كۆتایى دەستەڵاتى بنەماڵە و خێزان لە كوردستان
Saturday, 14/02/2009, 12:00
ئەگەر مێژووى بەشەریەت بە ووردى بخوێنینەوە لە هەموو چركەساتێكدا لە هەموو كون قوژبنێك حوكوم و دەستەڵاتى بنەماڵەیى هەبووبێت دواجار هەر بەدەستى میللەت یان بەهۆكارێكى دەرەكى لەناو چووە,مێژوو بەشەریەت پڕیەتى لە حكومەت و دەستەڵاتى خێزانى و بنەماڵەیى كە سەرەنجام پۆكاونەتەوەو لەناوچوون. بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە دەستەڵات و هێزى خێزان و بنەماڵە هەرگیز بەهۆى لاوازیەوە لەناو نەچوون بەڵكو زۆربەى هەرەزۆرى حكومەت و میرنشینەكان و ئەو دەوڵەتانەى كە سیستمى خێڵەكیانەى بنەماڵەو خێزان بەڕێوەى بردوون لەوپەڕى هەیمەنەت و دەستەڵاتدا بەشێوەیەك لە شێوەكان كۆتایان پێهاتووە.
ئەگەر زۆر دوور نەڕۆێین و سەیرێكى حوكم و دەستەڵاتى خێزانى سەدام حسین بكەین ,عاقیبەتەكەى ئەوبوو كەبینیمان,بەڵام مەرج نییە هەموو دەستەڵاتێكى خێزانى یان بنەماڵەى بەهۆى هێزێكى دەرەكیەوە داڕوخێت و لەناوبچێت.
داڕوخان و لەناوچووونى دەستەڵاتى بنەماڵەى و خێزانى لە كوردستان بەهۆى هێزێكى دەرەكیەوە هیچ ئاسۆیەى ڕووناكى لێبەدەى ناكرێت ,هەر ئەمەشە هەتا ئێستا خەڵكى كوردستان بیریان لەوە نەكردووەتەوە كە لە ڕێگەى هێزێكى دەرەكیەوە كۆتاى بە حوكم و دەستەڵاتى خێزانى و بنەماڵەیى بهێنن لە كوردستاندا,چونكە ئەمە شتێكى ئاسانە و بەكردەوەش دەكرێت و سەردەگرێت, بەڵام وەك گوتمان دەرەنجامەكەى بەدڵى میللەت نابێت و ئاسۆى خۆشگوزەرانى بەدى ناكرێت لەگۆڕانێك كە هێزێكى دەرەكى دروستى كردبێت,هەروەك ئێستا نمونەكەیمان لەبەردەستایەو لەلایەن هێزێكى دەرەكیەوە دەستەڵات و حوكمى بنەماڵەو خێزانى سەدام لەناوبرا بەڵام ئاسودەیى و خۆشگوزەرانى بەدوادا نەهات بەو ئەندازەیەى كە چاوەڕوانى لێدەكرا.
ئەوەى ئەمڕۆ خەڵكى كوردستان چاوەڕوانیەتى شتێكە لە مێژووى ڕابڕدووى كۆمەڵگاى كوریدا بوونى نەبووە,چونكە بەدرێژاى مێژووى كۆمەڵگاى كوردى لەژێر هەژموونى عەقڵیەتى عەرەبیدا بووە و هەردەم بیرى لەوە كردووەتەوە كە هێزێك بێت و ڕزگارى بكات,بەڵام لە ئەمڕۆى كوردستاندا ئەو عەقڵیەتەى كە چاوەڕوانی و ئومێدى خستبووە پێش ئیرادەوە كۆتاى پێهاتووە ئێستا میللەتى كورد لەلۆژیكى ئیرادە وە هاتووەتەوە نێو مەیدانەكەو ئەیەوێت بەبێ هێزێكى دەرەكى و بەپشتیوانى هێزە بەئیرادەو خۆڕاگەرەكەى جەماوەرى ناڕازى و پشتیوانى ڕۆشنبیران و قەڵەم بەدەستان و بەرپرسانى ڕیفۆرم خوازانى نێو حیزب و حكومەت دەیەوێت ئەمجارە ئەسپى خۆى لە گۆڕەپانەكە تاوبدات و لە كوردستاندا كۆتاى بە دەستەڵاتى بنەماڵەیى و خێزانى بهێنێت.
هەر ئەمەشە وا دەكات ئەو داهاتووەى كە لەم گۆڕانەوە دێتە دى بە هیچ شێوەیە كۆپیى مێژووى ڕابردوو نەبێت.
خەبات لە پێناوى كۆتایی هێنان بە حوكمى خێزانى و بنەماڵەى لە كۆردستان دەستى پێكردووە و یەكەم پاچ دراوە لەو شورا لەرزۆكەى كە خێزان و بنەماڵەى حوكمڕانى كوردستان خۆیانیان تیامەڵاس داوە و كردویانەتە پارێزگارى بۆ مانەوەى خۆیان,هەوڵى بەرەى ڕیفۆرمى نێو یەكێتى شەقكردنى دیوارى لەرزۆكى حوكمڕانى هەردوو بنەماڵیە.هەوڵى خەڵكانى ئازادیخوازە نێو یەكێتى دەستى پێكردووە و یەكەم یەڵقەى زنجیرى كۆیلەیەتى كۆمەڵگایان پچڕان میللەت چاوەڕوانبن لە ئایندەیەكى نزیكدا زنجیرى كۆیللەیەتى لە تەوقى گەردنتان دێنینە خوارە و هەموومان پێكەوە كۆت و زنجیر لەملى ئەوانە دەكەین كە 17 ساڵە سەرەوەت و سامانى ئەم میللەتە دەخۆن و كورستانیان كرووەتە بەهەشتێك بۆخێزان و كوڕو بنەماڵەكانیان لەسەر حسبى بە جەهەنەم كردنى ژیانى كوڕو كەسوكارى شەهیدان و خەڵكى ستەمدیدەى كوردستان.
چاوڕوانبن سەردەمێكى نوێ عەقڵێكى نوێ ئیرادەى نوێ بەرنامەى نوێ بەڕێگەوەیە بۆ كۆتایى هێنان بە حوكمى بنەماڵەى و پشتاوپشتى نێو دەستەڵاتى كوردى ......
بە ئومێدەوە بژین ئیرادەتان بخەنەكار هەر ئەوەندەمان زەحمەتە ئەوانە ئەمڕۆ حوكمى بنەماڵەى و خێزانى پەیڕەو دەكەن هەتا ئەو كاتە ئەتوانن حوكوم بكەن كە ئیرادەى میللەت دەست بەكار بوو , دواى ئەوە فریاى هەڵهاتنیش ناكەون.
پەیكەرێك بۆ پیاوە پاك و دڵسۆزەكانى نێو دەستەڵات و جەهەنمێكیش بۆ پیاوە گەندەڵ و دزو مافیاكانى نێو دەستەڵاتى كوردى ساز و ئامادە بكەن
[email protected] هەڵەبجەى شەهید
-----------------------------
تێبینى/
ئەم وتارە لە 14ى2ى2009 نوسراوە كە پێش 2 سال لەمەوبەر پیشبینى ئەوەم كردووە كە دەسەڵاتى بنەمالە و خێزانى جەلال و مەسعود بە ئیرادەى میللەت لەناودەڤیت نەك بە هێزى دەرەكى,بۆیە بە پێویستم زانى جارێكتر بڵاوى بكەمەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست