کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ هەڵۆى ئەحمەد كوردە، قسەكردنێك لەسەر ئینتیهازیەت (ئۆپۆرتۆنیزم) وەك خۆى

Wednesday, 16/09/2009, 12:00


كاتێك لە دوایین ژمارەى گۆڤارى هۆنیادا چاوپێكەوتنێكى تێر و تەسەلى هەڵۆى ئەحمەد كوردەم خوێندەوە، نەك تووشى شۆك بووم، بەڵكو بڕوام بە هەرچى رابردووى هەرچى مرۆڤەكان هەیە نەما! بە تایبەتى ئەوانەى كە دەیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندى ماددى و مەعنەوییدا بۆ چوونە پێش لە بوارى سیاسییدا و كە هەر لە سەردەمى دەسپێكى شۆڕش و دواى راپەڕین وەك نەخۆشیەكى ئینتیهازى (opportunism) دەورانى خۆى لە ناو كۆمەڵگاى كوردیدا كردەوە، بەڵام نایشارمەوە لە چاوپێكەوتنەكەى هەڵۆدا پیاهەڵدانى بەرامبەر بە مەسعود بارزانى و ناو هێنان و نموونەكانى وەك (غاندى، جۆرج واشنتن، ماوتسیتۆنگ) ناوى دەبات! مرۆڤ لێرەدا دەتوانێت ستایشەكانى هەڵۆى ئەحمەد كوردە بە چەند شێوازێك بخوێنێتەوە.
یەكەم: ئەوەى هەڵۆ وتوویەتى تەنانەت ئەو كۆنە مەلاییانەى كە لە ئاوى ئاراس پەڕیونەتەوە، ئەوەیان بە خودى بارزانى نەوتووە!
دووەم: ئەم ستایشەى هەڵۆ دەشێ خۆى هەڵۆ گومانێكى لا دروست بێت، ئایا لە كۆنگرەى 13ى پارتیدا دەیكەن بە ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى؟! گەر بێت و بە وردیش ناخى كۆنى خەباتى ماركسیزمى هەڵۆ بێنینە بەرچاوى خۆمان، ناكرێت خۆى بڕواى بەو ستایشە هەبێت!
سێیەم: مومكین نییە كە مەسعود بارزانى مێژووى خۆى نەزانێت، خودى خۆیشى بە ئاگایە كە ئەو لە تواناى سەركردایەتى وەك (غاندى، ماوتسیتۆنگ، جۆرج واشنتن) نییە! ئەگەر پێ رابواردن بە مەسعود بارزانى نەبێت، ئەى خێرە هەڵۆى ئەحمەد كوردەى ئەم سەرچۆپیەى گرتووە؟! بەپێى خوێندنەوەى هەموو خوێنەرێك و هەڵدانەوەى مێژووەكان دەبێت خاڵى سێیەم سەنگى مەحەكى دوو روویى ستایشى هەڵۆ و بەرز بوونەوەى توانای مێژووى بارزانییە لە ئاست مێژووى تواناى (جۆرج واشنتن، غاندى.....)ە، ئاخر كوڕى باش كاك هەڵۆ خۆ سلێمانى پاریس نییە، كە بنەماڵەكان وەك یەك نەناسین؟! بەڕێزیشتان لە بنەماڵەیەكن كە لە هەمو شۆڕشەكاندا دەورى چاك و مەردانەتان هەبووە، بە تایبەتى خۆشت كە كاتێك سەرتیپ بوویت، لەو سەردەمەدا (هەڵۆیەكى چنگ بە گڕ بووى)، بەڵام هەمووشمان دەزانین كە خانەوادەى بەڕێزتان هەرگیز لەگەڵ فكر و زهنى بنەماڵەى بارزانى تێكینەكردوەتەوە، بەڵام كاتێك سەركێشانە تۆ لە بەڕێز مام جەلال زویر بووى، هەستایت دۆ و دۆشاوت تێكەڵ كرد و لە رێگە باریكەكەى حەمەى حاجى مەحمودەوە خزایت و پاشان لە دەرەوەى وڵات لە هۆڵەندا و لە رێگاى كۆنە بەعسیەكى وەك ئەسعەد عەدۆوە، لە كافتریایەكى ئەوروپا پەیوەندیەكەت لەگەڵ سەركردایەتى پارتى سازاند، ئەو ئەسعەد عەدۆیەى كە لە بانگەشەكانى هەڵبژاردنى ئەمجارەدا وتبووى: "ئەو پارتیەى دەنگ بە گۆڕان بدات تەڵاقى نییە"! بەڵام ئەسعەد عەدۆ ئاگاى لە مێژوو نییە! دیارە نازانێت كە كۆمەڵگاى كوردى لە ساڵى 1964ەوە تەڵاق و نیكاحى پارتى بە مەزهەبى ئازادى و دیموكراتى خستووە، ئاخر مامە هەڵۆ خۆت و خانەوادە بەڕێزەكەشتان لەو سەردەمەوە پەروەردەى ئەو تەڵاقنامەیەى مێژوون، ئەى خێرە ئێستا گەڕاویتەوە ناو باوەشى باوەژن؟! ئەى نەتبیستووە دەڵێن "باوەژن خوا بناسە"! بەڵام ئاخ سەد حەیف و مخابن لەو دەمەوەى كە جەنابت بانگەشەت كرد و لە نێو لانكى نا دیموكراتى و شەخس پەرستیدا خۆت گرێ دایەوە، دەندوكى چنگ بە گڕت شكا و ملت بۆ قەلەڕەش دانەواند، وەك شاعیرى پایەبەرز سوارەى ئیلخانى زادە دەڵێت:

ژینى كورت و بە هەڵۆیى مردن
نەك پەنا بۆ قەلى روو رەش بردن
لاى هەڵۆى بەرزە فڕى بەرزە مژى
چەند شەرتە بژى نەوەك چەندە بژى

خۆ لەو كاتەى كە تۆ چوویتە ناو ریزەكانى پارتى ئاگادارم هەر تۆ نەبووى، بەڵكو چەندین كەسى دیكەش بوون كە ئەو بەرنامەى میوانداریەش لە لایەن خودى دەزگاى پاراستنى گشتیەوە نەخشەى بۆ كێشرابوو، بەڵام بە هەرحاڵ ئیدى تۆ لەگەڵ كاروانى ئەو مەردایەتیەدا نەماى، كە جاران لەسەر دوند و لوتكە دەنوستى! ئێستا لە پێناو دۆلارەكانى ئیسَتاى باخەڵت و ئایندەت لە دامێن هەیوانێكى كرم لێدراوى مێژووى پارتیدا نیو سەعات دەنووى، دوو سەعات بە خەبەرى! جار جاریش بە مۆڵەتێك نەبێت ناتوانى لە خۆتەوە سەردانى ئەڵمانیاى رۆژهەڵات، واتە سلێمانى كە كەسوكارتى لێیە بچت! ئیدى بە هەرحاڵ پیرۆزت بێت ئەو خەزێمەى كە پارتى لە لووتى كردوویت و بۆگەنەى ستراتیژى هەڵت دەپەڕێنێت! پێتوانەبێت كە پارتیش عاقڵ نییە، ئەو قسانەى كە تۆ ئێستا دەیكەیت، پارتى وەك ئەوە وایە رۆنى سەگ لە لەشى بدەیت، چونكە دەزانێت كە تۆ كاتى خۆى لە تۆغیانى كۆمەڵە و ئەو سەردەمانەى سەرتیپ بووى، هیچ حیسابێكت بۆ پارتى نەكردووە و ئەم قسانەشت سڕینەوەى مێژووى جوامێریتە، ئاخر كە تۆ هەڵۆ بووى؟! بۆ لەم ئاخر و ئۆخریە بە قسەى ئەسعەد عەدۆ پارە و ئیمتیازات خۆتكردە سوورە كەروێشك و تانجیەكەى پارتى لە راوا گرتیتى؟!
تێبینى: بە هۆى كۆكردنەوەى زانیارى لەسەر خەبات و تێكۆشانت نیگەران بووم بەوەى كە چۆن دوێنێ هەڵۆ بوویت و ئەمڕۆش لە سایەى پارتیدا كزۆڵە ماویتەتەوە و كەوتوویتەتە ستایشكردن، كە ئەوەش هەرگیز لە رابردووى تۆ نەدەوەشایەوە، خۆزگە هەر لە ئەوروپا بە سواڵكەرى بەردەم سۆشیال بژیایتایە، ئاوا فكرى خۆت یەخسیرى بەردەم قەلەڕەشێك نەكردایە؟! بۆیە ئەم نووسینەم نووسى
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە