بێكەس حەمەد قادر:. سكرتێرى كۆمیتەى ناوەندى پارتى نیشتمانى كوردستان PNK تاكو ئێمە دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكى كارامان نەبێت ناتوانین بڵین وڵاتێك�

Friday, 05/02/2010, 12:00


سەبارەت بە ساڵیادى دامەزراندنى پارتى نیشتمانى كوردستان PNK بە پێویستمانزانى لە رێگەى پەیامى بێكەس حەمەد قادر سكرتێرى كۆمیتەى ناوەندى پارتى نیشتمانى كوردستان PNK، وەكو هەڵسوڕێنەرى ئەم حزبە، رای بەڕێزیان وەربگرین دەربارەى رەوشى سیاسى ناوەخۆى حزب و باشوورى كوردستان ئەمیش بەمشێوەیە بۆ كورد هاتە دووان. سازادنى/ سارى حەسەن

كورد :. لە 1ى شوبات پازدە ساڵ بەسەر دامەزراندى پارتى نیشتمانى كوردستان PNK تێپەڕ دەبێت، بەم بۆنەوە چى دەڵێت ؟
بێكەس حەمەد قادر :. سەرەتا بەبۆنەى پازدەساڵەى دامەزراندنى پارتمان پارتى نیشتمانى كوردستان PNK گەرمترین پیرۆزبایى لە خۆمان و لە هاوڕێیانمان بە گشتى دەكەین، هەر بەمبۆنەیەوە سڵاو بۆ هەموو لایەك دەنێرین، سڵاو لە خۆڕاگریان و بڕواى پتەویان بە پارتەكەیان كە توانیان بەرگەى ئەو هەموو فشارانە بگرن كە لە ماوەى رابردوو لەسەر پارتمان هەبوو كە توانیان ئەو قۆناغە شلێگێڕانەببڕن و لەو تەنگەژانەى دەهاتنە بەردەم پارتمان دەربازیان كرد و ئەمڕۆ بە شانازیەوە یادى سەروەریەكانمان دەكەینەوە.
كورد :. رەوشى پارتى نیشتمانى كوردستان PNK لە ئێستادا چۆن دەبینن ؟
بێكەس حەمەد قادر :. رەوشى ناوەخۆى پارتمان لە رووى رێكخستن و پەیوەندییەكان و راگەیاندن تا رادیەكى باش زۆر باشە و لە رووى رێكخستنەوە بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و دەتوانم بڵێم بە تایبەت لەدواى كۆنفرانسى سێیەمى پارتمان لە هەموو روویەك بەرەو پێشەوە چووە و لە رووى رێكخستنەوە لە هەموو كاتێك تۆكمە ترە و خودان فیكر و ئایدەلۆژیاى خۆیەتى و وەك خۆشتان ئاگاداربوون پێشتر پارتمان چەندین فشارى لەسەر بوو بەڵام بە پشوو درێژى و ورەى بەرزى كادر و ئەندامان قۆناغە سەختەكانمان بڕین و ئێستا سەربەستانە و ئازادانە كار و چاڵاكى خۆمان دەكەین و ئومێد دەكەین لە ئایندەدا ئەو گرفت و تەگەرانەى تا ئێستا ماون حكومەتى كوردستان وەكو هەموو لایەنە سیاسیەكان لە ئێمەش بڕوانێ و چونكە چۆن ئێمە ئەركمانە داكۆكى و بەرگرى لە وڵاتى خۆمان بكەین لەبەرامبەریشدا مافى خۆمانە كە بە شێوەیەكى یاسایى داواى مافەكانمان بكەین چونكە خەڵكى ئێمەش خەڵكێكن تێكۆشاون و هەمیشە لە بەرەى نیشتمانى گەلى خۆماندابوونە.
كورد :. رەوشى سیاسى ئەمڕۆى باشوورى كوردستان چۆن دەبینن؟
بێكەس حەمەد قادر :. باشوورى كوردستان لە رووى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى پێشڤەچوونى زۆرى بەخۆبینیوە و ئێستا هەموو لایەك بە تایبەت داگیركەران ناتوانن دان بەو ئەمرە واقیعەى باشوورى كوردستان نەنێن كە دونیا ئێستا ناتوانێ هیچ پرسێك لە رۆژهەڵاتى ناوین چارەسەربكات گەر حیسابى جدى بۆ كورد نەكات، بەڵام ناشكرێت هێشتا بڵێن كە هەڕەشە لەسەر تەجرەبەى باشوورى كوردستان نیە، گەر تەماشا بكەین حكومەتى عێراقى هەر رۆژە و بە بیانۆیەك كێشە بۆ باشوورى كوردستان درووست دەكات و چەندین كێشە و گرفتى گەورە هەن كە تاكو ئێستا نەتوانراوە چارەسەرى بنەڕەتیان بۆ بكرێت لە سەروى هەمووشیانەوە جێ بە جێ نەكردنى ماددەى 140 و نەگەڕانەوەى ناوچە كێشە لەسەرەكان كە خاكى كوردستانن كە دیارە دوژمن و داگیركەرانى كوردستان هێشتا لە بۆسەدان بۆ سەرنەگرتنى یان جێ بە جێ نەبوونى ماددەى 140 كە ماددەیەكى دەستوریشە وە لە لایەكى دى ئەو گەندەڵیەیى كە باشوورى كوردستانى تەنیوەتەوە ئەگەر پێشى لێ نەگیرێ و چارەسەر نەكرێ ئەوەش هەڕشەیەكى ترە بۆیە ئەركە هەموو لایەنە سیاسیەكان بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە تێكۆشان درێژە پێ بدەن.
كورد :. هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق چۆن دەبینن ؟
بێكەس حەمەد قادر :. لە دواى كەوتنى سەدام و روخانى دەوڵەتى عێراق لەبەر نەخوێندنەوەى واقیعى عێراق و نەزانینى ئەمریكا عێراق دەبینین كە هێشتا عێراق بۆنى خوێنى لێ دێت، ئەو عێراقەى هەموو لایەك دەیەوێ بە پینەو پەڕۆ یەكێتى خاكى عێراق بپارێزێ ئەوە گەلێ زەحمەتە و ئەو عێراقەش بە دەیان هەڵبژاردنى تر خۆى لەسەر پێ ناگرێ تاكو خوێندنەوەیەكى واقیعیانە بۆ ئەم دەوڵەتە نەكرێت و چارەسەرى بنەڕەتى كێشەكان نەكرێت بە تایبەتى كێشەى هەر گەورەى عێراق دۆزى رەواى كوردستانە كە نۆهەت ساڵە بە زۆر باشوورى كوردستان بەو عێراقە دەستكردە لكێندراوە و دەبێ بەر لە هەموو شتێك گەلى كوردستان بە مافەكانى خۆى بگات و ئێنجا لەوێوە دەتوانین بڵێن هەوڵى ئەوە بدرێ كە عێراق بە دیموكراسى بكرێت لاى هەموو لایەكیش روون و ئاشكرایە تا شەڕ و ئاژاوە لە عێراق هەبێ بەرژوەندى دەركى پارێزراوە دەبێ، كە عێراق ئاشتى و ئارامى بەخۆوە دیت ئەوە بە ئاسانى ئەو دەوڵەتە لێك و پێك هەڵدەوشێتەوە.
كورد:. پێتانوایە هەڵبژاردنى ئەمجارەى عێراق چۆن دەبێت ؟
بێكەس حەمەد قادر :. هەڵبژاردنى ئەمجارە جیاوازترە لە هەڵبژاردنەكانى پێشوو چونكە هەم فرە لیستى هەیە هەم تۆ دەنگ بە كەسەكان دەدەى، بۆیە پێموایە هاوڵاتى ئازادە كام كەس یان كام لیست بە شیاو دەزانى دەنگى بۆ بدات گەرچى هەندێ لایەن فرە لیستى بە كارێكى باش نازانن بۆ ئەم قۆناغە بەڵام خۆ دەكرێ لەو سەر یەك هەڵوێستى هەبێ چونكە ئەگەر ئەمجارە گەلى كوردستان بەشداریەكى كارا نەكات لە هەڵبژاردنەكان لەوانەیە كورد ئەو دەنگ و قورساییەى جارانى نەمێنێت وەك دەبینین عەقلیەتى عەرەبى عیراقى هیچ گۆڕانێكى بەسەردا نەهاتووە و بێ منەتى دەستەڵاتى كوردستانیش لە هەڵبژاردنەكانى كوردستان دڵى گەلێك حزب و لایەنى رەنجاند و بینیمان لەو بێ منەتیە دەستەڵات لەچاو هەڵبژاردنەكانى رابردوو تووشى چ شكستێك هات بۆیە بۆ هەڵبژاردنى عیراق دەبێ هەموو لایەك مرونەت بنوێنێ وەكو یەك تیم كار بكەین تاكو دەنگى كورد جگە لە لایەنى كوردى هیچ لایەك قانزانجى لێ نەكات چونكە هێشتا تەجرەبەكەمان هەڕەشەى لەسەرە و كێشەكانمان لەگەڵ حكومەتى عێراقى یەكلایى نەبوونەوە .
كورد:. بۆچى حزبە چەپەكانى كوردستان هەوڵنادەن لە بەرەیەك یان لە یەكێتیەك كۆببنەوە ؟
بێكەس حەمەد قادر :. ئەو پرسیارە قسە زۆر هەڵدەگرێت، هەژدە ساڵە چەپەكان خەریكن لەبەرەیەك بەڵام هەمیشە بەربەست دەێنە پێش و شكست دێنى، چونكە چەپەكان ئەوەندى خەریكى شتى لاوەكین ناتوانن بتوانن جەماوەرى چەپ یان خەڵكى چەپ لە دەورى خۆیان كۆبكەنەوە لە هەڵبژاردنى رابردووى كوردستان حەوت حزبى چەپى كوردستانى لە هاوپەیمانەتیەكدا تاونیان بە یەك لیست بەشدارى هەڵبژاردن بكەن لەبەر ئەوەى خیتابێكى روونمان نەبوو تووشى ئەو شكستە گەورەیە بووین كە هەموو لایەكى تووشى شۆك كرد ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان لەگەڵ چەند حزبێك لە راوێژداین بۆ ئەوەى بتوانین هەموومان لەبەرەیەك خۆمان ببینیەوە هیوادارم ئەمجارەش بە دەردى جاران نەچى، چونكە دوورى چەپ لە یەكدى خەڵكى دیكە دێت و بۆشاییەكە پڕدەكاتەوە.
كورد :. پارتى نیشتمانى كوردستان PNK تاكو ئێستا بە فەرمى بارەگا ناكاتەوە هۆكارەكەى چییە ؟
بێكەس حەمەد قادر :. دیارە پارتمان لە رووى رێكخستنەوە لە هەموو شار و شارۆچكەكانى كوردستان پێگە و رێكخستنى خۆى هەیە و كار و چاڵاكى خۆى دەكات ئەگەرچى ئێمە هەندێك گرفتى یاسایكان هەبوو گەرچى ئێستا گرفتەكان كە نەماون بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا حكومەتى كوردستان مامەڵەى یاسایمان لەگەڵ ناكات و وەك حزبەكانى تر لە رووى بوددجە و مافەكانى تر كە مافێكى سروشتى خۆمانە كە ئێمەش حزبێكى سیاسین و ئەو هەڵسوكەوتەى لەگەڵ ئێمە دەكرێت بۆ تەجرەبەى دیموكراسى باشوور و سەروەرى یاسا یەك ناگرێتەوە، چونكە بۆ سێ ساڵ دەچێت تاكە حزبى كوردستانین بەبێ بوودجە و بێ هیچ هاوكاریەك كاروبارەكانى خۆمان بەڕێوەدەبین و بەشدارى چاڵاكانەشمان لە هەڵبچاردنەكان ئەوەى بۆ هەموو لایەك سەلماند تا ئەو رادەیە جیاوازى بكرێت هیوادارین جكومەتى كوردستان كە حكومەتى هەمووانە لە ئەرك و ماف جیاوازى نەكات.
كورد:. دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەمیشە باس لەوە دەكەن كە گەندەڵى هەیە و هەڕەشەیەكى گەورەیە،ئێوە ئەو رەوشە چۆن دەبینن ؟
بێكەس حەمەد قادر :. گەندەڵى هەیە و كەسیش نكۆڵى لێ ناكات چارەسەرى ئەو كێشەیەش هەروا ئاسان نیە و رەگى داكوتاوە بۆیە بەڕاى ئێمە ئەو كێشەیە بە یاسا چارەسەر دەبێ، چونكە گەندەڵى هەموو شتێكى تەنیوەتەوە بۆ ئەوەى تاكو ئەو وڵاتە بە دامەرزاوەیى نەكرێت و سیستەمێك نەبێت و وەك ئەوەى كە ئێستا دەیبینین هەیمەنى حیزب باڵى بەسەر هەموو شتێك كێشاوە تا ئێستا هەموو شتێك لەم وڵاتە بە فەرمانى حیزب بەڕیوەدەچێت بۆیە تا هیمەنەى حیزب لە حكومەت دوورنەكەینەوە واتە حیزب و حكومەت هەردوولا كارى خۆیان بكەن نەك وەك ئەوەى ئێستا هەیە كە تێك هەڵكێشێكبووە كە كاتێكى زۆرى دەوێت ئەو دوو شتە لێكتر جیابكەینەوە، چونكە ناكرێ دەسەڵاتێكى یاسا دانانى گەورە مەبەستم پەرلەمانى كوردستانە فەرمان لە حیزب وەربگرێت و پرۆژەى لە حزبەوە بۆ بێت و ئەو تەنها دەستى بۆ بەرز بكاتەوە، بۆیە دەبێ دەسەڵاتەكانى یاسادانان و جێ بە جێ كردن و دادوەرى لە سیستەم رێكنەخرێ كارى خۆى نەكات ناتوانین بنبڕى گەندەڵى بگەین ئەگەرچى هەموو وڵاتێك لە قۆناغى رزگارى نیشتمانى بەو وەزعە رەت بووە بەڵام نەك وەك ئەوەى كە لە كوردستان هەیە چینێك دنیایەك سەرمایەى كۆكردۆتەوە و چینێكیش لەوپەڕى هەژارى بژین.
كورد :. ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان چۆن دەبینن ؟
بێكەس حەمەد قادر :. ئۆپۆزسیۆن گەر وەكو ئۆپۆزسیۆن سەیر بكەین، هێشتا دەسەڵاتى كوردستان وەك دەسەڵاتێك بەسیستەم و دامەزراوە بەڕێوە ناچێ بەڵكو وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئێمە تاكو ئێستا نە دەسەڵاتمان وەكو دەسەتڵاتە نە ئۆپۆزسیۆنیشمان وەكو ئۆپۆزسیۆنە ئەو ئۆپۆزسیۆنەى كە ئێستا هەیە ئەوە لە نێو هەناوى حزبەكان سەریهەڵداوە و تاڕادەیەكیش توانى دەنگە شەقامى كوردى مسۆگەر بكات بۆیە ئەگەر تەماشا دەكەى لە نێو خودى پەرلەمانیش ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنە ئەوەندى خەریكى لێدانى حزبى بەرامبەرە خەریكى كار و پڕۆژەى خۆى نیە، بەداخەوە دەیڵێم تاكو ئێمە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكى كارامان نەبێت وەڕا و راى جیاوازى یەكتر قبووڵ نەكەین و بە چاوى دوژمن سەیرى یەكتر بكەین ناتوانین وڵاتى خۆمان پێش بخەین، بۆیە ئەركى هەموو لایەكە لە پێناو بەرەوە پێشبردن و قوڵكردنەوەى دیموكراسیەت كار و خەباتى خۆمان بكەین نەك بۆ شكاندن و یەكتر لە ئەرزدان ململانێ بكەین بۆیە دەتوانم بڵێم سەرەتایەكى باش دەستپێكردووە و لە كوردستان خەریكە دەستەڵات لە رێگاى سندووقى هەڵبژاردن دەستاو دەست دەكا، بۆیە ئەركى دەستەڵاتە بەچاوى هاوكار و هاوبەش تەماشاى ئۆپۆزسیۆن بكا ئەركى ئۆپۆزسیۆنیشە بەچاوى دەستەڵاتێكى خۆمانە سەیرى دەسەڵاتى كوردستان بكات بە رەخنە و پێشنیارى بنیادنەرانە و بە پرۆژەى چاكسازى كاربكات كە لەوێوە هەموو شتەكان لە بەرژەوەندى گشتى دەشكێنەوە كە هەر ئەوەشە تەجرەبەكەمان بەرەو پێشەوە دەبات.
كورد :. پەیوەندیتان لەگەڵ حزب و لایەنەكان چۆنە ؟
بێكەس حەمەد قادر :. پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان جگە لە (بەرەى توركمانى) پەیوەندیەكى تەندروستە و چ پارتەكانى باشوورى كوردستان چ پارتەكانى بزاڤى رزگارى خوازى كوردستان لە پارچەكانى دى پەیوەندیەكى دۆستانەى پتەوە و پێشمانوایە یەكڕیزى و تەبایى نێوان لایەنەكان لە خزمەت تەجرەبەى گەلى كوردستانە و هەر ئەوەشە تەجرەبەكەمان بەرەو پێش دەبات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە