مەسعود بارزانى خاوەنى دیوەخان + 75 ملیۆن دۆلارەكەى ئاشبەتاڵ= بازرگانێكى سەركەوتوو
Tuesday, 06/10/2009, 12:00
دیارە لەكاتى نووسینى ئەم بابەتە، بەشێوەیەك كە ناوى بەڕێز كاك عەلی سرینم هێنابوو، ئەویش تەنها مەبەستى من لەوەدابوو كە دەستەواژەیەكى ئەو بەڕێزەم بەكارهێنابوو ئەویش وشەى (مێ كێش) كە لە برى وشەباوەكەى ناو كۆمەڵگا لە نووسینێكیدا بەكارى هێنابوو، منیش وەك ئیتیكى رۆژنامەوانى ئەو دەستەواژەى ئەوم بەكار هێنابوو، كە نووسیبووم (عەلی سیرینى گوتەنى مێ كێش) نەك خوانەنەخواستە مەبەستێكم هەبوبێت بەرامبەر بە كاك عەلی سیرنى، بەڵكو ناوبراو رێز وەك نووسەرێكى كورد رێزى تایبەتى خۆى هەیە و كەسێكى زۆر دوورە لەوەى كە دەسەڵات بتوانێت بە ئیمتیاز بیكڕێت و قەڵەمە سەربەخۆكەى دیل بكات. من لێرەوە داواى لێبوردن لە كاك عەلی سیرینى دەكەم هاوكات ئومێدەوارم بە هەڵە لە نووسینەكەم نەگەیشتبێت، بەڵكو لە رووى رێزمانیەوە هەڵەم كردووە و تەنانەت گوتوشمە عەلی سیرنى گوتەنى، كەوابوو خوێنەر ئەوكات دەزانێت كە مەبەستێكى خراپم نەبووە، لەگەڵ رێزم بۆ كاك عەلی سیرنى و دوبارە داواى لێبوردنى لێدەكەم. لەگەڵ رێزم بۆ سایتى كوردستان پۆستیش كە ئاگاداریان كردمەوە، تا بتوانم بە زوترین كات رونكردنەوە لەسەر ئەو دێڕەى كە ناوى ئەو بەڕێزەم هێنابوو بدەم.*****************
پاش ئەوەى لە گۆڤارى لڤین موچەى هەندێك لە سەرۆكەكان بڵاوكرایەوە، تێیدا موچەى مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و سەرۆكى هەرێمیشى تێدا بوو، كە موچەى مانگێكى موچەى یەك ساڵى ئۆبامای سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكایە، هەر زوو سەرۆكایەتى هەرێم كەوتنە خۆگیڤكردنەوە لە گۆڤارى ناوبراو و سكاڵایان لە دژى ئەو گۆڤارە تۆماركرد، وەك پێشتریش دەزگاكەى مەسعود بارزانى بە ناوى دەزگاى پاراستن هەوڵى تیرۆركردنى ئەحمەد میرەى سەرنووسەریان دابوو، لێ هەوڵەكەیان لە لایەن پیاوانى ئاسایشى یەكێتیى لە شارى سلێمانى پوچەڵكرایەوە و تواندرا ئەو كەسانە دەستگیر بكرێن، دەزگایەكى وەك پاراستن دەیەوێت تۆڵەى ئەو گۆڵانەى كە لێرە و لەوێ لێى دەكرێت و كراوە، لە رۆژنامەنووسانى كورد و كورد پەروەر بسەنێتەوە و لە بەرامبەردا رۆژنامەنووسانى بیانى پاداشت دەكرێن!
كلتورى هەر وڵات و كۆمەڵگایەك بەرهەمى ئەقڵى تاكەكانى خودى كۆمەڵگاكە خۆیەتى، گەر لێرەدا بە كورتى باس لە داب و نەریتى كورد بكەین، لەبەر ئەوەى كە هەمیشە كەسێكى دیوەخانى بووە، لە روەكانى ترى ژیان هێندە كەسێكى بەرهەمهێن نەبووە، ئیدى هەمیشە بایەخى بە دیوەخان داوە چ لە رووى پانتایى، یاخود رازاندنەوە و ..... مەسعود بارزانى وەك كەسێكى خێڵەكى و پەروەردەى دەستى خێڵ و ئەقڵێكى دیوەخانى، دەبێت هەر ئەوەى لێچاوەڕوان بكرێت، كە هەمیشە بایەخ بە بوونى پارەیەكى زۆر بدات، تا لە كاتى تەشریفاتى میوانەكانى وەك ئاغا و دەرەبەگەكانى پێش خۆى هەمیشە هەمان هەڵسوكەوت بكات، گەر ئێمە بە وردى بڕوانینە ئەو بودجە زۆرەى كوردستان، ئەوكات دەزانین كە زۆرینەى سەرفى بودجە بۆ تەشریفات دەڕوات، نەك خۆیان گوتەنى موچە!! جا ئەوەشى كە هەبوو بڕییان!
هەركەسێك ئاگادارى شۆڕشگێڕەكانى (پۆلیساریۆ) بێت، كە لەسەر بیابانى رۆژئاوا نزیكەى 40 ساڵە لەگەڵ وڵاتى مەغریب كێشەیان هەیە و لە ناوەڕاستى حەفتاكانەوە دۆسیەى چارەسەركردنى كێشەى بیابانى رۆژئاوا لە عوهدەى UN دایە بۆ چارەسەركردن، بەڵام بێ چارەسەریەكى كۆتا تا ئێستا وەكخۆى ماوەتەوە و هەندێ جار چارەسەرییەكى كاتیانەى بۆ دەكرێت، ئەوەى دەمەوێت باسى بكەم موچەى سەركردەى چەكدارەكانى (پۆلیساریۆ)یە كە بڕى ئەو موچەى وەریدەگرێت هێندەى ئەو موچەیە، كە چەكدارێكى ئاسایى وەریدەگرن.
خراپ نیە هەندێك جار بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و رابردوو وەبیر هەموو لایەك بێنینەوە، ساڵانى شەست و حەفتاكانیش پارتى و سەركردایەتیەكى هەمیشە بە چەند نانێكى رەق كوڕى ئەم میللەتەیان كردوە بەگژ نەیارەكانیاندا، لێ خۆیان هەمیشە لە خۆشترین بارودۆخدا ژیانیان گوزەراندووە، وەك دەگێڕنەوە (بارزانى) هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگەكاندا نانى خواردووە و كە چوەتەوە ناو خەیمەكەى خۆى گۆشتى (ئاسك)ى بۆ ئامادەكراوە!!
ساڵى 1975 بارزانى ئاشبەتاڵى بە شۆڕشێكى مەزن و خاوەن 100 هەزار پێشەمەرگەیى كرد، وەك رەفیق پشدەرى و چەندان كەسى تر لە بیرەوەریەكانیاندا نووسیویانەتەوە تا وەك مێژوویەك راستیەكان بمێنێتەوە و نەشێوێندرێن، باس لەوە دەكەن 75 ملیۆن دۆلار ئەوكاتەى شۆڕش بە ئیعازى بارزانى لە نێوان هەریەك لە (مەسعود بارزانى، ئیدریس بارزانى و هەندێ لە كوڕەكانیدا) دابەشكراوە و لە رێى (موحسین دزەیى) ناوێكەوە نێردراونەتە بانقەكانى ئەوروپا و ئوسترالیا، كە ئەو پارەیە موڵكى ئەوان نەبووە و بەڵكو موڵكى شۆڕش بووە بە گشتى، تا ئێستاش ئەو پارانە فایزى دەچێتەسەر دەبێت ئێستا ئەو 75 ملیۆن دۆلارە لە ساڵى 1975ەوە تا ئێستا كە ساڵى 2009یە پاش 34 ساڵ چەندى فایز چوبێتەسەر؟؟!!
ساڵى 1987 مەسعود بارزانى دەیەوێت لە رێى موحسین دزەیەوە لە وڵاتى (ئوسترالیا) مەزرەعەیەك بكڕێت، كە بە نرخێكى خەیاڵى ئەوكات دەبێت!! گەر بڕوانینە نەوەكانى ئەو كابرا دزەییە دەبینین كە هەر لە شارى هەولێر هەر بینایەكى بەرز دەبینى خاوەنەكەى یەكێكە لە ناوەكانى موحسین دزەیى، وەك هۆتێل هەورامان و لەناو جەرگەى بازاڕدا ئێستا بینایەكى 5 قاتى دروست دەكرێت و...... لێرەدا ئەوەم وەبیردێتەوە كاتى خۆى لە كەرەج كابرایەك (دۆندرمەیەك) بۆ (ئیدریس بارزانى) دەكڕێت، پاش بیست ساڵێك ئێستا نێچرەڤان وەك دانەوەى پیاوەتیەكى باوكى هەستاوە بە كڕینى ئۆتۆمبێلێكى جۆرى مۆنیكا بۆ كوڕى ئەو كابرایە و ئێستا لاى دەستى چەپى دایناوە، گەر ناوەكەشى بڵێم نەناسراو نییە لاى گشتمان و كەسێكى رۆژنامەنووسیشە، ئەوەش تا رادەیەك كێشەیەك نییە چونكە دەڵێین كوڕەكان پیاوەتى باوكیان دەدەنەوە! لێ ئەوەى كە شەرمهێنەرە ئەوەیە هەر ئەو (نێچیرەڤان بارزانی)ە ئۆتۆمبێلى چەندان (مێ كێش)* كڕیوە! ئایا ئەمە لە پاى چ پیاوەتیەكە؟!
ناوەڕاستى نەوەدەكان تاكە ئیش و كارێك كە سەركردایەتى پارتى بیكردایە وەك بازرگانى، تەنها كارگەى سەهۆڵ و هەندێ شتى تر بوو، كە وەك ئێستاكە عقودى نەوت و غاز و پڕۆژە و.....نەبوو، لە شارى هەولێردا كە سەركردایەتى پارتى زانى دەكرێت لە وەرزى هاویندا خۆیان لە رووى ماددیەوە و لەسەر حیسابى خەڵك پێبگەیەنن، هەستان بە ناردنە دەرەوەى سەهۆڵ لە سنوورى ژێر دەسەڵاتى خۆیان، بۆ نموونە سەهۆڵیان رەوانەى شارى موسڵ دەكرد، ئەمەش لە پێناو ئەوەى ئەزمەى سەهۆڵ دروست ببێت و نرخى بە جۆرێك بەرزبێتەوە، كە بتوانن تێیدا سودمەند بن چونكە كەسابەتەكەیان لەوەدابوو، خۆ گەر بگەڕێینەوە بۆ راپەڕینى ساڵى 1991 ئەوكاتە دەزانین كە چیان دەكرد و لە پێناو راو و روت ئاگایان لە قەزیەى كوردیش نەمابوو، تەنانەت سەركردایەتى پارتى لەوكاتەدا داواى دەكرد حیزبی بەعس بگەڕێتەوە و ئیدارەى هەرێم بكات! بەڵام پێویست ناكات بگەڕێینەوە بۆ ئەودەم و ئێستا ئەوەى كە گرنگە ئەو مۆنۆپۆڵكردنەى بازاڕ و بازرگانیەیە لە لایەن بنەماڵەى بارزانیەوە كە خۆیان ناویان لێناوە بازاڕى ئازاد، لێرەدا شتێكم وەبیرهاتەوە كە هاوڕێیەكم وتى: "چوینە ئەنجومەنى وەزیران بۆ هێنانى كارگەیەكى ئەلكترۆنى، پێیان وتین ئەو كارگەیە تەنها كاك نێچیرەڤان بۆى هەیە بیهێنێت نەك ئێوە"! هەریەك لە مەسرور و نیهاد و نێچیرەڤان و ......باقیەكەى ترى نەوەكانى بارزانى ئەمڕۆكە خاوەنى چەندان كۆمپانیان و هێندەى ئاگایان لە كارە بازرگانیەكانى خۆیانە هێندە ئاگایان لە مەسەلە چارەنوسسازەكانى ئەم میللەتە نییە، وەك كەسێكى نزیك خۆیان كە شەریكە لەگەڵ نیهاد و مەسرور پێى وتم "من زۆرجار چومەتە ماڵیان تەنانەت سەیرى كەناڵێكى كوردیش ناكەن، كە هێندەى متابەعەى كەناڵە ئابوریەكان دەكەن، ئەوەى بڵێى مەسەلەى حیزبی و نەتەوەیى ئەوان بەلایدا ناچن"!!! بێگومان شۆڕشگێڕكانى دوێنێ و بازرگانەكانى ئەمڕۆیان لێ دەرچووە.
* (مێكێش) دەستەواژەى بەڕێز كاك عەلى سیرینیە لەبرى وشەباوەكەى ناو كۆمەڵگاى كوردى
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست