بەتەواوی نازانم بۆ دەنوسم لەسەر شتێک کە لەگرێژنە دەرچووە ؟ بەرلەوەی فڕۆکەخانە خنیجلانەکەی نیشتمان بکرێتەوە ئێمەی نیشتەجێیی ووڵاتان ، یان وەک دەڵێن جالیەی کورد ، یان پەنابەرەکان کەدەگەڕاینەوە نیشتمان ، دەبوو بەسێ ووڵاتدا بڕۆین .
ئێران، تورکیا، سوریا ، من تائێستا لە ڕێگەی ئێرانەوە گەشتم نەکردۆتەوە بۆ نیشتمان ، بەڵام لەڕێگەی تورکیا و دووجاریش لەڕێگەی سوریا ، پاشان ڕۆژئاڤاوە چومەتەوە باشور ، ئەو کاتانەی کە لەوێوە گەشتم کردوە ، هێشتا ڕۆژئاڤا لەژێر دەستی ڕژێمەکەی ئەسەدابوو. کەشەو فڕۆکەکەمان لەشاری دیمەشق نیشتەوە ، ناو فڕۆکەخانە پڕبوو لەپۆلیس و ئەفسەر و ئاسایش بە جیهازێکی ڕەشەوە کە تەلەفۆنیان بۆ بەختیان دەکرد لەگەڵ یەکتردا ، دیمەنێک بوو لەشەڕێکی دۆڕاوی لەشکرێک دەچوو.
لە ناو فڕۆکەکەدا فۆڕمێکیان پڕدەکردەوە پێمان ،کاتێک مرۆڤ سەفەری ووڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمەریکاش دەکات بەهەمان شێوە فۆڕمێک دەبێت پڕکاتەوە ، کەتژیەلە پرسیاری بێماناوپوچ .
لەسوریا فۆڕم و پاساپۆرتەکە دەبێت بەیەکەوە بێت ، خێزانێک لەپێشمەوە بوون پیاوەکە ڕووی تێکردم و ووتی: ئێمە چوار کەسین
نازانم بڵێ ڕازی بن بەچل دۆلار کەبیان دەمێ ؟
منیش ووتم : بۆچی پارەیان دەدەیتێ ؟
لەوەڵامدا ووتی: گەر پارەیان نەدەیتێ بیانووت پێدەگرن و دورنیە کەنەتنێرنەوە ، یان بیانویەکت پێبگرن کە زیندانیشت کەن .
لەیەکدوانێکی ترم پرسی ،داخۆ دەبێت هەر بەرتیل بدەیت تا بهێڵن بچیتەدەرەوە ؟ ئەوانیش دڵنیایانکردمەوە ،کە بەڵێ دەبێ وابکەیت.
دوایی گەشتی باشوری ووڵات و گەڕانەوەم بۆ سوریا لەسەر سنور توشی ڕووداوێکی سەیربووین، کە ئەوەش لەسە ڕووبارەکە ناوی دوو دایک بوو کە ووتیان: لەلیستی ناوەکاندا نییەو دەبێت نەیەنە ناو سوریاوە .
ئیتر ئێمەڕۆشتین بۆ ئەو ژوورەی کە ئەفسەرەکەی لێبوو ژوورێک چڵکن بەڵام وێنەیەکی "حافزئەسەد" و ئاڵایەکی سوریا و چەند فایل و تەلەفۆنێک و دووسێ پێنووسی چڵکن و تەرمۆزێکی ئاو، یەک دوو پەرداخی ڕەزاقورس لەژوورەکەدا دەبینرا .
یەکێک لە پیاوی ژنەکان لەگەڵ ئەو پۆلیسەی دەرەوە قسەیکردو دوایش ڕێکەوت بە١٠٠ دۆلار کەمۆڵەتیان بات بڕۆن ، من لەژوورەبووم پۆلیسەکەهات و چرپاندی بەگوێێ ئەفسەرەکدا ، ئەفسەرەکە دوای تۆزێک بێشەرمانە ووتی : ناوەکان هات ، ئێستا دەتوانن بڕۆن ،سواری پاسێک بووین کەفلیمەکانی "غەواردا" بەرچاودەکەوێت بەجادە خۆڵەکەدا بردینی بۆ قامشلۆ . بێوەستان سواربووین بۆشام و گەیشتین و لەیەکێک لەئوتێلەکان ماینەوە .
بەڕاستی نازانم شام کوێ شیرینە ؟
بۆبەیانی چوین بۆ وەزارەتی دەرەوە ، یان وەزارەتی ناوخۆبوو تا مۆڵەتی سەفەر وەرگرین وگەشتبکەین ، من هەردوو منداڵەکەم لەگەڵ هاوژینەکەم لەگەڵ بوو ، فەرمانبەرایەتیەکی قەرەباڵغ بوو ، لەپڕێکدا پیاوێکی چوارشانە کە دەمانچەیەکی بەلایەکی پاشویدا هەڵواسیبوو پاسەپۆرتەکانی لێوەرگرتم و ووتی :وەرەلەگەڵم .لەدڵی خۆمدا ووتم : گیرام بەهاوژینەکەم ووت : ئاگات لەمنداڵەکان بێت ،ئێستا دێمەوە .
کابرای ئاسایش بردمی بۆ یەکێک لەژوورەکان کەدەرگاکەی کردەوە جەنەڕاڵێکی سەرشان پڕ داڵ و ئەستێرە لەبەرم هەستا ،من عەرەبێکەم دووکەڵی دەکرد ئەو رووی تێکردم و ووتی: ئوستاز کاری چی دەکەیت ،لەو ووڵاتەی لێی دەژیت ؟
قسەی زۆری کردو پرسیاری زۆر کۆمێدی کرد و تێگەیشتم کەووتی : ئەگەر من بێم دەتوانم مافی پەنابەری بەدەست بێنم ؟
دوایش چەکمەجەکەی کردەوە و ووتی : ژیان لێرە قورسە ، دەبێت بژین بەلێبوردنەوە دەڵێم کە دەبێت داوای یارمەتی بکەم .
من وامدەزانی کە بەتۆمەتێک ئەم گرن ، بەڵام ئەوەتانێ جەنەڕاڵێک ئەپاڕێتەوە بۆ بەرتیل .
جارێک لەنیشتمان بووم برایەکم توشی ڕووداوی هاتچۆببوو ،کەلەوێ بووم ڕۆژی دادگایەکەی بوو،تاوانەکەشی ئەوەبوو کە بەئۆتۆمۆبیلەکەی لەژنێکی دابوو ، ماڵەکە بەخشیبویان ، بەڵام دادگا دەبوو کەیسەکەی داخات . کە کارەکە تەواو بوو براکەم سەفتەیەک دیناری دا بەپۆلیسێک ، ڕاستی من وام دەزانی هاوڕیەتی . ووتم : ئەوە چیبوو؟
براکەم ووتی: بەرتیلێکی بچوک بوو کارەکەی بۆ پێشخستبووم .
ئیتر تێگەیشتم کە ئێمە لەو چیایە هیچ پلانێکمان بۆ سەرکەوتن یان بەڕێوەبەرایەتی ووڵات نەبووە ،تەنها توانیمان کۆپی ئەو ووڵاتانەدەکەین کە داگیریان کردووین .
کەگەڕامەوە بۆسوئید "سانا" کە ژنێکی سوری بوو لەگەڵمان کاری دەکرد و ئێستا خۆی خاوەنی قاوەخانەیەکە ، باسی گەشتەکەمم بۆکرد بۆ نیشتمانە داماوەکەی ، باسی بەرتیلەکانم بۆکرد کەداومانە لەسەفەرەکەماندا ، بەتایبەتی جەنەڕاڵەکەی وەزارەتی ناوخۆ یان وەزارەتی دەرەوە .
سانا پێکەنی: ووتی باوکم قسەیەکی هەبوو هەمووجارێک دەیووت : "بەختەوەرترین باوک ئەوەیە کە کچەکەی دەداتە پۆلیسێکی فڕۆکەخانە ، ئیتر دڵنیادەبێت کە داهاتووی کچەکەی ڕوونە" .
من زۆرجار لەتورکیاوە گەشتم کردوە ، لەناو فڕۆکەخانەدا بەرتل وەرناگرن ، بەڵام لەشەقام و ڕیستۆران و تاکسی و ئوتێلەکاندا فێڵ و فەرەج گاڵە بەگەشتیاران دەکات ، بۆڕاستی قسەکانم مرۆڤ دەتوانێت چیرۆکەکانی عەزیز نەسین بخوێنێتەوە گەر خۆی گەشتی تورکیای نەکردوە .