سەرۆكى حكومەت بەخێربێیت بۆ هەڵەبجەى شەهید !!!
Monday, 04/03/2013, 12:00
فراوانخوازى حیزب لە سەر ئاستى گشتى ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو فراوانتر دەچێت و چى تر پرۆسەیەك یان پڕۆژەیەك نەماوە كە دەستى حیزبى تیا نەبێت حكومەت بە شێوەیەك تێكەڵى حیزب بوە كاتێ بۆ ئیشێك سەردانى دامەزراوەییەك دەكەیت نازانى بارەگاى حیزبە یان دامەزراوەى حكومى ئەمە بە تەواوەتى لە سنورى زەرد زۆر گەورە بوە وەك ئەو سەرەتانەى كە زەحمەت بێت چارەسەر بكرێت بە تایبەت پارتى كە خەریكە بە تەواوەتى هەموو جومگە ئابوریەكان و دەسەڵاتى سیاسى قۆرخ دەكات لە بەرامبەر بێدەنگ بونى یەكێتیدا و وە بە پرۆسەى بە كارتۆنى كردنى یەكێتى , ئەم تێكەڵ بونەى حیزب و حكومەت ئاراستەیەكى ترى وەرگرتوە بەرەو دۆخى حیزبى ئابورى و داگیركارى ئابورى دەڕوات بە مانا فراوانەكەى گۆڕانى حیزبى دەسەڵات بۆ حیزبى كومپانیایى گەورە كە تەنها لەسەر بەرژەوەندى ئابورى بیر لە بەڕێوەبردنى وڵات بكاتەوە بە جۆرێك هەر ناوچەیەك دابەش بكرێت بەسەر زۆنى نەوت و بەركەوتەى نەوتیدا بێ لەبەرچاو گرتنى داتایەك لەسەر بنەماى ڕێژەى دانیشتوان و ڕێژەى كاولكارى قوربانى دان ڕێژەى بێكارى و ئاستى بژێوى تاك و خێزان .
هەمومان دەزانین دەشتى شارەزور بەیەك جار كاولكرا و بە تایبەت هەڵەبجە كە چۆن بوتە دۆسیەیەكى جیهانى كە دەكرێت لە ناو بودجەى گشتیدا حسابى تایبەتى هەبێت بە لە بەرچاوگرتنى پێوەرەكانى ئەم ناوچەیە و حكومڕانى و دەسەڵاتى جێ بە جێ كردن و چەندین ساڵە خەڵكى شارەزور و بە تایبەت هەڵەبجە هاوار دەكەن و خۆپیشاندان دەكەن و گاریگەریەكانى كیمیابارانكردن تا ئێستاش بەردەوامە بەڵام دەسەڵات تەنها لە یەك هەفتەدا بیرى هەڵەبجەى دەكەوێتەوە كە سەرەڕاى ئەمەش وەك پێویستى خۆى پڕۆژەى بۆ نەكراوە ئەگەر كرابێتیش لە ئاست ئەو بودجەیەدا نەبوە كە بە هەدەر دەدرێ ..با بپرسین بۆچى سەرۆكى حكومەت ئەم ساڵ زۆرترین پڕۆژەى پێشكەش بە هەڵەبجە كرد..؟
دواى ئیمزا كردنى گرێبەستێك لە نێوان كۆمپانیاى گاز پڕۆمى نەوتى ڕوسى بۆ ئەوەى ببێتە خاوەنى 80% نەوتى بلۆكى هەڵبجە كە لە 80% بۆ كۆمپانیاكە و 20% بۆ حكومەتى هەرێمە كە تا ئێستا ڕون نیە ئایا لەم پشكە نەوتە پترۆدۆلار بۆ هەڵەبجە دیارى دەكرێت یان نا..؟
ئەمە لە كاتێكدایە كە 80 بۆ 100 ملیۆن تۆن نەوتى تێدایە ئەمە بۆ خۆى ئەو هۆكارە بوو كە سەرۆكى حكومەت پێش یادى كیمیابارانى هەڵەبجە سەردانى هەڵەبجە بكات كە ئەم سەردانە و ئەو بەڵێنانە هیچ پەیوەندیەكى بە كارەساتى كیمیابارانكردن و ئەو یادەوەرییەوە نیە هێندەى پەیوەندى بە لایەنى ئابورى و نەوتەوە هەیە كە بەڵینەكانى سەرۆكى حكومەت بۆ خۆى ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە بەڵینى جێبەجێكردنى 88 پڕۆژە دەدات بۆ هەڵەبجە كە دەكرێت بپرسین ئەى بۆ پێشتر ئەم بەڵێنانەتان نەداوە لە ئاستى جێبەجێكردندا ..؟
ئەمە بۆ خۆى دیاردەیەكى ترسناكە كە حكومەت ببێتە نوێنەرى كۆمپانیایەكى گەورە تا بڕیارى پڕۆژە بداتە شوێنیك كە نەوتى تێدا دۆزراوەتەوە كە پێشتر وەك پێویست كارى بۆ نەكراوە و پەراوێز خراوە بۆ ئەوەى بتوانێت ڕەزامەندى خەڵكى هەڵەبجە وەربگرێ دێت بەڵینى جێبەحێكردنى 88 پڕۆژە دەدات كە جۆرێكە لە خۆدزینەوە لە پترۆدۆلار و نمایشكردنى نمایندەى كۆمپانیایى گازپڕۆمى ڕوسى كە دەكاتە ئەوەى بڵێن دەكرێت پێوەرەكان بۆ جێ بەجێكردنى پڕۆژەكان لەسەر ئاستى حكومى پلان بۆدڕێژراو بێت بە پێوەرى تایبەتى دراسەكراو كە دەبوایە بۆ شارەزور و بە تایبەت بۆ هەڵەبجە ساڵانە پڕۆژەى تایبەتى هەبوایە نەك هەڵەبجەى پێش نەوتى پەراوێزخراو جیاوازى ئەرز و ئاسمان بێت لەگەڵ هەڵەبجەى دواى نەوت كە دەكرێت بڵێن ...بەخێر بێیت نوێنەرى كۆمپانیاى نەوتى گاز پڕۆمى بەڕێز (فادیم یاكلۆف لۆڤ) بۆ هەڵەبجە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست