مێژووی شاراوە
Thursday, 17/07/2014, 12:00
1781 بینراوە
ئەگەر هەڵە نەبم هەتا ڕادەیەک ڕاسترۆیانە قسەی دڵی خۆم بکەم، دەتوانم بڵێم لە چوارچیوەی دامەزراندنی ئەو هەمووە ،سایت، گۆڤارو ، رۆژنامەی،..... کە لە هەندەران دامەزراون وبڵاودەبنەوە بۆ یەکەم جارە دەبینم رووپەڕێکی کوردی بە ناوی / کوردوستان پۆست/ باسێکی گرینگ وپێویست بکاتە رۆژەوەی هەستیاری ئەو قۆناغەی کە کورد تێیدا دەژی.(میزگرتێک بۆ گوفتوگۆ ،،بەشی سێ،،). منیش وەک کوردێک لەسەر ئەو بەشە بەپێی خۆم کورتەباسێک دەخەمە سەر ئەو مێزە.
من بە باشی تێگەیشتووم وهاتوومە سەر ئەو باوەڕە کە لەسەر هیچ وخۆڕایی گلەیی وگازەندەمان لە دووژمن هەیە وپێمان وایە دەبێ ئەوان کێشەکانمان بۆ چارەسەر کەن.لە هیچ کوێی ئەو جیهانەدا نەدیتراوە کە نەتەوەیەک دەستی دۆستی ورزگاری بۆ دەسەڵاتێک یا وڵاتێک درێژ بکاو پێی وابێ ئەوە دەسەڵاتی بیانییە دەتوانێ لە کۆیلا یەتی دەرمان بێنێ و دونیای تاریکمان بۆ روون کاتەوە. لەسەت ساڵی رابوردوودا زۆرینەی حەڕەکەت یا سەرکردەی کورد لەسەر حسێبی عەشیرەگەری یا بنەماڵەیی / دۆنکیشۆتانە / بەرەو پیلی ئەرکێکی گرانی مێژوویی هاتون و لە هەر قۆناغێکی هەستیاری مێژوودا کوردیان بەرەو هەڵدێر بردووە. دەست لە لاق درێژتر هاتوونەوە سەر خاڵی سیفر! نەتەوەیەک لەسەر خاکێکی دەوڵەمەندو ئیستڕاتیژیدا بژی، خاوەنی زمان وکولتورێکی دەوڵەمەند و.....بێ کوا دەبێ ئەوە حاڵو رۆژگاری بێ؟ کە عەشیرەو بنەماڵە بیدەنە بەر دەستی قەزاو قەدەری مێژوویەکی لێل وشاراوە. کەسانێک کە خۆیان وەک رزگاریدەر وپاڵەوانی شەڕ لەریزی پێشەوە خۆ نیشان بدەن و حازە نەبن ،،، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی،،، لەسەر ئەو خاکە بریندارە پێک بێنن! کوا دەبنە پارێزەری خاک و گەل؟
ئێمە رۆژانە هاوار دەکەین کە بە بێ ئیزنی کورد وڵات دابەش کراوە! وپرسیان پێ نەکردووین. کەس ناپرسێ قەت جورئەتی ئەوەمان نەبووە کە بڵێن: ئەگەر خاکەکەمان وایلێ هاتووە خۆ سەرکردەی حیزبەکانیش قەت پرسیان پێنەکردووین کە بۆ چارەسەری کام سیاسەت بگرینە پێش خۆمان. تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن بۆ بەدەست هێنانی دەنگ پەنایان بۆ کورد بردووە.
مێژوویەک لە تەم ،شاراوەیی،نەبونی متمانە،نەبونی ستڕاتژییەکی نەتەوەیی، مێژوویەک لە مل کەجی، مێژوویەک لە شکاندنی کەرامەتی کورد،.....کوا بەرەو چارەسەریمان دەبا؟! کام یەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات وباوشور دەبنە پاڵەوانی نەتەوەیی؟ کامیام توانیویانە سەرکەتنی مێژوویی بۆ کورد تۆمار بکەن؟ (تەنانەت ئەگەر کاتیش بوو بێ) . لەمرۆژانەدا ،بی،بی،سی، تۆمارێکی دەنگی لە مەڕحومی دوکتور قاسملو بڵاو کردەوە کە مایەی سرنجە!(دەڵێ: ئێمە ئیزن بەکەس نادەین کەس لە ئێمە زیاتر خۆی بە ئێران تربزانێ!؟ پرس ئەوەیە کە لەکام تاکی کورد پرسیار کراوە تۆ ئێرانیت یا کوردوستانیت؟) ئەوە نزیکەی ٢٥ ساڵە دەسەڵات بە رواڵەت بە دەستی کورد بەڕێوە دەچێ. بزانن چۆن کەشووهەوایەکی سیاسی خوڵقاوە کە هیچ تاکێکی کورد متمانەی بەوکاتە نییە کە لە خەو هەڵدەستێ، چون نازانێ ئەو رۆژە چی بەسەردێ؟ دووحیزبی سەدەی سێزدەیی، دوو بنەماڵەی بێمۆڕاڵ، دوو کەسایەتی لاوازو بێ هیممەت، وەکی دۆڵپا خوێنی ئەو خەڵکە بە فیڕۆ دەدەن وکەسیش متتەقی لەبەر نایە هەرکات ناڕەزایەتیت دەبڕی کوردکوژێکی وێنەی ،، مەحمود سەنگاوت ،، بۆ دادەتاشن تا گەنجە شۆڕشگێڕەکانی کورد لە باوەشی دایکیدا سەریان پرشو بڵاو کەن ! ئەوانن رزگاریخواز؟!
لەچەند رۆژی رابوردوودا چاو لێ بکەن چۆن کەرامەت وشەڕافەتی شەهیدی کورد لە بن پێی دوژمندا لە ناو دەبەن.جێگری شارۆنی ون بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆماری عێڕاقی عەڕەبی خەریکن دەستولاقی خۆیان دەشکێنن! خێزانی تاڵەبانی خۆی وێنەی فریشتەی نەجاتدەر نیشاندەداو دەڵی ئەو خاکە میراتی / جەلالە / و کەس نابێ دەستی بۆ بەرێ! کەس نییە لێی بپرسێ سەرۆککۆماری عێڕاقی عەڕەبی کورد بوو کام دەستەگوڵتان بە ئاودادا؟
من داییم گومانم لە پێشمەرگە هەبووە وگوتومە ، ئایا هەرکەس دەتوانێ ببێتە پێشمەرگە؟ ئەو ناوە پیرۆزە وئەو ئەرکە گرانە بە درێژایی مێژوو لە خزمەت گەل دابووە یانژی لە خزمەت تاقمێک سەرکردەی دۆڕاو؟؟ سەرکردەیەک کە لەسەر خاکی کورد خەندەق لێبداوپێشمەرگەش چەپڵەی بۆ لێدا کوا ئەو کەسە دەبێتە / پێشمەرگە /. گریلایەک کە پرس لە رێبەرولە رێوەبەری خۆی پرسیار نەکا کوا ئەرکی / گریلایی/ بە جێ هێناوە.باش دەزانم پرسیاری ئەو ٦ تەوەریە زۆر قورس وگرانە . حەوجێی بە ناوەندی مەزنی لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر جوغڕافیای وڵات. هەتا ئەوسەردەمەش پەڕتووکێکی خاوەن زانستیم نەدیوە کە لەر شکستەکانی کورد لەبەردەستی کۆمەڵگاکەماندابێ.ئەوەی نوسراویشە بەدەست رۆڵگێرانی باڵای حیزبەکان بووە.(ئەو پەڕتووکەی کە تاڵەبانی بۆ ٥٠ ساڵ خەباتی خۆی نوسیوە فڕی بەسەر مێژووی کوردەوە نییە) .
بنەماڵەو عەشیرەی بارزانی وتاڵەبانی کاتیان بەسەرچووە، ئەوەی ئەوانەی راگرتوە کورد نییە بەڵکەم داگیرکاری کوردە کە بۆ کایەی سیاسی بەکاریان دێنن. ڕستەیەکی مێژووی بۆ قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی کورد کەوتۆتە ریزی فەرهەنگی سیاسی ئێمڕیالیزم وهاوفکرەکانی کە دەڵێن: کورد بۆخۆشی نازانێ چی دەوێ؟! ئەوبەرژەوەند خوازانە هەم لەناڵ دەدەن ، هەم لە بزمار. بێبەختیو ئاوارەییش تەنیا هاوردەیەکە کە بۆمان دەنێرن. هیچ تاکێکی کورد دژی پەیوەندی ودیپڵۆماسی ئاشتیخوازی نییە.
لە هامانحاڵدا خاکی کەسی داگیر نەکردووە. ئەوانە نەپیاوی شەڕن ، نە هی دیپڵۆماسی، نە بەڕیوەبردنی وڵات. باشتری کار ئەوەیە رێگا بدەن بەکەسانی دیکە کە لە فکری چارەسەردا بێ.
لە حاڵی حازردا من تەنیا داهاتوویەکی روون کە دەیبینم بۆ چارەسەری کێشەی کورد سەرهەڵدانی باکورو رۆژئاوای وڵاتەدەتوانێ تا رادەیەکی زۆر بەرەو رزگاریمان ببا. بۆئەو گوتنەم یەک بەڵگەم هەیە کە ئەویش دژایەتی کردنی دامودەزگای سەرۆکی هەرێمی کوردوستانە! سەرکردەیەک کە سەرکەوتنی خۆی لە بێچارەیی بەشێکی دیکەی وڵاتدا ببینێ ئاوا تووشی قەیرانەکان دەبێ.حیزبی ٦٨ ساڵەی خاوەن کۆمار (قەت ئەوانە لە کۆماری کورد خاوەن دەرنەکەوتون) رێک نیوەی تەمەنی لە کەمپەکانی کۆیەدا تێپەڕیوە لە قسەی زل زیاتر هیچی پێ نییە. لە زڕەگوێز ئەوە بونە چەند لەت ٣٤ ساڵە لە ئوردووگاکاندا دەناڵێن کە چی خۆیان بە پێشرەو پێشهەنگی کرێکار دەزانن! بارزانی وتاڵەبانیش بە شێوەیەکی دی ئاوان . هەتا کەسایەتێکی وێنەی ، م ، سەنگاویان هەبێ بۆمان بکەنە قارەمانی نەتەوەیی هەر ئەوە حاڵمان دەبێ. مێژووی شاراوەو لێڵی دەستکردی ئەو جووتە حیزبەو ئەوانی وێنەی ئەوان هەروا دەمێنەتەوە کە لەبەر چاوانە گلەیی وگازەندەش لە نەیاری کورد کارێکی هەڵەو بێ پاساوە.
جەعفەر کەریمی
١٧/٧/٢٠١٤