ئۆپۆزسیۆن وپرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم
Sunday, 21/04/2013, 12:00
یاساى سەرۆكایەتى هەریمى كوردستان ژمارە(1)ى سالى 2005 بریارى لەسەر سستەمى تێكەڵاو یاخود(سستەمى نیمچە سەرۆكایەتى یا نیمچە پەرلەمانى) داوە وەك سستەمى حوكمرانى بۆ هەریمى كوردستان، وە پرۆژە دەستورى هەرێمى كوردستانیش جەختى لەسەر هەمان سستەمى حوكمرانى كردۆتەوە. بەهۆى شكستى ئەو جۆرە سستەمە لەزۆربەى وڵاتانى دونیاو بەتایبەتى وڵاتانى هاوشێوەى ئێمە كە بەپێى ئەزمونى حوكمرانى زۆرێك لەو وڵاتانە تیایاندا دەسەڵات بەرەو قۆرغكردن وتاكرەوى برا ، بۆیەش لە سەرەتاوە ئەو سستەمە تێكەڵاوەى هەرێم نارەزایى بەشێكى خەلكى كوردستان و ئۆپۆزسیۆنیشى لێكەوتەوە، ، وە هەر ئەو نارەزایەتیەش رێگربوو لە بەرێكردن وتێپەراندنى پرۆژە دەستورى هەرێم و تائێستا راپرسى لەسەر نەكراوە و وەك پرۆژەیەك ماوەتەوە و هیچ بایەخێكى یاسایى نیە. بێگومان ئێمە لەو هەرێمەدا بەو پێیەى خاوەنى دەسەڵاتى حوكمرانین پێویست بوو هەر لەدواى دامەزراندنى ئەو دەسەڵاتە حوكمرانیەمان دەستورێكى تایبەت بەخۆمان هەبوایە بۆ رێكخستن ودیاریكردنى سنوورى هەر هەیئەتێكى دەسەڵاتە گشتیەكان.
كەواتە خاڵى سەرەكى لە پرۆژە دەستورى هەرێمدا كە جێگەى نارەزایى و رەخنەى خەڵك و ئوبوزسیون بوو جۆرى سستەمى حوكمرانى بوو لەگەڵ ئەو پێگەو دەسەڵاتەش كە لەسایەى ئەو سستەمە تێكەڵاوەدا بۆ سەرۆكى هەرێم فەراهەم دەكرا، وە داخوازی ئۆپۆزسیۆن بۆ دووبارە پێداچوونەوەى دەستور زیاتر لەپێناو گۆرینى ئەو سستەمە تێكەڵاوە بوو بۆ سستەمى پەرلەمانى. ئەمرۆش كە وادەى حوكمرانیەتى سەرۆكى هەرێم بەرەو كۆتایى دەرواو بریارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم دراوە لە 21/ئەیلولى/2013 شان بەشانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى كوردستان. پێویستە لەسەر ئۆپۆزسیۆن درێژە بە هەڵوێستەكانى پێشووى بدات بۆ رووبەرووبوونەوەى سستەمى حوكمرانى هەرێم و گۆرینى لەسستەمی تێكەڵاوەوە بۆ سستەمى پەرلەمانى، ئەویش لەرێگاى هەمواركردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێمى ئاماژەپێكراو، بەشێوەیەك كە سەرۆكى هەرێم بەشێوازێكى ترى جیا لەو شێوازەى ئێستا هەڵببژێردرێ و دەسەڵاتەكانیشى بەپێى بنەماكانى سستەمى پەرلەمانى دیاریبكرێ.
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەو هەنگاوەى سەركەوتو نەبوو وەبۆى نەچوە سەر باشترە لەو پرۆسەیەى كە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم ئەنجام دەدرێت بەشدارینەكردنى (مقاتعە)ى خۆى رابگەیەنێ. بە پێچەوانەوەش هەر هەنگاوێكى ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەیە یاخود دیاریكردنى كاندیدى تایبەت بەخۆیان بۆ ركابەرى لەسەر پۆستى سەرۆكى هەرێم، دانپێنان و ئیعتراف كردنە بەو سستەمە تێكەلاوەى لە قانونى سەرۆكایەتى هەرێم وپرۆژە دەستورى هەریم بریارى لێدراوە و لەسایەیدا دەسەڵاتێكى فراوان لەدەست سەرۆكى هەرێم چردەبێتەوە بێئەوەى بەرپرسیاریەتیەك هەڵبگرێ لەبەرانبەر پیادەكردنى ئەو دەسەڵاتە فراوانەى یاخود هەیئەتێك دیاریكرابێت تواناى لێپرسینەوەى هەبێت لە سەرۆكى هەرێم ئەگەر زیادەرۆیى كرد لە پیادەكردنى دەسەڵاتەكانى. بێگومان ئەو جۆرە سستەمەش لەوڵاتى ئێمەدا بێ شك قۆرغكارى دەسەڵات وتاكرەوەى لێدەكەوێتەوە ئەگەر سەرۆكى هەرێم هەر كەسێك بێت، هۆكارەكانیش ئاشكران و پێویست بەروونكردنەوە ناكەن چونكە بارودۆخى سیاسى وئابورى وكۆمەڵایەتى وفەرهەنگى ئێمەى كورد لەو هەرێمەدا هەمان بارودۆخى میسرو تونس و فەنزوێلاو ئێرانە ئەگەر خراپتر نەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست