جووتە شێرەكە بە دوو دەمانچەى تاڵەبانى فش بوونەوە
Wednesday, 04/02/2009, 12:00
1947 بینراوە
لە ناو میللەتى كوردا نەرێتێكى زۆر سوك و ڕیسوا باوە كە ئەتوانم بڵێم قێزەونترین نەریتە باڵەنێى پیاوەتى بە دەیان پلە دێنێتە خوارەوە ئەوەش نەریتى (داواكردن یان دەستپانكردنەوە)یە، كەم كەس هەیە خۆى لەو سیفەتە بواردووە، جا ئەگەر ئەو كەسانەش هەڵگرى پەیامێك بن ئەوە زۆر زیاتریان لەسەر ئەكەوێت، ئەى ئەگەر ئەو كەسانە جێگاى ئومێدى بەشێك لە كۆمەڵگا بن چى دەقەومێت، بێگومان شكست و چۆكدادان لە بەرامبەر ویستى بەرامبەردا، ئەو كاتە هەموو هیواكان دەبنە بڵقى سەر ئاو .
زۆر ئاساییە بابایەكى هەژار دەست بگرێتەوە بۆ خەڵات و بەرات، بەڵام بۆ ڕێبەرانى سیاسیى زۆر مانا لە خۆ دەگرێت، یەك لەو خاڵانە بێ ئیرادەیى خۆى دەسەلمێنێت دووەم سوك بوونیەتى لە بەرچاوى بەرامبەردا سێیەم جاریكى تر ئەو بایەخەى بۆ دانانرێت.
ساڵى 1984 جلال تاڵەبانى و ستافەكەى چونە بەغداد بۆ گفتوگۆ لە سەر چارەنوسى میللەتێك یەكەم ڕۆژ بێ ئیرادەیى و خاڵى لاوازیان كەوتە دەست سەدامى دیكتاتۆر و سەرو دەمانچەى تاریقى پێبەخشین. هەر بۆیە جهلال وەك یادەوەریەك ساڵانە ئەو خەڵاتى دەمانچەیە نوێ دەكاتەوە جارێك بە مسعود و جارێك بە كۆسرەت و ئەم جارە دوو پاڵەوانى ئۆپۆزسیۆن و بۆ ئایندە دوو كاندیدى ئایینى هەڵدەبژێت بۆ ئەو خەڵاتە. زۆر شەرمە دەست پانكردنەوە بۆ خەڵات وبەراتى دوژمن، هەروەها مسعود و نێچیرى برازاى و ستافەكەى بە هەمان شێوە لە ساڵى 1991 دا ئیفلیج كران و هۆقنەى شەڕى براكوژیان لێدرا. هەرچەندە كاكە حمە لە دواى ڕاپەڕین سەركردایەتى دەیان قافڵەى ئۆتۆمبێل و ئامێرو كەرەستەى سەربازى دەكرد و ڕەوانەى ئێرانى دەكردن بۆ بەرژەوەندى خۆى بە تایبەتى و حیزبەكەى بە گشتى و سەروەت و سامانى نیشتمانى لە بن دەرهێنا، بەڵام دواى پەل و لق لێكرنەوەى سۆسیالیست لە لایەن پارتى و یەكێتیەوە حیزبەكەى ئەو پەراوێز خراو جەماوەرى خۆى لە دەست دا و پوكایەوە، ئەتوانم بڵێم لە ڕووى هێزى سەربازییەوە دووەم حیزب بوون لە دواى یەكێتى، لە كۆتایدا و لە شەڕى براكوژیدا خۆى خستە ژێر سێبەرى یەكێتى، یەكێتیش مەمرەو مەژى بێ بەشى نەكردوون لە سامانى دزراوى میللهت.
دواى ڕیسوابونى یەكێتى و پارتى و ناشیرین بوونى دەم وچاوى سەركردەكانیان، بێ ئومیدبوونى جەماوەر لە چاكبوونى ئەو دەسەڵاتە، كاكە حمە و حیزبە بچوكەكان وەك و مرۆڤى نیوە جەستە هاتوونەتە مەیدانى خەبات و ئەیانەوێت گۆڕانكارى بكەن و میللهت لە قەیرانى گەندەڵى ڕزگار بكەن، مرۆڤى نقوم بوو لە دەریادا دەست بۆ كەفى سەر دەریاكە دەبات بۆ ئەوەى خۆى پێبگرێتەوە، بەڵام ئێمەش وامان لێهاتووە بۆ تیماركردنى نەخۆشیمان داوا لە نەخۆش ئەكەین چارەسەرمان بكات، كاكە حمە خۆى سكرتێرە و ئەندامى پەرلەمانە و وەزیرى هەرێمە، ئەگەر سێ پۆستى تر هەبوایە بۆ حیزبەكەى دڵنیام هەر خۆى بوو، کهچی لەگەڵ كاك قادر و دوو هەڤاڵەكەى تر داواى چاكسازیمان بۆ دەكەن. دەجالەكەى بەغدا هەر كات هەڕەشەى نانبڕینى كردن ئەوا ئەوانیش بە ناچارى خۆیان دەكەنەوە بە دیوەخانى كوێخادا و بە سمێڵى چەورەوە دێنە دەرەوە و هەموو بەڵێنەكان كە میللهتیان دابوو دەبنەوە بە كەفى سەر دەریا.
تازە بە تازە حمەى حاجى محمود و قادر عزیز وەك دوو گەنجى هەرزەكار دەمانچە بە دیارى وەرئەگرن، بەیانى و دووبەیانى نۆبەى مامۆستایان جەنابى على باپیر و سەلاحەدینە خەڵات و بەراتى خۆیان وەربگرن. زۆر شەرمە بۆ ئێوە دەست پان دەكەنەوە لە تاڵەبانى ئەبوایە دەمانچەكەتان بكێشایە بە نێوچەوانیدا و داواى گێڕانەوەى سەروەتى دزراوى میللەتتان لێبكردایە. ئێوە كەى موحتاجى دوو دەمانچەن كەى باوى چەك و ئەسڵەحە ماوە؟ ئەوە تەنها لە كلتورى ئەم حیزبە خێڵەكیانە دایە دەمانچە وەرگرتن و بەخشین. جێگرى سكرتێرى ئینتەرناسیۆناڵ سەدام تفى كردوەتە ناو دەمى تەنها بیرى لاى هێزو چەكە، هوتاف و قسەو قسەڵۆكى سەر شاشەكان تەنها با و بژى ناو سكیەتى خاڵى دەكاتەوە، ئەگینا خۆشى بڕواى پێى نییە. هیوام وایە ئیتر خەڵاتى دەمانچە كۆتایى پێبێت.