کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا بەختیار گورزێكى گەورە لە سەنگاوى دەوەشێنێت

Friday, 14/12/2012, 12:00


ئاماده‌کردنی: رایه‌ڵ:
مەلا بەختیار گورزێكى گەورە لە سەنگاوى دەوەشێنێت و عەدنانى حەمەى میناش بەئاواتى خۆى نەگەیشت.
مەلا بەختیار لە رێگەى جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەمەڵبەندى گەرمیان كە مەحمود سەنگاوى بەرپرسیەتى، گورزێكى كوشندەى لە سەنگاوى وەشاند و دەسەڵاتەكانى بچووك كردەوە.
شەوى 23/11/2012 مەكتەبى سیاسى یەكێتى كۆبوویەوە و لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بە گۆڕینى ژمارەیەك بەرپرسى مەڵبەند و ئاڵوگۆڕپێكردنیان، یەكێك لەو بڕیارانە جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین بوو لەمەڵبەندى گەرمیان.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین پێشنیارى مەلا بەختیار بووە و ئامانج لێى بچووكردنەوەى دەسەڵاتەكانى مەحمود سەنگاوى بووە، ئەمەش نیگەرانى لاى سەنگاوى دروستكردووە و بڕیاریداوە واز لەگەرمیان بهێنێت.
دواى جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەگەرمیان بڕیاردراوە شێركۆ میروەیس پۆستى بەرپرسیارێتى مەڵبەندى خانەقین وەربگرێت، كەناوبراو پێشتر زەحمەتكێشان بووە و بەم دواییانە رۆیشتۆتە ناو یەكێتی و بەكەسێكى نزیك لەمەلا بەختیار دادەنرێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەگۆڕانكاریەكان كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەمەڵبەندى گەرمیان گورزێكى گەورەبوو كەمەلا بەختیار لەسەنگاوى وەشاند".
بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەكە، لەمەودوا كۆمیتەكانى جەلەولا و سەعدیە و مەندەلى و ناو خانەقین دەخرێتە سەر مەڵبەندى خانەقین و هیچ پەیوەندیەكان بەگەرمیانەوە نامێنێت.
بەو پێیە هەموو ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵى مەڵبەندى گەرمیان نامێنێت و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتى شێركۆ میروەیسەوە كە دەبێتە بەرپرسى مەڵبەندى خانەقین، واتە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتى سەنگاویدا نامێنن.
سەرچاوە ئاگادارەكە ئەوەشى خستەڕوو، مەحمود سەنگاوى زۆر ناڕازییە لەلێكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەگەرمیان، بۆیە ئەگەرى زۆرە دەستبەردارى مەڵبەندى گەرمیان بێت.
لاى خۆشیەوە ئومێد شێخ لەنگەرى بەرپرسى نوسینگەى تایبەتى مەحمود سەنگاوى لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیدا، رەتیكردووەتەوە مەحمود سەنگاوى نیگەران بووبێت لە جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەگەرمیان.
شێخ لەنگەرى وتووشیەتى"رەنگە كاك مەحمود لەگەرمیان نەمێنێت چونكە دەیەوێت پشوو بدات، تائێستاش نازانین دواى ئەو كێ دەبێتە بەرپرسى مەڵبەند".
ئەگەرى دەستبەرداربوونى مەحمود سەنگاوى لەمەڵبەندى گەرمیان، لەكاتێكدایە پێشتر عەدنانى حەمەى مینا بەنیاز بووە پۆستەكەى وەربگرێت، بەڵام مەكتەبى سیاسى بێبەشیان كرد لەو ئاواتەى.
بەپێى زانیاریەكانى گۆڤارى رایەڵ، عەدنانى حەمەى مینا پێیخۆش بووە پۆستى بەرپرسیارێتى مەڵبەندى گەرمیان یان شارەزوورى پێبدرێت، بەڵام مەكتەبى سیاسى گواستوویانەتەوە بۆ مەڵبەندى راپەڕین لەسنورى پشدەر.
سەرچاوە ئاگادارەكە، ئاماژەى بەوەدا عەدنانى حەمەى مینا پێیخۆش بووە رەوانەى گەرمیان یان شارەزوور بكرێت، بەڵام مەكتەبى سیاسى نەیانهێشت ئاواتەكەى بەدى بێت.
سەرچاوەكە وتیشى"بۆیە ئێستا دیار نیە كێ نەقڵى گەرمیان دەكرێت و جێگەى مەحمود سەنگاوى دەگرێتەوە".
هەروەها جەختیشیكردەوە"ئەگەرێكى تر لەبەردەمدایە ئەویش ئەوەیە هەرچەندە سەنگاوى نیگەرانە لەبچووككردنەوەى مەڵبەندەكەى و بڕیاریداوە دەستبەردارى بێت، بەڵام گەر مام جەلال داواى لێبكات لەگەرمیان دەمێنێتەوە".
لێسەندنەوەى مەڵبەندى خانەقین لەمەحمود سەنگاوى لەسەر پێشنیارى مەلا بەختیار، لەكاتێكدایە لەزۆربەى قەیرانەكانى نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەدا سەنگاوى وەكو بەرپرسێكى هێزى پێشمەرگەش دەردەكەوت.
بەتایبەت كە سەنگاوى هەرچەندە پۆستى حكومى نەبوو تەنها پۆستى حیزبى هەبوو، بەڵام رۆڵى هەبوو لەگواستنەوەى پێشمەرگە و لێدوانى تونددا لەدژى سوپاى عێراق و هەڕەشەكردنى پەلاماردانى سوپا.
بەپێى بڕیارەكەى مەكتەبى سیاسى لەمەودوا ناوچە دابڕاوەكانى پارێزگاى دیالە دەكەونە سنورى مەڵبەندەكەى شێركۆ میروەیسەوە و لەسنورى مەڵبەندى مەحمود سەنگاویدا نابن، بۆیە پێناچێت بتوانێت رێبەرایەتى پێشمەرگە بكات بۆناوچە جێناكۆكەكان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە