ووڵاتی دوو سه‌رۆک و گه‌لی بێ سه‌رۆک

Saturday, 27/08/2011, 12:00


منداڵێک له‌ قوتابخانه‌وه‌ به‌گریان ده‌ڕواته‌وه‌ ماڵه‌وه به‌دایكی ده‌ڵێت مامۆستا لێیدام ، دایکی ده‌پرسێت بۆ کوڕم ؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌مزانی بنوسم ته‌یر. دایکیشی زۆر به‌ساده‌یی و لێڕادیتنه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت `جا ڕۆڵه‌ گیان نه‌تزانی بنوسیت ته‌یر بتنوسیایه‌ ته‌یره‌ن ئه‌بابیله ` !
مه‌به‌ستم له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نمونه‌یه‌ ته‌نیا بۆ به‌راورده‌ ، به‌راوردێک که‌ ده‌بوایه‌ له‌ مێژ بوایه‌ بکرایه‌ ، به‌راوردێک له‌ ه‌یوان دڵسۆزی و په‌رۆشی گه‌ل و بێباکی و که‌م توانایی ده‌سه‌ڵات و به‌ناو سه‌رکرده‌کانی ئیمڕۆی کورد . ته‌نیا له‌و ڕوبه‌ره‌ جوگرافییه‌ی ناوی عیراق و هه‌رێمی کوردستانی لێنراوه‌ ، دوو که‌س هه‌ن که‌ تیتڵی سه‌رۆکیان هه‌ڵگرتوه‌ و هه‌ردوکیشیان کوردن، سه‌رۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان با له‌وه‌ بگه‌ڕێین که‌ له‌هیچ گۆشه‌یه‌کی دنیادا هه‌رێمی فیدراڵی له‌چوارچێوه‌ی ووڵاتێکدا به‌دی ناکرێت که‌ سه‌رۆکی هه‌بێت لای ئێمه‌ ئه‌و مۆدێله‌ش داهاتوه‌ . ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا بوه‌ که‌ ده‌بوایه‌ هه‌ردوکیان سه‌رۆک بن ئه‌گینا شه‌ڕی کوردکوژی هه‌ڵده‌گیراسایه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ له‌ڕوی یاساییه‌وه‌ دووسه‌رۆک هه‌یه‌ وبوه‌ته‌ ئه‌مری واقیع که‌چی هیج گه‌لێک ئه‌وه‌نده‌ی کورد بێ سه‌رۆک نیه . زێده‌ڕۆیی نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ووڵاته‌ ناوبنێین ووڵاتی دو سه‌رۆک و گه‌لی بێ سه‌رۆک .
گه‌لی کورد له‌ باشوری کوردستان له‌هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕوی تێده‌که‌ن سه‌رۆکێکی په‌رۆش و بیرمه‌ندی نیه‌ که‌ ڕوی تێبکات و پشتی پێببه‌ستێت ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌میشه‌ حسابیان بۆ کردون و هانایان بۆ بردون و تکاو داویان لێکردون ، که‌له‌کاتی ته‌نگانه‌ و نه‌هامه‌تیه‌کاندا دڵسۆزی و بونی خۆیان بسه‌لمێنن ، له‌به‌رامبه‌ردا به‌یانیکیان ده‌رکردوه‌ و ئاگره‌ سوره‌ له‌خۆم دووره‌ خۆیان له‌ به‌رپرسیاریتی دزیوه‌ته‌وه‌ .
ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ که‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی وه‌ک منداڵه‌که‌ زۆر به‌ڕونی به‌دایکی ده‌ڵێت نازانم بنوسم ته‌یر، چۆن داوای نوسینی ته‌یره‌ن ئه‌بابیله‌یان لێبکه‌ین ، ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ له‌جیاتی تێڕادیتن به‌ڕاشکاوی پێیان بڵێین ئێوه‌ که‌ نازانن بنوسن ته‌یر وه‌ک منداڵه‌که‌ش له‌ته‌مه‌نی گه‌شه‌سه‌ندندا نه‌ماون و ته‌مه‌ن بواری فێربونی نوسینی ته‌یره‌ن ئه‌بابیله‌شی بۆ نه‌هێشتونه‌ته‌وه‌ ، مێزو کورسی و ته‌خته‌ ڕه‌شی قوتابخانه‌یه‌ک که‌ جگه‌ له‌ خۆکێشانه‌وه‌ هیجی تری لێ فێرنابن چۆڵ بکه‌ن و بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ .
ناوچه‌ هێشتا ته‌عریب کراوه‌کان له‌ دانیشتوانی کورد جۆڵ ده‌کرێت ، ده‌ڵین پاراستنیان له‌ ده‌ست هێزه‌کانی عێراقی که‌ته‌نیا خۆتان پێیده‌ڵێن فیدراڵ له‌ هیج به‌رپرسێکی تری عێراقی ئه‌و ووشه‌یه‌ نابیستریت مه‌گه‌ر بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ . ماده‌ی سه‌دوچل جێ به‌جێ ناکریت ده‌ڵین کاری ئێمه‌ نیه‌و لیژنه‌ی تایبه‌تی بۆ دروستکراوه‌ ، سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن هاوکاره‌کانتان و پشکداری پڕۆژه‌کانتانه‌وه‌ بۆردومان ده‌کرێت و ده‌ڵین کوردستان له‌خاکی عیراقدایه‌ و ئه‌رکی سوپای عێراقه‌ به‌رگری لێبکات ، ئایا ده‌تانه‌وێت به‌و به‌هانه‌یه‌ سوپای دگیرکه‌ری عێراقی تا چیا سه‌رکه‌شه‌کانی قه‌ندیل به‌کێش بکه‌نه‌وه‌‌ . ئایا له‌ جێی خۆیدا نیه‌ ئه‌و پرسیاره‌تان لێبکه‌ین بۆ له‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا خۆتان له‌به‌ر پرسیاریتی ده‌دزنه‌وه‌ و به‌ڵام له‌سه‌رکوتکردنی گه‌نجانی ناڕازی و دابه‌ش کردنی پۆست و بودجه‌دا تاکه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هان ؟ .
ئه‌رێ ئه‌و دووسه‌د هه‌زار پێشمه‌رگه‌و ده‌زگای دژه‌ تیرۆر و ئاسایش و پاراستن و ئه‌و هه‌مو هێزه‌ ده‌مامکداره‌ پاڵه‌وانانه‌ له‌ کوێن ؟ ئه‌و هێزه‌ تێڵا به‌ده‌ستانه‌ی که‌ ڕوخساری خۆشتان و خۆشیان له‌ مه‌یدانه‌کانی ئازادیدا دزێو و ناشیرین کردبوو بۆ چ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وایه‌تی پشویان پێدراوه‌ که‌ له‌هچ شوێنێکه‌وه‌ دیارنین؟ یان ئه‌وانه‌ش هی خۆتان نه‌بو به‌کرێ له‌ ووڵاته‌ داگیرکه‌ره‌کانه‌وه‌ هێنابوتان ؟ ئه‌و موده‌ره‌عانه‌ی که‌ وه‌ڵڵا ده‌بابه‌بون له‌ شه‌قامه‌کانی شاردا ئیشی ته‌کسیتان پێده‌کردن بۆ ڕه‌وانه‌ی سنوره‌کانی کوردستانی ناکه‌ن به‌رگری له‌ گوندنشینان و خاکی کوردستان و ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تی بکات ، یان به‌ پێوه‌ری ئێوه‌ به‌زاندنی سنور و داگیرکردنی خاک مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تی نیه‌؟ ، ته‌نیا ووشه‌ی بڕوخێ که‌ هێشتا نه‌وتراوه‌ به‌ڵام کاتی هاتوه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی هه‌رێم؟ .
توانای ئێوه‌ کت ومت له‌گه‌ڵ لێکدانه‌وه‌ی په‌نده‌ فارسیه‌که‌دا یه‌کده‌گرێته‌وه‌ که‌ به‌زمانی `ووشتر مورغ`ه‌وه‌ کراوه‌ ئه‌مه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی لێکدراوه‌ و بۆ نه‌عامه‌ به‌کاری ده‌هێنن، پێکهاتوه‌ له‌ حوشتر و مورغ واته‌ مریشک، کاتێک پێی ده‌ڵێن هێلکه‌ بکه‌ ده‌ڵێت من حوشترم چۆن ‌هێلکه‌ بکه‌م ، که‌ده‌ڵێن باربه‌ره‌ ده‌ڵێت من مریشکم . به‌م شێوه‌یه‌ خۆی له‌هه‌موو به‌رپرسیاری و کارێک ده‌دزێته‌وه‌ .
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌لی به‌ده‌ست دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو توانایه‌کیان لێزه‌وت کردوه‌ ، ئه‌و دوو حزبه‌ش خۆیان هه‌ریه‌که‌یان به‌پێی هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیان ده‌ستیان به‌ده‌ست یه‌کێک له‌و ووڵاتانه‌وه‌یه‌ که‌ ئیستا بوردومان و داگیری کوردستان ده‌که‌ن ، ئه‌گینا ڕه‌نگ بوو حوکمه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ که‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزب نه‌بوایه‌ هه‌ڵوێستێکی ڕوون تر و ڕه‌نگه‌ په‌رچه‌کرداریکی به‌رپرسانه‌شی هه‌بوایه‌ .
من له‌م دۆخه‌دا حکومه‌تی هه‌رێم و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌م وه‌ک ئه‌و پیاوه‌ دێته‌ به‌رچاو که‌سه‌ره‌ڕای چه‌کداربونیشی به‌ تفه‌نه‌گێک و خه‌نجه‌رێک ، که‌سێک لێی دابوو چه‌کیشی کردبوو که‌ لێیان پرسی خۆتۆ چه‌کدار بویت بۆ هێشتت وات لێبکه‌ن ` ده‌ڵێت من هه‌ردوو ده‌ستم گیرابو یه‌کێک به‌ خه‌نجه‌ره‌که‌ و ئه‌وی تریان به‌ تفه‌نگه‌که‌ ئێ خۆ به‌ ده‌نوک شه‌ر ناکه‌م` حکومه‌تی هه‌رێمیش هه‌ردووده‌ستی به‌و دوو حیزبه‌وه‌ گیراوه‌ و ئه‌وانیش به‌ دۆسته‌کانیانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تۆزێک به‌ ویژدان بین ده‌زانین حکومه‌تی هه‌رێمیش به‌ ده‌نوک شه‌ڕی دوو هێزی وا گه‌وره‌ی پێناکرێت .
ته‌نیا ڕێگه‌ چاره‌یه‌ک بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی کورد گۆڕێنی سیسته‌می حوکمه‌ به‌شێوازێکی ئاشتیانه‌و شارستانی، گۆڕینی ڕیشه‌ییه‌ له‌هه‌موو بواره‌کان و جومگه‌کانی به‌ڕیوه‌بردنی ووڵات ، که‌ له‌سایه‌یدا هێزێکی نیشتیمانی پارێزه‌ری خاک و نه‌ته‌وه‌ پیک بێت و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حیزبدا بیته‌ ده‌ره‌وه ئه‌وسا ده‌توانرێت له‌ هێزێکی ئاوا چاوه‌ڕوانی پاراستنی سنوره‌کان بکه‌ین ، ئه‌گه‌ر نا ئیتر کاتی ئه‌وه‌ دێت به‌ ڕاپه‌ڕین هێز و داهات و ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست حیزب بسه‌نریت و بخرێته‌ ده‌ست حکومه‌تێکی نیشتیمانی که‌ به‌ژوه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌ل به‌ ئه‌رکی خۆی بزانێت و له‌ قه‌یرانه‌کاندا پێشڕه‌و بێت . ‌‌‌

بورهان ساڵح
ئه‌ڵمانیا ‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە