کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان لە بەردەم ئەزمونێکی سەخت و گرنگدا

Thursday, 17/04/2014, 12:00





دروستکردنی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی نوێیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و دەروازەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە بەڕوی حوکمداریدا لە کوردستان، لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردودا ئەم نیشتیمانە بەڕێوە براوە لە سەر مۆدێلێك کە تیایدا لۆژیکی هێزی سەربازی و هەژمونی چەک بەدەستەکان تیایدا زاڵ بووە ، هیچ دەستاو دەستکردنێکی دەسڵات و هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێگەو هەژمونی هێزەکاندا نەبینراوە ، زۆر جار بیرکردنەوە لە دروستکردنی مۆدێلێکی لەم شێوەیە کە هێزێکی مەدەنی لە ڕێگەی سندوقی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکییەوە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حکومەتدا بەدیبێنێت بە خەون یان خەیاڵ دەدرایە قەڵەم ، بەڵام بیری تیژو سەلیقەی وردی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوڕێ تێکۆشەرەکانی بە پشتیوانی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان و هەندێك لە ڕەوەندی کوردی و ڕوناکبیران و میدیاکاران ئەو خەونەیان کرد بە ڕاستی و توانییان هەڵبژاردن بکەنە شاڕێیەك بۆ گەشتنە دەسڵات و دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسڵات ، ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی تایبەتی و بۆ سەرجەم گەلی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ، چونکە سەرەتایەکە بۆ بە نیشتیمانی بونی تەواوی فەرمانگەکانی حکومەت و توانەوەی بەستەڵەکی چەقبەستنی هێزەکانەو کۆتایی هێنانە بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات بە گوێرەی لۆژیکی هێزو بازو، دیارە ئەم گۆڕانکاری و ڕوداوە بێ گرێوگۆڵە نابێت و نا بێت چاوەڕوان بین هەروەك وڵاتانی پێشکەوتوو دیموکرات لایەنی جێگە پێ لێژ کراو هەروا بە سانییەوە و بە گیانێکی وەرزشییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم گۆڕانەدا بکات ! چونکە بۆ هەمو لایەك ئەم گۆڕانکارییە ئەزمونێکی نوێیەو پەسەند کردنی و هەزم کردنی بەتایبەت بۆ هێزێک کە سەردەمانێك خۆی هەمەکارە بووە لەم ناوچەیەدا شتێکی پەرچو ئاسایە، بۆیە دەبێت پێشبینی هەندێك ڕوداوو جوڵەی نائاسایش بکەین و ئاگامان لەوە بێت کە بارودۆخی کوردستان زۆر ناسکەو نابێت ڕێگە بەوە بدەین سۆزو عاتیفەمان بڕیارمان بەسەردا بدەن و دوای سۆزو عاتیفە بکەوین ، بە تایبەت ئەمە بۆ هێزێکی وەکو گۆڕان کە براوەی سەرەکی ئەم پرۆسەی گۆڕانەیە دەبێت زۆر بەوردییەوە کاری لەسەر بکات و وەڵامی هیچ جۆرە هێرش و پلارو توانجێکی فەرمی و نافەرمی نەداتەوە چونکە ئەوەش دەبێت بە یەکێك لە فاکتەرەکانی زیاتر سەرکەوتنی و زیاتر پەرژانی بۆ سەر ئەو پلان و ستراتیژ و ئامانجانەی کە پێشتر دیاری کردون و بەڵێنی بەجێهێنانیانی بە دەنگدەرەکانی و خەڵکی کوردستان داوە. بۆیە نابێت وەڵامی ئەو هێزانە بداتەوە کە گۆڕان بە پاشکۆ ناو دەبەن ، بەڵکو دەبێت بەکردارو بە کارکردن لە زەمینەی واقیعدا وەڵامی شیاوی هەمو ئەو لایەنانە بداتەوە ئەوەش هێندەی تر متمانەی خەڵکی بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەکات ، دەبێت دروشمی گۆڕان لە پێناو کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندودا بەکردار ڕەنگبداتەوە ئەوەش بە سپاردنی ئەو پلە و پایانە دەبێت کە بەر بزوتنەوەی گۆڕان کەوتون بە کەسانی پیشەیی و سەرکەوتو ، وە دەبێت گۆڕان خۆبەخۆ چاودێرییەکی کارگێڕی و وردو چاودێرییەکی پەڕلەمانیش لە لایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە بخاتە سەر وەزیرو سەرۆکی دەستەو بریکاری وەزیرو هەمو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە گۆڕانخوازان بەڕێوەی دەبەن و ئابوریانە خەرجییەکانیان بکەن و ئابوریانە داهات دابەش بکەن بەسەر سێکتەرو ناوچەو شارو شارۆچکەکانداو نابێت ڕێگە بەهیچ جۆرە لادان و هەڵەیەك بدات لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەو دایناون لە حکومەتدا ، دەبێت گۆڕان بەمەرجی دابنێت لە سەر ئەو کەسانەی کە دەچنە حکومەتە بنکە فراوانەکەوە لەسەر پشکی ئەو کە پێگیر بن بە خاکێتی و سادەیی و تێکەڵاوی خەڵکییەوە ، نابێت ڕێگە بدات هیچ لێپرسراوێکی سەر بە گۆڕان لە ئۆفیسەکەیدا گۆشەگیر بێت و دابڕاو بێت لە خەم و موعاناتی خەڵکی ، بە تایبەت وەزیری پیشەسازی و بازرگانی دەبێت زۆر بە مکوڕییەوە کار لە سەر دامەزراندن و دروستکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بکات و کۆتایی بهێنێت بە کلتوری بەرخۆری هەرێم و هەروەها ڕێگە نابێت بدات بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە توانای بەرهەمهێنانی هەیە لە ناوخۆدا ، ئەوانەشی کە بە ناچاری هەر دەبێت هاوردە بکرێت دەبێت لە ژێر چاودێرییەکی ورددا بێت و هەمو مەرجەکانی کواڵیتی کۆنترۆڵ بییانگرێتەوەو تیایدا دەستەبەری مافی بەکاربەران بکرێت ، هەروەها دەبێت لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە دەستی حزب و کەسانی سیاسی لە کایەی بازرگانیدا دەربهێنرێت و بازرگانی ڕادەستی بازرگانەکان بکرێتەوەو ئابوری لیبراڵ و کێبڕکێی تەواو فەراهەم بکرێت .

دەبێت دەستەی وەبەرهێنانیش ڕادەستی دەستێکی ئەمین بکرێت و بە شێوازێکی زانستی مامەڵە لە گەڵ داهات و خاکی کوردستاندا بکرێت و لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە هەوڵ بدرێت هەمواری قانونی وەبەرهێنان بکرێتەوە هەتا ڕێگە لە بەفیڕۆدانی داهات و زەوی کوردستان بگیردرێت و دەستەی وەبەرهێنان لە دەستەی نیشتەجێکردنی بێ پلانەوە بکرێت بە دەستەی نێشتەجێکردن و بوژانەوەی وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا بییانییە گەورەکان بۆ وەبەرهێنان لە کایەی گرنگی ئابوریدا کە شمەکی بەکاربەرەکی بەرهەم بهێنن لە ماوەیەکی کورتدا هەتا کوردستان لە گرفتی بەرخۆری و پاشکۆ بونی بیانی ڕزگار بکرێت.

دەبێت وەزارەتی دارایی بە سەرجەم خەرجییەکانی حکومەتدا بچێتەوەو خەرجی لابەلاو دەستبڵاوی لە خەرجکردن و نەپریە زۆرو زەوەندەکانی بەردەستی وەزیرەکان کەم بکاتەوە یاخود هەر نەهێڵێت و بە هەما هەنگی لە گەڵ سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستاندا ڕێوشوێنکی وەها بدۆزنەوە و بگرنە بەر کە کۆتایی بێنێت بە نەزیفی ئابوری و کورتهێنانی خۆکردی دەسڵات ، ئەمەش هێندەی دیکە متمانەو باوەڕی خەڵکی بەرامبەر گۆڕان زیاد دەکات و گۆڕان دەکات بەو هێزەی کە خەڵکی بە جیاوزی ئایدۆلۆژیایانەوە وەك فریاد ڕەس لێی بڕوانن .

دەبێت وەزیری پێشمەرگە ڕێگە نەدات پێشمەرگە لە ناو شارو شارۆچکەکاندا بارەگایان هەبێت و دەبێت بکرێنە سوپایەکی نیشتیمانی کە تەنیاو تەنیا ئینتیماو سۆزیان بۆ نیشتیمان و نەتەوە هەبێت ئەوەش بە دورخستنەوەی هەمو جۆرەکانی ڕێکخستنی حزبی لە ناو ڕیزەکانیاندا بەدیدێت ، وە دەبێت ئە و هێزە شکۆی هێزێکی نیشتیمانی بۆ دروست بکرێت لە ڕوی تەجهیزو ئامێرو ئامرازو چەك و خۆراك و خواردنەوە و نابێت سوپای کوردستان ڕوت و ڕەجاڵ و بێ ئامێرو جبەخانەو بێ ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی هاوچەرخ بێت ، بێگومان هەمو ئەمانە ئەرکی گۆڕانەو دەبێت لە ڕێگەیانەوە وێنەیەکی وایی نیشانی یارو نەیاری خۆی بدات لە ناوخۆو دەرەوەدا کە بیسەلمێنێ گەلی کوردستان چەندە گەلێکی زیندوو نوێخوازەو لە گەڵ پێداویستییەکانی ڕۆژگارو گۆڕانکارییەکانی جیهاندا دەتوانێت هەڵبکات و خۆی بگونجێنێت .

لە هەمو گرنگتر نابێت بزوتنەوەی گۆڕان نزیك ببێتەوە لە سیاسەتی کۆماری تورکیاو پشتیش بکات لە کۆماری ئیسلامی ئێران ، دەبێت بزانێت چۆن دەتوانێت باڵانس ڕابگرێت لە نێوان ئەم دو زلهێزە هەژمونخوازەدا کە مێژوی دەستێوەردانیان لە وڵاتی کوردەواریدا ڕیشەیەکی قوڵی هەیە ، بۆیە گۆڕان لەبەردەم ئەزمونێکی زۆر گرنگدایەو دەبێت زۆر بەوردییەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات و خۆی بۆ ئامادە بکات ، چونکە هەر شکست و خوا نەخواستە هەڵەیەك لە شێوازی جوڵەی سیاسی گۆڕاندا دەبێتە تەڵەزگەو کەندو کۆسپێکی گەورە لە بەردەم کاروانی گۆڕانکارییە گشتییەکەدا کە خەونی نەتەوەو نیشتیمانێکی دابەشکراوە ، لە هەمو گرنگتر دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان خۆی ببوێرێ لە هەر جۆرە نەخشەو پلانێکی شاراوەو ئاشکرا کە تێیدا زیان بە جوڵانەوەی ڕزگاری کوردانی پارچەکانی دیکە بگەیەنێت بە تایبەتی باکورو ڕۆژئاوا ، بۆ ئەمەش دەبێت وەزیرەکەی پێشمەرگەی سەر بە گۆڕان زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لە گەڵ خەندەقەکەی نێوان باشورو ڕۆژئاوادا بکات و نە هێڵێت کەلێن بکەوێتە نێوان کوردانی پارچەکانەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە