کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرەتا ... کۆتایی

Sunday, 27/02/2011, 12:00





ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان دەگوزەرێت سەرەتای هۆشیاری گەلە و کۆتایی دەسەڵاتی تۆتالیتاری حیزب و بنەماڵەیە.

دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان کە زادەی قۆناغێکی دیاری کراوی مێژوویی و بارودۆخێکی دیاریکراوی دوای هەڵە گەورەکەی (سەدام حسێن) لە داگیرکردنی کوەیت و دواتر دۆڕانی لە (جەنگی کەنداو)دا، ئەم هەلەی بۆ کورد ڕەخساند کە بە هاوکاری و پاڵپشتی سەدا سەدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەروی هەمووشیانەوە هەریەکە لە وڵاتانی زلهێزی (فەرەنسا و ئەمریکاو بەریتانیا)،ئەویش بە خستنە ڕووی پێشنیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی پاراستنی کورد لە دەست هێرشی فڕۆکەکانی حکومەتی عێڕاق لە دوای کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، ئەوەبوو لە ٧ی نیسانی ١٩٩١ز دا بە بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێگە گیرا لە فڕۆکەکانی حکومەتی عێڕاق بە فڕینیان بە سەر ناوچەێکی دیاری کراوی خاکی کوردستان کە ناسرا بە هێلی ٣٦ ی ناوچەی دژە فڕینno fly zone)) و دواترئەم ناوچەیە لە لایەن فڕۆکە جەنگەیەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و فەرنسا لە بنکەی (ئەنچەرلیکی) تورکیا ئەپارێزرا تاکو ساڵی ١٩٩٨ فەرنسا کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند،بەڵام ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بوون لە کاری خۆیان تاکو ساڵی ٢٠٠٣ دوای پرۆسەی بە ناو ئازادکردنی عێڕاق.
بە سەرنجدان لەم ووشانە لە سەرەتای بابەتەکەمدا ڕەنگە ئەم پرسیارە بێتە بەر دیدە و بیری خوێنەر، ئەرێ ئەم بابەتە چ پەیوەندێکی هەیە بە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان؟ بەڵام خوێنەری ئەزیزم پێویستە هەموومان ئەوە بزانین کە ئەمە پەیوەندێکی ڕیشەیی هەیە بەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان گوزەر دەکات،ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان خۆیان کردوە بە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم ئەزموونە و بەجۆرێک پیشانی گەلی دەدەن کە تەنها و تەنها ئەوان بوون ئەو ئەزموونەیان بۆ گەلی کوردستان فەراهەم کردوە و خەڵکانی ترو دەوڵەتانی تر بێ بەرین لە دروست کردن و پاراستنی ئەم ئەزموونە و هەر دەبێت بەتەنها ئەوان سوودمەند بن لەم دەستکەوتانە و خەڵکی تر وەکو تەماشاکەر بن یان وەکو سواڵکەر لەبەردەرگای ئەوان دەست بگرێتەوە ،بەڵام ئەمە نەک هەر ڕاست نییە بەڵکو پێویستە بپرسین و بڵێین ئاخۆ ئەگەر بریاری ٦٨٨ نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوچەی دژە فرین نەبوایە ئەم ئەزموونە لە دایک ئەبوو و بەم ڕۆژە دەگەیشت؟.
وەڵامەکە ئەگەر بەڵێ بێت ئەوا دەپرسین ئەی لە کاتی کۆڕەوەکەدا و بەر لە بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان کردوە بە پاڵەوان و سەرکردە لە کوێ بوون؟. خۆ ئەگەر وڵامەکەش نەخێربێت،ئەوا هیچ پێویست ناکات دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان پاڵەوانی خۆیان بە خەڵکی کوردستان بفرۆشێنەوە و خۆیان بکەن بە خاوەنی شەهیدان و خەباتی گەلەکەمان،یان خۆیان بکەن بە خاوەنی سامانی سەرزەوەی و ژێرزەوەی کوردستان.
بەڵێ خوێنەری ئەزیزم
ئەم بارودۆخەی دوای جەنگی کوەیت ناسراو بە (جەنگی کەنداو) ئەم هەلەی دا بە کورد کە بتوانێت دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنێت نەک ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان کردوە بە پاڵەوانی سەرکەوتنەکان.بەڵێ و بە هاوکاری دەوڵەتانی زلهێزبوو زەمینە سازی کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستاندا نەک بە لێهاتووی و کارامەی ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان کردوە بە پاڵەوانی گەل.بەڵێ ئەمریکا بوو لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی خۆی لە ناوچەکەدا ئەم هەلەی بە کوردا،کە دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن نەک دامەزراوەی حیزبی بنەماڵەیی و باندی مافیایی و دەزگای سەرکوتکردن و تیرۆر و سیخوری کردن بەسەر گەلەکەیانەوە .
بەڵێ ئەمریکا ڕێگەی خۆشکرد کە لە ١٩/ئایاری ١٩٩٢ دا هەلبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت لە پێناو دامەزراندنی دەزگای دەوڵەتێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی، بەڵام مەخابن ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ماڵوێرانێکی بۆ ئەم گەلە دروست کرد کە تاکو ئەم چرکە ساتەش گەل پێوە ئەناڵێنێت، بەڵێ ئەنجامی {پەنجا بە پەنجا}ی نێوان هەردوو پارتی سەرەکی ئەوسای باشوری کوردستان بوو کە ئەم ڕۆژە ڕەشەی ئێستای بۆ گەل هێناوەتە کایەوە و ئەبینین لە سلێمانی شینەو خەڵک خەڵتان خوێن دەکرێت و لە هەولێر و دهۆکیش کەیف و سەفا و دەهۆڵ و زوڕانایە!.
بەڵێ ئەو ئەنجامەی کە گەوڕەترین شەرمەزاری خستە سەر ئەزموونی گەلی کوردستان لە باشور،ئەو ئەنجامەی کە گەورەترین شەڕی ناوەخۆی مێژووی کوردی بە دوای خۆیدا هێناو هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلەی کردە قوربانی و هەر ئەم شەڕە ناوخۆییەش وایکرد کە ئەم پارچە بچوکەی نیشتیمان بە سەرهەرێمی زەرد و سەوزسابەش بکرێت و تاکو ئەم چرکە ساتەش درێژەی هەیە و دەبینین لە سلێمانی وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت:دەوامی خوێندن بەردەوامەو لە هەولێریش پارتی خوێندنی زانکۆ ڕادەگرێت!.
بەڵێ ئەنجامی پەنجا بە پەنجا کە بێ وێنەیە لە هەموو دونیادا،ئەو ئەنجامە تەنها گەلی سادەو ساکاری ئەوسای کوردستان پێی ڕازی بوو و چەپڵەی بۆ لێدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەم گەلە ، گەلە سادەکەی ساڵی ١٩٩٢ نەماوە بە ووشەی بریقەدار و سەرکردەی ڕەمزی بڕوا بکات و چەپلەی بۆ لێ بدات.ئەمڕۆ گەل لە وورد و درشتی ووشەکانی دەسەڵاتداران تێدەگات و تێڕوانین و لێکدانەوەی قوڵی بۆ دەکات.
بەڵام لەولاوە دەسەڵاتداران هێشتاش بە هەوای ئەو کاتەوە مەستی دەسەڵاتن و بە خەیاڵی نەوەتەکانی سەدەی بیستەم و بگرە پێشتریش دەیانەوێت دەسەڵات بەڕێوەبەرن،کە بەڕاستی لەمەیاندا زۆر بەهەڵەدا چوون و خۆیان تەفرە ئەدەن ،چونکە ئەمڕۆ گەل لە سەردەمی گەشەسەندنی فکرو سیاسەت دا، لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گەشەسەندنی ئابووری و گلۆبالیزەیشندا دەژیت،نەک سەردەمی پەڕینەوە لە (ڕوباری ئاراس) و (مەفرەزە سەرەتاییەکان) و (قیادە موقەتە) و(سەردەمی پەنجا پەنجادا).
ئەمڕۆ گەل داوای سیستەمی حکومڕانی دیموکراسی و دامەزراوەی دەوڵەت دەکات نەک حیزبی بنەماڵەیی،ئەمڕۆ گەل داوای مافی مرۆڤ وئازادیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتی و فەهەنگی و ئازادی ڕادەربرین و ئازادی ڕۆژنامەگەری و سەرجەم ئازادیەکانی تردەکات نەک دەسەڵاتی بنەماڵەو مەکتەب سیاسیەکان و سەرکردەی موقدەس، ئەمڕۆ گەل داوای دادگایی کردنی گەندەڵکاران دەکات و دەسەڵاتیش بێ خەمەو گەل بە ئاژاوەگێڕو فیتنەچی ناو دەبات و ڕۆشنبیران بە موهاتەراتچی و ڕۆژنامە ئازادەکان بە بەکرێگیراو ناودەبات، بەڵێ دەسەڵات تەنانەت لە گەورەی مەترسی قۆناغەکە تێناگات وهاونگاو نانێت بۆ جێبەجێ کردنی داواکانی گەل !
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە :ئایە تاکەی دەسەڵاتی کوردی تێناگات و هەنگاو نانێت بۆ بە سیستەم کردنی کۆمەڵگا ؟ تاکەی دەستی حیزب و بنەماڵە دوور ناخاتەوە لە دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و چاودێری و ئاسایشی وڵات؟؟
خوێنەری ئازیز
ئەو دەسەڵاتە کوردیەی کە لە سەرەتاوە باسم لێوە کرد چۆن دروست بووە ، پاش چەند ڕۆژێکی تر پێ دەنێتە بیستەهەمین ساڵی تەمەنی بەڵام وادیارە ئەم دەسەڵاتە مۆمی تەمەنی بیستەهەمین ساڵەی جیا لە ساڵانی تر دادەگیرسێنێت،بیستەهەمین ساڵیادی دەسەڵاتی کوردی هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ڕاپەڕینەی کە ناوچەکانی باکوری ئەفریقاوڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیشی گرتۆتەوە و لە هەموو ئەو وڵاتانەدا،کە ساڵاهایە دەسەڵاتی تۆتالیتاری تیایاند باڵا دەستە،ئەمڕۆگەلەکانیان بە گیانی فیداکاریاوە هاتوونەتە سەر شەقام و بە دەنگێکی دلێرانە داوای ئازادی دەکەن،لەبەرامبەریشدا هەندێک لەو دەسەڵاتدارانە زۆر بە ووریایانە رەفتار لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەن و لە گەورەی مەترسی ڕوداوەکان تێدەگەن و کورسی دەسەڵات لە ژێرفشاری دەنگی شەقامدا چۆڵ دەکەن،نمونەی وەکو بن علی و موبارەک،بەڵام هەندێکی تریان بە بیری خۆیان وا ئەزانن بە زەبری هێز و بەکارهێنانی چەک دەتوانن درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن و گەل سەرکوت بکەن،نمونەی وەکو قەزافی لە لیبیا و ساڵح لە یەمەن و بارزانیش لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئایا ئەمانە دەتوانن دەسەڵات بەم جۆرە درێژە پێ بدەن لەم سەردەمی پێشکەوتنەی فکر و تەکنەلۆژیادا؟ داهاتوو وڵامی هەموومان دەداتەوە.
بەڵێ گەلی کورد لە باشووری کوردستان وەکو بەشێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و هاودەرد لەگەل گەلانی تری ناوچەکە،کە ٢٠ ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتی تۆتالیتاری کوردیدا دەناڵێنێت و ڕۆژانە ڕۆڵەکانی ئەم کۆمەڵگایە بە بەرچاوی دونیاوە لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە بەرەو مەرگ ڕاپێج دەکرێن و تەنانەت زۆر جار بووە کە کەس و کاریان تەرمی ئازیزەکانیشیان نابینەوە، بەڵێ ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاریەی کورد بە جۆرێک دڵ ڕاق و بێ بەزەیەیە کە هەندێ جاربووە گۆڕێکی شایستەش بەو کەسانە ڕەوا نابینێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕخنەێکیان هەبووە لە سیاسەتە هەڵەکانی حیزب و بنەماڵە، بەڵێ ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاری و بنەماڵییانە بەجۆرێک دڕندەو بێ بەزەین کە تاکو ئەمڕۆش ئامادە نین چارەنووسی بێ سەرو شوێنانی شەڕی ناوەخۆ بۆ کەس و کاریان ئاشکرا بکەن و هیچ بەزەیێکیان نییە بەرامبەر ئەو دایک و باوک و خوشک و برایانەی کە ساڵەهایە لە چاوەڕوانی ئازیزانیاندان . بێ بەزەیی ئەم دەسەڵاتەی کورد پڕاو پڕلەگەڵ ئەم هۆنراوەیەی مامۆستا هێمنی موکریانی دێتەوە کە دەڵێت:

لە قاموسی ئەوانەدا بەزەیی مانای نەماوە
بێزیان لە بزە هەڵئەسێ وازیان لە خوێنی زوخاوە
هەر دڵۆپی خوێنی لاوێ بۆ وان یاقوتێکی سورە
هەر تکەی فرمێسکی کیژێ بۆوان مرواری بەرمورە.

بەڵێ ودەسەڵاتی تۆتالیتاری کوردیش لە باشوری کوردستان کە چەند ڕۆژێکی تر تەمەنی پێ دەنێتە ٢٠ ساڵ،چەندین تاوانی دژە مرۆیی بەرامبەر گەلەکەی خۆی ئەنجام داوە،هەر لە گرتنی بێ فرمانی دادگا و دواتر کوشتن و فڕاندن و ئازاردان و تیرۆر کردن وبێ سەرو شوێن کردن تا دەگاتە تەقە کردن لە خۆپیشاندەران و پەلاماردانی ڕۆشنبیران لەناوەوە و دەرەوەی وڵات،بەڵێ دەسەڵاتی کوردی لە دڕەندەیدا هیچی کەمتر نییە لە دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکانی تری ناوچەکە ئەمە لە کاتێکدایە کە بە بەردەوام بەرپرسەکانی بانگێشەی دیموکراسی و بەرقەراری یاسا دەکەن.
خاڵی سەرنج ڕاکێشی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاریانە ئەوەیە کە لە هەرکوێکی ئەم دونیایەدا بن کۆپی یەکترن و برای یەکترن، چۆن قەزافی بە خۆپیشاندەران دەڵێت ئاژاوە گێرو بە کرێگیراو،ئاواش لە کوردستان بە هەمان ئاواز خۆپیشاندەران تاوانبار دەکرێن،چۆن قەزافی هەموو کوڕەکانی لە پلەی باڵادا دامەزراندووە ئاواش لە کوردستان کورەکانی بارزانی و تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستورێک لە پلەی باڵا دامەزرێنراون!.
ئازیزانم
ئەگەر وەسفێکی کورتی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاریانە بکەین دەبینین کە دەسەڵات تەنها لە دەستی بنەماڵەکانیاندا کۆ دەکرێتەوە و هەموو جومگەکانی دەسەڵات بێ گەڕانەوە بۆ یاسا لە نێوان کەسە نزیکەکانی خۆیاندا دابەش دەکەن،ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لەبەر ئەوەی هەمیشە ترسیان هەیە لە دواڕۆژی خۆیان بە بەردەوام لە ماوەی دەسەڵاتیاندا هەوڵ دەدەن هێزی تایبەتی نهێنی و تۆقێنەر و سیخوڕی لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و لەو ڕیگەیەشدا هەوڵ دەدەن زۆرترین کەسانی پیاوکوژ و ماستاو چی لەدەوری خۆیان کۆ بکەنەوە،تاکە ڕێگەش بۆ ئەم کارەیان بەشینەوەی پارە یە بەسەر ئەم جۆرە کەسانەدا،بەڵام چ پارەێک ؟ ئەو پارەیەی کە لە بنچینەدا پارەی ڕاستەقینەی گەلە و بەرێگەی نا یاسایی دەستیان بەسەرداگرتووە و لەدژی گەلەکانیان بەکاری دەهێنەوە وەکو ئەوەی لە تونس و میسر و لیبیا دا دەیبینین و وە لە کوردستانیشدا بە ئاشکرا دیارە کە پارەی گەل لە ژێر دەستی بنەماڵەی (بارزانی و تاڵەبانی) دا کۆبۆتەوەو خێرو بێری وڵات ، بە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی بۆخۆیان پاوان کردوە و تەخشان و پەخشانی دەکەن.
بەڵێ زۆر بەباشیش هەستی پێ دەکرێت ئەوپارانە چۆن دەکەنە دیاری بۆ دەستە و تاقمە بەکرێگیراوەکانیان کە تاکە ئیشیان سیخوڕی و پیاو کوشتنە بۆ هەردوو بنەماڵە و زۆر باش دەبینرێت کە چۆن پارەی گەل بۆ سەرکوتکردنی گەل خەرج دەکرێت نەک بۆ خۆشگوزەرانی گەل. دەمەوێت بپرسم ئایا ئەو دەستەو تاقمانەی کە بن علی و موبارەک و قەزافی... دروستیان کردبوو لە فریای دەسەڵاتەکانیان هات لە کاتی لێ قەومانیاندا؟؟ ڕووداوەکان خۆیان وڵامن.
بەڵێ ئەم دەسەڵاتەی کوردی لە باشوری کوردستان بە جۆرێک نمایشی دەسەڵات دەکات کە هەموو کایەکانی کۆمەڵگە پێویستە بە خواستی سەرکردە ئاراستە بکرێن، هەر لە سیاسەتی دەرەو ناوخۆ و ئابووری و کلتوری و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و تەندروستی و پەروەردەو تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی کە دەبێت ئایین و پیاوانی ئایینی بکەونە خزمەتی سیاسەتەکانی تاکە سەرکردەو بنەماڵەکان ، خۆ کە باسی بواری بازرگانیش بکەین ئەوە بواری بازرگانیش هەر باسی ناکرێت و هەموو بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بووە بە بازرگانێک و خەریکی دۆشینی گەل و ووڵاتە.
لێرەدا پێویستە بزانین ئەوەی کە تاکو ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتەی لە کوردستان ڕاگیر کردبوو نزمی ڕادەی هۆشیاری گەلی کورد بوو ئەگەرنا مەرگی ئەم جۆرە دەسەڵاتە زۆر لەمە کورتر دەبوو ، ئێمە ئەزانین ئەم دەسەڵاتانە چ لە کوردستان بێت یان لە هەر شوێنیکی تر بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ماوەێک دەتوانن دەسەڵات بکەن بەڵام سەرئەنجام و لەگەڵ بەرز بوونەوەی ڕادەی هۆشیاری کۆمەڵگا تەمەنیان کورتر دەبێتەوە و لە مێژووشدا پەڕەی ڕەشیان بۆ دەکرێتەوە، خوێنەری ئازیزم لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ دوو هۆکار بکەم کە ئەم دەسەڵاتانەی وەکو تونس و میسر و لیبیاو هەموو هاوشێوەکانیان ڕاگیرکردبوو ئەویش:
١- بە پلەی یەکەم نزمی ئاستی هۆشیاری گەلەکانیان و بێ ئاگا بوونیان لەوەی کە چی دەگوزەرێت بەسەریاندا .
٢- ئەو پشتگیریە زۆرەی کە وڵاتانی زلهێز ساڵەهایە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا لەو دەسەڵاتە تۆتالیتاریانە دەکەین، وەکو دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی موبارەک لە میسیر بە پاڵپشتی زلهێزەکانی خۆرئاوا بە تایبەتی ئەمریکا.
بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە خێراو بەردەوامەکانی دونیای تەکنەلۆژیادا و بە تایبەتیش ئامێرەکانی گواستنەوە وپەیوەندی کردن،لەسەرووی هەموشیانەوە ئینتەرنێت و لە ناویشدا تۆڕە کۆمەڵاتیەکانی وەکو (فەیس بووک) کە ڕۆڵی کارێگەری هەبووە و هەیە لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەدا و هەرئەمەش بوو بە هۆی پەرەسەندنی خێرای شۆڕشە جەماوەریەکەی تونس بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە وکوردستانیش وەک بەشێک لە ناوچەکەو هاودەرد لەگەڵ زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی تۆتالیتاری و گەندەڵی بنەماڵە و حیزب.
بەڵێ گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەمڕۆ لە سەرەتای دەستپێکی هۆشیار بوونەوەدا یەو هەنگاو ئەنێت بۆ پێشکەوتنی خێراترو بوێرانەتر دەست بۆ ئەو مەسەلە چارەنوس سازانە دەبات کە پەیوەندی ڕیشەی هەیە بە ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و ساڵەهایە سەرکردە ڕەمزیەکان ئەوانەی خۆیان کردووە بە قەرەمانی شارو شاخ نەیان توانیوە یان نەیان ویستووە دەستی بۆ ببەن و چارەسەری بکەن ئەمەش تەنها لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیە تاکە کەسی و بنەماڵەی و حیزبیەکانیان و لە هەمان کاتیشدا ساڵەهایە دەهۆڵی دیموکراسی لێ دەدەن ونازی دەسەڵاتی خۆماڵی بەسەر گەلی هەژاری کوردستاندا دەبەشنەوە ،بەڵێ نازی پینە کردنی شەقامەکان.نازی چەقاندنی دووستونی کارەبای بێ کارەبا بۆ گوندێک، نازی دروستکردنی پارکێکی بێ درەخت،نازی قوتابخانەێکی بێ مامۆستا،نازی نەخۆشخانەێکی بێ دەرمان،نازی پێدان ئەرزەێک لەدووری شار بۆ فەرمانبەرێکی هەژار، نازی کردنەوەی زانکۆی بێ زانست،نازی نەوت دەرهێنانێک کە کەس نازانێت داهاتەکەی بۆ کێ و بۆ کوێ دەچێت،لە هەمووشی خۆشتر نازی دابین کردنی ئاسایش!
بەڵێ ئەو ئاسایشەی بە نوێژی نیوەڕۆ مرۆڤ لە ناو پیتەخت و لە بەردەم زانکۆ بە بەرچاوی پۆلیس و خەڵکەوە ئەفڕێندرێت و لە دەرەوەی سنوری هەرێم تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە،نازی ئەو ئاسایشەی کە لە چەمچەماڵ دوو کچ دەکوژرێت و کەس نازانێت بکوژەکانیان لە کوێن،نازی ئەو ئاسیشەی مامۆستاێک لە سۆران تیرۆر دەکرێت،نازی ئەو ئاسایشەی کە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و گەنجی کورد دەکوژیت، نازی ئەو ئاسایشەی کە دەزگاێکی ڕاگەیاندنی تەلەفیزۆن و ڕادیۆ لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری دەست پێکی پەخشی دەسوتێنرێت و تاوانبارانیش دەپارێزرێن و لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت و ئەندام پەرلەمانیش ناتوانێت بیان بینێت،نازی ئەو ئاسایشەی کە ناتوانێت بەرگری بکات لە سوتاندنی بارەگای تەلەفیزۆنی ڕێکخراوێکی سیاسی لە ناوجەرگەری هەولێری پایتەخت و شاری دهۆک و چەند شوێنی تر،نازی ئەو ئاسایشەی کە تاکو ئێستاش کەس نازانێت هێزی پێشمەرگە بە فرمانی کێ جوڵەی پێ کرابوو بۆ ناوچەی سلێمانی،لێرەدا دەپرسم ئەرێ چۆن لە ڕوویاندیت جارێکی تر نازی ئەو دیموکراسی و ئاسایش بەسەر خەڵکی کوردستاندا بکەن لەکاتێکدا لەبەرامبەر شکانی شوشەی پەنجەرێک مرۆڤ دەکوژرێت؟!
بەڵێ ئەمڕۆ سەرەتای دەستپێکی هۆشیاری گەلە و کۆتای تەمەنی دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکانە لە ناوچەکەو گەلی کوردستانیش وەکو بەشێک لە ناوچەکە لە سەرەتای قۆناغی پێشکەوتنی هۆشیاری خۆیدایەو دەسەڵاتە تۆتالیتاری و بنەماڵەیەکەشی لە کۆتاییەکانی تەمەنی دایەو ئاسۆی خەونی ئازادی گەل ڕوونە و لە مێژووشدا جێگەی ئەوانە بە زێر دەنوسرێتەوە کە ئەمڕۆ شەقامەکانیان گرتووە و بە خوێن شەقام دەنەخشێنن لە پێناو ژیانێکی شەرەف مەندانە و نەفرەت لە گەندەڵی و دەسەڵاتی تاک ڕەوی دەکەن،بەڵێ پێویستە پەنجە بخەمە سەر ئەوخاڵەی کە زۆر پۆزەتیفە و جێگای شانازیە بۆ هەموو کوردێکی خاوەن هەڵوێست: ئەویش سەرەتای ئەو هۆشیارییە سیاسیەیە کە تاکی کورد ئەمڕۆ بەدەستی هێناوە و ئامادەشە لە پێناویدا خۆی بکاتە قوربانی ،ئەمە دەبێت وا سەیر بکرێت کە شەرکردن بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەر شەهید بوون بێت ، ئەوا سوور بوونی تاکی کورد لەسەر داواکاریەکانیان لە دەسەڵاتی خۆماڵی خۆیان پلەێکی بەرزترە لە شەهید بوون و ئەوپەڕی خەباتە لە پێناو ژیانێکی باشترو شەرەف مەندانە تربۆ کۆمەڵگاکەیان،ژیانێک لەژێر چەتری ئازادیدا بێت ،نەک سەر شۆڕی و کولەمەرگی،بەڵێ مرۆڤ هەمیشە پێویستە لە پێناو ئازادیدا بجەنگێت هەروەکو عبداڵڵە ئۆجەلان ئەڵێت : ئەگەر ژیانێک هەیە با ئەو ژیانە بە ئازادی بێت،وە ئەگەر مردنێکیش هەیە با ئەو مردنەش لە پێناوی ئازادیدا بێت.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە