‌مرۆی سه‌رانی هه‌رێمه سهربهزهکهمان.
تاجه‌گوڵینه خستنه سه‌ر گۆڕی تاوانبا ر و مرۆڤ کوژ و گه‌ل کوژه‌کانی وه‌ك ئادۆڵف هیتله‌ر(گه‌ر گۆری هه‌بوایه) نه‌خوازه‌ڵا له لایه‌ن که‌سێکی وه‌کو بن گۆریۆنه‌وه ؟!.
تاجه‌گوڵینه خستنه سه‌رگۆڕی ئاریه‌ل شارۆن،نه‌خوازه‌ڵا له لایه‌ن که‌سێکی وه‌کو عه‌ره‌فات و عه‌باسه‌وه ؟!
تاجه‌گوڵینه خستنه سه‌رگۆڕی هۆلاکۆ،نه‌خوازه‌ڵا له لایه‌ن ڕابه‌رێکی عه‌باسیه‌وه ؟!
تاجه‌گوڵینه خستنه سه‌رگۆڕی یه‌زید نه‌خوازه‌ڵا له لایه‌ن سیستانیه‌وه؟!
ئاخۆ چ ڕسواییه‌ك و چ شهرمهزاریهك به‌سه‌ر ئه‌و مڕۆڤهدا بێنێت ؟! ئه‌گه‌ر بیستبێتی شه‌رمه‌زاری و ڕسوایی مانای چی !
سه‌یر ئه‌وه‌یه هێشتا که‌سانێ هه‌ن ئه‌و جۆره ڕسواییه به ناچاری و "شه‌قی زه‌مانه " و به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مڕۆ و دواڕۆژی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به سیاسه‌تی هاوچه‌رخ و دبلۆماسیه‌ت پێمان ده‌فرۆشنه‌وه. قه‌رزار باریشمان ده‌که‌ن و ده‌مانده‌نه به‌ر گاڵته‌جاڕی ئه‌وه‌ی که هێشتا هه‌رزه‌کاری سیاسین و هێشتا له جیهانی سیاسه‌ت و دبلۆماسیه‌ت نه‌گه‌یشتوین!.
ڕه‌نگه که‌سه هه‌ڵپه‌رسته ویژدان و قه‌ڵه‌م فرۆشه‌کان که هه‌ر که‌سێك مشتێ دۆلاریان بخاته گیرفانه‌وه به دڵی خۆی و به‌زیاده‌وه به‌سه‌ریدا هه‌ڵبده‌ن، بڵێن: به‌ڵێ ئه‌وه دبلۆماسیه‌ته.
ڕه‌نگه که‌سانێكی ترسنۆك و لاواز له ترسی تیغی چه‌قۆ و په‌تی هه‌ڵواسین، ناچار بن بڵێن: به‌ڵێ ئه‌وه دبلۆماسیه‌ته.
ڕه‌نگه که‌سانێك له‌به‌ر خاتری دامارکاندنهوهی جۆشی شه‌هوانیان، بڵێن به‌ڵێ ئه‌وه‌ش دبلۆماسیه‌ته.
به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه کاتێك ته‌نها ڕوبه‌ڕوی خۆیان ده‌بنه‌وه و ڕوبه‌ڕوی سه‌روی خۆیان ده‌بنه‌وه که ئێمه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی ناومان ناوه ویژدانی خۆ و فه‌یله‌سوفه‌کان ناویان ناوه سه‌روی خۆم ber mich لێیان ده‌پرسێت ؟ بۆ درۆتان له‌گه‌ڵ خۆتان کرد؟ چ جۆره دبلۆماسیهتێك؟ دبلۆماسیه‌تی چ سه‌رده‌مێك؟. ته‌نها یه‌ك وه‌ڵام پڕبه پێستی پرسیارهکهیانه. به چاوپۆشین له که‌سایه‌تی و سیاسه‌تی ئایه‌توڵا مونته‌زیری که گوایه ووتبوی دبلۆماسی ق...، یان ق...ی دبلۆماسیی. ده‌نا له هیچ خانه‌یه‌کی تردا جێی نابێته‌وه.
چیرۆکی زیندانی کردنی ئه‌م نوسینهئهو نوسینه ده‌مێك بو، له دڵی خۆم هێنابووه ده‌ره‌وه و له چوار دیواری باغه‌ی لاپ تۆپهکهما ناڕه‌وا و نا جوامێرانه زیندانیم کرد بو. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت بیر و هه‌ست و وشه‌کانی ئازاد بکات کاتێك خودی خۆی زیندان کردبێت؟!. کاتێك بڕیاری ئازادیم بۆ خۆم ده‌رکرد ووشهکانیشم به بێ پرسی من ئازادانه ڕێچکه‌ی خۆیان گرت و خۆیان دایه به‌ر ئازادی خۆری سه‌ر به‌فری ئه‌وروپای ئه‌م زاستانهی ماڵپه‌ڕه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی کوردستان پۆست.
ئه‌م نوسینه به بێ تاوان له‌و کاته‌وه‌ی که جه‌لال تاڵه‌بانی تاجه گوڵینه‌ی خسته سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورك و له‌و کاته‌وه‌ی له مۆدێلی برۆکسل دوا بۆ که‌رکوك له لایه‌ن منی تاوانباره‌وه زیندان کراون. بۆیه مافی خۆیانه چیرۆکی زیندان کردنیان بگێڕمه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست به تاوان ده‌که‌م به‌رامبه‌ریان و هیوادارم لێم ببورن. هه‌ر ئه‌و هه‌ست به تاوان کردنهشم بوو که پاش ته‌واوکردنی نوسینه‌که له خۆم و له دنیای ده‌ور و به‌رم توڕه‌بوم پێش ئه‌وه‌ی له ئه‌تاتورك و ئه‌و کهسهتوڕه بم که تاجه گوڵینه‌ی خسته سه‌ر گۆڕه‌که‌ی. ئه‌م باره ده‌رونیه وایان لێکردم له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له بری بڵاو کردنه‌وه‌ی نوسینه‌که رق و توڕه‌یی خۆم به جنێوێکی ئاودار به جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ربڕم.
ئه‌و جنێوهش چیرۆکێکی خۆی هه‌یه. پاش هه‌وڵێکی بێ‌وچان وه‌کو به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کانی پارتی توانیم له پێش نه‌ورۆزی 2008 دا ته‌واوی پارته کوردستانیه‌کانی کوردستانی گه‌وره له‌سه‌ر مێزی ماڵه‌که‌ی خۆم کۆبکه‌مه‌وه. به‌یه‌که‌وه که‌وتینه دوان و ئاماده‌کاری بۆ ئاهه‌نگێکی نه‌ورۆزی نه‌ته‌وه‌یی به بێ مۆرکی پارتایه‌تی و ناوچه‌گه‌ری. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی زۆربه‌مان ته‌نها ئاههنغێکی نه‌ورۆز نه‌بو. به‌ڵکو بنیاتنانی هاوکاری و فیدراسیۆنێکی پارته کوردستانیه‌کان بوو هه‌روه‌ها بڕیارمان دا سه‌رکه‌وتن له‌و ئاهه‌نگه‌شدا بکه‌ینه سه‌ره‌تا و یه‌کتر ناسینێك بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و فیدهراسیۆنهله به‌لجیکا که به هۆی وجوی یه‌کێتی ئه‌وروپاوه له برۆکسل ئه‌م وڵاته گه‌لێك گرنگ و جێی بایه‌خه.
به‌رپرسی یه‌کێتی ئه‌وسا و گۆڕانی ئێستا زۆر به توندی ده‌یویست خۆی بکاته گوڵی ئاهه‌نگه‌که و مۆرکی یه‌کێتی بداته ئاهه‌نگه‌که. منیش وه‌کو نوێنه‌ری پارتی و به هه‌ق و ویژدان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا براده‌رانی تری پارتی ده‌ستیان نه‌ده‌خسته کار‌و ڕاکانمهوه. بۆیه وه‌کو نوێنه‌ری ئه‌وان و ویژدانی خۆم ئازادانه هه‌وڵی بێوچانم ده‌دا هه‌مو تواناکان بخه‌ینه کار بۆ یه‌کێتی ڕیزه‌کانمان و هاوکاری داهاتو. ویستم ئاگاداری براده‌رانی (پێ کا کا) ش بکه‌م که به‌شدار بن له‌گه‌ڵماندا، به مه‌رجی نه‌هێنانه ناوه‌وه‌ی ئاڵای پارته‌که‌یان و وێنه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان. به‌ڵام زۆربه‌ی براده‌رانی پارته کوردوستانیهکانی سوریا و تورکیا و ئێران ڕایان وابو. مه‌حاڵه براده‌رانی (پێ کا کا) ئه‌وه په‌سه‌ند بکه‌ن، به پێی تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندیشی بکه‌ن ئیلتیزامی پێوه ناکه‌ن و ئاهه‌نگه‌که ده‌بێته ئاژاوه و له یه‌ك دابڕان. منیش سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆر به داخه‌وه بوم سه‌رشۆری ڕای زۆرینه بوم و ئه‌وانمان ئاگادار نه‌کرده‌وه. هه‌موان سور بوین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها و ته‌نها ئاڵای کوردوستان به‌رز بکرێته‌وه و ئاڵای حیزبه‌کان و ئه‌و وێنه‌ی ئه‌و ڕابه‌رانه‌ی مۆرکی حیزبایه‌تیان پێوه‌یه به مانای توندی وشه‌که قه‌ده‌غه بکرێت، وێنه‌ی مسته‌فا به‌رزانی و قازی محه‌مه‌دیش له‌گه‌ڵیاندا. هه‌روه‌ها هیچ پارت و لایه‌نێکی سیاسی قاچ نه خاته سه‌ر سه‌کۆی ئاهه‌نگه‌که و که‌سێکی بێلایه‌ن ووتارێك به ناوی هه‌ر حه‌وت پارته کوردستانیهکهوه بخوێنێته‌وه و ئاهه‌نگێکی برایانه به خۆشی و به بێ دڵشکان له‌یه‌کتری ببه‌ینه سه‌ر و زه‌مینه‌ی دروستکردنی فیدراسیۆنه‌که ئاماده بکه‌ین. گه‌رچی له ته‌مه‌ندا له زۆربه‌ی ئاماده بوان به تهمهنترم له دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کان، بێ دودڵی خۆم له پاره‌ی بیتاقه و مه‌سه‌له‌ی پاره وه‌رگرتن دورخسته‌وه و به شانازیه‌وه له‌به‌ر ده‌رگادا وه‌ستان وبیتاقه وه‌رگرتن وپاش ته‌واو بونی ئاهه‌نگه‌که به‌شداری له پاکردنه‌وه‌ی هۆڵی ئاهه‌نگه‌که‌م خسته ئه‌ستۆی خۆم.
به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌وسا که ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی منی بینی پاشه کشه‌ی له له خوێندنه‌وه‌ی ووتار کرد. به‌ڵام له کاتی باسکردنی وورده‌کاریه‌کانی تردا و له باسی عه‌ریف حهفلهدا دوباره خۆی پێشنیار کرده‌وه. منیش گه‌لێك هیلاك بوبوم له کۆبونه‌وه و مامه‌ڵه‌ی منداڵانه و خۆ ده‌رخستن به شێوازه ڕاسته‌وخۆکه‌ی خۆم پێم ووت کاکه گیان، باوه‌ڕم پێبکه ئه‌گه‌ر میکرۆفۆنی سه‌ر سه‌کۆی شانۆکه‌ش له گه‌رمه‌ی ئاهه‌نگه‌که‌دا به لادا بکه‌وێت ڕێگا ناده‌م نه خۆم و نه ئه‌ندامی هیچ پارتێك بچن و ڕاستی بکه‌نه‌وه!، ئیتر بێده‌نگه‌ی لێکرد و له خۆیدا پیشی ده‌خوارده‌وه. پێش ده‌سپێکردن به کۆبونه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ش له چاوه‌روانی ئه‌وانی تردا هه‌ندێك دوانمان کرد و ڕه‌خنه‌م له هه‌ڵوێست مام جه‌لال گرت که باسی مۆدێلی برۆکسل بۆ که‌رکوك ده‌کات. ووتم ئه‌گه‌ر مام جه‌لال به بێئاگایی له مۆدێلی برۆکسل ئه‌م هه‌ڵوێستانه ده‌ربڕێت پێویستی به زانیاری و ڕاوێژکاری باشتر هه‌یه سه‌باره‌ت به برۆکسل. ئه‌گه‌ر به ئاگاداریه‌وه ئه‌و شتانه ده‌ڵێت ئه‌وه ته‌نها ڕای خۆیه‌تی و جه‌ماوه‌ری کوردستان ئه‌وه‌یان ناوێت. جگه له‌وه‌ی که ئه‌مه باوه‌ڕی خۆمه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌سعود بارزانیش به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌کانی به‌رامبه‌ر تورکیا پشت قایم تری کردبوین و ده‌نگمان گڕ تر بوبۆوه، هیوامان وابو ئه‌مه‌شیان ته‌نها قسه‌ی ڕوت نه‌بێت. نوێنه‌ره‌که‌ی یه‌کێتی گه‌رچی به ئۆتۆمۆبیلی من هاتبو هه‌ر منیش گه‌یاندمه‌وه وله ڕێگا هه‌وڵم ده‌دا هێمنی بکه‌مه‌وه به‌ڵام بێ سود بوو. پاش چه‌ند ڕۆژێك له لیژنه‌ی ئاماده‌کاری ئاهه‌نگه‌که خۆی کێشایه‌وه. پاش ئاهه‌نگه‌که له‌سه‌ر کێشه‌ی پاره کالعاده گیروگرفت دروست بوو. له‌م نێوانه‌دا من سه‌رباری ئاماده‌کاری و ده‌رگاوانی و کهناسیهکه 350 ئێرۆم له گیرفانی خۆم دا و زوتریش بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی تر 250 ئێرۆم به‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که کۆتایی بێت. ئه‌و پاره‌یه کێشکه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌ده‌کرد به‌ڵام به هیوای ئه‌وه‌بوم براده‌رانی تریش ده‌ستێك بکه‌ن به خۆیاندا، یان چاو له یه‌کتری بپۆشن. له کۆتاییدا هه‌ندێ له پارته‌کان زهرهریا کرد و ئێستا و ئه‌وساش ساغ نه‌بۆوه کێ سوود مه‌ند بوو. هه‌ر هه‌مو ده‌یانوت زه‌ره‌رمان کردووه. به کورتی مشتێك ئێرۆ و عه‌ریف حهفلهیی و خۆ ده‌رخستن به‌رنامه‌ی فیدراسیۆنی پارته کوردستانیه‌کانی له به‌لجیکا هه‌ڵوه‌شانده‌وه. دوای ئاهه‌نگه‌که‌ش برا یه‌کێتیه‌که که‌وتبووه حه‌مله کردنه سه‌رم که سوکایه‌تیم به مامه کردووه. منیش پاش زۆر هه‌وڵی ئارام کردنه‌وه‌ی که ده‌موت من سوکایه‌تیم به مامه نه‌کردووه ئه‌و هه‌رسوور بوو له‌سه‌رئه‌وه و بێ‌سود بوو. بۆیه حه‌زم نه‌کرد بێ دڵی بکه‌م پێم ووت: من ته‌نها ڕه‌خنه‌م گرتووه و جه‌نابتان هه‌ر باس له سوکایه‌تی ده‌کات. جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده به‌لاته‌وه قورسه و وا ده‌زانیت ئیتر له ترسا جێ به خۆم ناگرم باش گوێم لێبگره و جنێوێکی خه‌ست و خۆڵی ئاودارم به ده‌نگێکی زوڵاڵه‌وه گه‌یانده گوێی و ووتم چه‌ندیشت له‌سه‌ر زیاد کرد خۆت وه‌کیل به و من ئیمزای ئه‌که‌م!. لێره‌دا به هه‌ق ده‌ڵێم ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌وسای یه‌کێتی و به‌رپرسی ئێستای گۆڕان له به‌لجیکا خوا هه‌ڵناگرێت زۆر شارستانیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵما کرد و ئه‌و جنێوه خه‌سته‌ی بۆ مه‌سعود بارزانی نه‌نارده‌وه. تاكو بڵێین حسابه‌که‌مان یه‌کلایی بۆوه و کۆتایی پێ هات. ته‌نها له ڕێگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی بهنیلوکسهوه له لای لقی شه‌ش شکاتیان لێکردم . لقی شه‌شیش داوای ڕونکردنه‌وه‌یان لێکردم و منیش چه‌ند ڕاوو ڕێویهکم هێنایه‌وه و ئه‌وانیش بێده‌نگیان لێکرد.
ئه‌و به‌رپرسه دڵسۆزه‌ی ئه‌وسای مامه و نه‌وشیروانی ئێستا. دڵی ئاوی نه‌خوارده‌وه وهه‌واڵی بۆ ناردم له‌به‌ر ده‌م چه‌ند پیاو ماقوڵێك و به‌رپرس یان جێگری به‌رپرسی ناوچه‌ی به‌لجیکا داوای لێبوردن له خۆی و مامه بکه‌م. منیش هه‌رچه‌ندم له خۆم ده‌کرد ئه‌وه‌م پێ هه‌زم نه‌ده‌کرا. ناچار که‌وتمه گه‌ڕان به کتێب و ماڵپه‌ڕه یاساییه‌کاندا. دوا ئه‌نجام بۆم ده‌رکه‌وت که جه‌زای له‌و جۆره‌ی جنێوه ئاوداره‌ی من بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی به‌رامبه‌ر یه‌کتری به‌لایه‌نی زۆره‌وه 100 ئێرۆیه، به‌ڵام ئێستا‌و ئه‌وساش نه‌مزانی سوکایه‌تی به‌رامبه پاشای به‌لجیکا چه‌ندی تێده‌چێت. له‌دوا ئه‌نجام دا لاپتۆپه‌که‌م ئێره و ئه‌وێ برمی تا گه‌یاندمیه هۆڵه‌ندا. کاتێك له سنور په‌ڕیمه‌وه و چومه ئه‌ودیو، بڕیارێکی دادگام دۆزیه‌وه که کاتێك بێڕێزی به‌رامبه‌ر به شاژنه به‌ڕێزه‌که‌ی هۆڵه‌ندا بیاتریکس کراوه، داوه‌ره دڵڕه‌قه‌که له تاوانباره‌که خۆش نه‌بووه و به (150) سه‌دو په‌نجا دانه ئێرۆی ڕه‌به‌ق جه‌زایه‌کی زاڵمانه‌ی داوه . الحوکمو لیلا با مامه بێ‌نرخ نه‌که‌ین و له‌سه‌ر بنه‌مای قیاس مافی خۆی بده‌ینێ. بۆیه گه‌وره‌مان کرد‌و بیلا ته‌شبیه خستمانه ئاستی شاژنی هۆڵه‌نداوه. به‌ڵام به حوکمی ئه‌وه‌ی من پاره به ڕه‌نجی شان په‌یدا ده‌که‌م نهم ده‌ویست ئاوا به ئاسانی 150 ئێرۆ ته‌سلیم به مامه بکه‌م. ئه‌گه‌رچی ئه‌زانم من وه‌زعم له خوا به‌زیاد بێت له‌و باشتره، به‌ڵام معامه‌له عه‌یب نیه! ئهمهێناو ده‌مبرد 150 ئێرۆ ووشکه‌ی حه‌فته‌یه‌کی تیا ده‌بێت، یان گۆشت و سه‌وزه‌ی دوو حه‌فته‌ی تیا ده‌بێت. ووتم وا چاکه حسابی خواردن و رسقی مناڵه‌کانم نه‌که‌م و حسابێکی تر بکه‌م. سه‌یرم کرد دوو جوت پێڵاوی منداڵانه‌ی خۆ ڕاگر بۆ ئالان و ئاریان بایی 50 ئێرۆیه، خۆشم ملوێنێر بم له 35 ئێرۆ زیاتر ناده‌مه پێڵا و ئه‌وی ئه‌مێنێته‌وه بۆ سۆزانی هاوسه‌رم 65 ئێرۆ (ببورن ووتم سۆزان، مه‌به‌ستم ماڵه‌وه‌مانه،پیاوی پیاوانه ناوی هاوسه‌ره‌که‌ی ناهێنێت، نه‌خوازه‌ڵا له نوسینیشدا!) (ماڵی ڕیکخراوه‌کانی ئافره‌تان ئاوه‌دان بێت، کارێکیان کردوه ئافره‌تان له هه‌موو شتێکدا ئه‌بێت زۆربه‌یان به‌رکه‌وێت!). پاش هێنان و بردنێکی زۆر به حوجه‌ی ئه‌وه‌ی مامه تاڵه‌بانیه و شه‌ڕه جنێو شتێکی زۆر عه‌جیب و غه‌ریب نیه تیایاندا، وه‌کو بنه‌ماڵه‌ی شاژنی هۆڵه‌ندا نین. بڕیارم دا ته‌نها پاره‌ی پێڵاوه‌کانی منداڵه‌کان ته‌سلیم بکه‌م. پاشان قیروسیاشم لێکرد و کردمه نیواو نیو. به کورتی ئاماده‌یی خۆم بۆ 75 دانه ئێرۆ ده‌ربڕی. ئه‌و بڕیاره‌شم هه‌روا به هه‌وانته نه‌دا چونکه ده‌زانم ئه‌و وه‌کو کوردێك، نه‌ك هه‌ر ئه‌و ئه‌و به‌ڵکو هه‌مومان له‌سه‌ر جنێوێکی توڕه‌یی و هه‌ڵچونێکی ساتی له‌لایه‌ن هاوزمانێکی خۆمانه‌وه چاوی یه‌کتری ده‌ردێنین. دور نیه بیگه‌یه‌نینه شه‌ڕه تێڵا ئه‌گه‌ر ئه‌سله‌حه و مه‌سله‌حه له‌و ناوه‌یا نه‌بێت. به‌ڵام بۆته نه‌ریت تیاماندا سوکایه‌تی بێگانه وه‌کو په‌شمه‌ك یان محه‌له‌بی له ده‌ممانا ئه‌توێته‌وه و به ئاسانی هه‌زمی ده‌که‌ین چونکه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ئاوا په‌روه‌رده کراوین.
به داخه‌وه ئه‌و برا به‌ڕێزه له که‌لی شه‌یتان نه‌ده‌هاته خواره‌وه گه‌رچی زیاتر له 20 ساڵه له یه‌ك شاردا ده‌ژین و به هه‌مومان ده‌ڵێن ڕه‌وه‌ندی کوردی. له لایه‌کی تریشه‌وه له‌م وڵاته‌دا به هه‌موانمان ده‌ڵێن بێگانه گه‌رچی ئێمه‌ش به فه‌رمی هاووڵاتین و هه‌مان ماف و ئه‌رکمان له‌سه‌رشانه. دوا ئه‌نجام ئه‌و برایه مه‌سه‌له‌که‌ی گه‌وره کرد و سنوره‌کانی به‌لجیکای به‌زاند و بووه کێشه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و هۆڵه‌نداش هاته کێشه‌که‌وه. شێخ شه‌ماڵی نوێنه‌ری مام جه‌لال له هۆڵه‌ندا تێگهیهندرا. ئه‌ویش خۆی شێخ و نوێنه‌ری شێخی تاڵه‌بان ونوێنه‌ری سکرتێری پی ی‌و که‌ی ونوێنه‌ری سه‌ره‌ك کۆماریهکهش له بانی، دونیای له‌به‌ر چا‌وا تاریك بو بو. خوا کردی ده‌روێش و خه‌لیفه‌ی لێ نزیك نه‌بو به شمشێر و قه‌مه‌وه بیانکاته گیانم. بۆیه زاتی موباره‌کی بڕیاری داب‌و خۆی و شاندێکی یاوه‌ری بێن بۆ به‌لجیکا. وای زانیبو ئێره‌ش ئه‌و لایه، تاکو له ژێرزه‌مین یان قاتی سه‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌که‌یان یان تهکیهکهیاندا لێکۆڵینه‌وه له خه‌ڵکی بکه‌ن و له زیندانی تایبه‌تیدا زیندانی بکه‌ن. له لایه‌ن خێرخوایهکهوه پێم ڕاگه‌یه‌ندرا که شێخ شه‌ماڵ و شانده یاوه‌ره‌که‌ی وه‌کو نوێنه‌ری مامه و ته‌کیه‌ی تاڵه‌بان به‌م نزیکانه ته‌شریف دێنن و لێکۆڵینه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. ئیتر نازانم ئه‌گه‌ر مه‌حکوم بکرامایه حاکم شێخ شه‌ماڵ چه‌ند ڕۆژ زیندانی ده‌دا به سه‌رماو له کوێ زیندانی ده‌کردم و کێی ده‌کرده حه‌ره‌سم . دور نیه نیازی وا بوبێت له حه‌وزی مزگه‌وتی عه‌ره‌به‌کان یان تورکه‌کانم هه‌ڵکێشێت! به داخه‌وه لێره هێشتا مزگه‌وتی کورده‌کانی لێ نیه، بۆیه ناچارین بۆ ئه‌وکارانه په‌نایان ببه‌ینه به‌ر ئه‌وان، ئه‌مه‌ش شتێکی نوێ نیه تاکو ئێستا بۆ یه‌کتری له خوێن ههڵکێشانیش هه‌ر په‌نامان بردۆته به‌ر ئه‌وان.
له ڕاستیا نه ده‌مویست که‌ڵه‌گایی بکه‌م و نه‌ده‌ویست سه‌رشۆڕیان بم. به‌ڵام به مسته‌حه‌قم ده‌زانین وه‌کو جرج ته‌ڵه‌یه‌کی یاساییان بۆ بنێمه‌وه. ئه‌فسه‌رێکی پۆلیسی تاوانه تایبه‌تیه‌کانی پۆلیسی فیدرالی به‌لجیکا که هه‌ر له داگیرکردنه‌که‌ی سه‌فاره‌تی ئێراقیه‌وه له ساڵی 1992 بوینه‌ته ئاشنا، له مه‌سه‌له‌که‌م ئاگادار کرده‌وه.
ئه‌وانیش وتیان ده‌توانی هه‌ر له ئێستاوه شکاتیان لێ بکه‌یت تا ڕێگریان بین یان وازیان لێبێنیت تاکو ته‌شریف دێنن. منیش تۆمارکه‌ری ئه‌له‌کترۆنی و سه‌رجه‌م پێویستیه‌کانی ده‌نگ تۆمارکردنی سیخوڕیم ئاماده‌کرد و چاوه‌ڕێم ده‌کرد تاکو شێخ ته‌شریف بفه‌رموێت. بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌مه ته‌ڵه‌که‌وه، له‌و کات و ساته‌دا پۆلیس بێت بیانگرێت و تۆماری هه‌ڕه‌شه‌کانیشیان بۆ به‌رده‌م جه‌نابی حاکم،که به‌لایه‌نی که‌مه‌وه به تاوانی (لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌سانی نایاسایی له ده‌ره‌وه‌وی ده‌زگا نایاساییه‌کان) چوار تا پێنج ساڵێك میوانی به‌لجیکامان ده‌بون. زیندانه‌که‌ش به بێ موباله‌غه 400 مه‌ترمان لێوه دوره و هه‌مو شه‌مه و یهکشهمانێك عه‌یب نه‌بێ ماڵه‌وه‌مان یاپراغ و قوبڵی گه‌رمی بۆ خۆی و شاندی یاوه‌ری ئاماده ده‌کرد و منیش چه‌ند پاکه‌تێك جگه‌ره‌ی رۆسمانم له دوکانه مه‌غریبیه‌که‌ی سه‌ر ڕێما بۆ ده‌کڕین و بۆم ده‌بردن. ده‌ك یاره‌بی به عافێتیان بێت، ئه‌یچۆن ئێمه کوردین خۆ قه‌ره‌ج و دۆم نین. پیاوی پیاوانه‌ین و ئه‌زانین چۆن خزمه‌تی میوان بکه‌ین و خواردنی گه‌رم بخه‌ینه به‌رده‌ستیان، له خوا به‌زیاد بێت هه‌مانه، به خوا نه‌شمان بێت قه‌رزی بۆ ئه‌که‌ین.
به داخه‌وه براده‌رێکی ناوچه‌ی به‌لجیکا له گه‌ڵ ڕێزما بۆی ژێر به ژێر نازانم چۆن ئاوا عه‌شایه‌ر- دبلۆماسیانه ئاوی کرد به‌و ئاگره‌یا و نه‌یهێشت ئێمه‌ش چه‌ند ساڵێك شه‌ره‌فی دراوسێتی شێخمان پێ ببڕێت. سه‌رباری دۆستی و براده‌ری با ئه‌و گله‌ییه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر بمێت.
ئه‌م نوسینه‌ش له‌لایه‌که‌وه به هۆی ئه‌م گێره و کێشه‌یه‌وه له لایه‌کی تریشه‌وه به هۆی ڕێکه‌وتنه ستراتیجیهکهمان زیندانی کرابو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست