کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


سۆشیـال دیموكراتیزم لە كەشمەكەشـــى فیكرى و فەلسەفیەوە بەرەو ئایدیۆلۆژیای بەرێوەبردنى دەوڵەت

Tuesday, 31/03/2009, 12:00

2375 بینراوە


گواستنەوەى كۆمەڵ و دروست كردنى كۆمەڵگایەكى یەكسان كەدادوەرى و هێزى یاسا چوارچێوە بیت بۆ مافى هەر تاكێكى كۆمەڵ

بەشی یەكەم....
تا ساڵانى جەنگى جیهانى یەكەم سۆسیال دیموكراتەكان بەو گروپو ریكخراو و پارتانە دەوترا كە هەڵگرى بیرو باوەرو ئایدیولۆژیاى چەپ بوون هەم ماركسیەكان و هەم ئەوانەش كە لایەنگرى بیرو باوەر بۆچونى لاسالیا بوون , هەر لە سەر ئەو شێوەیە ئایدیۆ لۆژیاى سۆسیال دیموكراتى خەلكێكى زۆرى لە شۆرشگێرو نوسەرو ئەكتیڤیستى بواری سیاسى و بزوتنەوەى جەماوەرى گرتبوە خۆیی و لەوانە لینین , رۆزا لوكسیمبۆرگ , كارڵ كاوتسكى , ئێدوارد بێنشتەین گەلێكى تر كە هەر هەمویان لە گەڵ ئەوەشدا كە لە سەر هەندێ شێوەى ستراتیژیاى خەباتى چینى كرێكاران و چینە چەوساوەكان بۆچونى جیاوایان هەبوو بەڵام لە شتە سەرەكیەكاندا یەك بوون...ئەویش تاو دانى كۆمەڵ بەرەو قۆناخێكى تازە و ژیانێكى ئازاد و كۆمەڵــــگایەكى یەكسان , رزگار بوون لە سیستەمى ئابوورى سەرمایەداری ئەو قۆناخەش سۆسیالیزمە .
هەرچەند لە بنچینەدا سۆسیال دیموكراتەكان لە سەر مەسەلە سەرەكیەكانى قۆناخى گواستنەوەو بەرێوەبردنى دەوڵەت و خاوەندارێتى كەل و پەلى بەرهەمهێنان و گەلێك بوارى تردا جیاواز بوون بەڵام تاكتیكى كاتى و هەنوكەیی هەمویانى كۆ كردبوەوە لە چوارچێوەى قاوغێكى گشتى دا .
لە سەرەتاكانى سەدەى بیست و ناوەراستەكانى سەدەى نۆزدەدا ئەو ئایدیۆلۆژیایە ئایدیۆلۆژیای تەواوى چینە ژێر دەست و رۆشنبیرە شۆرشگیرەكانى ئەوروپا بوو تا ئەورۆش بە یەكێك لەو قوتابخانە فەلسەفی و سیاسیانە دێتە خەمڵاندن كە لە ڕوانگەیەوە دەتوانرێت كێشەی سەردەم چارەسەر بكرێت چ سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی چ بەڵانسی پەیوەندی نێودەوڵەتی , لە بواری كۆمەڵایەتیدا سۆشیال دیموكراتەكانی ئەوروپا سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە لە چاودێری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و هاوڵاتی و پەیرەو كردنی دیموكراسی و لیبرالی كردنی بوارەكانی ژیان و تەندروستی و پەروەردەو زۆر لایەنی تر....
ئەزمونی سۆشیال دیموكراتەكانی ئەوروپا ئەوەی دەرخست كە سۆشیال دیموكراتەكان لەگەڵ دۆخی تازەی سیاسەتی جیهاندا لە شۆرشی دیگیتالی و رەوتی بەجیهانی بوندا ناكۆك نین . لە هەمان كاتدا سیاسەتی ئابوری پڵانێرە كراو و بازاری ئازادو پەیوەندیە هارمۆنیەكانی كەرتی تایبەت (جیڕیەكی) تایبەتی دەدات بەو سیستەمە لە بەرامبەر قەیرانە ئابوریەكاندا....
تەواو بوونی ڕۆڵی مێژوویی فیودالیزم , سەر هەڵدانی كۆمەڵـــــگای سەرمایەداری و لەدایك بوونی چین و توێژی تازە لە ناوجەرگەی كۆمەڵدا , رۆلی دراوو زێدەبایی و كەرتی تایبەت و بازاری كاڵا , كێ بەركێ لەسەر پاوانەكردنی بوارە ئابوریەكان زەمینەیەكی تازەی خوڵقاند بۆ بوژانەوەو گەشەسەندنی تیۆریای سۆشیالیزم بە تایبەتی ئایدیۆلۆژیای ناوبراو شیكاری فەلسەفی هەبوو بۆ چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگای كەپیتالیستی , هوكاری تری مێژوویی كە كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر بزوتنەوەی سیاسی سەدەی نۆزدەو سەرەتاكانی سەدەی بیستەم شۆرشی مەزنی فەرەنسی بوو وە هەروەها بزوتنەوەی دێكابریستەكانی روسیا شوێن پەنجەی بەسەر بزوتنەوەی سۆشیال دیموكراتەكانەوە بە تایبەتی روسەكانەوە كەم نەبوو ...
گەشە سەندنی پیشەسازی و گۆرانی میكانیزمی كار و پەیوەندی كارو خاوەن كار و بوژاونەوەى چینى بورژواو مۆنۆپۆلكردنى كەل و پەلى بەرهەم هێنان و پەلهاویشتنى بو دروست كردنى سیستەمى كۆڵۆنیالیستى , راكردن بە دواى زێدەبایی و بازارى خام دا , تێمپی گۆرانەكانی بە جۆرێك تاودا كە لە هەمبەر ڕۆڵی كەپیتـــاڵ _دا لە ئاراستە كردنی ستراتیژی سیاسیدا ئایدیۆلۆژیای سۆشیال دیموكراتەكان بوو بە پێویستیەكی مێژوویی خەباتی چینەكان لیرەدا مەبەست لەو چینانەیە كە بە شێوەی جۆراو جۆر و لە فۆرمی جیاوازو شاراوەی سیستەمی كەپیتالیستیدا دەچەوسێندرێنەوە بە تایبەتی چینی كریكارو وەرزێرو پیشەوەرو تەنانەت رەوشەنبیران ....
شۆرشی فەرەنسی گۆرانێكی بەهادار بوو لە مێژووی نەك تەنها ئەوروپادا بەڵكو تەواوی دونیادا , هەرچەند لێكدانەوەی جیاواز هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنە سەلبی و ئیجابیەكانی شۆرش , بەڵام هەموو لێكدانەوەكان لەسەر یەك خاڵ كۆكن ئەویش ئەوەیە كە مێژوو لە شۆرشی فەرەنسیەوە ڕەوتێـــــكی تری گرتە خۆی وە تێروانینی خەڵكی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتی فیۆداڵ و كەنیسە كەوتە بەر تیشكی بیر كردنەوەو لێ ورد بونەوە , لەسەر شتێكی تریش هەر هەمویان كۆكن ئەویش ئەوەیە كە جیهانی پاش شۆرشی فەرەنسی هەمان جیهانی پێش شۆرش نەبوو...
شۆرشی فەرەنسی سەرجەم رەوتی بزوتنەوەی سیاسی لە جیهاندا شلـَـــەقاند , جەمسەرەكانی كەشمەكەشی چینایەتی قولترو تیژ تر كردەوە بوو بە سەرەتا بۆ لەدایك بوون و خوێندنەوەی تازە بۆ مێژوو هەم لە ناوەوەی دەوڵەتانی كەپیتالیستیدا , هەم كاردانەوەی لەسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی دەوڵەتانی كۆلۆنیالیستیدا وە ئەگەر لە ڕوانگەی مەنتیقی سیاسیەوە شێ بكرێتەوە تا ئەورۆی ئاسایی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ كاریگەری بەسەر رەوتی گۆرانەكانەوە هەیە لە جیهاندا بە گشتی و بە تایبەتی ئەوروپا ...
لە هەمان كاتدا شۆرشی فەرەنسی لە روی ئایدیۆلۆژیەوە بنەمایەكی فەلسەفی پتەوو بەهێزی هەبوو وە سەرجەم ئاراستە فەلسەفی و فیكری و تیۆریا جۆراو جۆرەكانی بواری سیاسی و رەوشەنبیری كۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو سەردەمەی ئەوروپای گرتبوە خۆ , وە هەر ئەو كەشمەكەشە فكریەش بوو كە خۆی لە خۆیدا شۆرشی دروست كرد بەڵام هۆشمەندی چینەكان لەو ئاستەدا نەبوو كە بتوانن دەسكەوتەكانی بپارێزن و تاكتیكی سیاسی ئەوتۆی بۆ هێڵكێش بكەن كە بتوانێت چارەسەرێكی بابەتی بۆ قەیرانەكانی پاش شۆرش بدۆزێتەوە , لەگەڵ ئەوەشدا شۆرشی بۆرژوازی فەرەنسی سەرەتایەكی مەزن بوو بۆ گەڵاڵە بوونی كۆمەڵگای سەرمایەداری و فەلسەفەی چینەكان و لەدایك بوونی تیۆریای سۆشیال دیموكراتیزم....
مونتسكیۆ , ڤۆلتێر , تۆرگۆ , نیكر , دیدرۆ , دۆلباخ , رۆسۆ , بریسۆ و گەلێك فەیلەسوف و رەوشەنبیری تری فەرەنسی دامەزرێنەری ئایدیۆلۆژیای بورژوازی فەرەنسی بوون , فەلسەفەی ئەوان بە شێوەیەكی راستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر هۆشیاری خەڵك و ئاراستەكردنی جەماوەر بەرەو هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بە زەبرو زەنگی دەسەڵات و سنوری خۆ تێهەڵقوتاندنی كەنیسە لە كاروباری دەوڵەتدا ... بەو جورە رۆحی یاساكانی مۆنتسكیۆ بوو بە بنچینە بۆ داهاتوی دەستوری فەرەنسا و گرێبەستی كۆمەڵایەتی رۆسۆ بە فەرهەنگی هەڵسوكەوتی دەوڵەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان , ڤۆلگین دەڵێ گرێبەستی كۆمەڵایەتی رۆسۆ لە راستیدا بوو بە ئینجیلی دیموكراتەكانی فەرەنســـا لە سەردەمی شوِرشدا
مێژووناسی بەناوبانگی ئینگلیزی هۆبزباوم (2007-1917 Eric Hobsbawm) قۆناخەكانی وەرچەرخانەوە لە وەوروپا دوای شۆرشی فەرەنسی بەو شێوەیە دابەش دەكات :
سەردەمی شۆرش (The Age of Revolution) 1789-1848
سەردەمی كەپیتاڵ (The Age of Capital) 1848 -1875
سەردەمی ئیمپریالیزم (The Age of Empire) 1875- 1914
سەردەمی چەپرەویی (The Age of Extremes) 1914-1991
لێرەدا بۆ ئەوەی بتوانین تابلۆیەكی رونتر بدەین بە دەستەوە لەسەر رەوتی فەلسەفەی سۆشیال دیموكراتیزم پێویست دەكات هەر یەكە لەو قوناخە مێژوویانە تاوو توێ بكرێتەوە و بدرێتە بەر سەرنج بەڵام بە داخەوە لە وتارێكی ئاوادا ناتوانرێت بەو جۆرە چڕ بكرێتەوە , ئەو دابەشكردنەی هۆبزباوم لەگەڵ ئەوەشدا كە بڕگەیەكی زەمەنی زیاتر لە 200 ساڵ دەگرێتە خۆی بەڵام تەوەرەی باسەكە هەر یەك شتە ئەویش پەیدا بوونی ڕۆڵی كەپیتاڵ لە ژیانی ماددی كۆمەڵگادا وە چەوسانەوەی مرۆڤ لە فۆرمی جۆراو جۆری دەورانی كەپیتاڵدا وە تا ئەو سەردەمەی ئێمە سیاسەتی جیهان بە هەمان ئاراستەدا دەروات ,لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆر جار بە بە ناوی مافی مرۆڤ و بەجیهانی بوون و شتی لەو جۆرە دەڕازێندرێتەوە.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)