کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو سەرکردە کوردە کێیە ، زانستى سیاسى پەیڕەو کردوە!!...

Sunday, 03/02/2013, 12:00







جۆرج بێردۆ پێى وایە پەیوەندى زانستى سیاسى و زانستە کۆمەڵایەتیەکانى تر ،جۆرێک لە تەموژى پێوە دیارە.خەسڵەتى هەریەک لەم مادانە جۆرێک لە قڵپبونەوە بەسەر مادەى ئەویتردا دەستەبەردەکات.
بەواتاى جیاکردنەوە و دیواربەندى نابینرێت لەنێوان زانستى سیاسى و زانستە کۆمەڵایەتیەکانى دى.
بەنمونە بیرۆکەى دەسەڵاتى کەمینە (ئۆلیگاریشى) لە نێو حیزبە سیاسیەکاندا لاى ڕۆبەرتۆ میشال کەمینە دەبنە سەردەستەى حیزب و پێشڕەوایەتى دەکەن ، هەرچەندە ئەو حیزبانە ناوەروک و دروشمى بەرزکراوەیان باوەڕبون بێت بە پایەکانى دیموکراسى.کارى رۆژانەى ئەم جۆرە حیزبانە دروستکەرى سەرکردایەتیەکى بێ هێز ئاراستەکەرى هەموان دەبێت ، سەپاندنى سیاسەتى تایبەت بەکەمینە بەسەر زۆرینە دێنێتە بەرهەم.
لەبرى ئەوەى میکانیزمى بیروکراتى ببێتە وەسیلە لاى کەمینەى دەست ڕۆشتو دەبێتە ئامانج. ئیدى ڕۆژ لە دواى ڕۆژ حیزبى سیاسى ئاراستەکراو لەلایەن کەمینەى دەست ڕۆشتو کەنارگیرو دور لە مەترسى بۆ سەر سیستمى کۆمەڵایەتى بارگەى خۆى دەبینێتەوە...
پەیوەندى زانستى سیاسى بە زانستى(ئابورى، کۆمەڵایەتى ،جوگرافى، مێژویى، دەروناسى،دادپەروەرى،دیمۆگرافیا)تیدەپەڕێ و جۆرێک لە پەیوەندى بە زانستى سەربازى و پەیوەندى نێودەوڵەتى و شەڕى ئەستێرەکان لە دەرئەنجامى پێشکەوتنە بەرچاوەکانى تەکنۆلۆژیا دێتەبەرهەم...
بە جۆرێک کارتێکەرو کارلێکەر، دیدێکى بەرفراوان لە دەسەڵاتى ئیدارەدانى دەوڵەت ڕۆڵێکى بەرچاوترو گشتگیرترى لە دروستکردنى سیاسەتى گشتى و ڕاى گشتى بۆ پێکهێنان و دەستەبەرکردنى شەرعیەت و مەشروعیەت پێگەى لە هەرەمى یاساى دەستورى و دەقى یاسا گشتیەکان بەئاسانى دەبینرێت و هەمیشە پێویست وایە کە زانستى سیاسى لە هزرو دیدى پیاوانى سیاسەتمەدارو دەوڵەتدارى باش هەرس کرابێت تا ئەو ئاستەى هەموو زانستە کۆمەڵایەتیەکان و دەستورو دەقە یاساییە گشتیەکان ڕێکخەرى ئەو پەیوەندییە زیندەیى وڕاستەوخۆیە بن بەبەردەوامى...
دیاریکردنى بابەتەکانى زانستى سیاسى نوخبەیەکى لێکۆڵەرەوە لە ئۆنسیکۆى پاریس ساڵى ١٩٤٨ کۆبونەوە بۆ دیاریکردنى بابەتەکانى زانستى سیاسى کە برێتیە لە تیۆرەى سیاسى و مێژو و مەعریفەى سیاسى ، دامودەزگاى سیاسى کەبرێتیە لە دەستور و حکومەتى سەنتراڵ و حکومەتى (هەرێمەکان و ناوخۆییەکان) و ئیدارەدانى گشتى و وەزیفەى ئابورى و کۆمەڵایەتى حکومەت و دام و دەزگا سیاسیەکانى بەراوردکارو هاوشێوە، پارت و ڕێکخراوەکان و ڕاى گشتى، پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان کە خۆى لەسیاسەتى نێو دەوڵەتى و ڕێکخستن و ئیدارەدانى نێو دەوڵەتى دەبینێتەوە.
دیاریکردنى بابەتى زانستى سیاسى خۆى لە زانستى سیاسیدا دەبینێتەوە بەوەى کە زانستى دەوڵەتداریە، بەوەى کە زانستى هێزە، دواجار زانستى سیاسى چۆنیەتى دابەشکردنى دەسەڵاتى بۆ بەهاکان خەمڵاندوە.
زانستى سیاسى زانستە، زانست شوناسى بەرنامەبونە(المنهجیە) نەک بابەتەکەى .بەرنامە ئەو ڕێگەو نەخشەیە کە لێکۆڵەر دەیگرێتەبەر پاش نەخشەڕێژکردنى بۆ گەیشتن بە حەقیقەت یاخود ئەوەى کە خۆى بە حەقیقەتى دەزانێت.دیاردەى سیاسى حەقیقەتى بون بەواقیعە لە دەرئەنجامى بەرنامەو چاودێرى و ئەزمون و تاقیکردنەوە تا بەراوردکارى لە نێوان دیاردەى سروشتى و دیاردەى سیاسى،گەیشتن بۆ داڕشتن و دۆزینەوەى دەقەیاساییەکان و چۆنیەتى کۆنترۆڵکردنى بۆ واقیعى سیاسى.
هەنگاو بەرەو دەسەڵاتى سیاسى پێویستە لە چەمکى دەسەڵات تێبگەین بەوەى کە توانا و هێز چیە؟ تواناو دەسەڵات چیە؟ دەسەڵاتى سیاسى چیە؟!...
بەجۆرێک بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بێ پەروا نابێت پەیوەندى نێوان کۆمەڵگەو دەسەڵات لەبیرو زهنیەتى خۆیان پێویستە نەخشە ڕێگەى بۆ داڕێژن، چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە دەرەوەى کۆمەڵگە نیە ، هیچ کۆمەڵگەیەکیش بەدورو بەبێ دەسەڵات نیە!!...
بزوتنەوەى کۆمەڵایەتى هەمیشە پێشڤەچونى شێوەکانى دەسەڵات لە مانیفیست و مانۆرى بەردەوامى خۆى بێ ڕتوش و بەردەوام پێویستە پێداچونەوەى دەسەڵات بکات، ئایا ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکى ڕاستەوخۆیە؟! یاخود دەسەڵاتێکى بێ ئاگایە؟!... ئایا دەسەڵاتى سیاسى چەسپاو تان و پۆ چنراو کامەیە؟! ئایا ئەەو دەسەڵاتە خاوەنى دام و دەزگاى سیاسى وەبەرهێن و دادپەروەرە؟!....
ماکس ویبر پێى وایەکە جیاوازى لە نێوان تواناو دەسەڵاتدا هەیە بەوەى کە(توانا خەسڵەتێکى بەرچاوە پەیوەندە بە کۆمەڵگە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەکەسایەتى تاکەکانەوە چونکە لەئەگەرى بونى تواناى تاکەکان پەیوەندى و خەسڵەتەکانى بە کۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە .بەڵام دەسەڵات پەیوەندیەکى شێوە فەرمان و تاعەتکردن و شەرعیەت پێدانە ، هەڵقوڵاو لە سیستەمێکى ناوەرۆک سازى دیاریکراو ، لەڕێگەیەوە کۆمەڵە کەسانێک دەبنە کاربەڕێکەر)...
بەڵام لاى جۆرج بیردۆ ئەم جیاکارییە بەدى ناکرێت بۆ شوناسى تواناو دەسەڵات...
زانستى سیاسى لە کوێدا بەرهەم دێت؟!.. لەبونى قەوارەیەکى سیاسى و دادپەروەردا دێتە بەرهەم کە پێى دەوترێت دەوڵەت. توخمەکانى بونى دەوڵەت خاک، گەل، دەسەڵاتێکى خاوەن سەروەرى....
چۆنیەتى بنەماى دروستبونى دەوڵەت دەمانباتەوە بۆ ئەو تیۆرانەى کە دەوڵەت وەک دیاردەیەکى هێز لێ دەڕوانێت وەک ئەوەى کۆمەڵگە سەرەتاییەکان قسەیان لەسەرکردوە، تیۆرەى لیۆن دیگێ بۆ دەوڵەت ، تیۆرەى مارکسیزم و دەوڵەت، دەوڵەت لەلاى ئیبن خەلدون...
لەبەرمبەردا تیۆرەکانى کەباوەڕیان بەوەیە کە دەوڵەت دیاردەیەکى ئیرادیە ، وەک تۆماس هۆپز، جۆن لۆک،جان جاک رۆسۆ...
ڕاى سێهەم تیۆرەى مۆرێس هۆریۆ، یاساناسى فەرەنسى پێى وایە دروستبونى دەوڵەت بە دووقۆناغدا تێپەڕیوە یەکەمیان کارەکتەرى هێز ، دووەم قۆناغ بونى فیکرو هەیکەلێکى ڕێکخراوەیى کۆمەڵایەتى بەرهەمهێنەرى دەوڵەتن.
لەبونى دەوڵەتدا ...پرەنسیپى دیموکراسى وەک چەمکێکى گشتگیر پێویست و مولزەمە بۆ دەستەبەرکردنى سیستمى حوکمڕانى دەوڵەت و جۆرێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دێنێتە بەرهەم.
چەمکى دیموکراسى فرە ڕەهەندە لەڕوى چەمکى لیبراڵ بۆ دیموکراسى،چەمکى مارکسى بۆ دیموکراسى ...
سەرەاى دیموکراسیەت لەنێو حیزبى سیاسى و کاریگەرى بۆسەر گەشەو پەرەپێدانى حیزبى سیاسى و ڕۆڵ و کاریگەرى حیزبى سیاسى لەسەر سیستمى دیموکراسى.
دواجار فەزاى ئۆپۆزسیۆن بون لەسیستمى دیموکراسیدا شوناس و پێگەى یاسایى و وەزیفەکانى ئۆپۆزسیۆن بون پێویستە. بۆ بەرجەستەکردنى دەستاودەسکردنى ئاشتیانەى دەسەڵاتى حوکمڕانى لە هەرکات و شوێنێکدا.
چکاوەى بابەت
مەبەستمە بڵێم سەرانى کورد(بێ جیاوازى) کامەیان فیکرو نەخشەڕێگەى خۆى و حیزب و ڕێکخراوەکەى بەو ئاقارەدا گوزەرى کردوە لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و چاکەى گشتى سیستمى سیاسى بە زانستى سیاسى حوکمڕانى سیاسى ساغڵەمى پەیڕەو کردوە لەتەک زانستەکانى(ئابورى کۆمەڵایەتى، جوگرافى مێژویى دەرونى دیموگرافى) و بەستنەوەى بە سیاسەتى پەیوەندى نێودەوڵەتى و زانستى سەربازى ،هێنانەکایەى پرانسیپى دیموکراسى تیایدا هاوبەشى و فەزاى تەندروست بەرجەستە بکرێت، لەبونى دەیان حیزبى دیموکراسى لیبرال و چەپ و خیتابى ئیسلامى سیاسى باوەڕیان بە سندوقەکانى دەنگدان هەبێت کەهۆکارە بۆ دەرئەنجامى دەستاو دەسکردنى ئاشتیانەى دەسەڵات؟!....



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە