کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیکمەتی پێداگرییەکانی مەسعود لەسەر لە یاد نەکردنی مێژووی پێش ڕاپەڕین

Saturday, 23/07/2011, 12:00




کاتێک مەسعود بە توڕەییەوە دەڵێت نابێت گەنجان مێژووی پێشمەرگە و شۆڕش لە یاد بکەن دەیەوێت بە هەڵەی ئەوەماندا ببات کە وا تێبگەین ئەو دڵسۆزی خەباتی کوردەوارییە بەڵام لە هەمان کاتدا بۆمان هەیە بپرسین ئەو پێداگرییە بەو شێوازە لێنەبڕاوانە بۆ؟

منیش دەڵێم نابێت گەنجەکان مێژووی پێش ڕاپەڕینی ٩١ لە یادبکەن، منیش دەڵێم ئەوان نابێت لە یەکەم تەقەی دەربەندی بازیانەوە و بگرە لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردە وە تاکو هێنانەوەی بارزانی باوک لە سۆڤیەتەوە و دواتر یاخیبوونی و پەنابردنی بۆ چەک لە یاد بکەن! هەتا ڕاپەڕین نابێت لە یاد بکەن!

منیش لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا نیم کە دەڵێت گەنجانی ئەمڕۆ لەگەڵدا نەبوون و ئەوان تەنیا مەراقیان ئایندەیە. گەنجان نابێت مێژوو لە یاد بکەن و گرنگیی پێنەدەن.

گەر لە یادی بکەن ئەوا دەیانەوێت لە مێژووی میللەتی خۆیان بتۆرێن و لێی ڕابکەن. ئەوان دەبێت مێژوو لە یاد نەکەن و بە تێگەیشتنێکی ڕوونەوە لە مێژووی پێش خۆیان بڕوانن و بە دەرس وەرگرتنەوە هەنگاو بنێن بەرەو ئایندە، گەر وا نەکەن تووشی سەرگەردانی دەبن و باش و خراپ لەیەک جیاناکەنەوە.

بۆمان هەیە لە خۆمان و لە مەسعود بپرسین بۆچی ئەو خۆی دەکات بە خاوەنی مێژووی پێش ڕاپەڕین و بە پارێزەری و لە هەموو کەس زیاتر خۆی سەخڵەت دەکات و دەیەوێت ناچارمان بکات ئەو مێژووە لە یاد نەکەین!

من وا بۆی دەچم مەسعود بە دوو مەبەست ئەو پێداگرییە دەکات:

یەکەم ـ دەیەوێت ئەو مێژووە بە مێژووی ئەو و حیزبەکەی دانپێدابنێین و ئایندەش بەو هۆیەوە قۆرخبکات.

دووەم ـ کە مێژوومان لە یاد نەکرد هەموو ئەو نەهامەتییانە بهێنینە بەرچاومان کە ئەو و حیزبەکەی بەسەر ئێمەیان هێناوە و، هۆشداریمان دەداتێ کە هەتا کورد مابێت بەو دەردە دەچێت و هیچ بەرەو ئایندەڕوانینێک لەو و لە بنەماڵەکەی ڕزگارمان ناکات. دەیەوێت پێمان بڵێت کە نابێت داوای دواڕۆژێکی باشتر و بێ ئەو بکەین، ئەگینا هەرچی دەوڵەتەکانی عێراق و ئێران و تورکیایە دەیهێنێتە سەرمان و هەموومان بەدەردی گەنجەکانی بەردەم لقی چوار و کەلار و چەمچەماڵ دەبات. بۆ؟ لە دواییدا کە کەوتمە وەبیرهێنانەوەی کورتەی ئەو مێژووە پڕ نسکۆیەی ئەو و بنەماڵەکەی هەیەتی دێمە سەر وەڵامی ئەو "بۆ"یە.

ئەی ئێمە بۆ مێژووی پێش ڕاپەڕین لەیاد نەکەین؟
بۆ ئەوەی وەڵاممان پێبێت و، کە خۆیان لێکردین بە "عەلی بابا" پێیان بڵێین نەخێر وا نییە و ئێوە ئەو فریشتەو فریادڕەسە نەبوون و نین کە دەتانەوێت پێمانی بفرۆشن و ناچارمان بکەن لەیادی نەکەین!

گەنجە خۆشەویستە پڕ هیواکان، ئەی ئەوانەی سرکن و دەستەمۆی درۆ و فروفیشاڵەکانی سەرکردە دزوخۆفرۆش و میللەتفرۆشەکان نابن:

مێژوو فەرامۆش مەکەن.

ئەوان ئەو پێشمەرگە پاک و بێگەرد و وڵاتپەرستانە نەبوون و نین کە دەیانەوێت بە ئێوەی بڵێن و، منەتتان بەسەردا بکەن کە بۆ ئێوە خەباتیان کردووە. هیچ شەرم لەخۆتان مەکەن کە فریای ئەوە نەکەوتوون ببنە پێشمەرگە و چەک هەڵگرن و لە ژێر ناوی خەباتدا بتانکەن بەگژ یەکتردا. هیچ پێویستناکات بیانوو بۆ ئەوە بهێننەوە کە بۆچی فریا نەکەوتوون ببنە پێشمەرگە و نەچوونەتە شاخ، چونکە مێژووی پێشمەرگە و شاخ و حیزبایەتی ئەو میژووە بێگەردە نەبووە کە دەیانەوێت بەسەرتانا فەرزی بکەن و، لەسەر ئەوەی داوای ئایندەیەکی گەشتر دەکەن فەلاقەتان بکەن !

بیری نەتەوایەتی ڕاست و دروست بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام مەسعود و جەلال ڕۆژێک لە ڕۆژان هەنگاویان بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە نەناوە و هەمیشە ڕێگریشبوون لەبەر دەمیدا.

باوکی مەسعودیش کە لە ڕوسیا هێنایانەوە بۆ ئەوە نەبوو داوای ئۆتۆنۆمی بکات بەڵکو بۆ ئەوە بوو داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات کەچی خۆی بەدەمی خۆی دەیوت ئەو هەرگیزاوهەرگیز داوای جیابونەوە و دەوڵەت ناکات و نەیکردووە. کەواتە ئیتر دەبێت مەسعود منەتی چی بەسەرماندا بکات؟

ئەی گەنجەکان مێژوو بخوێننەوە و لە یادی مەکەن:

بخوێننەوە و بزانن مستەفا بارزانی لە کۆماری دیموکراتی کورد دا لە مهاباد چ ڕۆڵێکی گێڕاوە.
بخوێننەوە و بزانن کە لە سۆڤیەت گەڕایەوە بە عەبدولکەریم قاسمی چی گووت.
بزانن ساڵی شەستوچوار چۆن تەفرەقەی خستە نێو جەستەی خەباتی کوردایەتی و پێشمەرگایەتییەوە.
بخوێننەوە و بزانن ئایا ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئەو داوای دەکرد ئەو هەموو قوربانیدانەی دەویست.
بزانن ساڵی حەفتاوچوار بۆچی شەڕی دەستپێکردەوە و دوای ساڵێک چی بە شای ئێران وت و ئاشبەتاڵی چۆن بە شۆڕش کرد.
بزانن کە ساڵی حەفتاوشەش شۆڕش لەلایەکی ترەوە دەستی پێکردەوە ئەو چی بە کوڕەکانی سپارد بیکەن و، ئەوانیش چۆن هەر لە کەرەجەوە کەوتنە ڕاسپاردنی چەکدارەکانی پارتی بۆ ئیغتیالکردنی ئەو پێشمەرگە و کەسایەتییانەی کە گومانیان لێدەکرا بچنە لاکەی تر.
بزانن نرخی ئاشبەتاڵەکە بە دۆلار چەند بوو کە وەریانگرت.
بڕۆن مێژووی کارەساتی هەکاری بخوێننەوە کە چۆن بە هەماهەنگیی لەگەڵ موخابەراتەکانی عێراق و میت و ساواک قەتڵوعامی لەشکرێکی حەوتسەد پێشمەرگەیی یەکێتییان کرد و، دواتریش بەدەستی کەمال کەرکوکی و کەسانی تر عەلی عەسکەرییان دایە بەر ئاربیجی و وتیان پیاوی گەورە بە چەکی گەورە دەکوژرێت.
بخوێننەوە و بزانن بۆچی لە بادینان ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێکانیان کوشت.
بخویننەوە و ئەوە لە یادمەکەن کە چۆن تەحسین شاوەیس و قالەفەرەجیان ڕاسپارد لەخەودا پێشمەرگەکان بکوژن و تەسلیم ببنەوە و ببن بە جاش و لەگەڵ رژێمی بەعسدا بە فەرمانی خودی مەسعود بکەونە ڕاوە پێشمەرگەی یەکێتی.
بزانن و بەراوردی بکەن ئایا چالاکییە پێشمەرگایەتییەکانیان زۆرتر بووە یان کارە دژەپێشمەرگەییەکانیان!
بخوێننەوە و بزانن کە ئەوان ئەو هەموو خەڵکەیان بەکوشتداوە و ئەو هەموو ماڵوێرانییەیان دووچاری کوردکردووە لە بەرانبەردا داوای چییان بۆ کوردکردووە و چییان بەدەستهێناوە.
لە بارەی جەلال تاڵەبانییەوە بخوێننەوە و بزانن لە شەستوشەشدا چی کرد. لە سورداش و شوینەکانی تر چۆن گەنجەکانی کوردی دەکرد بەگژ یەکدا و بە کوشتی دەدان.
بزانن چۆن دەستی خستبووە دەستی ئێران و عێراقەوە و ببوو بە جاشێکی بەکرێگیراوی بێبەزەیی و سەدان و هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتەی بەیەک بەکوشتدا.
بزانن کە کاتێک شۆڕشی حەفتاوشەش دەستی پێکردەوە چۆن هەوڵیدا هەموو رەگەزە باشەکانی سەرکردایەتی شۆڕش لەناوبەرێت و کۆنترۆڵی یەکێتی بکات. بزانن ئارامی چۆن بەکوشتدا، جەمالی عەلی باپیری چۆن بەکوشتدا.
بخویننەوە و بزانن چۆن بۆ یەکەمجار بۆ وەرگرتنی هەندێک پارە و کەلوپەل چەکدارە بەناو ئیسلامیەکانی دروستکرد و تەنانەت کوڕەکەی...... کرد بە سەرکردەیان و، سواڵی لە ئێران پێدەکردن و، دواتر وای لێهات بوو بە بناغە بۆ دروستبوون و گەشەکردنی هێزە ئیسلامییەکان و ئێران لە لای خۆیەوە گروپی سەر بەخۆی دروستکرد و، لە ئەنجامدا شەڕی یەکێتی و ئیسلامیەکانی لێکەوتەوە.
بخویننەوە و بزانن تاڵەبانی چۆن یەکێتی دەکرد بە گژ هەموو لایەکدا و کوردی بەکورد بە کوشت دەدا.
ئەمانەو هەزار بڕگەی تری مێژوو بخوێننەوە و پرسیار بکەن مەسعود و جەلال بۆ وایان دەکرد، لەبەر ئەوە بوو کورد ڕزگار بکەن و دەوڵەتی بۆ دروستبکەن یان لە شینی هەریسەکەدا بوو!

بە مەسعود بارزانی دەڵێم بەڵێ پێویستمان بە تۆ نییە پێمان بڵێیت مێژوو لە یاد نەکەین، ئێمە خۆمان مێژوو دەخوێنینەوە و لە ئایندەشدا هەموو ئەوانە بە سزای خۆیان دەگەن کە خیانەتیان لە کورد کردووە.

مەسعود و جەلال نەبوون دەوڵەتی عێراقی نوێیان دروستکردەوە و خواستی کوردیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کرد بە خەونی شاعیرانە؟

گەنجەکان بە هیچ جۆرێک لە مەسعود و جەلال ناترسن و لە هەڕەشەکانیان سڵناکەنەوە و مێژوو وەکو ئەوان نابینن بەڵکو خویندنەوەی خۆیان بۆ مێژوو هەیە و، لە هەمان کاتیشدا لە ڕابردوودا گیرناخۆن و هەنگاو بەرەو ئایندە دەنێن!

مەسعود بۆیە دەیەوێت یادی پێش ڕاپەڕین بکەینەوە بۆ ئەوەی هەر خۆی کوێخا بێت و پێمان بڵێت کە هەموو ئەوانە لەناودەبات کە باسی گۆڕین دەکەن! دەیەوێت بزانین کە ئەو چەند بێبەزەییە و بە چ شێوازێک ڕا جیاوازەکان لەناو دەبات!

ئەی گەنجەکان مێژوو لە یادمەکەن و لەگەڵی ئاشتببنەوە و بەرەو ئایندە هەنگاوبنێن!

مێژوو پەندی زۆری پێیە، بیخوێننەوە بەڵام بەو جۆرە نا کە مەسعود داواتان لێدەکات!


   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە