کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی‌و پارتی له‌به‌رهه‌م ساڵح توڕه‌ن

Saturday, 24/07/2010, 12:00


مه‌سعود بارزانی‌‌و پارتی‌، گومانده‌كه‌ن به‌رهه‌م ساڵح زانیارییه‌كانی‌ له‌باره‌ی‌ قاچاخچێتی‌ نه‌وته‌وه‌ به‌رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز دابێت، له‌وه‌ش توڕه‌ن كه‌ئاماژه‌ی‌ به‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌ڕێگه‌ی‌ قاچاخ له‌سنووره‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ داوه‌. دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز راپۆرتێكی له‌باره‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به‌شێوه‌ی قاچاخ له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران بڵاوكرده‌وه‌، چه‌ندین كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ به‌دوای خۆیدا هێنا، حكومه‌ت‌و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی ناچاركرد چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌ربكه‌ن.
بارزانی‌ له‌به‌رهه‌م ساڵح توڕه‌یه‌
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 14/7/2010 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئاماده‌بو‌و، بارزانی باسی راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمزی كرد‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی راسپارد كه‌رێگری بكه‌ن له‌ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند مه‌سعود بارزانی‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌حكومه‌ت گرتووه‌، چونكه‌ پێشتر داوای‌ داتای‌ له‌باره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وته‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام بۆیان نه‌ناردووه‌.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتی‌ "بارزانی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ به‌خه‌مسارد داناوه‌، له‌به‌رامبه‌ر بازرگانی‌ نایاسایی‌‌و به‌قاچاخبردنی‌ نه‌وت له‌سنووره‌كانه‌وه‌".
رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ كه‌ له‌ژماره‌ 591ی سێشه‌ممه‌ 20/7/2010 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌،
كه‌ كه‌ناڵه‌ ره‌سمییه‌كانی‌ پارتی‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان به‌ناوی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌دژی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ نه‌ له‌سایتی‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و نه‌ له‌سایت‌و رۆژنامه‌‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ به‌رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند، ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نووسراوه‌و د. به‌رهه‌م به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌نووسینی‌ ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ ئاگادار نییه‌‌و پرسیشی‌ پێنه‌كراوه‌.
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ نیویۆرك تایمز له‌باره‌ی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌قاچاخ بۆ ئێران، پارتی‌ نیگه‌رانكردووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌راپۆرته‌كه‌دا له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ پارتی‌ گومانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ دابێت به‌نیویۆرك تایمز، به‌و هۆیه‌وه‌ پارتی‌ له‌به‌رهه‌م ساڵح توڕه‌یه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باوه‌ڕپێكراو، وتی‌ "پارتی‌ گومانی له‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ به‌قازانجی‌ حسێن شه‌هرستانی‌ دابێته‌ نیویۆرك تایمز، چونكه‌ ئه‌ویش له‌باشوورو ناوه‌ڕاست كارئاسانی‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كردووه‌، كه‌ له‌به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ نزیكن".
بازرگانی‌ نایاسایی نه‌وت راناگیرێت
دوابه‌دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ نیویۆرك تایمز، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، بڕیاریدا به‌ڕاگرتنی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ به‌ڕێگه‌ی‌ قاچاخ، هه‌روه‌ها له‌بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌ "خاوه‌ن پاڵاوگه‌ بچوكه‌كان، بۆیان هه‌یه‌ به‌هاوكاریی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌، پاڵاوگه‌كانیان بگۆڕن بۆ به‌كارهێنانی‌ له‌كه‌رتێكی‌ تری‌ پیشه‌سازیدا، یان بیگوازنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم یان به‌ته‌واوی‌ لایبه‌رن".
هه‌ر له‌بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌ "نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌وتی‌ خاو دابینبكرێت بۆ پاڵاوگه‌ بچوكه‌كان له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ خاو بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم". ئه‌وه‌ش واتای‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ لووله‌نه‌وتییه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌كرێت، ئه‌وا نه‌وتی‌ خاو به‌پاڵێوگه‌كان ده‌فرۆشرێت.
هه‌روه‌ها له‌بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌: نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام به‌ئاگاداریی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان.
له‌كاتێكدا به‌رهه‌م ساڵح بڕیار بۆ راگرتن‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت ده‌رده‌كات، پێشتر رایگه‌یاندووه‌ ئاگای‌ له‌پاره‌ی‌ فرۆشتنی‌ ئه‌و نه‌وته‌ نییه‌.
عه‌بدوڵڵای‌ مه‌لا نوری‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌ستوور وتی‌ "بڕیاره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌رفه‌تی‌ هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ ئاودیوكردنی‌ نه‌وت بۆ وڵاتانی‌ دراوسێ‌".
به‌رپرسان خاوه‌نی‌ كۆمپانیاكانن
به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كرێت‌و ئه‌و كۆمپانیایانه‌شی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێن، بۆیه‌ وه‌ستاندنی‌ ره‌وانه‌كردنی‌ نه‌وت بۆ ئێران، به‌زه‌حمه‌ت ده‌زانرێت.
پێشتر رۆژنامه‌ی‌ ده‌ستوور له‌ژماره‌ 10دا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن به‌رپرس‌و كوڕی‌ به‌رپرس‌و خزمی‌ به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ قۆرخكراون، بۆ نمونه‌، (كۆمپانیای‌ شیرین) كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ ره‌شه‌و هی‌ كوڕه‌كانی‌ سالاری‌ حه‌مه‌ ئاغایه‌ كه‌ده‌كاته‌ خاڵی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و له‌كه‌ركوك‌و بێجیه‌وه‌ نه‌وتی‌ ره‌ش هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها كۆمپانیای‌ (ئه‌ربیل ستیل) كه‌قاچاخچێتی‌ به‌نه‌وتی‌ ره‌شه‌وه‌ ده‌كات، هی‌ نیهاد بارزانی‌ برای‌ مه‌سعود بارزانییه‌.
هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ كوڕێكی‌ دانای‌ ئه‌حمه‌د مه‌جید پارێزگاری‌ پێشووی‌ سلێمانی‌، كۆمپانیایه‌كی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ ره‌شی‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌سنوره‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئاودیوی‌ ئێرانی‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها دڵشاد پیرۆت نوێنه‌ری‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌ت له‌شاری‌ كه‌ركوك كه‌سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆژه‌كانی‌ ده‌كرد، به‌شداره‌ له‌پشكی‌ به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌و سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات، هاوكات عه‌ره‌بێكی‌ دانیشتوی‌ موسڵ به‌ناوی‌ غانم عه‌لی‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی‌ حیزبیی‌ هه‌رێمه‌وه‌، پشتگیری‌ لێده‌كرێت‌و كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ ره‌شی‌ هه‌یه‌ بۆ توركیاو نووسراوی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت.
هه‌روه‌ها كۆمپانیای‌ قه‌یوان به‌یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ ره‌ش داده‌نرێت، كه‌ له‌به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌وه‌ نزیكه‌.
سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ وتی‌ "ئه‌م كۆمپانیایانه‌ به‌ناوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ ره‌شه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌زۆری‌ نه‌وتی‌ خاوی‌ كێڵگه‌كانی‌ هه‌رێم به‌قاچاخ ده‌به‌ن بۆ ئێران‌و توركیا".
هه‌ریه‌ك له‌كۆمپانیاكانی‌ (ئاكۆ)و (عه‌لی‌) تائێستا رووننه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چ به‌رپرسێكه‌وه‌ پشتگیریده‌كرێن، كه‌كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ ره‌شن‌و رۆژانه‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ له‌كۆمپانیاكانی‌ (هیجه‌، مون، ئیدڵ ئیرته‌جی‌، قه‌مه‌ر ساتع، جبل اسود) كه‌ هی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ تری‌ حكومی‌‌و حیزبین له‌كۆگای‌ سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ نه‌وتی‌ ره‌ش‌و خاو ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ توركیا.
سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ وتی‌ "له‌نزیك كه‌ركوك‌و له‌سه‌ر رێگه‌ی‌ كه‌وه‌ڵه‌ به‌ده‌ستی‌ راستدا له‌نزیك خانووه‌كه‌ی‌ بایز تاڵه‌بانی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌، پاڵاوگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وت هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 3 پاڵاوگه‌ی‌ تری‌ نه‌وت له‌ناو كه‌ركوكدا هه‌یه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ تابلۆیه‌كیان له‌سه‌ر بێت، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ندان چه‌كدار پاسه‌وانی‌ ئه‌و پاڵاوگانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆو به‌رگری‌ عێراق موچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام د. به‌رهه‌م به‌په‌یوه‌ندی‌ شه‌خسی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ عێراقدا، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ كردووه‌ به‌پاسه‌وانی‌ ئه‌و پاڵاوگانه‌".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ درێژه‌ی‌ پێداو وتی‌ "به‌پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌م پاڵاوگانه‌، هه‌ر 4 پاڵاوگه‌كه‌ هی‌ د. به‌رهه‌م سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌، بۆیه‌ ته‌واوی‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌شه‌قام‌و گڵۆپكاری‌‌و رووناكی‌‌و هێماكانی‌ هاتوچۆی‌ بۆ دابینكراوه‌، له‌كاتێكدا له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی‌ كه‌ركوكیشدا ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌".
هه‌روه‌ها له‌بڕیاره‌كه‌ی د. به‌رهه‌مدا بۆ داخستنی‌ پاڵێوگه‌كانی‌ هه‌رێم، ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ده‌توانن ئه‌و پاڵێوگانه‌ ببنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ هه‌رێم. نه‌وه‌ك خاوه‌ن پاڵێوگه‌كان بڵێن بۆچی‌ پاڵێوگه‌كانی‌ خۆی‌ داناخات، بیانووی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌وانه‌ی‌ خۆی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنووره‌كانی‌ هه‌رێمن.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پاڵاوگه‌یه‌كی‌ نه‌وت له‌به‌رده‌قاره‌مان هه‌یه‌و 2 بیری‌ نه‌وتیش له‌هه‌ریه‌ك له‌گونده‌كانی‌ كوپه‌له‌و ئه‌ڵاقولی‌ نزیك به‌رده‌قاره‌مان لێدراون، به‌پێی‌ زانیارییه‌ به‌رده‌سته‌كان، ئه‌م پاڵاوگه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ی‌ به‌رده‌قاره‌مان‌و ئه‌و دوو گونده‌ هی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامین.
عه‌بدوڵڵای‌ مه‌لا نوری‌ وتی‌ "ئێمه‌ ناتوانین به‌ته‌واوی‌ بڵێین ئه‌و پاڵاوگانه‌ هی‌ كێن، به‌ڵام به‌سروشتی‌ كاركردنیان دیاره‌ هی‌ كه‌سانی‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن یان به‌رپرسانیان له‌پشته‌وه‌یه‌".
عه‌بدوڵڵا وتی‌ "له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین سلێمانی‌ چه‌ند پاڵاوگه‌و كۆمپانیایه‌كی‌ نه‌وتی‌ تێدایه‌و به‌ به‌رچاوی‌ حكومه‌ت‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ نه‌وتی‌ ره‌شیان به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕژێت‌و ده‌یگوازنه‌وه‌، دوكه‌ڵه‌كه‌شی‌ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر هاووڵاتیانی‌ شاره‌كه‌دا، هه‌ر به‌رپرسان خۆیشیان دان به‌ناشه‌رعییه‌تی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا ده‌نێن، كه‌چی‌ داشناخرێن".
كه‌س نازانێت داهاته‌كه‌ی‌ بۆ كوێ ده‌چێت
هه‌رچه‌نده‌ تائێستا داهاتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ گشتی‌‌و پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ئاخۆ پاره‌ی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ فرۆشراوه‌ چی‌ لێهاتووه‌و دراوه‌ به‌كێ‌، به‌رپرسانی‌ هه‌رێمیش لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌و دژ به‌یه‌ك ده‌ده‌ن له‌سه‌ر داهاتی‌ نه‌وتی‌ فرۆشراوی‌ هه‌رێم بۆ وڵاتانی‌ دراوسێ‌.
به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌بڕیاری‌ راگرتنی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت به‌قاچاخ، دان به‌ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتدا ده‌نێت به‌شێوه‌ی‌ قاچاخ.
له‌به‌رامبه‌ردا ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌لێدوانه‌كانیدا بۆ راگه‌یاندنه‌كان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ "بازرگانیكردن به‌نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بووه‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌ئاگاداریی‌ حكومه‌ت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئوسوڵی‌ هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام جاربه‌جار له‌عێراقه‌وه‌ به‌قاچاغ نه‌وتی‌ عێراق ئاودیو ده‌كرێت".
به‌ڵام كه‌مال كه‌ركوكی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا وتی‌ "داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كرێت، ده‌یخه‌ینه‌ بانكێكه‌وه‌و دواتر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتی‌‌و پرۆژه‌ی‌ تایبه‌تدا به‌كاریده‌هێنینه‌وه‌".
هاوكات بایز تاڵه‌بانی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ هه‌رێم له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا وتی‌ "یه‌ك دیناری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر حساباتی‌ بودجه‌".
شۆفێرێك له‌و شۆفێرانه‌ی‌ كه‌رۆژانه‌ نه‌وتی‌ خاو له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ بازیان‌و فه‌ره‌ج ئاوای‌ سلێمانییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كات، وتی‌ "ئێمه‌ رۆژانه‌ له‌فه‌ره‌ج ئاوای‌ سلێمانیه‌وه‌ 800 ته‌نكه‌ری‌ سی‌ هه‌زار لیتری‌ نه‌وتی‌ خاوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ر عه‌باس‌و به‌نده‌ر ئیمامی‌ ئێران‌و له‌وێشه‌وه‌ ده‌نێرێت بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو چین، واتا ده‌كاته‌ 24 ملیۆن لیتر نه‌وتی‌ خاو له‌شه‌و و رۆژێكدا، به‌ڵام نازانم له‌بازیان‌و هه‌ولێره‌وه‌ رۆژانه‌ چه‌ند تانكه‌ر نه‌وت ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئێران".
ئه‌و شۆفێره‌ كه‌خه‌ڵكی‌ كرماشانی‌ ئێرانه‌، خۆی‌ به‌خه‌سرا ناساند، وتی‌ "ده‌بێت ساڵانه‌ 5 ملیار نه‌وتی‌ خاو ببه‌ینه‌ ئێران به‌بێ‌ گومرگ، ئێمه‌ش بۆیان ده‌گوازینه‌وه‌".
عه‌بدوڵڵای‌ مه‌لا نوری‌ ده‌ڵێت یاسای‌ ژماره‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2007 به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر رێكوپێك كاروباری‌ پرۆسه‌ی‌ نه‌وتی‌ رێكخستووه‌، كه‌ تائێستا ئه‌و یاسایه‌ نه‌چووه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
عه‌بدوڵڵا وتی‌ "كارپێنه‌كردنی‌ ئه‌م یاسایه‌ گومانی‌ لای‌ ئێمه‌ دروستكردووه‌، به‌و مانایه‌ی‌ كه‌مادام حكومه‌ت نایه‌وێت یاسایه‌كی‌ رێكوپێك به‌كاربخات، كه‌واته‌ ده‌یه‌وێت هه‌ندێ‌ كاری‌ نایاسایی‌ گوماناوی‌ له‌پشتی‌ یاساوه‌ ئه‌نجامبدات".
عه‌بدوڵڵا ئاشكرایكرد "به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ به‌هه‌وڵی‌ شه‌خسی‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، رۆژانه‌ ته‌نیا له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ شیواشۆك‌و له‌سێ‌ ده‌روازه‌ی‌ نێوان هه‌رێم‌و ئێرانه‌وه‌ زیاد له‌1000 تانكه‌ر نه‌وت ده‌ركراوه‌و گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پاڵاوگه‌ ناشه‌رعییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و بڕێكیشی‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران كراوه‌".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت بۆ نمونه‌، ته‌نیا یه‌ك رۆژ له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ته‌قته‌قه‌وه‌ 384 ته‌نكه‌ر نه‌وت ره‌وانه‌ی ئێران كراوه‌، كه‌هه‌ر ته‌نكه‌ره‌ی‌ 28 ته‌ن نه‌وتی‌ باركردبوو، بۆ هه‌ر ته‌نێكیش 385 دۆلار وه‌رگیراوه‌، به‌م پێیه‌ش مانگانه‌ داهاتی‌ ته‌نیا ئه‌م ته‌نكه‌ره‌ نه‌وتانه‌ی‌ ته‌قته‌ق ده‌كاته‌ زیاتر له‌260 ملیۆن دۆلار كه‌ده‌چێته‌ گیرفانی‌ به‌رپرسان‌و یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە