بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


لوتکەی عیرفانی: خوا نایەوێت گەمەی دەستی ئێوە بێت و دینێکی وا ترسناکی هەبێت

Monday, 25/08/2014, 12:00


گۆرانییەکی"هومای مەستان" کە بە زمانی فارسییە، ژێرنوسی کوردی و ئینگلیزیی بۆ دانراوە. گۆرانییەکە پڕێتی لە وەڵام بۆ پرسیارە فەلسەفییەکان، ئەو پرسیارانەی کە هەنوکە لەم ڕۆژگارەی ئێمە تێیدا دەژین و کۆمەڵێک بایەقوش خۆیان کردۆتە نمایندەی خودا، بەئارەزووی خۆیان تاوان دەکەن و مرۆڤایەتییان خەڵتانی خوێن کردوە. ئەو بەرگ ڕەشانەی هەر دەڵێی خۆیان لە ژن نەبوون و دایکیان نەبووە، لەهەموو جوانییەکی مرۆڤایەتی شۆراونەتەوە. ئەم گۆرانییە کە پڕێتی لە عیرفان و داوا دەکات ئیتر خوا مەکەنە گەمەی دەستی خۆتان، ئێمە خوا دەناسین و خوا نایەوێت خاوەنی دینێکی ئاوا ترسناک بێت.
ئێمە تاکو ئێستا وەک نەتەوە بە ترسەوە باسی چەتەکانی داعش دەکەین، ناوێرین پرسیار لە ئایدۆلۆژیای ئەوانە بکەین و بکەوینە گفتوگۆ کردن, دڵی خۆمان بەوە دەدەینەوە ئەوانە موسڵمان نیین، کەچی ئەوان نەیان شاردۆتەوە کە موسڵمانی ڕاستەقینە دەبێت وەکو ئەوان بێت، هەموو یاساکانی دین لەئەلفەوە تا دێ دەچەسپێنن.

کلیکی ئەو ڤیدیۆیەی خوارەوە بکە:



پاش ئەو هەموو تاوانەی داعش، کە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامیان داوە، دەبینن کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی کوردیش بێدەنگن، هیچ هەڵوێستێکیان نییە، وەک ئەوەی بە گوێماندا رابدێرن کە ئەوانیش لەگەڵ ئەو رەفتارەی داعشدان و پێمان دەڵێن: ئێمە خانە شاراوەکانی داعشین و ئەگەر دەستمان بڕوا و هەر کوردێک بڕوامان پێ نەهێنێت وەک خێڵی حەمەیان لێدەکەین، ئەوەتا یەکێک لە تاوانبارەکانی خێڵی حەمە (دڵشاد گەرمیانی) کە بە بلۆک سەری ئەو پێشمەرگانەی پانکردۆتەوە و دوایی تالەبانی شاردییەوە و ناردی بۆ ئێران، وا ئەمڕۆ لە قسەو  پەیامەکانییدا دەردەکەێت کە داعشێکە و خۆی بۆ ئەو رۆژە هەڵگرتووە، کە قەسابخانەکەی خێڵی حەمە دووبارە بکاتەوە.
ئەم حیزبە ئیسلامیانەی کورد، لە راستییەکە دەگەن، خۆیان بۆ بەخێرهاتنی داعش ئامادەکردووە، داعش تەنها ئاین نییە، بەڵکو ناسیۆنالیستێکی توندڕەوی عەرەبییشە لە ناو ئایندا خۆی نمایش دەکات، فارس و تورک توانیویانە ئاین بۆ خزمەتی نەتەوەکەی خۆیان بگونجێنن، کورد بە پێچەوانەوە ئاینەکەی وەرگرتووە و لە خزمەتی نەتەوەکانی تردا وازیان لە کوردبوونی خۆی هێناوە، عەرەبەکان بە هۆی ئاینی ئیسلامەوە دەیانەوێت خاک و نیشتیمان و ماڵ و ژن و کچی هەموومان داگیربکەن. کوردە یەزیدییەکان تەنها لەبەر ئەوە نییە کە ئاینێکی جیاوازیان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەشە کە عەرەب نیین، ئێستا ئێمە لەکۆمەڵگایەکدا و لەسەردەمێکدا دەژین کە لەسەر بناغەی سایکۆلۆژی دروست دانەمەزراوە، تەنانەت مزگەوت و قوتابخانەو دایک و باوکەکانیشمان بیانوی خۆیان هەیە بۆ پەروەردەکردنمان. ئەمڕۆ هەموومان ئازار دەچێژین بەبێ ئەوەی بتوانین چێژ لەژیان ببینین. ووڵاتەکەی ئێمە پڕ بوە لەمزگەوت ، لە ڕۆژی هەینیدا هەزاران نوێژکەر دەبینیت دەبینی هەموویان خەریکی نوێژو پاڕانەوەن لەخودا ، کەچی لەناخیاندا توندوتیژی ، تۆڵە، پارە ، پلان و ملشکاندن ، حیزبایەتی سەرەتاتکێیان لێ دەکات، بۆیە کاتێک ناکۆکیەک ڕوودەدات، ئیتر بیری چۆتەوە کە ئەو کەسێکی ئیماندارە و نزاکانی خۆی لەیاد کردووە، دێت بەتۆش دەڵی تۆ بۆ نوێژ ناکەیت؟ تۆ بۆ بەڕۆژوو نابیت؟ تەنانەت ئەوان بەرۆکی منداڵەکانیش بەر نادەن و زۆر لەوانیش دەکەن کە ئەرکە دینییەکان فەرامۆش نەکەن.
کاتێک دین دەبێتە خۆشەویستی و ڕاستگۆی، کە تێڕامانی لەگەڵدا بکەیت، ئەو تێڕامانەش دەبێت بە ئاگاییەوە بێت ، بۆیە ئەوەی دەڵێت من کەسێکی دیندارم دەبێت وەک منداڵی لێبێت، چۆن منداڵێک بەدوای پەپولەیەکدا ڕادەکات تا بیگرێت ،چۆن منداڵێک لەدڵەوە دەتریقێتەوە و جیهان پڕدەکات لەپێکەنین. کاتێک مرۆڤ کاک ئەحمەدی شێخ و مەولانە دەخوێنێتەوە هەست دەکات، ئەوانە لەو لوتکەی عیرفانیدا خۆیان نەکردۆتە نمایدەی خوا و بەزۆری زۆرداری داوایان لەکەس نەکردوە ببێتە موسڵمان و دەستبەرداری بێبڕوای بێت.
مەسیح لەخۆیەوە نەیووتوە " بەتەنها ئەوانەی لەمنداڵ دەچن، دەچنە ناو مەلەکووتی خواوە".
لەکاتییەکدا دەبینین داعش دەست بۆ پیرۆزییەکان دەبات و هەموو مەعبە دو شوێنە مێژوویەکان دەتەقێنێتەوە، مێژوومان لەم سەردەمەدا بۆ زیندوو دەکاتەوە، ئێمە هەموومان دەزانین لە میسر ئیسلامی توندڕەو ناحاڵی کتێبخانە مەزنەکەی ئەسکەندەریەی چۆن ئاگر تێبەردا کە هەموو نهێنییەکانی مێژووی ئاگر تێبەردا ، کتێبخانەکە هێندە گەورەبوو تاکو شەش مانگ ئاگرەکە نەکوژایەوە، تاڵەبانییەکان پەیکەرەکەی بودایان لە ئەفغانستان تەقاندەوە، داعشیش بەهەرچی مەعبەدو مزگەوتێک دەگەن دەیتەقێنەوە. دەڵێن کاتێک ئادەمیزاد بەهێز دەبێتە ئیتر خۆی بیر دەچێتەوە و ئاستی تێگەیشتنی لاواز دەبێت تاوان سەر هەڵدەدات، بۆ ئەوەی تاوان ڕەوایەتییەکی پێبدرێت، ئاین دەکاتە باشترین دەرمان بۆ خۆی، زۆربەی ئەم ئیسلامیانەی ئەمڕۆ، لە نەخۆشی دەروونیانەوە بوونەتە ئیسلامێکی توندڕەو، وەکو ئیسلامییەکانی پێش ئەمان نەبوون، کە بە عەقڵ و سۆزەوە لە ئاین و لە مرۆڤ بڕوانن، بۆیە ئەمانە کە لە مێژوودا تاوانیان ئەنجام داوە، دین و ئایەتەکانیان کردۆتە قەڵغانی تاوانەکان و خۆیان کردۆتە نمایندەی خوا. حەقیقەتی ئەمڕۆ بەهەموو ڕەهەندەکانێ و ئەوەمان پێدەڵێت ، کە ئەم هەموو تاوانەی دەکرێت، ئەم هەموو ئەهریمەنە چەک بەدەست و بەرگ ڕەشانە هەڵگری کامە باوەڕن؟



بێینەوە لای گۆرانییەکەی "هومای مەستان" کە گۆرانی یەکە لەچەشنی شۆڕشێکدا خۆی نمایش کردوە ، گوێگرتن لەم گۆرانی یە ، پێمان دەڵێ کورد هونەرمەندی نی یە. ئەگەر هەمانە کوا بۆ ناتوانن یان ناوێرن گورانی یەکی وا بەرهەم بێنن؟
ئێمەدەبێ ئامادەبین ببینە گوێ گری هەر کەسێک کە بەئازایەتی یەوە حەقیقەتمان فێرکات لەهونەرەکەیدا. بەداخەوە ئەوەی ڕاستەو خۆش لەناو تراژیدیاکەدایە هێندە غافڵە لە هزرو ڕۆشبیری و تێڕامان ناتوانێت باس لەئازاری خۆشی بکات.
هەر بۆیە مێژووی ئێمە کە پڕێتی لە کارەسات و ئازار ، ئێمە نەمان توانیوە لەناو ئەو هەموو تراژیدیایە ی بەسەرماندا هاتوە هونەرێکی ئازا لەناوماندا دروست بێت. بەعسییەکان ئەنفالیان کردین ئایەتێکی قورئانیان کردە ڕێرەویان و سیستەماتیک سوتماکی نیشتمانەکەمانیان کرد گوندیان نەهێشت و سەدان هەزار لاشەی کوردیان زیندە بەچاڵ کرد ، هونەر لەدایک نەبوو ، کۆچ وڕەو نەیتوانی هونەر ێکی ئازا لەدایک بێنێت ، کوردەکانی شەنگال تازەترین نمونەیە کە بەدەست هێزێکی بەرگڕەشی بایەقوش جێ بەجێ دەکرێت ، ئێمە نزا دەکەین و دەڵێین ئەوانە موسڵمان نین ، کە چی ئەوەتانێ ئەوانە نایشارنەوە کە موسڵمان و ئەوە ئێمەین کە دەبێت بچینە سەر ڕێبازی ئەوان و تۆ بە بکەین..
تاکی کورد : دەبێت لەو فەوزا ئایدۆلۆژیایە خۆی قوتار کات و ، بیر لە کیانی نیشتمان بکاتەوە.
پرسیارەکە لێرەدایە داخۆ هەموو شتەکانی ئێمە بەهونەرەکەشمانەوە وەک شۆڕش و سیاسەت و بەرگریمان نەزۆکە ؟
تکایە بەچاوی نوقاوەوە گوێ لەم گۆرانی یە بگرە ، مادام تۆ خاوەنی باوەڕی حەقیقەتت بۆ دەر دەکەوێت. بۆ ئەوەی نەبین بەبەشێک لەو یاری یە ، با تۆزێک چێژ لەڕۆحانەتی ئەم گۆرانی یە عیرفانی یە وەرگرین و ئازایەتی پرسیار کردنمان لەلا دروست بێت و دەنگەکەش بەکاماڵی ئیسراحەت تەزوە ڕۆحییەکانت بەگوێدا دەدات. ئەم گۆرانی یە دەوڵەمەنددت دەکات بەڕۆح.
خۆزگەم دەخواست ئەم تێکستە کوردی بوایەو کوردێک بیچڕیایە هەربۆیە، هیوا دارم دوای بڵاو بونەوەی ئەم ووتارە م کاک"بورهان مەجید" تێکستێکی جوانی دەکردە نمایندەی ئەو هەموو تاوانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوەو دێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە