ده سه ڵاتێك بۆ نهمان...!
Thursday, 28/04/2011, 12:00
هەرەس هێنانی دیکتاتۆرەکان" تا هەنوکە بەردەوامە ، لە تونسەوە بۆ میسر و ، لە ئێستایشدا باهۆزەکە لە مەیدانی یەمەن و لیبیا و سوریا دایه، دور نیە پەرە بسێنێ بۆ هەموو زەمینە ستەم لێکراوەکان و حوکمە سەپێنکراوەکانی دنیاو ڕایماڵێت بەم هەرێمەی لەمەڕ خۆشمان..!
گرنگیه كی دی ئەم باهۆزە هەموو پێك هاتەکانی پێکەوە گرێداوە به ئیسلامیەکان و عەلمانیەکانیشه وه ، لە چەپەوە بۆ ڕاست ، پێكڕا کۆبونەتەوە و داوای خواستە ڕه واكانیان دەکەن ،ئه و خواستانه ی دۆخێکی وای ڕەخساندووە هەموویانی پێکەوە لەمەیدانێكدا کۆکردووەتەوە و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، داوای یەکسانی دەکەن ، هەموو پێکەوە"گەورە تا بچوك هەست بە چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافەکانیان دەکەن ، ئەوەی هەنوکە ئەم فرە ڕەنگیەی پێکەوە گرێداوە .
لەم ساتەدا دەبینین لەناوچەکەدا لەحاڵی هەرەس و ڕوخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانە ، جا بۆیە دیکتاتۆرەکان بۆبەرپاراستنی کورسیەکانیان چاوەڕووانی هەموو کارێکی نەخوازراویان لێدەکرێت ، جا بەسەر باز کردنی نیشتیمانەکەیان بێت یان قەڵاچۆ کردنی خەلکی سڤیل ... هتد ...
پارتی و یەکێتی لەهەموو ئانێكدا هەموو ڕێگایەکی توندو تیژی دەگرنەبەر بۆ پاراستنی کۆمپانیا و کورسیەکانیان ، لەم چرکە ساتەدا هیچ زمانێك لەم دوو هێزە چاوەڕووان ناکرێت جگەلە زمانی شەڕ ، خوێن ڕشتن ، گرتن ، تۆقاندن ، هەڵکوتانە سەرماڵان .... زمانێکی تر نیە جێگای هەبێت وجێگای زمانی شەڕ بگرێتەوە ، بۆیە ئەوەی بووە بەهۆی نائارمی هەرێم زاڵبونی نوخبە سەربازیەكەی ئەو دوو حیزبه یه .
ئەو سیناریۆیەی بەسەر باز کردنی سلێمانی پارتی لێی بەدەر نەبوو،بەدەر نەبوو لەوەی بەوەی بەڵتەجیەکانی خۆیانیان دەناردە ناو خۆپێشاندەران و لەوێوە ڕوبەڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە و توندو تیژی دروست بکەن ، نانەوەی توندو تیژی لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش لەلایەکیتر ، تائەوەی بەردەوامی بە سیناریۆیەکانیان بدەن ، بۆئەوەی هەموو هێزی خۆیان بەکار بهێنن بۆ سەرکوت کردنی خۆپێشاندەران .
ئەمەیش کارتێکی گوشاری پارتی بوو لە یەکێتی لەوەی وێنەی سلێمانی نەگوازرێتەوە بۆ هەولێر ، بەداخەوە تا هەنوکە پارتی نە دروشمە دیموکراسیەکەی و نە نوێ بونەوە و دادپەروەری و پێکەوە ژیانەکەی هیچ کام لەم دروشمانە تا هەنوکە تەنها بە تیۆری کاری پێکردووە ، ئەوەیشی بە پراکتیکی کاری پێکردووە تەنها کوشتن و ترساندن و تیرۆر کردن بووە .
سەربازگە کردن تاسەر بەردەوام نابێت ، چونکە سەپاندنی حوکمی بەزۆر و دیکتاتۆری لە ناخی هەر تاکێكدا بورکانێکی توڕە دروست دەکات ، ئەو بورکانەش نە سارد دەبێتەوە و تاسەریش کوڵ نادات ، بەڵکو لە هەر ئان و ساتێکدا بێت دەتەقێتەوە و ئەو تەیمانەی بە دەوریدایە دەسوتێت و لەناو دەچێت.
وەلێ ئەو دیمەنەی هەنوکە لە سلێمانیدا دەبینرێت و دەگوزەرێت هەمان دیمەنی هەولێرە ، هەمان سیناریۆی هەولێرە ، بەهەمان سەرباز ، بەڵام لە بەرگێکیتر ،
ئەوەیشی ئەمڕۆ دەبینرێت بۆ ئارامی کوردستان نیە ، ئەو دیمەنە سەربازیەی ئەمرۆ شارو دێهاتی پۆشیوە بۆ بەرگری کردن نیە لە دەست کەوتەکان ، بەڵکو بۆ بەرگری کردنە لە سامان و کۆمپانیاکانی حیزب ، بۆ هێشتنەوە حوکمی ستەم و سەپێنرا و سیستەمی بنەماڵەیی ، بۆ مانەوە حوکمی هاوشێوەی قەزافیەت .باشترین ئەزموونیش بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی ئەزموونی میسرە ، نەك ئەزموونی ئێستای قەزافی....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست