ململانێی دوو باڵەکەی پارتی بە کوێ دەگات
Friday, 25/10/2013, 12:00
1485 بینراوە
ماوەیەکی زۆرە خەڵک باسی لە تەکەتول وخزمخزمێنە وکێشمەکێشی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانیی دەکات ودەهۆڵیان لێدەدات ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ مانی ئەم حیزبە بە یەکگرتوویی بە تایبەت دوای نەخۆشێکەی تاڵەبانی وئاوابوونی لە سەر گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەگەرچی ئەم حیزبە لەو کاتەی پەیدابووە تاکوو ئێستا وەکوو سێ باڵ خۆی نواندووە وپیشانداوە.
ئەم دەرد ونەخۆشییە کوشندەیە وەنەبێ لە کوردستاندا دیاردەیەکی نوێ بێت وتەنها یەکێتی پێوەی ئاڵابێت وبەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەڵکوو لە مێژووی پارتیشدا زۆر جار ڕوویداوە ولەت وپەت ولاوازی کردووە وبەسلبی ونەگەتیف کاری لە سەر شۆرش وخەباتی ئازادیخوازیەکەی هەبووە. نموونەش دوو باڵی جەلالی ومەلاییە. لێرەش نامانەوێت باس لە کاردانەوەی ئەو کارەساتە بکەین وپەردە لە سەر شاراوەکان هەڵدەین وجارێکیتر برینەکان بکولینێنەوە.
باس لە درزێکی گەورە لە ناو دوو باڵە گەورەکەی ئێستای ناو پارتی دەکەین کە ماوەیەکە سەریهەڵداوە، ڕۆژ بەرۆژ خەریکە پەرە دەستێنێت ووگەورەتر دەبێت. ئێستا لای کەس شاراوە نییە کە باڵێک بەسەرۆکایەتی مەسرووری بەرزانی کوتلەیەکی بەهێزی دژ بە نێچیرڤانی ئامۆزای دروستکردووە بە هەڵۆکان ناسراوە ولە هەموو مەیدانەکانا ڕکایەتی وبەربەرەکانی دەکات. نێچیربەرزانی وێنەی باوک وباپیری خستۆتە پشت سەر مەسرووریش وێنەی باوک وباپێری خۆی، ئەگەرچی ئەو کارەی نێچیر لە عورف ویاساوە دوورە وداننەنانە بە سەرۆکایەتی مەسعود. ئێستا بە ئاشکرا باس لە فڵانە کەس دەکرێت کە سەر بە نێچیرە وفڵان وفڵان لایەنگیری مەسروورن، لابردنی فازل میرانی کە سەر بەباڵەکەی نێچیرە وەکوو سەرۆکی لیستی پارتی لە دوا هەڵبژاردندا وگۆڕینی بە یەکێک لە لایەنگرانی مەسرور، هەر وەها پیلانگێڕی دژ بەیەک وبۆ ئیحراجکردن وشکاندنی یەکتر کە زۆرجار بە دزی وبەئاشکرا دژ بەیەک ئەنجامی دەدەن کە هەندێکی زانراو وهەندێکیان شاراوەن وهێشتا ئاشکرا نەبوون، ئەو دووکەڵە ڕەشەی خەریکە لەچیاکانی سەریڕەش بەرزبۆتەوە مژدەی تەقینەوەیەکی چاوەڕوانکراوی گەورەمان پێدەبەخشیت، داستان وئەفسانەی حوکمی بنەماڵە ویەکگرتنیان تێکدەدات . مەسروور بە یارمەتی باوکی وچاوسوورکردنەوە وترساندن تاکوو ڕادەیەکی باش پایەیەکی باشی بۆ خۆ بنیاتناوە، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نێچیریش نە نوستووە وکار لە سەر وەرەقەی دەوڵەتە ئیقلیمیەکان دەکات بەتایبەت تورکیا وئێران، کەواتە سیاسەت دژ بە هێز، هەروەها بابەتی نەوت کە بە وەرەقەیەکی جۆکەر لە قەڵەمدەدرێت. ئەوەی ئێستا ڕێگای لە تەقینەوە گەورەکە گرتووە تەنها بوون ومانی مەسعودبەرزانییە کە ئەمەش ئەگەرێکی کاتییە وکەمێ کاتی تەقینەوەکە دوادەخات.