مۆدێلی کۆریای باکوور (وەڵامێك بۆ د.جەزا چنگیانی)
Saturday, 12/07/2014, 12:00
لەنووسینێکی پێشومدا لەژێر ناونیشانی(مەسعود و سەرۆکی دیوانەکەی بەم شێوەیە باس لەدەوڵەوتی کوردی ئەکەن). بەڕێز چنگیانی لە نووسینێکی خۆیدا لەژێر ناونیشانی(دەوڵەوتی کوردی و پێلاوەکانی مەسعود) ڕەخنەیەکی ئاڕاستە کردوم کە ئەلێ؛ (.کەسێک دەنووسی من دەوڵەتیکی کوردیم ناوی وەک دەوڵەتی سەرووی کۆریا. ئەو لە ئەمەریکا دەژی و نازانی ئەمەریکا دەوڵەتیکی دیموکراتی نیە. ئەو نازانی هەموو ووڵاتانی دیموکراتی جیهان لە نێو نیشتمانی خۆیاندا دیموکراتن لەئاست بەرژەوەندی نەتەوەیان وهاوکێشەسیاسەکانی دەرەوەی سنوریان دیکتاتۆرن.)
دوای ئەوەی مەسعود بیستی کەوا تورکیا لەڕێگای وەزیری دەرەوەی(داود ئۆغلۆ) یەکپارچەیی عێراقی وەك بیرووبۆچونی تورکیا ڕاگەیاند و بەڕۆژێك مهسعود بارزانی ئامادهیی هەرێمی کوردستان دهربڕیوه بۆئهوهی یارمەتی ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر لە كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان بەردەام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجێشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی ماوهدرێژكراوهی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگوورگ یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری كردوه
مەسعود بارزانی تەنها چەند ڕۆژێك پێش باسی جیابوونەوەو ڕاگەیاندنی دەوڵەوتی کوردی و دانانی وادەی ڕاپرسی و ڕیفراندۆم بۆ ئەوەی دەوڵەوتی کوردی لەسەر دەستی ئەم دامەزرێ خۆی شین مۆر کردبۆوە. کەچی تەنها دوای چەند ڕۆژیك وەك هەموو جارەکانی تر کەڵەکە تڕەکە داڕماو بەرگەی تەنها لێدوانێك لەلایەن تورکیای نەگرت و ڕایگەیاند کەوا ئامادەیە جارێکی تر بەشداری حکومەتی عێراقی بکەن و ئەو باردۆخە ڕاست بکەنەوە.
بۆچی مەسعود پیاوی ڕاگەیاندنی دەوڵەوتی کوردی نیە؟؟ مەسعود ئامادە نیە ناوی مناڵەکانی بەکوردی بنێ، چۆن ئامادە ئەبێ دەوڵەوتیك بۆ کورد دروست بکا! ئێ خۆ تۆ ناکرێ باوەڕت بەکورد و کوردایەتی هەبێ و لانی کەم(زمانی کوردی نەزانی، هاوسەرەکەت کورد نەبێ و وەیان ناوی مناڵەکانت کوردی نەبن) ئەگەرچی ئەمانە شتی سادە و خۆڕسکن ،لێ گەلێ گرنگە بۆ هەر کوردێك بیەوێ خەبات بۆ میلەتەکەی بکا، لانی کەم ئەو شتانە ئەبنە بناغەی سەرەکی و کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ ئەوەی متمانەی خۆی لای بەرانبەر و گەلەکەی دروست بکا.. تۆ بڕوانە؛ قوباد تاڵەبانی کە ماوەیەکە لەکوردستانەو جلی کوردی نەبێ لەبەری ناکا،کەچی هاوسەرەکەی ئەمریکیە، تۆ بڵێی ئەم کابرایە جگە لەبازرگانێکی نەوت زیاتر بێ؟!! زۆربەی کات لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ، دروست کردنی خێزان و ناسنامەی هاوسەرو ژمارەی ئەو چەند ساڵەی پێکەوە بوون گرنگی تایبەتی پێ ئەدرێ و کێ زیاتر هاوسەرەکەی خەڵکی ئەمریکا بێ چانسی بردنەوەی زیاترە.. لەبەرئەوە کەسێکی وەك مەسعود نەك هەر ناوی مناڵەکانی کوردی نین و ئامادە نیە بۆ ساتێکیش هاوسەرەکەی بەگەلەکەی خۆی بناسێنێ. جا کەواتە کەسیك باوەڕی بە توانای ئافرەت و بەشداری پێکردنی لەژیانیدا نەدابێ و کەس نەیناسێ،، ئاخۆ چۆن ئەتوانێ ووڵات ڕابگەیەنێ؟!
ئەگەر نادادوەری لەناخی کەسێکی دەسەڵاتدا بڕوێ، دەسەڵاتەکەی لەبنیاتنانی دوو بەرەکیدا وون ئەکا(ئیفلاتۆن). کێ هەیە نەزانێ مەسعود کەسێکی نەزان،خۆ بەزلزان،نادادپەروەرە. جا کەوا بوو کەسێك ئەم سیفەتانەی تێدا بێ هەرگیز ناتوانێ ووڵاتێکی پەکپارچە کەهەموو ڕەنگەکان کۆبکاتەوە،دروست بکا. دوو ئیدەریی لەژێر دەستی ئەم کابرایەو تا هەنووکەش بەردەوامە. مەسعود بەمەوە نەوەستا هات و دووبەرەکی لەنێوان کوردانی ڕۆژئاوا دروست کرد و خەندەقی خیانەتی لێدا. ئەوە باسی ڕابردووی مەسعود ناکەین دەرهەق بەکوردانی ڕۆژهەڵات هەر لەسەردەمی (قیادە مۆقەتە)و شەڕی بزووتنەوە و پارتەکانی ڕۆژەهەڵات. باس لەشەڕی کوردی باکوور و پەکەکە ناکەین کەوا بەووتەی خۆیان(٣٥٠٠) چەکداریان بۆ تورك بەکوشداوە بۆ ڕازیکردنی تورکیا. کەسێك ئەم هەموو جۆرە قین و دووبەرکیەی هەبێ، چۆن ئەتوانێ دەوڵەوت ڕابگەیەنێ.
بۆ بەرچاو ڕوونی بەڕێز چنگیانی؛ لەبڕگەیەکدا ئەڵێ قۆناغی دیموکراسی کوردی ئەکەوێتە دوای دروست بوونی دەوڵەوتی کوردی. واتە باجارێ هیچ نەبێ دەوڵەتمان هەبێ، ئەوسا خوا ئەمێنێ و موڵکی و قسەیەکیش لەسەر دیموکراسی ئەکەین. پرسیاری ئێمەش ئەوەیە: لەوەتەی کۆریای باکوور هەیە بەدەست باوك و کوڕەوە بەزەبری شەق و ترس ئەیبەن بەڕێوە. ئەم ووڵاتە گەشەی ئابووری و تەکەنەلۆژیی بەخۆیە بینیوەو کەچی تۆزقاڵێک بەرەو دیموکراسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان هەنگاوی نەناوە. کەواتە بوونی دەوڵەوت مەرجی کرانەوەی بەرەو دیموکراسیەت و پێکەوە ژیان نیە. لەوەتەی شانشینی سعودیە هەیە بەدەست (ئال و سعود)وەیەو جگە لەتەنها ٤٠٠٠ کەس کەهەموو خێرو بێری ئەو ووڵاتە بۆخۆیان ئەبەن کەسی تر نیە کەڵك لە نەوت و سامانی ئەو دەوڵەوتە پڕ نەوتیە وەربگرێ و ڕێژەی بێکاری ١٧% دایەو نیوەی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاری و نەداری ژیان ئەبەنە سەرو جگە لە حوکمی قامچی و شمشێر هیچ جۆرە دیموکراتیەك نیەو تا ئێستاش ژن ناتوانن ئۆتۆمۆبیل لێبخوورن. کەواتە بوونی دەوڵەوت،شانهەنشا وجۆرەکانی تر،هەرگیز زامنی کرانەوەو سیستمی دیموکراتی مسۆگەر ناکا. مەگەر شۆڕشی بەهاری عەرەبی کەوا زۆربەی ووڵاتانی عەرەبی گرتوە بەهۆی نادادپەروەری و نادیموکراتی ئەو دەوڵەتانەوە بوون کەوا هەندێکیان بۆ چەند سەدەیەکە دەوڵەتن و ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتوەکان. ئەی چۆن بتوانین متمانە بەمەسعود بدەین بە دەوڵەوتەکەی دروست بکاو لێگەڕێن چەند سەدەیەك تا بەلوعەی دیموکراسی لەگەکی کورد بەرەڵا بکاو بەشکم خوا بکا بگاتە هەموو ماڵێك؟؟
ئەشێ هەموان وەك ئافرەتی زەیستان بێزوو بە دەوڵەوتی کوردیە بکەین، بەڵام پێوستە ئەو دەوڵەوتە تەنها بەشێکی کوردستان نەبێ وەك ئەوەی مەسعود و بنەماڵەکەی لێێ ئەڕوانن. حەزو ئارەزوەکانی بەڕێز چنگیانی بۆ دەوڵەوت وەك ئەو کەسە وایە کە هەر ئافرەتێکی بینی بەبێ مەرج حەز بکا بیکا بەهاوسەری. لەڕاستیدا پێوستە چەندین مەرج بۆ بونی هەموو شتێك هەبێ. ناکرێ بڵێین خانوەیەك دروست ئەکەین بەڵام قەیناکە با سەقفی نەبێ.
کاتێ من نمونەی دەوڵەوتی کۆریای باکوورم ڕەتکردەوە نەك تەنها لەبەرئەوەی سیستمی بنەماڵەیی و دیکتاتۆری ڕەچاو ئەکەن، بەڵکە، ئەوەی زیاتر لای من بەبایەخترە ئەوەیە کەوا بەشی باکوور بەهۆی ئەو جۆرە لە حکومڕانی بۆتە کێشەو قەیران بۆ یەکگرتنەوەی بەشەکەی باشووری. بۆیە نامەوێ کوردستانی باشوور بەتەنها ئەو پرسی ڕاگەیاندن بکا تاوەکو لەگەڵ بەشەکانی تر لەسەر بنەماکانی نەتەوەیی و بەرژەوەندیەکانیان ڕێنەکەون ،ڕاینەگەینن. لەبەرئەوەی مەسعود گەر کارێکی وا بکا ، بەدڵنیاییەوە هەتا هەتایە بەشەکانی تر ناتوانرێ پێوەی گرێبدرێن.
مەسعود چی بکردایە باش بوو؟ لەدوای ٢٠٠٣ و هەڵگیرساندنی شەڕی تایەفی لەنیوان شیعەو سوننە و ئاوارە بوونی سەدان هەزار لەناوەڕست و باشووری عێراق. مەسعود ئەیتوانێ کامپینێك لەنەتەوە یەکگرتوەکان ڕێکبخا بەوەی کەوا کوردستان ئارامەو کێشەی نیەو خەریکی دەرهێنانی نەوتەو لەڕێگایەوە بۆ زیاتر کەمکردنەوەی کێشەکانی دەوڵەوتی عێراق لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی ٢٠-٢٥ ساڵێك جۆرێك لەهاوکاری و خۆگرێدان بەوێوە بکرایە تا لەو ڕێگایەوە بتوانرایە هاوکاری و کۆمەك بۆ لێقەوماوانی عێراق و دواتر سوریا بکەن و لەهەمان کاتیشدا کوردستان ئەبوە بنکەیەکی مرۆیی بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان تا لەو ڕێگایەوە زیاتر خزمەت و هاریکاری ئاوارەکان بکرێن. ئا بەو شێوەیە مەسعود ئەیتوانی متمانەی جیهانی وەك دەستپێكێك بۆ کورد مسۆگەر بکاو لەو ماوەیەدا ئەیتوانی چەندین هەنگاو بەرەو جوداخوازی و دەوڵەوت دروست کردن بنیات بکرایە. هەروەك چۆن(مەجلیسی تەعاونی خلیجی، سوقی ئەوروپی موشتەرەك) ئەیتوانی جۆرێك لەم سیستمە ئابووریانەی هەڵببژاردایەو لەڕێگایەوە کوردستانی بەجیهان بناساندایە و دواتر هەنگاوی دەوڵەوت گەلێ ئاسانتر ئەبوو. بەڵام ئەمە بۆ کەسێکی وەك مەسعود وەك ئەوە وایە داوا لە حوشتر بکرێ فێری زمانی عەرەبی ببێ.
هەرگیز لەو ماوەیەدا کەوا بەڕێز چنگیانی چەندین بابەتی لەسەر مەسعود و پڕۆژەکەی مەسعود و خەونەکانی مەسعود بۆ دروست کردنی دەوڵەوتی کوردی نووسیوە هیچ ڕەخنەیەکم نەبوە. لەبەرئەوەی باوەڕم بە ڕای ئازاد هەیەو مافێکی سەرەتایی خۆیەتی، لێ ئەم جارە لەبەرئەوەی بەڕاستەخۆ ڕووی دەمی کردەمە من، بەباشم زانی وەڵامێکی بدەمەوەو هیوادارم توانیبێتم ئەوانەی باوەڕیان بەمەسعودە بۆ ئەوەی دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنێ تووشی شووك نەبن، چونکێ مەسعود ناتوانێ ئەو کارە بکا. داوای ئەو کارەش لە مەسعود وەك ئەو داوایە وایە لە شێری بکەی کە واز لەخواردنی گۆشت بێنێ.
گەلێ لام ئاسایی بوە بەسەرخۆشی بچم بۆ پرسە و بەسەرخۆشی سەردانی خەڵکی بکەم و بەسەرخۆشی میوان بەڕێ بکەم و بەسەرخۆشی پیاسە بکەم. بەڵام هەرگیز لەدوو کاتدا ئامادە نەبووم بەسەرخۆشی ئۆتۆمۆبیل بهاژووم و بەسەرخۆشی بنووسم. لەبەر ئەوەی کە باری یەکەمدا ژیانی خۆم و بەرانبەرەکەم ئەخستە مەترسی و لەلێواری مردن و لەمەرگ نزیك ئەبومەوە و لەباری دووەمدا خوێنەرەکەم تووشی گەمژەیی و سەرلێشێوایی و گومڕایی ئەکرد. بۆیە هیوادارم جارێکی تر کاتێ بەێز چنگیانی وویستی ڕەخنەی کەسێك بکا کەوا ئەو کەسە بەناوو وێنەی خۆیەوە بابەت بڵاو ئەکاتەوە باشتر لەجیاتی بەکارهێنانی (کەسیك) ناوی ڕاستەقینەکەی بووترێ هەر وەك ئەوەی من بەئاشکرا ناوی بەڕێزیم هێناوە.
بەڕێز چنگیانی ئەڵێ؛ ئەو نازانێ ئەمریکا دیموکراسی نیە. باشە بەڕێزم من باشتر لەئەڵمانیا ئەزانم وەیان بەڕێزت کەوا لەوێ ئەژی؟ حەتمەن بەڕێزت. ئەمریکا گەر هەنووکە دەرگاکانی بخاتە سەر پشت،ئەوا دڵنیات ئەکەمەوە هەموو جیهان ڕووی تێئەکەن بە ئەڵمانیاکەی کە تۆشی لێ ئەژی. ئەمریکا بەم پێوەرەی ئەوڕۆ ووڵاتێکی دیموکراسی فرە نەتەوەیی و فرە ڕەنگە. هەلی ئیش و کار بۆ هەموان ڕیخسێنراوە. پلەو پۆستەکان بەبێ جیاوازی ڕەنگ،ئایین،ڕەگەز، تەمەن بۆ هەموان لەبەردەستایە. هاوکاری و پێکەوە ژیان لێرە لەگەڵ یەکتردا لەلوتکەدایە. ئەمە تەنها چەند پرنسیپێکی سیستمی دیموکراسی ئەمریکی.
لەکۆتاییدا ئەوە ماوە دووبارەی بکەمەوە کەوا میلەتی کورد شایەنی قەوارەی دیاریکراوی مێژوویی خۆیەتی و ئەوەش مافی هەموو مرۆڤێکی ئەم گەردوونەیە. بەڵام هیوادارم کە میلەتەکەم لەژێر سیستمێکی دادپەروەری و یەکسانی و خۆش گوزەرانی و بەختەوەری ژیان بەڕێبکا. پێوستە کورد نەیەڵێ بەساتیکیش ئەوەی بەسەر کوریای باکوور و سعودیەو نمونەکانی وەك ئەوانن ، قبوڵ بکا. ئێمە ووڵاتێكمان ئەوێ کەوا هاوڵاتی سۆزی بۆی هەبێ و خزمەتی بکا. ووڵاتێکمان ئەوێ هەموان خۆمان بەقوربانی بکەین و خاکەکەی بپارێزین. ووڵاتێکمان ئەوێ مافی ئازادی ڕادەڕبڕین و ئازادیەکانی تر سانسۆر نەکرێن. ووڵاتێکمان ئەوێ دەستاو دەستی دەسەڵاتی تیا بەدی بکرێ و دوور بێ لە بنەماکانی بنەماڵەیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست