ئەوەی تێكیداوە ناتوانێت چاكی بكاتەوە
Saturday, 14/02/2015, 12:00
رۆژ نیە باسی گەندەڵی و نالەباری وەزعی سیاسی و ئابووری كوردستان لەلایەن ئەو كەسانەوە نەبیستین كە بە خۆیان بەشداری كارای یەك لە دوای یەكەكانی حكومەت و دەسەڵاتی كوردستان بوون و، باش دەزانن كە ئەم بارودۆخە بەرهەمی دەستی ئەوانە نەك كەسانی تر . ئەوە باسی سەركردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەر مەكە، رۆژ نیە یەكێكیان لە میدیاكانەوە لێدوان نەدات و باس لە بارودۆخەكە نەكات و ،وەك چۆن خەڵك باس دەكات، ئەویش بگرە زیاتر رەخنە دەگرێت و، ئەویش زۆر زیارتیش لێی دەدوێت و وەك ئەوەی خۆی و حزبەكەشی لەراپەرینەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەم هەرێمە بووبن ولە دەسەڵات نەبوبن و دەستیان لەو گەندەڵیە نەبوبێت .
ئەگەر گۆڕان لە دامەزراندنیەوە تاوەكو بەشداریكردن لە دەسەڵات و هاوپەیمانێتیان لەگەڵ پارتی، لە بەرپرسیارێتی ئەو سلبیاتانە بێبەری كەین، بەڵام سەركردە دەسترۆیشتوەكانی گۆڕانیش تا كاتی دامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیە لە ریزەكانی یەكێتی خاوەن دەسەڵات و نفوزی خۆیان بوون و ئەوانیش لەو سلبیاتانە بەشدارن و لەو گەندەڵیە بێبەری نین .
ئەم برادەرانە، گەر تا رۆژی ئەمرۆ نەیانتوانیبێت بە سەركەوتویی دەسەڵاتی كوردستان بەرێوەبەرن و، بەو هەموو داهاتە زۆرەوە هەنگاوێك كوردستانیان نەبردتبێتە پێشەوە، كەچی لەبەرامبەردا، پارە و داهاتی خەڵك رەوانەی بانكەكانی دەرەوە كرابێت و جیاوازی لە بژێوی ژیانی خەڵك فراوانتر كرابێتەوە و، ئەوان و حزبەكانیان فاكتەری سەرەكی ئەو هەموو گەندەڵیە بن، هەر هەمان ئەو كەسانە چۆن دەتوانن چاكی بكەنەوە ، كێ هەیە قازانی تایبەتی لەم دەسەڵاتە وەرگرتبێت و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكاریهێنابێت و، لەم كاتەدا بە خۆیدا بچێتەوە و پارەو پوڵەكانی لەدەرەوە بگەرێنێتەوە . كەس هەیە دزی بكات و بڵێت ئەمرۆ كرودستان لە قەیراندایە، ئەوەی لای منە دەیهێنمەوە !
لەم روانگەوە ، ئەگەر لە هەڵسەنگاندنماندا بۆ هەرێمی كوردستان بەو دەرئەنجامە دەربچین كە كوردستان پێویستی بە گۆرانكاریەكی ریشەیی هەیە، گەر تەماشای وەزعی سیاسی و ئابووری كوردستان بكەین ، دەبێت بپرسین؛ چارەسەری ئەم بارودۆخە چی و چۆن بێت و بەكێ دەكرێت ؟
تا شەری داعش و ئەم ئاڵۆزیە مابێت، بەهیچ شێوەیەك ئاسۆی گۆڕانێكی هەمەلایەن لە دەسەڵاتی سیاسی كوردستاندا لە هیچ شوێنیكەوە دەرناكەوێت ، بەڵكو خەڵكەكە پێش دەسەڵات گیرۆدەی دەستی داعشن، چ وەك بەرەنگاربونەوەیان و قوربانیدان و شەر لە دژیان، یان دواخستنی داواكاری چارەسەر و چاكسازی لە حوكمرانی و راماڵینی گەندەڵان بە هەموو رێگە و ئامرازێكەوە . بەڵام ئەوەی خەڵكی كوردستان لێی ئاگادارن و یەكلابونەتەوە لێی، كە تۆزقاڵێك هیوای چاكبونەوە و چاكسازیان بەم دەسەڵاتەی كوردستان نەماوە . بۆیە تا ئەو كاتەی رزگاربونمان لەم واقعی شەرە سەپێنراوە مەیسەر دەبێت، دەبێت هەمووان بە وریاییەوە لە مەسەلەكان بروانن و بە چەواشەكاری و هەڵخەڵاتاندن و زمانلوسی فریومان نەدەن، دەبێت رەش و سپی لەیەكتر جیابكرێتەوە و، هەوڵ بدەین بە هەموو شێوازەكانی گۆرانكاری دیموكراسی گەندەڵكاران پەراوێز بخیەن و ئەوانەی توانای رێكخستنەوەی كوردستانیان هەیە پێشبخەین، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی ئەمرۆی كوردستان لەتوانایدا نیە باری لاری كورستان راست بكاتەوە، مێژووش رەحم بەكەس ناكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست