بەنازێش وەکو سۆران و سەردەشت بووە موڵکی میللەت، نەک موڵکی کەسوکارەکەی
Thursday, 22/09/2011, 12:00
پارتی داڵدەی باوکی بەنازی داوە چونکە دەزانێت دوو کوڕی خۆی شەهید کردووە، ئەمەیان بەکار هێنا بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن بینان هێننە سەر تەلەفیزیۆنپارتی و یەکێتی بەردەوام هەول دەدەن لە ڕێگای چەواشەکردن و سۆزداریی نەتەوایەتی خەلکی لە تاوان و ناپاکییەکانیان چەواشە و فریو بدەن، ئەویش لەتەک بەکارهێنانی زەبر و زەنگ، تەخشان پەخشانی دۆلاری دزراوی خەڵکی کوردستان، جگە لەو سوپا نووسەرە خۆفرۆش و سووکانەی کە ئیمپراتۆرییەتی راگەیاندنیان پێکهێناوە و پارەیەکی زۆریان لەبەردەستیاندا داناون.
پارتی، شەهید سەردەشتی لە هەولیر رفاند، دواتر تیرۆری کرد، بۆ چەواشەکردن لیژنەیەکیان دروستکرد، کاری لیژنەکە تەنها بۆ ئەو مەبەستە بوو، کە سەردەشتی کردە تیرۆریست! لێکۆڵینەوەی ئەم لیژنەیەیە ماهیەتی بنەماڵەی بارزانیی بە ئاشکراتر پێناساندیین، بەتایبەتی کەسایەتیی مەسعود بارزانی، کە چەندە خۆی پێ فەرعونە، دیسان ئەوەشی دەرخست، ئەگەر مرۆڤ بە فەنتاسیی و بە خەیاڵیش بیریان لێ بکاتەوە، دەیکوژن و دەیکەنە تیرۆریستیش.
لە کاتێکدا دەزگای پاراستن سەرپەرشتی ئەو تاوانەی کردبوو ، کەچی هەوڵی زۆریان دا، باوکی شەهید سەردەشت، یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بهێننە سەر تەلەفیزیۆن و کۆمەڵێک ئاخافتن لە قازانجی خۆیانی پێبکەن. خۆشبەختانە لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوون. لە تاوانی 17 شوبات و لە کەیسی شەهیدبوونی ڕێژوان، پارتی و یەکێتی هەوڵیان دا و بە پەلە خۆیان گەیاندە لای (حاجی عەلی) باوکی شەهید ڕێژوان، توانیان بۆ ماوەیەک وەک ریکلامکردن هەندێ ئاخافتنی لەگەڵدا بکەن و بۆساردکردنەوەی خەلکی سودی لێوەربگرن، ئێمە لە رێگای پەیامنێرەکەمانەوە توانیمان چەند نووسینێک بگەیەنینە دەستی باوکی رێژوان و لەو گەمەیە ئاگاداری بکەینەوە، خۆشبەختانە دوایی باوکی شەهید رێژوان لەو گەمە سیاسییە گەیشت و خۆی خستەوە نێو سەنگەری خەلک.
ئیستاش کەیسی بەناز جەواد، ئەو کیژەی لەبەر بێکاری ناچاربوو خۆی بسووتێنێت و ماڵئاوایی لە ژیان بکات، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی تەنگەتاو کردووە، چونکە دەزانن چ تاوان و ناپاکیەکییەکیان ئەنجام داوە، چ دۆزەخێکیان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە، بۆیە هەموو چرکەساتێک ترسیان لە کەیسێکی وەک (بەناز) هەیە، کە سەر لەنوێ خەلک شەقامیان لێبگرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە دوای گەورەبوونی کەیسی بەناز بە دەستمان گەیشتووە، پارتی بە پەلە خۆیان گەیاندۆتە ماڵی بەناز، توانیویانە باوک و برایەکی بهێننە سەر کەناڵە روو زەردەکانیان، کۆمەلێک درۆ و بوختانیان بۆ کچەکەیان هەڵبەستووە، گوایە بەناز لە بەر هەژاریی و بێکاریی خۆی نەسوتاندووە. لەو بارەیەوە ئێمە زانیاریی تەواومان لەسەر کوشتنی دوو برای دیکەی بەناز وەرگرتووە، ئەو دوو برایەی بوونەتە پەکەکە دواجار کوژراون، ئەمەش هۆکارێک بووە کەسوکارەکەی بهێننە سەر تەلەفیزیۆن و ناچاریان بکەن قسەی بێ بنەما و درۆ بە دەمی بەنازەوە هەڵبەستن.
کوردستانپۆست بەدواداچوونی لەسەر ئەو کەیسە کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستمان کەوتووە:
1. باوکی بەناز هەوادارێکی کۆنی پارتی بووە، تاسالی 1998, دواتر 2 کوڕی لە ژێر فشاری پارتیی بەدەستی خۆی شەهید کردووە، چونکە بوونەتە ئەندامی پەکەکە. هەر لەو ساڵەدا لە ترسی دادگا باوکی بەناز هەڵاتووە، چۆتە موسڵ، لای مەفرەزەی تایبەتی ئەمن (وەهاب عەیشێ) چەکی هەڵگرتووە، تا روخانی رژێمی بەعس لە موسڵ ماوەتەوە. دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر، پارتی داڵدەی داوە و لێ هیچ یارمەتیی دیکەی نەداوە، دەربارەی کچەکەی کە بۆچی نەیتوانیوە کارێکی دەست بکەوێت، ئەمەش وەکو هەموو گەنج و خوێندکاری ئەو وڵاتە بۆتە قوربانی، دوای خوێندن بێکار ماوەتەوە.
باوکی بەناز کەسێکی تاوانبارە و لەلایەن پۆلیس و دادگاوە ناوی هەیە، بەڵام ئازادانە دەسورێتەوە، بۆیە پارتی و دەزگای پاراستن ئەم هەلەیان قۆزستۆتەوە و باوکیان داڵدە داوە، چونکە خۆیان کەتنەکەیان پێ کردووە، هێنانە سەر کەنالە روزەردەکانیان فشارێکیش بووە لەسەر باوکی بەناز، ئەو تاوانبارەی کە دەبوو بخرێتە زیندانەوە، نەک بەکاری بهێنین بۆ ئەو مەبەستە.
2. ئەو رەفتاری باوکی بەناز لەبەر هەر هۆکارێک ئەنجامی دابێت، کەسایەتی بەناز لاواز ناکات، بەناز نمونەی قوربانیی گەنجەکانی ئەم وڵاتەیە، هەرکەسە بەپێی پێوەری کەسایەتی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت نەوەک لەسەر کەسایەتی ئەندامانی بنەماڵەکەی ، بەتایبەتی ئاستی هوشیاری بەناز، لەبەرامبەر نەخوێنەواری و هەواداری باوکی بۆ پارتی وێنەکەمان بەروونی پێ دەدات .
3. ئێمە پێمان وایە برسیبوون و هەژاریی و بێکاریی دیاردەیەکی ترسناکی کۆمەڵگای کوردیی ئەمڕۆیە بەئاشکرا هەستی پێدەکەین و دەیبینین، سەرباری ئەوەی کە دەزانین خەڵکی کوردستان لەو 20 ساڵە بە چ ژۆزەخێکدا گوزەر دەکات، دەزانین چۆن هەزاران کەس بەهۆکاری هەژاری خۆییان و منالەکانییان نەیتوانیوە لە مەرگ رزگاریان بێت . بۆیە ئەو هەموو سوتان و خۆکوشتنەی چەند ساڵەی ژێر دەسەلاتی کوردی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئەوان بەرپرسی یەکەمین لە هەژاری و بێکاریی و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستیی، بەتایبەتی، بودجەی ٨ ساڵەی تەنیا لە حکومەتی عێراق بۆیان دێت لەسەروی 8 ملیار دۆلارە (جگە لە داهاتی کوردستان) و ژمارەی ئەو مرۆڤانەی لەژێر دەسەلاتیانە ناگاتە 5 ملیۆن مرۆڤ . بۆیە لێرەوە لوتکەی تاوانەکە دەبینین.
4. هەموو ئەوانەی لە رووداوێکدا بە قارەمانێتی مالئاوایی لەژیان دەکەن و ناویان دەکەویتە نێو مێژووەوە، ئەوانە دەبنە موڵکی نەتەوەیەک، نەوەک موڵکی بنەماڵەکەیان . هەر لەم روانگەیەوە دەڵێین ئەگەر ئێمە بگەرێنە دواوە دەبینین دەیان سەرکردەی وەک شەهید ئارام و مامەریشە بوونەتە موڵکی خەڵکی کوردستان بۆ مەبەستی تایبەتیی و بەرژەوەندی خۆیان ناتوانن ئەمانە بەکار بهێنن و بازرگانیی پێوە بکەن، ناویان ناشرین بکەن، لێرەشەوە دەیڵێینەوە هیچ کەس لە کەسوکارەکەی، شەهیدانی قەلەم سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان ، یان شەهیدانی 17 شوبات سورکێو شیرزاد و گەرمیان و هەر 7 شەهیدەکەی، بە تەنها موڵكی کەسوکارەکەی نییە.
هەر بنەماڵەیەک ئەگەر دژ بەو پەیامەی قوربانیەکەیان، بێن و ئاخافتن بکەن ئەوا لە جوانی خۆیان و ئازاری مناڵەکەیان دەدەن و سەر لە نوێ تیرۆری دەکەنەوە، مێژوو لەمانیش خۆش نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست