کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنفال پرسێكى نەناسراو لاى گەنجانى دواى شەڕى ناوخۆ

Monday, 11/04/2011, 12:00


لەدواى 23 ساڵ لە جینوسیادكردنى خەڵكى كوردستان و لەدواى 19 ساڵ ڕزگاربون لەچنگى بەعسیەكانى عێراق و حوكمى خۆجێیەتى كوردى دەكرێ بپرسین " ئەنفال " چى ڕەهەندێكى فیكرى و كۆمەڵایەیتى و رامیارى و رۆشنبیرى لەهەناوى كۆمەڵگاى ئێمە بەجێهیشتوە ودەسەڵاتى كوردى لەپێناوەدا چى كردوە بۆئەوەى پاشماوەكانى ئەنفال لەودۆخە دەرونیە ناجیگیریە رزگاربكات ؟ پرۆسەى ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستان چى ماناو دەلالەتێكى سیاسى و ئینسانى و میژووى لاى نەوەى نوێ یان گەنجى ئیستا دروستكردوە و گەنجانى دواى شەڕەى ناوخۆ ,چۆن لەئەنفال دەگەن و ئەنفال چۆن دەخوێننەوە ؟
ئەنفال چى بیرەوەرییەكى لاى ئەم گەنجە بەجێهێشتوەو چۆن لەو ئازارە تێدەگات كە ئیستاش لە نێو جەستەى كۆمەڵگاى كوردیدا بەتێپەڕبونى كات زیاتر بەسوێ دەبێت ؟ .
ئەگەر بیانوى" ئەنفال " كردن لاى بەعسیەكان كە بەهەشت قۆناغى جیاواز خستیانە قۆناغى كردارییەوە و هەشتاودوو هەزار مرۆڤیان لەخەڵكى كوردستان ئەنفال كردو پاشان بەكۆمەڵ شەهیدان كردن ,ئەگەر بیانۆكە بۆ پاراساتنى سنورى دەوڵەتى و ئاسایشى نەتەوەییەوە بوبیت وەك مرۆڤ كوژەكانى بەعس ئیدعیان بۆدەكرد , ئایا مەغزاو دەلاتەتى ئەو كۆمەڵكوژیە تاچەند بەشیوەیەكى تەندروستانە بەگەنجى كوردى گەیشتوە ودەسەلاتى كوردى چۆن ئەو تاوانەگەورەیەى سەدەى بیستى ڕابردوى شرۆڤەكردوەو چۆن كۆدەنگی یەكى لاى گەنجان خولقاندوە بەوەى كە ئەنفالكردن پرۆسەیەكى نامرۆڤانەو شوڤینسیتایانەى بەعسیەكان بوە بۆسڕینەوە ناسنامەى بونى نەتەوەى كورد ؟
زۆرێك لە گەنجانى دواى ریكەوتنامەى واشنتون و ئاگر برى نیوان پارتى و یەكێتى لەسالى
" 1997 " تائیستاش لەو ئازارە تیى ناگەن كە " ئەنفال " لەنیو دڵى نەتەوەیەكدا دروستیان كرد ووەو زۆجاریش بێباكانە بەسەر ئەو پرسەدا بازدەدەن و ئامادەییان نیە لەوە تێبگەن كە ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستان بۆچى و لەپێناوى چیدا كرا , ئەوەش یەكێكە لەو هەنگاوانەى كەدەبو دەسەلاتى كوردى بەشیوەیەكى جدى كارى بۆبكردایەو ئەنفالكردنى لەناوچەیەكەوە بۆناوچەیەكى تر بەرفراوانتربكردابایەو وەك پرسێكى نەتەوەوى و كوردستانى بیناساندایە بۆئەوەى كوردێك نەبایت لەوەى نەزانى ئەنفال چیە و ئەنفال لەوە تێپەرێنێت كە تەنها لەساڵ یادى تاوانەكەدا بەبیرى خەڵك و گەنجانى بهێنیتەوە.
كاتێك قسەلەسەر تورەبونى گەنجێك دەكرێ لەبەرامبەر ناعەدالەتیەكانى دەسەلاتى كوردیدا هەرخودى ئەو دەسەلاتە ئەوگەنجانە بە نەوەگەلێكى نابەرپرس دەناسێنیت و لەبیرى دەچێتەوە كە خودى دەسەڵاتەكە چەند نابەرپرسانە لەگەڵ ئەو گەنجانەدا بەردەوام دەبێت و چى ئەركێكیى ئەخلاقى و ویژدانى لەسەرە بەرامبەر بەوپرسەو نانساندنى لەسەر ئاستى كوردستانیدا, دەسەلاتى كوردى و دەزگاپەیوەندیدارەكانى بەرپرسى یەكەمن لەوەى كە بۆچى بەشێكى زۆرى گەنجان ئەنفال ناناسن و بۆچى لى تیناگەن و بۆچى هەرباس و خوساتێك لەسەر ئەنفال ڕایان ناگریت و غیابن لەقسەكردن لەسەرى .
ئەگەر پرسیارێكى تر رووبەرى ئەم دەسەلاتە بكەینەوە لەیادى 23 سالەى تاوانى ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستاندا , ئاخۆتائێستا چەند ئەنفال چیى دادگاى كراون لەكاتێكا زۆربەیان خودى دەسەڵات پەناى داون و ێدوە خانانەیان بۆسەرف دەكات ؟ ئاخۆتائیستا لە ڕوفاتى ئەو182 هەزار ئەنفالكراوانە چەنیدان ماون تابیان گەرێنێتەوە بۆخاكى نیشتمان جگەلەو چەند روفاتەنەبیت كە گەڕێندرانەوە بۆناوەچەى بارزان و گەرمیان كە ژمارەیان لە هەزار ڕوفات تێنەدەپەرى ؟ ئایا تائیستا چەند تویژەرەوەى كۆمەڵایەتى و دەرونى لەو دامەزراوانەدا كاردەكەن كە بۆلێكۆڵینەوەو ئەنفال ناسى دامەزراون؟ ئاخۆ تائێستا دامەزراوەیەكمان بەو ناوانەوە هەیە لەسەر تاسەرى كوردستاندا ؟ .
سەرنج : ئەم وتارە لە ژمارە (51) ى رۆژنامەى (چەتر) بڵاوكراوەتەوە .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە