داعش- فاشیستی پێترۆڵی-
Tuesday, 14/10/2014, 12:00
2371 بینراوە
فاشیەکان وەک حەربا- ،چالاکانە پێستی باوی سەردەم ئەپۆشن، لە سەدەی ڕبوردودا، لە ڕوسیاو چین و ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کۆریای باشور، لەژێر دەمامکی سۆشیالیزم دا، میللەتانی ئەو ووڵاتانەیان بەدەردێک برد..ئێستەش ئاسەوارەکانی نەسڕاونەتەوە. لە تورکیا جزمەی کەمالیەکان،نمونەیەکی زیندوە، لە ووڵاتانی عەرەبیش،گاهێ بە ناوی بەعسیزم وجارێ بەناوی ناسریەوە..میللەتانی ئەو ووڵاتانەیان تووشی کوشتن وبڕینو کاولکاری کرد.
فاشیزمی نویی نەوتی ڕۆژهەڵاتی، -حەملەی ئیمانی- کە لەکۆتایی سەدەی ڕابوردودا،لەلایەن هەندێ سەرکردەی عروبەوە پیادە کرا، قۆزتەوەو وەک هێزێکی ئیماندار دژی خۆیان واتەنی سەلیبیەکان، بێئیمانەکان وجوو- خۆی نمایش کرد. تاوانە گەورەکانی سەدام، دوایش بێ موبالاتی غەرب بەرامبەر بەهاری عەرەبی-، زەویەکی بە پیت بوون بۆتۆکمە کردنی بازوی گروپەکانیان. بە پێی مۆدێلی سەردەم هێزە عوروبی وکۆنە پارێزو شۆفینیستەکان، لە بۆدەقەیەکدا خۆیان ڕیکخست، بەعسیەکانی عێراق، دەستە شۆڤینیە عروبیەکان، لەژێر ئاڵای ڕەشی باوی ئیسلام دا، ترسناکترین، دڕندەترین ، سیستەمی فاشیستیان پێک هینا کە داعش-ە.ئەم هێزە بە ماوەیەکی کەم، توانی کەسانێکی زۆر لەژێر پەرچەمی ئیسلامدا کۆبکاتەوە..گەنجانی مێشک شۆراو، فەنەتیک ونەخۆش، سایکۆپاس، دۆڕاوی فیکری، لە-چیچان وئەندەنوسیاو ئەمەریکاو ئەوروپا-وەپەیوەستیان بوون. پشتگوێ خستنی شۆڕگێرە عیلمانیەکانی سوریا، ستەم لێکردن و هەڵاوێردەکردن ودورخستنەوەی سونەی عێراق، لەلایەن حوکمی بێ ئەزمون وکورت بینی شیعەوە بەسەرۆکایەتی مالیکی-، زۆرتین خوێنی ڕژانە ماکینەکەی داعش-ەوە.
ووڵاتانی پان عروبییەی وەک سعودیەو قەتەر،بە مەبەستی دژایەتی کردنی شیعە، تورکیای کەمالیست لە ژێر چارشێوی سوننەگەرایی ، بە هیوای زیندوکردنەوەی- ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی-...بە توندی گرتیانە خۆیان وبە چەک وپارە سەخاوەتیان بەسەردا باران. لەماوەیەکی کەمدا ڕەقە-ی سوریان کردە پێگەی بەهێزی خۆیان، دوای داگیر کردنی زۆربەی کێڵگە نەوتیەکانی سوریا، دەوڵەمەنترین ڕێکخراوی تیرۆرستی وفاشیستی نەوتی پێکهێنرا.
کوێخای بارزان، کە حوکمی هەرێمی کوردستانی باشور ئەکات. ئەڵبەتە بەیارمەتی هەندی حیزبۆکەی خێزانی تریش، نەیتوانی وەیان نەیویست حەکیمانە، کێشەکانی هەرێم لە گەڵ بەغداد دا.بە شێوەیەکی شارستانیانە وبە گوێرەی ئەو دەستورەی کە ڕێککەوتون لەسەری چارەسەر بکات. لەم سەروبەرەدا (کەدیار بوو خەریکی کوڵانددنی چشتێکە) بارزانی بە توندی هەڕەشەی لە مالیکی کردووتی: با مالیکی بزانێت بەم زوانە هەواڵی گورچکبڕ ئەبیسێت، دوایی پەشیمانی دادی نادات.پێشتر بارزانی لە گەڵ بەعسیەکان بە فەرماندەی عیزەت دوری-و- ڕەغد سەدام حوسەین-و سەرۆک عەشرەتە سونیەکان، تارق هاشمی دا کۆببووەوە، بە ئاگاداری وموبارەکەی تورکیاو سعودیەو قەتەر، بڕیاری خۆیان واتەنی ڕزگارکردنی دەڤەری سوونە نشینیان دا، مەسعود بارزانی دوای ئەم کەین وبەینە، ناردی بەشوێن نەوشیروان موستەفا-دا(ڕۆیشتنی نەوشیروان بۆسەری ڕەش، بە تەنهاو بێ دەستەی پارێزگاری، گلەوگازندەی زۆری لێکەوتەوە.) بارزانی ئەوی لە تەواو سینارێۆکە ئاگادار کرد، دیارە ئەمیش بە غەیر پیرۆزبایی شتێکی دیکەی بۆ ووتن پێ نەبوو!.
ئەم دوو سەرکردە، هیچ ئەزمونێکیان لە هێنانی پاسداران بۆسەر هەڵەبجەوهێنانی سوپای سەدام بۆ سەر هەولێر ،وەرنەگرتبوو. بە عسیەکان وایان لەبارزانی گەیاندبوو، کە داعش بەشێکە لە هێزی سوننەو گوێڕایەڵی ئەمانە. ئەمان تەنها مەبەستیان ڕزگارکردنی سوننەنشینەکانە، کوردیس قازانج ئەکات!، کێشەی کەرکوک ومادەی١٤٠جێبەجێ ئەکرێت!..دڵنیابە داعش شەڕی کورد ناکات!..بۆیە هەر لە گەڵ یەکەم چەخماخەی گرتنی موسڵەوە، شکان وئابڕوچونی سوپای عێراق، بەچێهێشتنی پێشکەوتوترین چەک بۆداعش، بەخێراێی پێشڕەوکردنیان بۆ دەڤەری سوننە نشینەکانی تر.ماکینەی ڕاگەیاندنەکانی پاری- بسکەی سمێڵیان-ئەهات، بارزانی خۆی زۆر بە کەیفەوە ووتی: نامەوێت لەمەولا کەس باسی مادەی ١٤٠ بکات..تەواو جێبە جێ کرا..ئیتر ئێمە عێراق دراوسیمان نییە، بەڵكو دەوڵەتی ئیسلام-ییە!.ئە مە لەکاتێک دابوو، کە ماکینەی فاشیستی داعش، دەمێک بوو بەردەوام بوو لە هێرش وپەلامارەکانی بۆسەر کوردانی ڕۆژئاوا.کەچی بارزانی مێشێک میوانی نەبوو، هەتا بەگژا چونەوەوشەڕکردنی پێشمەرگە لەدەڤەری گەرمەسێروجەلەولا، بە هەڵەو موزایەدەی نیشتیمانی ئەزانی. زۆری نەبرد، پاش خۆ بەهێز کردن وجێپێگیرکردنی داعش لە موسڵ، زۆردڕندانە پەلاماری شەنگاڵ وزوممار-ی دا، هەزار پیاوەکەی بارزانی ومشەخۆرەکانیان، بە دەردی سوپاکەی مالیکی غاریاندا، بە سەدەها ژن ومنداڵی یەزیدیان لە بەردەم شمشێری داعش دا بەجێهێشت، بەجۆرێک قەتڵوعامکران مەگەر قەتڵوعامی ئەرمەن-یەکان، وەک ئەم کارەساتە گەورەبوبێت. بە جیاوازی نێوان-سوارەی حەمیدییە-ی ئەو دەمە ،کە زۆربەیان کورد بوون، لە گەڵ ئەم سوارەی حەمیدیە-ی نوێ، کە بەپارەی نەوتی هەژارانی ئەم هەرێمە ، کە بارزانی تاڵانفرۆشی تورکییای کەمالیست ئەکات،بۆقڕکردنی کوردان بەڕێوە ئەچێت.
بارزانی وهەزار پیاوەکەیی وموریدەکانی، بەرگەی چەند سەعاتێکیشیان نەگرت، وێرانکردن وکوشتاری یەزیدیەکان. بە سەبایا- بردن وفرۆشتنی کچان وژنانی یەزیدی، پەڵەیەکی ڕەشی تری خیانەتی بارزانییە.
گەر بۆردومانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی نەبوایە، ئاڵای ڕەشی داعش نە ک لە هەولێر بەڵکو لە سەری ڕەشیش دەشەکایەوە.
ئەم پاشقولی سوننەیە، ئەم پیمان شکاندننە، لە عورفی عەشایریدا زۆر ئەستەمە. بۆیە بارزانی زۆر نیگەران ودڵشکاو بوو..لەلایەک سەرانی سوننە پەیمانەکانیان درۆبوو. لەلایەکی تریش گەرچی بارزانی تورکییای بە هاوپەیمان ودۆستی دلسۆز ئەزانی،لە مێژ بوو نەوتی کوردستانی خستبوە ژێر ڕەحمەتیەوە، کۆمپانیە بێشومارەکانی خەریکی هەڵلوشینی سامانەکانی تری هەرێم بوون. کەچی بەهانایەوە نەهات.
وەک چۆن لە دوای ڕاپەڕین ،لە کوردستانی باشور ،ڕژێمی سەدام دام ودەزگا حکومیەکانی پێچایەوە، هەرێمی بێ ئیدارە بەجێ هێشت. ئاواش دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا،زۆری نەبرد حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، ئیدارەکانی لە ناوچە کوردیەکان کشانەوە..کوردانیش هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە سێ کانتۆنیان بۆ ئیدارەکردنی ناوچەکە پێکهێنا،کانتۆنی جەزیرە-لە ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خۆرئاوا.) .کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوا. وەهەروەها کانتۆنی- کۆبانێ- لە نێوان هەردوکیان.دیارە سنوری باکوری کانتۆنەکان بە دێژایی هەزاران کیلۆمەتر بە سنوری تورکیاوەیە.هەر لەدەست پێکی ئەم کانتۆنانەوە کەوتونەتە بەر هێرشی بەردەوامی داعش-.لە لایەک ، ڕفتاری دوژمنانەو بایکۆتی بارزانی لەلایەکی ترەوە.لای هەموان ئاشکرایە..کە چۆن دەروازەکانی بە ڕوی کوردانی قامیشلۆدا داخست.
مەرامی داعش و تورکیای فاشیست، سیستەمەعوروبیەکان،بە م جۆرەیە : لە باربردنی خەونی کورد بۆ بڕیاردانی چارەی خۆنوسین بە دەستی خۆی، ئەویش بە داگیر کردن وبە کۆیلە کردنی کوردان. کردنەوەی سنوری تورکیا بۆ ئاسان تاڵانکردنی نەوتی سوریاو عێراق ڕاستەوخۆو بە ئاسانی بۆ تورکیا ،ئەویش بە سڕینەوەی کانتۆنەکان ئەبیت.
دوای تەگەرە تێکەوتنی هەناردەی غازی ڕووسی، بە هۆی کێشەی ئۆکرانیاوە، کەمبونەوەی بەرهەم هێنان وهەناردەکردنی، هەلێکی زێڕنە بۆ سعودیەوووڵاتانی کەنداو، کە بە خێرایی وبە هەرزان لە خاکی سوریاوە بە چاودێری وپارێزگاری کردنی داعش، بۆریە غازەکانیان لە رێگەی تورکیاوە بگەیەننە جیهان.
لە کاتی سەرکەوتنی داعش دا(کە بەدڵنیایەوە ئەم خەونە نایەتەدی) .ئەوە نەک هەر گەورەترین کارەساتی ڕۆژئاوای کوردستان ئەبێت، بەڵکو داعش بە هێزو وورەی زۆرەوە پەلاماری کوردستانی باشوریش ئەدات..ئەم زەنگە ترسناکەو ئەم مەترسیە گەورەیە، پارتی ویەکێتی نە هەژاندوە، زۆر بێباکانە خەریکی درۆ فیشاڵن، هەردوێنی دەم سپی هەردولایان، زۆر بێ ئابڕوانە،بێ شەرمانە، لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە بێجگە لە یارمەتی مرۆیی،فیشەک وچەکمان بۆ براکانی ڕۆژئاوا ناردوە!!..گاڵتەجاڕی وبێ ئەرزش گرتنی عەقڵی تاکی کورد نەبێت ..پێم ناڵێن ئەم درۆشاخدارانە چیتر ئەگەیەنێت؟؟.
ئەوە مانگێکە کچان وکوڕانی کورد لە کۆبانێ-گەورەترین داستانی فیداکاری وخۆڕاگری تۆمار ئەکەن، نە قەڵەم ئەتوانێت تەعبیر لە هەست وویژدانی ویژدانداران بکات، نە زمان ئەتوانێت ناخی دەرون دەربڕێت..عەزم ووورە لەبەردەم هیمەتی ئەم شەڕڤانانەدا چۆکی داداوە، ئاگری ویست وئیرادەیان، زەمەنێکی تری سەروەری نوێ ، کە تائێستا مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەیدیوە تۆمار ئەکات. ئەمە ئیتر مێژویەکی تازەی کوردە، مێژوی بەتاڵ بوونەوەی میزڵدانە خۆفشکەورەوەو دۆنکیشۆتە کانی شاخە، کەسەدەیەکە لە کوردستانی باشور، ئاسۆیی بینینی هەژارانی ئەم گەلەیان پێ لێڵ کردوە.ئەوە شەڕڤانانی کچان وکوڕانی کۆبانێن، وانەی نەبەزین وقارەمانێتی بە جیهان دائەدەن، ئەوە بۆ یەکەم جارەلە مێژووی ستەمدیدەکانی کوردا، شۆڕەکچانی کورد لە کۆبانێ-ئەبنەوەبە کچانی ئەمازۆن-و هەموشۆڕشەکانی مرۆڤایەتی چۆکیان بۆدائەدەن.
شەڕڤانانی کچ...ئەی پۆڵای کچە شەڕڤان : وا چی گیڤارا- ئەبینم، بە کۆڵەپشتەکەیەوە لەلاتانە، -ڕۆزا لۆکسمبورگ-پەرستاری بریندارەکانتانە، تۆزو پرچی خوێناویتان پاک ئەکاتەوە، -خاڵە شەهاب-هاواری کەم بژی و کەڵ بژی-تان لێ ئەکات، -کاک ئارام چاویلکەکەی کردۆتە چاوی یەکێکتان وکڵاشینکۆفەکەی کردۆتە شانی پڵنگێکی ترتان، -کاک فوئاد سوڵتانی خەریکی سەنگەرلێدانە بۆتان...ئێوە تەنها نین...ئێوە بیلبیلەی چاوی هەموستەمدیدەو هەژاران وماف پێشێلکراوی کوردن..ئێوە ویژدانی هەمو ئازادیخوازانی جیهانن. ئێوە مەشخەڵ هەلگری دونیایەکی نوێن..ئێوە خۆری دنیایی سەربەستن.