ئیستا كاتیەتى بۆ یەكیتى نەتەوەیى ...!
Sunday, 26/10/2014, 12:00
ئێمە كۆمەلێك پێشمەرگەى (حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان) لە زستانى ساڵى 1987 بە ئەركى حزب و پێشمەرگایەتى لە خواكورك بوین بۆماوەى مانگێگ لە وێ ماینەوە ، لە وێ چەندین بارەگاى لایەنەكانى ترى لێبوون وەك (پارتى دیموكراتى كوردستان ، حزبى شیوعى ، پارتى گەل ، ئاڵاى شۆڕش ، پارتى كرێكرانى كوردستان پەكەكە) لەو ماوەیەدا جگە لە بارەگاى پەكەكە كە دوور لە بارەگاكانى تر بوون زۆر بە كەمیش دەبیندران و دەردەكەوتن ، لە هەموو بارەگاكانى ئەم لایەنانە بۆ چەند رۆژێك ماینەوە ، ئەو دەمەى كە لە بارەگاى پەیوەندیەكانى هاورێیانى حزبى شیوعى بوین لە ماوەى دوو رۆژدا چەند هێزێكى ترى پێشمەرگەى لایەنەكانى تر بارەگاكانى ئەوێیان كردە وێسگەى پشوودان و شەو مانەوە لە ئێوارەى رۆژى یەكەم هێزێكى هێزى (كێلەشین) ى پێشمەرگەكانى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران لایاندایە نێو بارەگاكانى حزبى شیوعى و شەو لە وێ مانەوە ، پاش نیوەرۆى رۆژى دووەم هێزێكى یەكیتى نیشتمانى كوردستان كە شەهید (ئازاد هەورامى) یان لە گەل دابوو بۆ پشودان و مانەوە چوونە بارەگاى پارتى گەل ئەم هێزە بە ریگاوە بوون بەرەو بادینان ،ئێوارەى هەمان رۆژ لەسەر بانى خانووى بارەگا لە گەل چەند پێشمەرگەیەكى هاورێیانى حزبى شیوعى وەستا بووین بە رێگاى قەد شاخى بەرامبەرمان مەفرەزەیەكى گەریلاكانى (پەكەكە) مان دیت كە بەرەو بارەگاكەیان دەچوونەوە ، وتم خۆزیا لە نزیكەوە دەمدیتن و لە گەلیان دەدوام یەكێك لە هاورێیان وتى چەند رۆژێك لەمەو بەر دوو گەریلا بریندارێكیان پێبوو هاتنە لاى ئێمە بۆ چارەسەركردنى خۆزیا لێرەباى لە نزیكەوە دەدیتن .(پێشوو تر پێشمەرگەكانى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران و كۆمەڵەم لە ساڵى 1982 لە قاسمەرەش بینیبوون) .
لە پێگەیەكى دیاریكراوى خوا كورك لە نێو دوو زنجیرە شاخى بەرامبەر یەك ئەم بارە گایانەى لێبوون ، لە ماوەى دوو رۆژدا پێشمەرگەى حەوت لایەنى سێ پارچەى كوردستانم لە وێ بینین ، ئەو كات من لە هەڕەتى لاوى دابووم هیچ پلەیەكى حزبى و پێشمەرگایەتیم نەبوو لە رووى فكر و ئایدۆلۆژیدا تەنیا سەرەتایێكم لێ دەزانى و شارەزایێكى ئەوەتۆم لێى نەبوو ئەوەى دەمزانى پێشمەرگایەتى وەك ئەركێك بوو لام هەروا پێویستە خەبات بكەین لە پێناوى نیشتمان ،لە سەرەتاى پەیوەندیشم بە پێشمەرگایەتیوە وا بیرم دەكردەوە كە بۆ سەربەخۆیى كوردستان تێدەكۆشین بەڵام ئەوە كادیرەكان بوون ئێمەیان بە ئۆتۆنۆمیى و ئۆتۆنۆمى راستەقینە ئاشنا كرد من وا بیرم دەكردەوە پێشم وایە زۆربەى ئەو كەسانەى كە پەیوەندیان بە پێشمەرگایەتى یەوە دەكرد هەمان بۆچوونى منیان هەبووە .
ئەو كات كە پێشمەرگەى ئەو لایەنانەم لەوێ دیتن بەو سادەییەى خۆم بیرم لەوە دەكردەوە (بۆچ هەموو پێشمەرگەى حزبەكان پێكەوە جەولە لە هەموو بەشەكانى كوردستان نەكەن و پێكەوە چەلاكى دژى دوژمن ئەنجام نەدەن و پێشمەرگە بارەگاى هەموو لایەنەكان بە هى خۆى بزانێت و بۆ هەموو یان وەك یەك بێت و هەموو سەركردەى لایەنەكان پێكەوەنە بن ، بۆچ ئەم جیاوازیە هەبێت ، گەر وابا نەشەڕى یەكترمان دەكرد و هەمووشمان لە هەر ناوچەیەكى كوردستانى ئازاد بمانویستبا چالاكیمان تیا دەكرد و هاوكارى یەكترمان دەكرد) ئەمە بیركردنەوەو خۆزیاو ئاواتى من بوو لەوێ رۆژێ ،ئێستا بیست و حەوت ساڵ بە سەر ئەو رۆژگارە رەت بووە ئەو خۆزیاو ئاواتەى ئەو رۆژگارەم هاتە دى واپێشمەرگەى رۆژهەڵاتى كوردستان و گەریلاكانى باكورى كوردستان و شەرڤانانى رۆژئاواى كوردستان شان بەشانى پێشمەرگەكانى باشورى كوردستان بەرگرى لە دەسكەوتەكانى باشورى كوردستان دەكەن و دژى دوژمنان دەجەنگن و لە پێناوى ئازادى كوردستان خەبات و تێكۆشان دەكەن و قوربانى و شەهید دەدەن ، لە هەمان كاتیشدا وا هێزێكى پێشمەرگەى باشورى كوردستان تەیارو ئامادەیە بەم نزیكانە دەچنە رۆژئاواى كوردستان بۆ هاوكارى و پاڵپشتى شەرڤانانى (كۆبانێ) هیوادارم ئەم هاوكاریەو پاڵپشتى یەكتر كردنە فرەوان بێت و درێژ خایەن بێت و ببێتە بەردى بناغەى یەكیتى نەتەویى كە داواو داخوازى هەموومانە هەر ئەم یەكیتى یە تاكە زامنى سەركەوتنمانە .
ئێستا پێكهێنانى یەكیتى نەتەوەیى بۆتە داواو داخوازى هەموو كوردێك و بۆتە داوایەكى نەتەوە بۆیە پێویستە سەركردایەتى هەموو لایەنى پارچەكانى كوردستان بیر لە داواو داخوازیەكانى گەلى كورد بكەنەوە هەتا زووە هەنگاوى جددى بۆ بهاوێژن و هەموو ناكۆكیەكانیان وەلا بنێن و یەكێتى نەتەوەیى پێكبهێنن لە چوارچێوەى گۆنگرەى نەتەوەیى كۆم ببن و هەموو دەنگەكان بكەن بە یەك دەنگ لە پێناوى ستراتیژى نەتەوەیى ، با ئێمەى كوردیش چیتر پەرش و بڵاو نەبین و نەكەوینە ژێر كاریگەرى ئەم لاو ئەو لا، تەنیا كاریگەرى گەلەكەمان لەسەر بێت و بیر لە بەرژەوەندیە باڵاكانى نەتەوەكەمان بكەینەوە و خۆمان و نەوەى داهاتوومانى پێ گۆش بكەین و لادان و لێدان لە بەرژەوەندیەكانى نەتەوە بكەینە هێلى سور .
بیر كردنەوە لە یەكتر شكاندن و هەولدان بۆى هیچ خزمەتێكمان پێناكات تەنانەت گەر لەم یاریە لایەنێك گەیشتە كەشكەلانى ئاسمان و پێكى سەركەوتنى تەنیا خۆى نۆش كرد ئەوە گومانى تیا نیە هەر زوو خۆشى دەكەوێت و نێو زلكاو جێگاى دەبێت .
ئومێد دەكەم و هیوادارم هیچ لایەنێك بە پێچەوانەى با شەنە نەكات و هەموومان لەسەر ستراتیژى نەتەوەیى یەك دەنگ بین و بیكەین بە بەرژەوەندى باڵا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست