دەڵێم بمرم
Monday, 08/10/2012, 12:00
دەڵێم بمرم ئیدى نەبینم كەكورد
بۆ دوژمنان گەورەیان ببێ بە پرد
دەڵێم بمرم ئیدى نەبینم جارێ
كەكوردستان ئاگرى شەڕى لێ بارێ
دەڵێم بمرم ئیدى نەبینم جوانێ
بەتەنیاى بەجێمابێ لە ژوانێ
شۆڕەسوارى بەرەو شەڕگە برا بێ
یا لە زیندان بەدارەوە كرا بێ
دەڵێم بمرم ئیدى نەبینم گوڵێ
جەلادێك بێ و دڕكى رۆكا لە دڵێ
دەڵێم بمرم من لەداخى دەردە كورد
شێتى كردم بێدەماخى دەردە كورد
لەدنیادا هەمووگەیشتن بە هیوا
كەچى كوردان بە هیوانەبەهیوا
لەبۆ یەكتر گورگ وپڵنگ و شێرن
لەهەركوێبن چاك بەیەكدى دەوێرن
لەبۆ دوژمن مەقاش وشولك وداشن
قەت ناگۆڕێن لەیەك تیرەو قوماشن
دەڵێم بمرم لەداخى پوڵپەرستان
لە داخ دزو ماڵى میللەت لە دەستان
لەداخى وەى دەبێتە گورەو سەردار
كەچى نابێ هەرگیز بەدارى بەردار
زڕدەردەچێبۆ گەلى خۆى زڕ دەبێ
كەچى لەئاست نەڕەى دوژمن كڕدەبێ
دەڵێم بمرم ئیدى نەبینم كەوا
گەورە بكەن كارى بەدو ناڕەوا
دەڵێم بمرم پشت لەجوانى دنیا كەم
لەگۆڕێكا خۆم لە زندو جیا كەم
زندو شێتى پوڵ وپارەو سامانن
لە رێزى ژیان نەگەیشتون ونازانن
لە ئازادى و یەكسانیدا زۆر گێلن
تروسكەیەك بۆ یەكترى ناهێلن
دەڵێم بمرم چى دى نەچمە مەیخانە
نەبینمەوە ساقى وبادەو پەیمانە
دوركەومەوە لەپاشقولى ئەم خەڵكە
كەچاكیشیان گەلێ جاران بێكەڵكە
نەبینمەوەبزەى درۆى بەمەبەست
نەگوشمەوە دڕك وداڵى لەپى دەست
بڕۆم دنیا بەجێبێڵم بەجارێ
دانەنیشم لە ئاوایى وهیچ شارێ
لەگۆڕێكا پشت بكەمە هەمووتان
خۆ دەرباز كەم لە كردەوەولەخوتان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست