لە كەركوك خوێندن بە زمانى كوردى ، بەرەو كوێ؟
Sunday, 18/10/2009, 12:00
جارێكى دیكە ناچارین بۆ شرۆڤە و راڤەكردنى خەمێكیترى كەركوك و كەركوكییەكان كە بارى دژوارى بوارى پەروەردەو فێركردنەو تیشك خستنەسەر ئەو بارودۆخە نائاسایی و نا لەبارەى كە قوتابییانى كورد لە شارەكەدا دووچارى هاتوون، بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى پرۆسەى لە گۆڕنانى بەعس و رزگاركردنى كەركوك و گەمەى حزبایەتى كە لە ئەنجامى باش یاری نەكردنى لایەنە كوردستانییەكان و نەبوونى پلانێكى واقعییانەى كوردانە، بەتایبەتیش لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارى باشوورى كوردستان و دۆڕاندنى پۆستى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى كەركوك و گرتنەبەرى سیاسەتێكى حزبییانەى وەك ئەوەى هەرێمى كوردستان لەو بوارە هەستیارو چارەنووسسازەدا، بارودۆخەكەى بەجۆرێك شێواندووە كە خەمخۆرانى دەرەوەى جوغزى حزبایەتى و دڵسۆزانى خوێندنى كوردى و بوارى پەروەردەو فێركردن بەگشتى، لەم هەلومەرجەى ئێستادا بكەونە دڵەڕاوكێ و خەمەكانیان زیاتر بێت.
لە رۆژانى رابردوودا هاوارنامەى ژمارەیەك مامۆستاى تازە دامەزراوى كەركوكى لە كەناڵە راگەیاندنەكاندا بڵاوكرایەوە، لە هاوارنامەكەدا هاتبوو: بەڕێوەبەرى پەروەردەى كەركوك غەدرێكى دیكە لە مامۆستایانى كورد لە شارەكەدا دەكات، ئەویش بە ناردنى ئەو مامۆستا كوردە تازە دامەزراوانە بۆ ناوچە عەرەبنشینەكانى وەكو حەویجەو ریازو شوێنەكانیتر، كە ئەمەش وا لەو مامۆستایانە دەكات بەدواى دامەزراندنەكەیاندا نەچنو وازبهێنن!!. هەرچەندە ئێستا دەنگۆى ئەوە هەیە گوایە لە ئەنجامى ناڕەزایى ئەو مامۆستا تازە دامەزراوانە، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى كەركوك لەو بڕیارەى پاشگەز بۆتەوە، بەڵام هێشتا نەچۆتە وارى جێبەجێكردنەوە.
لە ساڵى نوێى خوێندنى (2009-2010)دا، قوتابییانى دەرچووى پۆلى شەشەمى سەرەتایی گەڕەكى (القادسیە)، لەبەر نەبوونى قوتابخانەى ناوەندى بە زمانى كوردى لە گەڕەكەكەیاندا، بەناچارى زۆربەیان روویان كردۆتە ئەو قوتابخانە ناوەندییانەى كە لێیانەوە نزیكن، بەڵام خوێندن تیایاندا بە زمانى عەرەبییە!!، بەمەش جارێكیتر قوتابییانى كوردى كەركوكى بەناچارى روو دەكەنەوە خوێندن بە زمانى عەرەبى. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە گەڕەكى قادسییە چەند شوێنێك هەیە بۆ دروستكردنى قوتابخانەى قۆناخى ناوەندىو دواناوەندى، بەڵام وەكو دایكى قوتابییەك وتى: كێ دروستى بكات؟!. باوكى قوتابییەكیترى گەڕەكەكە وتى: بەڕاستى كوردایەتیمان كردو كەركوكمان رزگار كرد، تازە بەتازە منداڵەكانمان بنێرینەوە قوتابخانە عەرەبییەكان؟!!، بۆیە ناچارم بۆ ئەوەى دواڕۆژى كوڕەكەم نەفەوتێ، یان بگەڕێمەوە ئەو شوێنەى لێیەوە هاتووم، یان بچمە گەڕەكێكى دیكەى كەركوك و بە كرێچێتى بژێم!.
چەندین قوتابى كۆلێژى یاساش، لەبەرئەوەى مامۆستاكانیان هەموو عەرەبن و بابەتەكان بە كوردى راڤەو شرۆڤە ناكەن، بۆیە ئەوانیش بە ناچارى دواى لە دەستچوونى ساڵێكى خوێندنیان گەڕاونەتەوە بۆ كۆلێژى پەروەردە- بەشى زمانى كوردى كە تائێستا دڵنیاش نین لەبەشى زمانى كوردى وەریاندەگرن، یان نا؟!
تا ئێستا بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى كەركوك كە كابرایەكى سەربە بەرەى توركمانییە، بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەلأ بەشى كوردى و مامۆستایانى سەربە هەرێمى كوردستان ناكات و گوێ لە داخوازى و سكاڵاكانیان ناگرێت، بە پاساوى ئەوەى ئەوانە سەربە بەغدا نینو سەربە هەرێمى كوردستانن، تا هەنووكە بەغداش بە فەرمى ئەو مامۆستا گەڕاوانەى وەرنەگرتۆتەوە!!
لە لایەكى دیكەوە لە دەسپێكى ساڵى خوێندنى (2009-2010) دەستەى كارگێڕى پەیمانگاى پێگەباندنى مامۆستایانى كچان لە كەركوك كە لە ساڵى (2005) كرابۆوەو دواى داواكردنى داخستنى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى كەركوكەوە ، بە نووسراوى ژمارە 40603 لە 3/9/2009 لە بەغداوە فەرمانى داخستنى دەرچوو، ئێستا تەنها قوتابییان لە قۆناغى چوارەم وەردەگرن، ئەگەر بە زمانى كوردى بخوێنێت. خۆ ئەگەر بێدەنگى بنوێنرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە بەتەواوى دادەخرێت.
جێگاى خۆیەتى بپرسین: كێ خەمێكى جیددى لە بوارى پەروەردەو فێركردن بەزمانى كوردى لە كەركوكدا دەخوات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست