کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(نه‌وشیروان) و(نێچێرڤان)، دوو(پێغه‌مبه‌ر) ی یه‌ک(خوا) ن که‌ له‌ گوێی گۆڕدایه!‌

Friday, 18/06/2010, 12:00



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ زۆربه‌ی پیته‌کانی ناوه‌کانی نه‌وشیروان و نێچیرڤان‌ له‌یه‌ک ده‌چن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت، که‌ (جوبرائیل) ه‌که‌ لێی تێکچوبێت! به‌ڵکو گرفتی(خوا)که‌یان له‌وه‌دا بووه‌، که‌ یه‌که‌میان بۆ ئه‌وه‌ ڕاسپێرراوه‌، که‌ (گۆڕان) له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی(زڕ مام) ێکدا بکات، که‌‌ ده‌ستی گرتوه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕزق و ڕۆزی خوادا و دووه‌میشیان ده‌بێت (گۆڕان) له‌ مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی (مامی حه‌ق) ی خۆیدا بکات، که‌ هه‌م ماڵ له‌یه‌کن و هه‌م زاواو خه‌زوریشن!

یه‌که‌میان بێجگه‌ له‌ پشتیوانی خوا، ته‌نیا ئه‌و موعجیزه‌یه‌ له‌ خۆیدا شک ده‌بات، که‌ له‌ ژیانی خۆیدا به‌کاریهێناوه‌: ئه‌و ده‌زانێت، چۆن نه‌فره‌ته‌کانی خه‌ڵک له‌ کاره‌ساته‌ سروشتی یه خواکرده‌کان بکات به‌ حه‌مدوسه‌نای خوا و له‌ ئانوساتی پێویستدا، له‌ (په‌رله‌مانه‌ په‌رستگا) که‌ی زڕ مامه‌که‌یدا، خۆیی و یارانی خۆی موسته‌حه‌قی ئه‌و(سه‌رفتره‌ و زه‌کات) ه‌ ده‌کات که‌ خزمه‌تکارانی به‌حه‌قی باره‌گای ئیلاهی له‌ دنیای ڕۆشندا وه‌ریده‌گرن و حورمه‌تیش ده‌کاته‌وه‌ به‌ به‌ر(په‌رله‌مانه‌ په‌رستگا) که‌ی زڕ مامه‌که‌یدا و بۆ ده‌وره‌یه‌کی تر خه‌ڵکی خاوه‌ن نه‌فره‌ت و گومڕا، ده‌کاته‌وه‌ به‌ کۆیله‌ موتیعه‌کانی باره‌گای ئیلاهی‌ !
هه‌رچی دووه‌میشیانه‌، بۆ نواندنی پێغه‌مبه‌رایه‌تی یه‌که‌ی زۆر شتی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ گرفتی بۆ دروست ده‌کات ئه‌وه‌یه، که‌ قودسیه‌ت و سام و هه‌یبه‌تی خوا له‌گه‌ڵ مامیدا تێکه‌ڵ بووه و نازانێت و ناتوانێت چۆن له‌یه‌کیان جیابکاته‌وه‌!‌ ئه‌م تێکه‌ڵبوونه‌ له‌لایه‌ک و حزوری به‌کرده‌وه‌ی مامی(که‌ ناهێڵێت، هیچ جۆره‌ نه‌فره‌ت و کوفرێک چه‌که‌ره‌ بکات و یه‌کسه‌ر ده‌یداته‌ به‌ر غه‌زه‌بی خۆیی و ئیتر له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌ودا جێیان نابێته‌وه‌!) له‌لایه‌کی تره‌وه‌، وایان لێکردوه، خۆی به‌شدار بێت له‌و نه‌فره‌ت خنکاندنه‌دا و زاڵبوونی قودسیه‌ت و سامی مامی بۆی(سه‌مه‌ردارتر) بێت له به‌کارهێنانی ئه‌و موعجزه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌که‌یان پێشتر ‌بۆ گۆڕینی نه‌فره‌ته‌کانی خه‌ڵک بۆ حه‌مدوسه‌نای خۆیان لێی به‌هره‌مه‌ند بوون! به‌ڵام ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌یان هه‌میشه‌ له‌ ژێر دوو فشاردایه: یه‌کێکیان(خوای سه‌رمایه‌داری) یه‌، که‌ ده‌یه‌وێت ئیتر کۆتایی به‌ تێکه‌ڵاوی خۆی له‌گه‌ڵ مامی ئه‌مدا بێنێت و ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی عه‌بده‌کانی خۆی بکات و ئه‌و ڕزق و ڕۆزی یه‌ی که‌ له‌ قۆناغی مافیایی و چه‌ته‌ییدا له‌م مه‌مله‌که‌ته‌‌دا که‌وتوه‌ته‌ ده‌ست مام و بنه‌ماڵه‌ و یارانی، بیکات به‌: بانک، بۆ ئه‌وه‌ی کۆیله‌کانی مام ئیتر له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی مه‌عنه‌وی یه‌وه‌، قه‌رزاری ئه‌مان بن(که‌ ئه‌مان ناوی کوردیان به‌رز کردوه‌ته‌وه‌! ئازادیان کردوون!) ئیتر له‌ ڕووی مادی یه‌وه‌ قه‌رزاریان بن (شه‌ووڕۆژ بده‌نه‌ ده‌م یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزی(کرێنشینی) و (ئۆتۆمبیل) و(خوێندنی مناڵه‌کانیان) و(داوده‌رمان) و... بده‌نه‌وه‌! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕزق و ڕۆزی یه‌ که‌ڵه‌که‌ بووه‌، بکات به‌ کۆمپانیا و کارگه‌ و شاری کرێنشینه‌کان و تیایاندا ورده‌ ورده‌ شیله‌ی گیان و عومری کوڕ و نه‌وه‌ی کۆیله‌کانی مامی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ بکات به‌ قازانج و بیخاته‌ سه‌ر سه‌رمایه‌که‌ی و ساڵ له‌ دوای ساڵ جه‌بباری و عه‌لیمی خۆی ده‌ربخات و ئه‌و قۆناغه‌ دابخات که کۆیله‌کانی مام ، چه‌ته‌ی ناو مافیایه‌ک بوون بۆ که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌ و هه‌موو عومریان پرۆژه‌یه‌ک بوو له‌ پێناو ڕاگرتنی هه‌یبه‌ت و سامی مام و مافیاکه‌دا. ئه‌و خوایه‌ ئیتر ده‌یه‌وێت، پێغه‌مبه‌ره‌که‌یشی ته‌نیا ئه‌و بناسێت و (ئاڵای قازانجی سه‌رمایه‌) ی له ئاڵای‌ هه‌موو پیرۆزی یه‌کانی تر پیرۆزتر بێت!
فشاری دوه‌میشیان، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ جادوگه‌ره‌ی ئه‌ولایه‌ که‌ هه‌ندێک له‌ سه‌حابه‌کانی خۆی ناردوه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانه‌ په‌رستاگه‌که‌ی(مامی ئه‌م و زڕ مامه‌که‌ی خۆی و مجێوره‌کانیانه‌وه‌) و به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌ خوا‌ی سه‌رمایه‌داری و نه‌فره‌ته‌ په‌نگخواردوه‌کانی لاوان و کرێکاران و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کان، خه‌ریکه‌ ڕێگه‌ له‌ غه‌زه‌ب و تۆڵه‌ی مامی ئه‌م ده‌گرێت و سام و هه‌یبه‌تی بۆ ناهێڵێت! ئه‌گه‌ر وا بڕوات له‌ فرسه‌تێکدا، ئه‌و نه‌فره‌تانه‌ ده‌کات به‌ حه‌مدوسه‌نای خوا و مامی له‌ پاشایه‌تی ده‌خات و پێغه‌مبه‌رایه‌تی یه‌که‌ی ئه‌میش به‌تاڵ ده‌کاته‌وه‌!

به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌تری هه‌ردوکیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر ئێستا به‌شێکی خه‌ڵک له‌ هه‌موو دنیا (هه‌ندێک به‌ عه‌قڵ و مه‌نتق و هه‌ندێک به‌ ته‌جروبه‌) نه‌ک هه‌ر بڕوا به‌ هیچ پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه و په‌یڕه‌وکه‌رێکی خوای سه‌رمایه‌داری ناکه‌ن، که‌ باسی ئه‌وه‌یان بۆ بکات، ئه‌م خوایه‌، تووشی نه‌خۆشی قورس نابێت و له‌ جیاتی گوو، هه‌نگوین ده‌کات! به‌ڵکو ئه‌وان ئێستا وه‌ک دوکتۆره‌که‌ی فیرعه‌ون له‌وه‌ دڵنیا بونه‌، که ئه‌م ‌ خوایه‌ش هه‌ر ڕۆژه‌ی شوێنێکی دێشێت! جاری واش هه‌یه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک گوو ده‌کات به‌خۆیدا هیچی ئه‌و ناوه‌ نایه‌ڵێت و خه‌ڵکێکی زۆر هه‌راسان ده‌کات! ئێستا هه‌ر ڕۆژه‌ له‌ شوێنێکی دنیا، ئه‌م (خوا) یه‌ خۆیی و (په‌رله‌مانه‌ په‌رستگا) که‌ی ده‌که‌ونه‌ به‌ر نه‌فره‌تی خه‌ڵک و ئه‌ویش له‌ شپرزه‌ییدا کلیلی جبه‌خانه‌ کۆنه‌کان ده‌داته‌ ده‌ست ئه‌و پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابانه‌ و ئه‌و قه‌ڵغانه‌ ڕزیوانه‌یان بۆ پێشنیار ده‌کات، که‌ سه‌دان ساڵ به‌ر له‌ ئێستا،خه‌ڵک به‌ تیره‌ ساکاره‌کانیان کون کونیان ده‌کرد و سه‌ری پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه‌ و خه‌لیفه‌کانیان ده‌پێکا!
چاره‌ڕه‌شی ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره‌ی ئاخر زه‌مان له‌وه‌دایه‌، که‌ ده‌ریای پڕ له‌ موعجزه‌ی(خوا) که‌یان خه‌ریکه‌ وشک ده‌کات! نه‌گبه‌تی خواکه‌شیان له‌وه‌دایه‌ که‌ پێغه‌مبه‌ره‌کانی زۆر شوێنی تری دنیا چیتر ناتوانن نه‌فره‌ته‌ واقعی یه‌کانی خه‌ڵک بگۆڕن بۆ حه‌مدوسه‌نای وه‌همه‌کان! جاران ئه‌م پێغه‌مبه‌رانه‌، ناو به‌ ناو بڕێک شیله‌ی گیانی چینی کرێکاریان ده‌کرد به‌ هه‌نگوین و به‌ کاسه‌ لێس و خزمه‌تکاره‌کانیان ده‌یانگوت: ئه‌ها خواکه‌مان هه‌ر هه‌نگوین ده‌کات! به‌ڵام سکچوونی درێژخایه‌نی ئه‌م خوایه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌م درۆیه‌ی ده‌رخستوه‌، بگره‌ به‌ هه‌رچی بۆن و په‌رفومی موقه‌ده‌ساتی مێژووش هه‌یه‌، بۆگه‌نه‌که‌ی لاناچێت!‌
سه‌رمایه‌داری ئێستا له‌ پێشکه‌وتوو ترین وڵاتانی دنیادا(ئه‌مریکا و ئه‌وروپا) به‌هۆی قازانجپه‌رستی یه‌وه‌، ڕێی له‌ سه‌رهه‌ڵدان و به‌رجه‌سته‌ بوونی گوژمێکی نوێی گه‌شه‌کردنی ته‌کنه‌لۆژی گرتوه‌ و دوای دوو ده‌یه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی (گه‌شه‌ی ته‌کنیکی زانیاری گه‌یاندن) هێشتا
ئاژامه‌ی هیچ گوژمێکی نوێ ده‌رنه‌که‌وتوه(بڕوانه‌ ‌
)http://www.emrro.com/sercawekaniu.htm
ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ ته‌نیا یه‌ک ڕێگه‌ بۆ ده‌سکه‌وتنی قازانجی سه‌رمایه‌ و خۆپاراستنی بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش که‌مکردنه‌وه‌ی به‌شه‌ ژیان و ئازادی و ده‌سڵاتی چینی کرێکار و ته‌نانه‌ت توێژه‌ ناوه‌ڕاستینه‌کانیشه!‌
ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ شه‌ش تریلیۆن دۆلار له‌ ژیانی ئینسانه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌وی یه‌ ده‌ربکێشێت! واته‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، حه‌وسه‌د هه‌شسه‌د دۆلار له‌ ژیانی هه‌ر ئینسانێکی ئه‌م سه‌رزه‌وی یه ‌(به‌ پیر و مناڵه‌وه‌، به‌ ساغ و نه‌خۆشه‌وه‌، به‌ بێکار و له‌سه‌رکاره‌وه‌) بکێشێته‌وه‌! ته‌نانه‌ت به‌وانه‌شه‌وه‌ که‌ به‌ پێنج ساڵی ته‌مه‌نیان ئه‌وه‌نده‌ خه‌رج ناکه‌ن و ژماره‌یان له‌سه‌ر زه‌ویدا زیاتر له‌ دوو ملیار ده‌بێت!
هه‌ریه‌که‌ له‌ یۆنان و ئسپانیا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و فه‌ره‌نساش، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان‌ که‌ له‌ماوه‌ی سێ چوار ساڵدا، سه‌دان ملیۆن ئۆیرۆ له‌ ژیانی خه‌ڵک بکێشنه‌وه‌!
خوای سه‌رمایه‌داری ئێستا ئه‌وه‌نده‌ شپرزه‌یه‌، که‌ هه‌موو ئه‌م بڕیارانه‌ی له‌ ڕێگای په‌رله‌مانه‌ په‌رستاگاکانیشیه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت!
نه‌وشیروان و نێشیروان تا ئێستاش وا ده‌زانن خواکه‌یان له‌ عالمی و خه‌بیری خۆیه‌وه‌ وه‌حی بۆ ئه‌مان ناردوه‌، نازانن ئه‌و که‌وتوه‌ته‌ حاڵی خۆیه‌وه‌ و له‌ گیانه‌ڵادایه‌ و هه‌موو شتێک دێت به‌ ده‌میدا و ده‌سته‌ودامێنی هه‌موو که‌سێکیش ده‌بێت!
ئێستا(نه‌وشیروان و نێچیرڤان) په‌یامی(خوای سه‌رمایه‌داری) یان پێیه‌ تا له‌ گۆشه‌یه‌کی بچوکی ئه‌م دنیادا پیرۆزی و نه‌مری و خاوه‌ندارێتی هه‌زارویه‌ک سیسفه‌ته‌ی خوای سه‌رمایه‌داری جێگیر بکه‌ن و له‌ سایه‌یدا قۆناغی(چه‌ساندنه‌وه‌ی هێزی کاری کرێکاران) له‌ ڕێگای خستنه‌گه‌ڕ و وه‌به‌رهێنانی ئه‌و سه‌رمایه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ن، که‌ سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داره‌ مافیاکان و سه‌رمایه‌داره‌ هاوکوپه‌کانیان، له‌ قۆناغی مافیاییدا که‌ڵه‌که‌یان کردوه‌، به‌ڵام له‌ بێ شانسی ئه‌وان (خوا) که‌یان خۆی له‌ گیانه‌ڵادایه‌ و ئه‌م پێغه‌مبه‌رایه‌تی یه‌ی ئه‌وان ده‌بێته‌ پێوقدوم شه‌ڕترین پێغه‌مبه‌رایه‌تی مێژوو و سه‌ری خواکه‌یان ده‌خوات!

  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە