منیش لەو باوەڕەدام بەرزانی حەزی لە پۆست نییە !!!!
Tuesday, 26/03/2013, 12:00
هەندێ بەرپرسی پارتی دەستیان داوەتە چەواشە ودەڵێن مەسعود بەرزانی حەزی لە پۆست نییە. ئەگەر مەبەست لە پۆست پلە وپایە بێت ئەوە ئەم قسەیە درۆیەکی گەورەی شاخدارە. پارتی با ئەم درۆیانە لە جێگایەک بکات کەس بەرزانی نەناسێت نەک لە ناو کوردستان ولای میللەتی کورد.
میللەتی کورد باش ئاگای لە بەرزانی وحەزکردن وباوەش کردنی بەکورسی ومانەوەی لە دەسەڵاتدا هەیە، ئەمە بیست ودوو ساڵە لە حوکمدایە و ئەگەر بۆی بلوێت وبکرێت هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئەوە ئومێد وهیوا ونیازیەتی.
ئەگەربنەماڵە و هەندێ سەرکردەی پارتی دەیانەوێت ئەوەمان پێ بڵێن کە بەرزانی حەزی لە پۆست نییە بەڵام چونکە بوون ومانەوەی لە دەسەڵاتدا زۆر گرنگە وئەو نەبێت کەسیتر ناتوانێت جێگاکەی پڕبکاتەوە وکوردستان بەڕێوەبەرێت قسەیەکی سواوە هیچ بایەخ وبەهایەکی نییە.
واتا ڕاستەقینەکەی ئەم قسانە ڕاستە ومنیش لەو ڕایەدام کە بەرزانی لە نامە وپۆست وڕەخنە زۆر نیگەران دەبێت، لەو پۆستەی ڕۆژانە دڵسۆزانی میللەتەکەمان بۆی دەنێرن ولە رۆژنامە ئازادەکاندا بڵاودەبێتەوە پەستدەبێت حەزی لێنییە. حەزی نییە کەس باسی گەندەڵی و چاکسازی وپارەی نەوت وگومرک بکات. بەرزانی وەکوو هەموومان دەیناسین زۆر حەزی لە چەپڵەلێدانی جەماوەرە ئەویش وەکوو سەددامی هاوڕێ وشوێنپێهەڵگری بەبزەخەندەیەک لە ناوەڕاستیان دانیشێت. بەرزانی وەکوو دەیناسین زۆر حەزی لە مەدح وپیاهەڵدانە وئەوەی بەبلیمەت وزانای ناوبێنێت دڵسۆز وعاقڵە ودەبێ پاداش بکرێ، ئەوی داوای یەکسانی وئازادی دەکات بێڕەوشت وخۆفرۆشە، زۆر حەزی لە میدالیایە با لەلایەن مافیاکانیشەوە بێت.
لەمەولا با کەس نە بەنامەی داخراو نە بەنامەی کراوە هیچ بۆ بەرزانی نەنووسێت چونکە بەرزانی حەزی لە پۆست نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست