ئوردوگان سیاسەتوانێكی چەواشەكارو ئەكتەرێكى ئاژاوە گێڕە
Friday, 18/06/2010, 12:00
لە دوای ساڵى (2008)ەوە ڕەوتی پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو ئیسرائیل گرژىو ئاڵۆزی بەخۆوە بینى، تا ئێستاش پەیوەندیەكان ناو بەناو لە هەڵكشان و داكشاندان، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە دەوڵەتی توركیا دژ بە سیاسەتە بكوژەكەی ئیسرائیلە كە دەرهەق بە گەلی غەزە دەیكات، ئوردوگان بە سیفەتی مرۆڤ دۆستی و وە بە ناوی كاروانى ئازادییەوە سیاسەتە چەپەڵەكانی خۆی بۆ ڕای گشتی نیشان دەدات، كە گوایە خودی ئوردوگان خۆی بە داكۆكیكاری غەزەییەكان دەزانێتو بەشداری ئازارو ئەندێشەكانیانە. ئەم جۆرە داكۆكی كردنە لە خۆیدا سەرچاوەكەی تەنیا سیاسەتێكی چەواشەیەو هیچى تر، پێشی وایە جیهانو كۆمەڵگای نێو نەتەوەیی ئافەرینی لێ دەكات، بە پێچەوانەی ئەوەوە كە ئۆردوگان خۆیو وڵاتەكەی لە هەمان كێشەیەكی وەهادان كە گەلێكى وەكو كوردو ئەرمەن و چەركەس و لاس سەركوت دەكەن، ئەوەی ئۆردوگان دەیكات بە ناوی لابردنی گەمارۆ لەسەر غەزە وە بە كەشتی گەلی كاروانی ئازادیەوە، تەنیا بەدڵى حەسەن نەسروڵڵاو ڕێكخراوى حەماسە هەندێ لەو وڵاتانى تریش بە دروشمەكانی ئۆردۆگان خۆشحاڵنو بە پێشەوایەكى جیهادی ناوی دەبەن، زۆریش لە چاودێرانی سیاسی ئەو ڕاستیە باش دەرك پێ دەكەنو كە ئۆردوگان گەر ئەو فرمێسكانەى بۆ غەززە دەیڕێژێت ئەى بۆ ئاوڕ لە خەڵكەكەى و پۆلیسە هارەكانى خۆی ناداتەوە، چ تاوانتێكى ڕەشەكوژى ئەنجام دەدەن لە شارە كوردیەكانی باكوردا، شكاندنى دەستى منداڵ، شەهیدكردنى منداڵى یەك ساڵە، بۆمباباران، ئەشكەنجەو زیندان ئایا ئەمەش غەزەیەكى تر نییە كە خودى حكومەتەكەى ئەردۆغان دەیكات؟ هەر بۆیە سیناریۆو سیاسەتە پڕ لە نهێنیو شاراوەكانی زیاتر ئاشكرایەو ڕۆژگاریش ئەم حەقیقەتە بە بەڵگەوە دەخاتە ڕوو لە ئایندەیەكى نزیكدا، ئاشكرایە دەوڵەتی توركیاو ئیسرائیل لە كوشتنو بڕیندا جیاوازیەكی ئەوتۆیان نیە، ئەگەر ئیسرائیل خەڵًكی سڤیلو بێ گوناح بكوژێ، توركیاش دەكوژێ، گەر ئیسرائیل مناڵان زیندان بكاتو بیانكاتە قوربانی سیاسەتی چەپەڵى خۆی، توركیاش هەمان شت ئەو كارە دەكات، گەر ئیسرائیل هێرشی ناڕەوا بكات بە ئاگرو ئاسن دەرهەق بە گەلی غەززە، توركیاش دەرهەق بە گەلی كورد بگرە خراپتریش دەستی خۆی دەوەشێنێ، گەر ئیسرائیل غەززە بۆردومان بكات، فڕۆكەكانی توركیاش دەیان ناوچەی كوردنشینیان بۆردومان كردووەو دەستی نەپاراستووە، بەڵام مایەی گاڵتە جاڕییە كاتێ ئۆردوگان (لە داڤوس) تووڕە دەبێت لە سەرۆكی ئیسرائیل كە پێی دەڵێ بە ڕاستی ئێوە بكوژن، ئەی گوایە خۆی بكوژ نیە، لەم دوایەشدا لە هێرشی سەر كەشتی گەلی ئاشتی جارێكی تر پەیوەندیەكانی نێوان ئیسرائیلو توركیا ئاڵۆزیەكی بەهێزترى بە خۆوە دى و لە ئەنجامدا ڕەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرتو كاردانەوەی توندی گرتەبەر لەسەر ئەو پەلامارەی ئیسرائیلو بە جینۆساید لە قەڵەمیدا، دەپرسین تۆ بە بیانووی ڕاوەدونانی گەریلاكانی پژاكو پەكەكەوە ڕۆژانە تۆپ باران كردن، بۆردومان كردنی ناوچە سنووریەكانی قەندیل، داگیر كردنی باشوری كوردستان، كوشتنی خەڵكی بێ گوناهو سوتاندنی گوندەكانی باشوری كوردستان بە قاتو قڕ كردنی سەروەتو سامانی خەڵكی جینۆساید نیە؟ پاشان پرسیار لە ئۆردوگان دەكەین ئەم جۆرە سیاسەتە چیەو؟حیكمەتەكەى لە چیدا دەبینێتەوە ؟ كە ئێستا هێندە تووڕەیە لە ئیسرائیلو ڕەخنەی توند لەو وڵاتە دەگرێ كە چەندین ساڵە هاوپەیمانیەكی قوڵى لەگەڵدا هەیە چ لە ڕووی سەربازیو سیاسیو ئابووریەوە، كەوابوو گەر تۆ بە ڕاستی دژایەتی ئیسرائیل دەكەی لە خۆتەوە دەست پێ بكەو دەست هەڵگرە لەو سیاسەتە چەپەڵەى كە بە تەرمی مرۆڤەكانەوە بازرگانی پێ دەكەیت.، پاشانیش بە تەواوی ئەو هاوپەیمانیە كە لە مێژە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووتانە كۆتایى پێ بهێنە، دەنا چیتر بە سیاسەتێكی پڕ لە شەرمەزاریو چەواشەكاری خۆت گیف مەكەرەوە لە كارێك كە لە بنەڕەتدا رسواییە، دەبێ ئۆردوگان ئەو ڕاستیەش بزانێت بەشێك لە چاودێرانی سیاسی عەرەب هێندە گەمژەو گێل نین، تا لە سیاسەتەكانی ئۆردوگان نەگەن، كە بۆ خۆی دەوڵەتی توركیا لە گێژاوی كێشەیەكدایە بەستراوە بە ناوخۆی دەوڵەتی توركیاوە، ئەو كێشەیەش گەلی كوردە كە توركیا كۆمەڵ كوژیان دەكات، كەوابوو توركیا هەرگیز ناتوانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی بە پێشەنگی كاروانی ئازادیو دەوڵًەتێكی میهرەبانو خەمخۆری گەلێكی تر بێت. مادام خۆشی خاوەن سیستەمێكی پڕ لە زوڵمو ستەمەو گەلێكی بیست ملیۆنی وەك كورد دەكوژێو دەبڕێ، باشتر وایە ئۆردوگان یەكەمجار لە خۆیەوە دەست پێ بكات ڕەخنە لەو دەسەڵاتە خوێن خۆرەی خۆی بگرێت و بە خۆیدا بچێتەوە نەك ئیسرائیل. دەبێت ئۆردوگان ڕێز بۆ شەرعیەتی گەلێكی وەك كورد دابنێتو خۆی لەبیر نەچێت لە سەرچاوەشدا ئەو هیچی لە ئیسرائیل كەمتر نیە دەرهەق بە گەلی كورد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست