کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنەوەیەك بۆ دیوەكەی تری وتارەكەی مەسعود بارزانی لەپەرلەمانی هەرێم

Tuesday, 15/06/2010, 12:00


خویندنەوەی وتارێكی هەرەشەئامێز
1) خوێندنەوەی وتاریكی هەرەشەئامیز دوور لەچاوی میدیا كەواتای هۆلیكی داخراوی پەرلەمان دەگریتەوەو بی دانوستان لەسەر وتارەكە وەك ئەو وینەیە وایە كەخۆی بۆ خۆی ئەدوی و پێویست بەشیكردنەوە ناكات.سایكۆلۆجیەتی وتارەكە نزیكە لەهەدەفی "هێرشكردن باشترین دیفاعە".بەو پێیەی كەپەرلەمانێكی هەلبژێردراومان هەیەو بەرێزت نوێنەری وەك خۆت فەرمووت 70%ی خەلكی ئەم هەریمەیت دەبوایە دەرگای پەرلەمانت دانەخستایە بەلكو وتارەكەت وكردنەوەی ریگای دانوستانت راستەوخۆ لەكەنالەكانی راگەیاندنەوە بگواستایەتەوە.بەم میتۆدو مامەلەكردنە سەرۆك وسەرجەم سیستەمە سیاسیەكەش دەكەونە بەر پرسیار.دەبوایە ئەندامانی پەرلەمانیش بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆن ئەم شێوە مامەلە ناتەندروستەیان قبول نەكردایە.ئەو پەرلەمانەی كە بەمووچەی زۆرو پارەی سەیارەو زەوی و ئیمتیازات هەولی بیدەنگكردن وسەقەت كردنیان ئەدرێت، پیادەكردنی هەمان كەلتورەكەی بەعس. خوێندنەوەو لێكۆلینەوە بۆ وتارەكەی سەرۆكی هەرێم كاك مەسعود بارزانی بەتەنیا كاری سیاسەتمەدار نیە بەلكو كاری پسپۆرەكانی كەشە بەتایبەت زانستی سیاسی ویاساناسەكان. ئەوەی كە من لێرەدا رووی تێدەكەم بەپلەی سەرەكی بریتیە لەو بەشەی كە باسی ئاسایشی تیدا كراوە.بەلام پیشتر بەچەند سەرنجیك دەستپیدەكەم. وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەلەگەل مەسعود بارزانی لە ئەنقەرە سازی كرد رایگەیاند كە وەكو یەكیك لەخیزانە عیراقیە ناودارەكان پیشوازیان لەبارزانی كردوەن بارزانیش كاردانەوەی نەبووە.یەكیك لە رۆژنامەنوسەكان بارزانی ئیحراج كردو پێی ووت بۆچی بەتەنها ئالای توركیا لەپشتیەوە دانراوە،نەئالای عیراق ونەئالای كوردستان لەو هۆلەدا نەبینران.كاك مەسعود لەوتارەكەی پەرلەمانی هەریمدا كە لەریگای نوینەرانیەوە دەیویست بگات بە گەلی كورد باسی سروشتی ئەم گەشتەی نەكرد كە وەك كێ بانگهیشت كراوە.لیرەدا بەروونی دەردەكەویت كە سروشتی سیستەمە سیاسیەكەی هەرێم لەچ بارودۆخیكدا گوزەر دەكات.هەربۆیە لەگەرانەوەیدا پیوستە روبەرووی پرسیارو وەلام بكرێتەوە.بەم پییە بارزانی لەگەل كوردو پەرلەمانتارانیش راستگۆ نەبوە. بۆ ئەم گەشتەی توركیاش وەزیری پارتی و ئەندامانی بنەمالە هاوەلی بووە، وەك هەمان ئەو گەشتەی بۆ لای باراك ئۆباما ئەنجامدرا. كەچی سەرۆكی حكومەت نقی لەخۆی بریوە.هەر لەم توركیایەی كە سەرەك كۆماری عیراق لەسەر گۆری كەمال ئەتاتورك بلیت دەولەتی كوردی خەونی شاعیرانە.ئایا نەدەكرا بۆ مەبەستەكە وشەی تری دبلۆماسی هەلبژیردرایە بۆ ئەوەی كەسایەتی كوردی پێ نەشكیندرایە.دەپرسم ئایا كامیان هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایش؟ كامیان تیكشكاندنی كەسایەتی كوردیە، ئەمە یان نارەزایی دەبرینی خەلكی ئەم ولاتە بۆ داوایەكی شەرعی.

بارزانی راست دەكات پەیوەندیە ئابوریەكان لەگەل توركیا گرنگە
2) لەباسی پەیوەندیەكان لەگەل ولاتانی دراوسی و گرنگی ئابوری بۆ هەریم پیویستە ئەو راستیە بخەینە روو كە سەرۆكی هەریم راست دەكات ئەم پەیوەندیانە گرنگن بەلام ئەوەی دەبیت بوترێ ئەوەیە كە ئەو پەیوەندیە ئابوریانە بەشیوەیەكی سەرەكی بەسوودی كۆمەلە كەسانێكی كەم گەراوەتەوە ومۆنۆپۆل كراوون كەپێی بوون بەملیۆنەرو بگرە ملیاردەری دۆلار.ئەم بازرگانی كردنانە لەگەل توركیاو ئاودیوكردنی رۆژانە دەیان تەنكەر نەوت كەمولكی نەتەوەیە بێ ئەوەی سودەكەی بۆ گەشەپیدانی ژیرخانی ئابوری ولات بگەریتەوە بەلكو چینیكی بۆرجوازی ناتەندروستی دۆلاری دروست كردوە بەلام بی ئەوەی دەخلی تاك بەرزبوبیتەوە. ئایا ئەمە هەرەشە نیە بۆ سەر ئاسایشی هەریم ودژی ئینسانیەت نیە؟ نەك ئەو سێ بەشەی تری وتارەكەی بۆ تەرخانكرابوو.ئیمەش وەك هاولاتیانی ئەم هەریمە ئەمە قبول ناكەین.ئایا ئەم بیدەنگیە بەرامبەر بەبۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر هەریم زیانبەخش نیە بۆ ئاسایشی هەریم؟

نەبوونی پرۆژەی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان
3) هەتا ئیستە لەم هەرێمە دەسەلات نەیتوانیوە پرۆژەیەكی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجام بدات وئەنجومەنیكی ئاسایشی نەتەوەیی هەبیت. ئەمە لەكاتیكدا كە لەسەرجەم ئاستەكانی سیاسی و ئابوری وكۆمەلایەتی و ژینگەو بواری سایكۆلۆجی هەرەشەیەكی جدی هەیە لەسەر ئاسایشی هەریم لەسەر ئاستی نیوخۆو دەرەوەش.بەندە یەكیكە لەوانەی كە پرۆژەیەكی جدی ئەم بوارەی پێشكەشكردوە بەدەسەلات بەلام كار بەهیچ پرۆژەیەكی ئاسایش ناكەن.
4) كەرتی پیشەسازی محەلی و كەرتی كشتوكالی پشتگوی خراوە.لەولاتیكی كشتوكالیدا گوندەكان ئاوەدان نەكراونەتەوەو ئەوەشی كراوە بەشیكی زۆری لەسالانی نەوەدەكانەوە ریكخراوە نیودەولەتیەكان پێی هەستاوون.ئەوەی دەسەلات پێی هەستاوە دلۆپێك بوە لەدەریایەك.هەتا ئیستەش دۆشاوی تەماتە لەئیرانەوە دەهینرین و ئەندام پەرلەمانەكان ئاوی حەیاتی توركی دەخۆنەوە. بەهۆی هاوردەكردنی ریژەیەكی زۆری كەرەسەی خراپ بۆ نمونە لە چین وتوركیاو... بۆتەهۆی ئەوەی كارگە محەلیەكانی خۆمان لەئیفلاس بووندابن وكارگەی نوێ دروست نەبن و گەشە ناكەن و وەبەرهینان زەحمەت بووە.كارەبا وەك سەرچاوەیەكی گرنگی وزە نەتوانراوە لە20 سالدا لەلایەن دەسەلاتەوە چارەسەر بكریت بەم هۆیەوە بەملیۆنان كاتژمێر لە بەرهەمهێنان لەنێوچووە. ئەمە جگە لەوەی رای گشتی نازانیت داهاتی كارەبا بۆ كێ دەروات. بازارەكانی هەرێم بوونەتە ساغكردنەوەی كەل وپەلی بیانی بۆ نمونە توركیا، بۆ ساغكردنەوەی خراپترین كەلوپەل.
مامەلەكردنی هەوەس بەبودجەی هەرێم و سامانی خەلكیەوە
5) چەندین سالە بەشێكی بەرچاوی بودجەی ئەم ولاتە بەبریاری هەوەس مامەلەی پێوەكراوە.شەفافیەتی تێدانەبوەو مانگانە بەدەیان ملیۆن دۆلار بەناوی حیزبیشەوە براوە.
6) سێ دەسەلاتە سەرەكیەكەی هەریم لەیەكتر جودا نەكراونەتەوە كە یەكیكە لەبنەما گرنگەكانی دیموكراسیەت. هیشتا ولاتیكی حیزبیەو حیزبیش حیزبی قائیدەو پۆستە سیادیەكانیش بەدەست دوو بنەمالەوەن. لەبری ئاسایشی هەریم ئاسایشی حیزب و بنەمالە ئەولەویەتی هەبووە. ئایا كامیان هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایش؟ ئەمانە یان نارەزایی خەلك بۆ داوا شەرعیەكانی.
7) كۆمەلێك بەربەست لەلایەن دەسەلاتەوە خولقینراوون بۆ ئاسایشی هەریم و دانیشتوانەكەی كەبریتین لەبوونی دوو دەزگای ئاسایش كە هەردوكیان دەزگای حیزبین ولەژیر كۆنترۆلی حیزبدان. هەربەم شیوەیە بوونی دوو دەزگای هەوالگری سەر بە دوو حیزبی جیاواز كە بریتین لە دەزگای پاراستن سەر بە پارتی، دەزگای زانیاری سەر بە یەكێتی،هەروەها بوونی دەزگایەكی تری سەر بە یەكیتی كە بریتیە لەدەزگای دژە تیرۆر كەئەندامیكی بنەمالە سەرپەرشتی دەكات. ئەمانە جگە لە لەشكری بارزان و هێزی زێرەڤانی، هەر بەم شیوەیە هەبوونی لە باكگراوندا دوو وەزارەتی ناوخۆ كە ئاسایش سەر بەمە، دوو وەزارەتی پیشمەرگەی حیزبی و دوو وەزارەتی دارایی.ئەمانە هەمووی لەژیر كۆنترۆلی دوو حیزبدا و دوو سەرۆكی حیزبەكەدا كە هەردوكیان بەناوی یەك پەرلەمان و یەك حكومەتەوە دەدوێن. بەروكەش كار بۆ یەكگرتنەوەی هەندیك لەم دەزگایانە دەكرێ بەلام بەكردار ئەنجامی نادیارە.پرۆژەیەكی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ هەرێمی كوردستان لەژیر ئەم شیوازی سیستەمی كاركردنەدا تیكدانی ئاسایشەو دژ بە مرۆڤایەتیە. ئەم دیاردەیە بۆشایی دروست دەكات لەنیوان كۆمەل وئاسایشە نەتەوەییەكەیدا، لەوەی كەدەزگایەكی ئاسایش متمانەی خەلكی بباتەوە. ئایا هاولاتی زانیاری بە كام دەزگا بدات سەبارەت بە ئاسایشی كۆمەل،كێ هاولاتیەك دەپارێزێت ئەگەرلەپێناوی ئاسایشی نەتەوەكەیدا هاوكاری دەزگای ئاسایشە نەتەوەییەكە بكات بۆ نمونە بەرامبەر بەهەرەشەی تیرۆر. ئەگەر هەتا ئیستە ئاسایشی نەتەوەیی بریتی بوبیت لەئاسایشی حیزب ئەوا دەبیت ئیستە ئاسایشی حیزب و ئاسایشی نەتەوە بەشیوەیەكی موئەسەساتی لەیەكتر جودا بكرینەوەو بكرینە دەزگای نیشتمانی حكومی موئەسەساتی.ئەنجامەكانی زیانبەخش دەبیت ئەگەر ئاسایشی نەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی حیزب و بنەمالە بەكار بهینریت.ئاسایشی نەتەوەیی بەگشتی ئاسایشی حیزبیش لەخۆ دەگریت.خەلكی ئەم ولاتە دەنگی داوە بەدەسەلات بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەم بپاریزیت نەك ئەم ئاسایشی دەسەلات بپاریزیت و وەك ئامراز لەخزمەتی دەسەلاتی تاكدا بەكاربهینرین.

دیاردەی ملیۆنەرو ملیاردەرەكانی هەرێم بەپارەو سامانی كێ؟
8) دیاردەیەكی ناتەندروستی دەركەوتنی هەزاران ملیۆنەرو بگرە چەندین ملیاردەری دۆلار دروست بووە لەهەرێمدا. چۆن و بەكام میتۆد ئەم سەروەت وسامانە لای كەسانێكی كەم كۆبۆتەوە.نیۆرك تایمز بەر لەماوەیەك ئاماژە بەوە ئەدات كەسەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەسەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ ئەمریكا بەتەنیا لەگەل كوڕەكەی جۆرج بووش بۆ مەبەستی پرۆژەیەكی ئابوری، بەلام هی خۆی نەك حكومەت 500 ملیۆن دۆلاری خستۆتە بانكێكی سویسراوە. كەواتە دەبێت چەند 500 ملیۆن دۆلاریكی كەش هەبن لەقاسەی مالەوەدا. گۆڤاری لڤینیش تەواوی باسەكەی گواستەوە، بەروارەكەیم لەبەردەستدا نیە. ئایا كێ ئەم مافەی داوە بەكەسێكی، بەگروپێكی بچووكی كۆمەلی ئەم ولاتە وەك مامەلەی بنەمالەی سۆمۆزای نیكاراگوا بەسەروەت و سامانی خەلكەوە بكات و دەسەلات خراپ بەكار بهێنێت هەروەك ئەم ولاتە هەمیشە هی بنەمالەیەك یان دووان بوبێت؟ ئەمە لەكاتیكدا كە بەپێی ئامارەكان 40%ی خەلكی ئەم هەرێمە كرێچین وهەژاری و بێهیوایی بەشێكی بەرچاوی دانیشتوانی ئەم هەرێمەی بەرەو لەناوبردن بردوە. من بروا ناكەم خەلكی كوردستان بۆ ئەم رۆژە شۆرشیان كردبیت.ئایا دەكرێ لەبەر رۆشنایی ئەم راستیانە بەرێزی وەك سەرۆكی هەرێم قەناعەتی هەبێت بەوەی لەوتارەكەیدا دەلێت:"من هەمو خەلكی كوردستان بەخوشك وبرای خۆم دەزانم وخۆم بەبەرپرسیار دەزانم بەرامبەر پاراستنی مافەكانیان... رێگا نادەم كەس یاری بەئاسایشی هەرێم بكات".هەرچەندە دریغیان نەكراوە بەلام نازانم میتۆدەكانی ریگانەدان كامانە دەبن كە سەرۆك دەیانگریتەبەر، بەلام بەرێز سەرۆكی هەریم ئاسایش دەبێت فاكتەری نەهیشتنی ترس بێت، ترس بەواتا گشتیەكەی لەبوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و سایكۆلۆجی...تاد.سەرسورهێنەرە كە سەرۆكی ئەم هەرێمە بەو جورئەتەوە لەبەردەم پەرلەمان باز بەسەر ئەم هەموو تراژیدیایانە بدات بەلام هەرەشە لەوانە بكات كە باس لەنارەزایی دەكەن.ئەوانەی كەمەدەنیانە و ئاشتیانە گوزارشت لەموعانات ونارەزاییەكانی خۆیان دەكەن، ئەوانەی كە لەشكرو چەكداریان لەپشت نیەو بریتیین لەروشنبیران و خویندكاران وقوتابیان و ژنان و كریكاران و چین و تویژە جیاجیاكانی كۆمەل.
9) باری زانستی وپرۆژە زانستیەكان و دەزگای لیكۆلینەوەكان لەم هەرێمە وێرانن.سێ سال هەولماندا بۆ كردنەوەی سەنتەریكی زانستی و ئەكادیمی بۆ لیكۆلینەوە لەسەر بەعسیزم و فاشیزم بەلام دەسەلات رەدی كردەوە بێ ئەوەی خۆشی بەم پویستیە سیاسیە هەستابێت.داخۆ هۆكارەكەی بۆچی بگەریتەوە؟ بۆ یەكەم جارە هیوایەكم بەبەریز وەزیری خوێندنی بالا هەیە هەنگاوی پێویست بۆ ئەم مەبەستە بنێت. ئەمەش دەگەرێتەو بۆ ئازایەتی و لیهاتویی خودی خۆی. هەرلیرەدا دەنووسم زیاتر لە دوو سالە ئەنجامی لیكۆلینەوەی خاوەن فایلەكان دراوە بەسەرۆكی هەریم.داخۆ هۆی كارپینەكردنی لەچیدابیت؟

جینۆساید وەك چەكێكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی
10) ئەنفال دۆسیەیەكی سیاسی ویاسایی گەورەو گرنگە بەدەست كوردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.هەروەها پێویستە بچێتە ناو كتێب وبەرنامەی خوێندنی قوتابخانەو زانكۆكانەوە،بەلام نەكراوە.تەنیا دلۆپێك لەو سەدان ملیۆن دۆلارانەی كە مولكی نەتەوەیەو لای چەند كەسانێكی كەمی دەسەلات كۆبونەتەوە خەرج بكرێ بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامیكی باشی دەبوو.دەبوایە چەندین سەنتەری چارەسەری دەرونی ورۆحی لەناوچەكانی ئەنفالدا دروستبكرانایە بۆ ئەوانەی كەهەموو رۆژیكیان ئەنفال كردنێكە.دەسەلاتی سیاسی هەرێم نەیتوانی كار بۆ بەدامودەزگاكردنی تراژیدیای ئەنفال وكیمیاباران،بەواتا جینۆساید بكات. لەدەستوری عیراقدا لەبری وشەی جینۆساید وشەی شەهیدی تیدایە؟ پیناسەیەك كە ناكرێ لەسەر ئاستی نیودەولەتی لەرووی یاساییەوە كاری پیبكریت. دەپرسم لیتان كەواتە لەبەغدا سەرقالی چیبوون؟ ئایا كامیان خەتەرن بۆ سەر ئاسایشی هەریم؟ كامیان فەوزایە كە رەوشی كوردایەتی و مرۆڤایەتی تێكئەدات وەك سەرۆك لەوتارەكەیدا دەلێت.

(پێش ئەوەی مرۆڤ باس لەگۆرینی كۆمەل بكات دەبیت پێشتر لەخودی خۆیەوە دەستپێبكات)
11) بەریزت فەرمووت 70%ی خەلكی كوردستان دەنگی بەمن داوەو من بەناوی ئەوانەوە قسەدەكەم و ئاسایشی ئەوانە لەئەستۆی مندایە. ئایا ئەمانەبوون پاراستنی ئاسایشی ئەم گەلە بەدبەختە؟ ئایا دەسەلات لەخۆی پرسیوە هۆكارەكانی كۆچی گەنجان چی بووە؟ كاك مەسعوود لەوتارەكەیدا دەلیت: "چ سودیكی هەیە كەبەدەستی خۆمان ئەزمونەكەمان ناشیرین بكەین و چسودیكی هەیە تەسەوریكی نادروست لەهەریم وكەسایەتی مرۆڤی كورد پیشانی خەلكی دونیا بدەین".من وەك پرەنسیپ لەگەل وتەكەیم بەلام ناشیرینكردنی ئەزمونەكەمان بەو خالانە روو ئەدەن كە پیشتر ئاماژەم پیدان.ئەزمونی كورد لەهەریم بە شەرەكانی نیوخۆو 31ی ئاب و گەندەلیە بێوێنەكانی ناشیرینكرا نەك بەو نارەزایی نیشاندانانەی كە خەلكی ولاتەكە بەرامبەر دیوە چەوتەكەی دەسەلات ئەنجامیاندا.خەلكیی خاوەن موعاناتیكی زۆرن و روداوەكەی سەردەشت عوسمان بووە یەكیك لە سومبلی كویرەوەریەكانی خەلك، چیتر خەلكی بۆ پاراستنی خۆیشی لەبەردەم ئەم میتۆدە مافیاییانە چوونە سەرشەقام.ئەگەر دەسەلات ئەمرۆكە لە بزوتنەوەیەكی ئاوها بترسێت ئەی چی دەكات ئەگەر سبەینی بوە راپەرینێك؟ دەبوایە سەرۆكی هەریم لەوتارەكەیدا باسیكی لەو دیوەكەی دەسەلاتیش بكردایە كە ئەم لایەنەش پشكی سەرەكی خۆی بەردەكەویت. من لەگەل وتەكەی كاك مەسعودم كە دەلیت نابیت كەس لەسەرو یاساوە بێت.هەربۆیە پیویستە مرۆڤەكە،دەسەلاتەكە پیشتر خۆی بگۆریت و لەخۆیەوە دەستپیبكات ودواتر باس لە یاساو سەروەریی یاسا بكات. من لەگەل بەریزیم و وتەكەی خۆی دەنوسمەوە كە دەلیت:"ئه‌مه‌ ئازادی نییه‌ ئه‌مه‌ خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌شه‌ ئازاده‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان به‌تێكۆشانی هه‌مولایه‌ك هاتۆته‌ ئاراوه‌، نابێت چیتر ئه‌مه‌ قبوڵ بكرێت، نابێ چیتر ئازادیی هاوڵاتییان‌و مافیان به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ پێشێل بكرێت. له‌كوردستاندا قیه‌می رێزگرتن له‌بیروباوه‌ڕی یه‌كتر ره‌گ‌و ریشه‌ی له‌مێژو و كه‌لتوری ئێمه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی شێواندنی ئه‌و قیه‌مه‌ش ده‌درێت". خویندنەوەیەك بۆ ئەم وشانە بۆ خوینەر خۆی جیدەهیلم بەلام من تەنیا ئەوندە دەلیم ئەگەر چارەنوسی هەردولاتان لەبەر مەترسیدا نەبوایەو لەبەربارودۆخی نیودەولەتی نەبوایە هەتا ئیستە چەند شەریكی تری نیوخۆ دوبارە دەبونەوە.من دەپرسم بۆچی شەهیدانی شەری نیوخۆ بەشەهید لەقەلەم نەدراوون؟

سیاسەتی یاریكردن بە ئاینی ئیسلام میتۆدێكی خەتەرناكە
12) هەولی هینانەكایەی گوایە دژایەتی كردنی ئیسلام لەوتارەكەی سەرۆكی هەریم بە خەتەرناك دەبینم و دوور نیە ئەنجامی خراپی لێبكەویتەوەو ببیتە هۆی تیكدانی ئاسایشی خەلكی هەریمەكە.هەروەها بەراوردكردنی بارودۆخی هەریم بەوەی خواروی عیراق ناتەواوە. خەلكی ئەم ولاتە قوربانی نەداوە بۆ نان و ئازادی كە ئیتر دەبیت لەشوینیكدا بوەستێت.ئەمە سروشتی مرۆڤە كەبەردەوام لە خەباتدایە بۆ باش كردنی باری ژیانی، باری مادی و رۆحی ژیان. ئەمە پرۆسەیەكی هەمیشەیە لەژیانی مرۆڤدا.ئەوانەی كە بەریزی وەك دژانی ئازادی ئاماژەیان پی ئەدا خەلكی ئەم ولاتەن،دلسۆزن ودوژمن نین بەلام بیركردنەوەیەكی تریان هەیە وەك لەوەی دەسەلات وئەمەش شتیكی سروشتیە، ئەمەیە دیموكراسیەت، ئەمەیە بروابوون بەئازادی.بەریزی لەشوینیكی تری وتارەكەیدا دەلیت:"ئازادی هەیە وخەلك مافی نارەزایی دەبرین و رەخنەگرتنیان هەیە...". من دەلیم دیموكراسیەت بی ئازادی نابیت،ئازادی و دیموكراسیەتیش بریتی نیە تەنیا لەرەخنەگرتن و فرۆشتنی چەند گۆڤارو رۆژنامەیەك لەسەر شەقامەكان، بەلكو بریتیە لەیاساو دەستور،جوداكردنەوەی سێ دەسەلاتەكە لەیەكتر،مافی تاك، مافی ژن ومندال،عەدالەتی كۆمەلایەتی وئابوری.ئەزمونەكان سەلماندویانە كەدیكتاتۆر ریگا بەرەخنەو نارەزاییەكانت ئەدات هەتا ئەو شوینەی كەدەسەلاتەكەی نەكەویتە مەترسیەوە،كەی كەوتە مەترسیەوە چیتر دەموچاوە راستەقینەكەی خۆیت نیشان ئەدات. لەوە دەچیت دەسەلات نەزانێ كە ئازادی سیاسی ئاسایش دروست دەكات.لەم سەردەمی تەكنەلۆژیاو جیهانگیری و كرانەوەیەدا بەسەر جیهانی دەرەوە خەلكی بەرەو هوشیار بوونەوە رۆیشتوون.ئیستە نەوەیەكی نوێ هەیە نەرژیمی بەعس دەناسیت وە نە ئەوانەی شاخ كە هەر هیشتا فەرمانرەوایمان دەكەن. بۆشایی نیوان دەسەلات و ئەم نەوە نوییە زۆرەو دەسەلاتیش بەرنامەی نیە بۆی گەرنا كۆچی گەنجان رووی نەئەدا، ئەو دەسەلاتەی كە تیكنۆكراتانە بیر ناكاتەوە.هیچ دەسەلاتیك لەمیژوودا نەیتوانیوە هەتا سەر لەقەلای دەسەلاتدا بێت. میژووی مرۆڤایەتی لەگۆراندایە، دەسەلاتیش دەبیت لەگۆراندا بێت وناكرێ هەمیشە بە هەمان ئەقلیەت كاربكات وحوكم بكات. كەواتە دەسەلات بەتایبەت تەقلیدیەكان یان دەگۆرین یان هەرەس دینن.گۆران و ریفۆرم بۆ هەندیكان چیتر درەنگە.لیرەدا منیش دەنگم دەخەمە پال دەنگی بەریز سەرۆكی هەریم كە دەلیت:"ده‌مانه‌وێ له‌كه‌شێكی ئارامدا كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان گه‌شه‌ بكات‌و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش هه‌نگاو بنێت، ئه‌مه‌ش ویست‌و خواستی گه‌له‌كه‌مانه‌و هه‌مو كه‌سێك ده‌بێت رێز له‌ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بگرێت و داوای هاوكاری له‌هه‌موتان ده‌كه‌م‌و وه‌رن پێكه‌وه‌ باده‌ستبكه‌ین به‌چاكسازی". بەلی بۆ چاكسازی بەلام بەكردار نەك بەقسە. چاكسازی كی دەیكات و چۆنی دەكات و بۆ كیی دەكات؟ دوا وشەم ئەوەیە ئەگەر لەبری سەردەست عوسمان بارزانیەك بوایە، یان ئەندامی بنەمالەكە بووایە ئایا چییان دەكردو كەیسەكەی ئیستە دەگەیشتە كام قۆناغ؟

پیشنیازی میزگردێكی بەرفراوان
لەبەر رۆشنایی ئەم باسە پیشنیازی مێزگردێك دەكەم بەبەشداری سەرۆكی هەرێم وسەرۆكی حكومەت،سەرۆكی پەرلەمان،ئەندامێكی ئۆپۆزیسیۆن لەپەرلەمانی هەریم،بەشداربویەكی نارەزاییەكان (لەهەفتەی بێدەنگ نابین) وبەندەش وەك كەسێكی ئەكادیمی بێلایەن ئامادەیی بەشداربوونی خۆم نیشان ئەدەم.میزگردەكە راستەوخۆو بەرفراوان بگواسترێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە