کەکرە
Friday, 15/03/2013, 12:00
ئەگەر ناچارم کەن لە نێوان خراپ و خراپتر و خراپترین کامیان هەڵبژێرم بە ناچاریە دڵ نەخوازی خراپ هەڵدەبژێرم. بە پێچەوانە ئەگەر بڵێن تۆ ئازادی لە نێوان باش و باشتر و باشترین یەکیان بدەیە بەر دڵی خۆت و هەڵیگری بێ گومان بە بێ یەکودوو کردن باشترین هەڵدەبژێرم.
دەگەڕێمەوە سەر مێژوی ئامریکا و سوورپێستەکانی ئامریکا. ئەو ئامریکایەی کە هی سوورپێستەکان بوو لە چەنگیان دەرگێنان، دوو هۆی سەرەکی سوورپێستەکانی بە چۆک داهێنا. برسیەتی کە ئامریکی توانی سەرچاوەی بژیوی سوورپێستەکان بوو وردەوردە بن بڕی بکا و بە کوشتنی سەدان و هەزاران بۆفالۆ (ناوی کوردییەکەی نازانم!) توانی کارێکی وا بکا چادرچیغیان راماڵن و روو لە شارەکان بکەن. نەدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و پێگەی مرۆڤایەتی وای لێکردن زۆرینەیان گیرۆدەی ئەڵکۆڵ و مادەی سڕکەرەکان بن.
هۆی دووهەم کە ئەمڕۆکە بەسەر کوردیش هاتووە ئەوەیە کە بەرپرسانی سیاسی و نیزامی ئەوکات دەیانگوت سورپێستی چاک سورپێستی مردووە و ئەوەی هەیە بۆ کوشتن دەبێ.
رووداوەکانی دڵتەزێنی ساڵەکانی ١٣٤٦ هەتا ١٣٤٧ (1967/1968 زایینی) ئەوکاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە رۆژهەڵاتی وڵات خاوەنی دوولایەنە، لایەنی ناڕوون و لێڵ، لایەنی ئاشکرا و دیار. (بە داخەوە مێژووی ٧٠ ساڵی رابوردووی کورد لە رۆژهەڵات لایەنی شاراوەی زیاترە هەتا لایەنی ئاشکرا. بۆ وێنە، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد "ژ.ک."، سەفەری قازی موحەممەد و هاوڕێیانی بۆ ئازەربایجان و ئارشیوی کۆماری مەهاباد و ...و...)
زەدوبەندی سیاسی و ئابووری وای بە سەر مەلا مستەفا بارزانی هێنا کە بە رۆژی روون و ئاشکرا شەهید سولێمان موعینی (فایەق) و هاوسەنگەرەکانی رادەستی ئێران بکەنەوە. ئەوەی کە بە زیندویی رادەست کرانەوە، یا بە فێڵ و تەڵەکە شەهید کران، ئەمن ئاگادار نیم و باش نازانم. ئەوەی لای من گرینگە ئەو رۆژە رەشەیە کە لە چوارچرای مەهاباد (ئەو شۆنەی کە پێشەوایان لێ لە دار دا) خەڵک دەستە دەستە هاتبونە تەماشا و بێدەنگ و لە تەختی دڵەوە دەگریان بە ساڵا چووەکان ئەوکات بەغیرەتتر بون بە دەنگی بڵند هۆڵهۆڵ دەگریان و فرمێسکیان هەڵدەوەراند!
دەیانگوت:
"پێشەواش هەر لێرە لە داردرا و ئەوڕۆش رۆڵەی کورد هەر لێرە هەڵاواسراوە. ئەوە چۆن رێگوزەرێکە بۆ نەتەوەی کورد دیاری کراوە. (بە داخەوە هاوحیزبیەکانی ئەوڕۆی بە رواڵەت لایەنگری چینی زەحمەتکێش کێبەرکێ دەکەن بۆ دیداری کوڕی شای ئێران لە وڵاتانی دەرەوە و لە هەمان حاڵدا نێونرکە لە یەکتر دەکەن)
من ناڵێم مەلا مستەفای بارزانی کارێکی باشی کردووە، رەنگە بڵێن سیاسەت وای هێنا، بەرژەوەندی وای کرد و سەدان قسەی دیکە، بەڵام هەر کەس باوەڕ بە دوژمن بکا ئاوای بە سەر دێ کە ساڵی ١٩٧٥ ی زایینی بە سەر کوردیان هێنا بە تەواوی شای ئێران و سەددام یەکتریان لە ئامێز نەگرتبو کە ئاش بەتاڵ راگەیاندرا! مێژوی کورد وەکی مێژوی هەمو گەلان هەم تاڵە هەم شیرین، بەڵام ئێمە دەرسی لێ وەرناگرین و گەلانی دیکەش دەرسی لێ وەردەگرن.
دەڵێن قسە قسەی دێنێ، زەمانی مەلا مستەفا ئاوا دەرباز بو، ئەوڕۆکە چی؟ ئەوڕۆکە وەکی سورپێستەکانی ئامریکام لێ هاتووە. کوردی چاک و کوردی خراپ! کوردی چاک ئەو کوردەیە کە لە کۆی سەنجەق رۆنیشێ و مانگانە پارەی خۆی وەربگرێ. کوردی چاک ئەو کوردەیە کە لە زڕکوێزەڵە، گوێزان بشکێنێ و مانگانە موچەی خۆی بسوا. کوردی چاک ئەو کوردەیە کە چوار وەرزی ساڵ شەختە لێی دابێو هەر رۆژێک گەڵایەکی هەڵوەرێ تا وشک دەبێ!
ئەگەر مەلا مستەفا هەڵەی کردوە، ئەدی کوا مەسعودی کوڕی وێڕای کوا جەلال تاڵەبانی ئەوە نییە ماوەی ٣٣ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامییهکان لە ئێران جوڵانەوەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانی چۆن توشی قەیرانێکی وای کردون کە بە هیچ شێوەیەک جووڵەیان پێ ناکرێ و متەقیان پێ کراوە! ئەوە نییە لە قسەی زەبەلاح و ئاکاری کورد نەخوازانە چییان لە چەنگ نایە، باشە بۆ کەس لە سەرۆکی هەرێم ناپرسێ ئەو ئاڵایەی کە بە دوای خۆت دادەگێڕی لە ئێران و تورکیە و عێڕاق و سوریە کەس لێت وەرناگرێ؟ نەکا تۆش پێت وایە کوردی چاک و کوردی خراپ هەیە؟
بەڵام پێم وایە کوردێک کە خۆی بۆ و بنەماڵەکەت بە کوشت بدا کوردی چاکە، گوتمان لە خوای زیاد بێ سەرۆکمان لە بەغدا سەرۆک کۆمارە، ئەوە نییە خەڵک دەڵێن. خۆزگەم بە کفن دزی هەوەڵ، بەیانیان بە ترس لە خەو رادەبم. دەڵێن هێزی دیجلە هات! نا نەهات! بەڵێ لە نزیک کەرکوکە و...و...گڕوکفی یاوەر ملباریکیش لە جێی خۆی. یەوەی دەیڵێی ناگوترێتەوە و یەک قسەی تازەی پێ نییە. ئامریکا چی بە سەر سورپێستەکانی خاوەن ئامریکا هێناوە، چی وای کەمتر نییە لە وەی کە بەسەر کوردی دێنێ. ئەردۆغانی ئەندامی ناتۆ، کۆماری ئیسلامی، بەغدا، سوریە و هەروەها دیکتاتۆڕی خۆماڵی هان دەدا کە ئیللاوبیللا مەسعود و جەلال کوردی چاکن و ئەوانی دیکەش وەکی کەکرە وان! راستی و ناڕاستی ئەو سیاسەتە وە ئەستۆی کوردی زانا و هوشیارە.
ئەو کوردەی کە ئەوینەوانی نەتەوەکەی بێ و بەرژەوەندی خاک و نیشتمانی ئاوێنەی ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی بکا.
جەعفەر کەریمی
تۆرکۆ، فینلاند
15.03.2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست