ئەرێ پێویستە كێ داواى لێبوردن لە كێ بكات ؟
Wednesday, 16/02/2011, 12:00
لەدواى بڵاوكردنەوەى بەیاننامە 7 خاڵیەكەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ چاكسازى و گۆڕانكارى لە شەوى 29/1/2011دا. كە تەنها لە 576 وشە پێك هاتبوو, تیایدا گۆڕان داواكارى ئەوەى كردبوو كە گۆڕانكارى لە سیستەمى سیاسى كوردستاندا بكرێت لە ڕێگەى هەڵوەشاندنەوەى پەڕلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستاندا و ئەنجامدانى پڕۆسەیەكى هەڵبژاردنى خاوێن و شەفافى نوێ لەماوەى 3 مانگدا و دەستكێشانەوەى حیزب لەكاروبارى حكومەت و دەرهێنانى هێزى پێشمەرگە ودەزگاكانى ئاسایش و زانیارى و پاراستن لە ژێر سایەى حیزبدا و كردنیان بە موڵكى میلەت وگەڕاندنەوەى موڵك و ماڵى حكومەت بۆ حكومەت و وەرگرتنەوەى لە حیزبەكان و...هتد.
ئیدى ئەم چەند ڕستەو وشانە كە تەنها لەشێوەى بەیاننامەیەكدا بڵاوكرانەوە و ئاڕاستەى دەسەڵات و هاوڵاتیانى كوردستان كرابوو بوە زەمین لەرزەیەكى 9 پلەیى ڕێختەر كە ژێر پێ و كورسى دەسەڵاتدارانى هێنایە لەرزە و هەژان و ترس ودڵەڕاوكێیەكى وەهاى لادروست كردن كە تەنها لەدواى چەند كاتژمێرێكى كەم هەردوو مەكتەب سیاسیەكەیان بە ڕەنگپەڕیوى و تەنگەنەفەسیەوە وەڵامێكى هێستریا ئاسا و دوور لە ئەتەكێتى سیاسى و ئیداریەوە كە پڕ بوو لە هەڕەشە و تۆمەت و ناوزڕاندن لەبزوتنەوەى گۆڕان و سەرانى بزوتنەوەكەى دایەوە. و هەر لەو شەوەدا و تاماوەى چەند ڕۆژێكیش ترسیان نەڕەویبۆوە و هەموو هێزى پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و زانیارى و تەنانەت ڕێكخستنەكانیشیان خستبوە حاڵەتى توندى ئامادەباشیەوە و خۆیان ئامادەكردبوو بۆ هەموو ئەگەرێك كە لەلایەن جەماوەرەوە بەرەو ڕوویان بێتەوە.كار گەیشتە ئەوەى تانك و زریپۆش و هێزى زێڕەڤانى لەهەولێرەوە و لەدەرەوەى سلێمانیەوە بهێنن و بەرامبەر گردى زەرگەتەى گۆڕان دایان مەزرێنن وەك ئەوەى لە شەڕى بەرەییدا بن . سەیرە ئەو تانكانە لەساڵى 1991وە بەكارنەهێنراوە بۆ شەڕى ناوخۆى خۆیان و شەڕى دژى ڕژێمى بەعس و ئێران و توركیا كەچى بەرامبەر جەماوەرى گەلەكەى خۆیان خستیانە ئامادەباشیەوە .
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئەرێ بزوتنەوەى گۆڕان بەیاننامەى بڵاوكردەوە یان هێزى چەكدارى كۆكردەوە؟ یان بزوتنەوەى گۆڕان بەنیازى كودەتاى سەربازى و خوێناوى بوو یان داواى دانیشتن و چاكسازى و گفتوگۆى سیاسى دەكرد؟ ئەرێ گۆڕان دڵسۆز و خەمخۆرتر بوو یان دەسەڵات و هەردوو حیزبەكە بۆ ئێستا و ئایندەى بەرژەوەندى سیاسى كوردستان؟ كام لا بونە هۆى نانەوەى نائارامى و پشێوى لەهەرێمدا ؟ و چەندین پرسیارى تر...
ئاشكرایە بزوتنەوەى گۆڕان هەر لەسەرەتاى خۆ ئیعلانكردنیەوە وەك بزوتنەوەیەكى سیاسى و جەماوەرى بێ چەك و ڕوو لە ئاشتى خۆى ئاشكراكرد.بە ئێستاشەوە خاوەنى هیچ هێزێكى چەكدارى ڕێكخراو و خاوەن چەك وتەقەمەنى و مەشق و ڕاهێنان و سەربازگەى ئاشكراو نهێنى نیە و بارەگاكانیشى لەلایەن چەند گەنجێكى تازەپێگەیشتوەوە دەپارێزرێن كە بڕواناكەم زۆربەیان ئاشنایەتى تەواویان لەگەڵ چەك و بەكارهێنانیدا هەبێت. دەتوانرێت لە ڕووى سەربازیەوە بەچەند دەیە كەسێك دەستیان بەسەردا بگیرێت چونكە لەبەرامبەر ئەو هەموو هێزە سەربازیانە و تانكانەى دەسەڵاتدا هیچ ڕوویەكى بەراوردیان تیادا نیە. بەڵام ئەوەى ئەو بارەگایانە دەپارێزن تەنها جەماوەرە دڵسرۆزەكەى گۆڕانە كە ئەوانیش چەكدار نین.هەربۆیە لەدونیادا ڕووینەداوە بزوتنەوەیەكى سیاسى بە بڵاوكردنەوەى بەیاننامەیەك دەسەڵاتێكى 20 ساڵە بڕوخێنێت لە شەو ڕۆژێكدا تا بزوتنەوەى گۆڕان لە كوردستاندا ئەو كارەى پێبكرێت. ئیدى ئەم هەموو ترسە لە چى؟؟
بزوتنەوەى گۆڕان لە خەمخۆرى و دڵسۆزیەوە بۆ هەرێمى كوردستان و ئایندەى گەلەكەمان ویستى دەسەڵات بە ئاگابێنێتەوە لەو باهۆزى گۆڕانكاریانەى كە لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە و باپێش گەیشتنى گەردەلولە وێرانكەرەكە فریاى خۆمان بكەوین. هەربۆیە ئەركى دەسەڵات بوو كە بەو پەڕى سنگ فراوانیەوە و دوور لە هەڵچوون و توڕەبوون وەڵامى ئیجابیان بدایەتەوە و ئەوان دەستپێشخەر بونایە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ و ڕێكەوتن.بەڵام هەڵوێستى دەسەڵات بەپێچەوانەوە بوو وەك ئەوەى ئەوان ئۆپۆزسیۆن بن و گۆڕانیش دەسەڵات و لەوپەڕى لێپرسراوێتی و خەمخۆریەوە نزیك بوو.
ئاشكرایە لاى جەماوەر كە بەیاننامەكەى گۆڕان نەبوە هۆى نائارامى و پشێوى بەڵكو ئەوە وەڵامە توندو ڕەق و نەفەس كورتیەكەى دەسەڵات بوو ترسى خستە ناو شەقامى كوردیەوە و بازاڕ و بازرگانى شێواند و زیانى گەیاندە هاوڵاتیانیش.
لە ئێستاشدا پارتى و یەكێتى بەجیا و پێكەوە و لەدەزگاكانى ڕاگەیاندندا داوادەكەن كە بزوتنەوەى گۆڕان داواى لێبووردن لە جەماوەر بكات چونكە هەڵەیەكى سیاسى و كوفرى سیاسى كردوە بەرامبەر دەسەڵات و جەماوەریشى بێزار و توڕەكردوە.
هەربۆیە دەڵێن ئەرێ بەڕاست پێویستە كێ و كام لا , دەسەڵات یا گۆڕان داواى لێبووردن لە جەماوەر بكات؟؟
بەڕاى من هەر سەركردە و هێز و لایەنێكى سیاسى چەندە گەورە و بەدەسەڵات بێت یان بچوك و بێ دەسەڵات بێت گەر هەڵەیەكى بچوك یان گەورە بكات كە دژى بەرژەوەندییە باڵاكانى گەل و نیشتیمان بێت, پێویستە لەسەرى كە نەك جارێك دەیان جار داواى لێبوردن بكات لە جەماوەر و سەرى نەوازش و تەقدیر دابنەوێنێت.و بەمەش نەك هەر هەڵەكەى ڕاست دەكاتەوە بەڵكو گەورەتریش دەبێت لاى جەماوەر و خۆشەویست و بەڕێزیش دەبێت.چونكە هیچ هێز و لایەن و سەركردەیەك چەندە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و گیانفیداییشى كردبێت بۆ گەل و نیشتیمان هەرگیز گەورەتر نابێت لە جەماوەر چونكە تەنها جەماوەرە سەرچاوەى شەرعیەتى هەموو دەسەڵات و دەسەڵاتدارێك.
بزوتنەوەى گۆڕان بەدەركردنى ئەم بەیاننامەیە. نەخیانەتى گەورەى نیشتیمانى و نەتەوایەتى كردوە و نەهێزى دوژمنانى هێناوەتە سەر بیناى پەڕلەمان و حكومەتى هەرێم و نەبۆتە پێشقەوڵى هێزى داگیركارى ئێرانى و توركى و ێدامى و نەسنورەكانیشى واڵاكردوە لەبەردەم هێرش و پەلامارى دوژمنان و نەپاڵەوانى شەڕەكانى ناوخۆش بوە و نە دزى و گەندەڵى و ناعەدالەتى و بێكارى و هەژاریشى بڵاوكردۆتەوە و نەسەروەت و سامانى سروشى وڵاتیشى هەرزان فرۆشكردودە و نەمافى مرۆڤی كوردیشى پێشێلكردوە و نەدەزگاى سیخوڕى دامەزراندوە بەسەر هاوڵاتیاندا , ئیدى لەپاى چى داواى لێبوردن بكات.
بەڵام ئاشكرایە لەبەرامبەردا ئەوە دەسەڵاتە كە دەبێت نەك جارێك بەڵكو دەیان جار داواى لێبوردن بكات لەجەماوەر و هێزى پێشمەرگە و بزوتنەوەى گۆڕانیش. لە پاى ئەو وەڵامە شەڕانگێزیە و كۆكردنەوەى هێز و تانكانە و تۆقاندن و ترس دروستكردن لەلاى جەماوەر و هەموو كارە خیانتەكارانەكانى ڕابووردوویان بەگەل و نیشتیمان.
بزوتنەوەى گۆڕان وەك هێزێكى پێشەنگى ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا بەم بەیاننامەیەى ئەركێكى مێژووى و نیشتیمانى و نەتەوایەتى خۆى جێبەجێكردوە و ئۆباڵى هەر ڕووداو و گۆڕانكاریەكیشى ئایندەى لە كوردستاندا كە لەلایەن جەماوەرەوە ڕووبدات لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى دژى دەسەڵات خۆى لێبێبەرى كردوە و دەسەڵاتیش كەمتەرخەم. چونكە ئەوە دەسەڵاتە لە غرور و ملهوڕى خۆى دانابەزێت و نەرمى و ئامادەگى دانیشتن و حیوار و چارەسەركردنى كێشە و داواكاریە ڕەواكانى جەماوەر نانوێنێت. بەمەش گۆڕان ئەو گوتەیەى پەیڕەوكردوە كە دەڵێت ((اللهم ابلغت اللهم فاشهد)).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست