پەیامێك بۆ مامۆستایانی حوجرەکان
Sunday, 22/12/2013, 12:00
2068 بینراوە
ئەوەی بوو بە مایەی نیگەرانی لای هاوڵاتیان و دەنگۆی زۆری لێکەوتەوە هەڵکوتانە سەر حوجرەکانی سلێمانی و ئەزیەتدان و تۆمەتبارکردنی فەقیەکان بوو، سەرەڕای پشێوی جۆربەجۆرو ڕژانی خوێنی بێتاوان لەم ماوەیەدا.
ئاشکرایە لای هاوڵاتیان کە پاکترینی چینی کۆمەڵگە فەقیەکانن، چونکە تاکە کۆمەڵە گەنجن ژیانی دونیای وخۆشیەکانی سەردەمیان بە قوربانی زانستی شەرعی کردووە، زۆرن ئەوانەی شەوانە لە باڕو یانەو مەساج و نێرگەلە خانەکان دەکەنەوە، دیسان زۆرن بە هێمای بەرپرسێك و پاداشتێکی کەم و هەتا بۆ دەستخۆشیەك خوێنی ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتی بێتاوانی ئەم کۆمەڵگەیە بە قوربانی حەزو ناخی چەپەڵی بەرپرسێك بکات، هیچ لەوانە مەترسی نین نە بۆ ئاسایشی نەتەوەی و نە پێشیان دەوترێت تیرۆریست، جگە لەوەی دادگاش پێیان ناوێرێت بە بێتاوانیش دەردەچن!
ئەوە بەڵگە نیەو لە دادگاش کاری پێناکرێت کە بەبەرچاوی جیهان و لە زومی کامێراکانەوە بە ئاشکراو بێ باکانەو لە بەرزی باڵەخانەکانەوە خەڵکی بکوژیت، ئەوە بەڵگەیەو جێگەی هەڵوێستە کردنە کە فەقیەیەك بۆ سودی زانستی مەقالەیەکی خەزن کردبێت و تەنها بۆ خۆی بێت!
پاکی بە عەمامەو دینداری و شایەتی کۆمەڵگە نی یە، پاکی ئەو پاکیەیە لە دادگای ئەم هەرێمەدا پاکی خۆی بسەلمێنت، نەك هەر ئەوە بەڵکو لە سەرەوەی دادگا بێت و پێویستی بە مۆڵەتی ئەو نەبێت!
باشە گەر فەقیە باوەڕی بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی هەیە؟ چیەتی بە شەونخونی و لەبەکردنی مەتن و ئەزیەت و سەرئێشەی تێریفی مەلا عەلی و شیعرەکانی ئەلفیەی ئین مالیكەوە؟ بۆ یەکسەر وەك ئەو هاوەڵەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت ناکات کە چاوەڕی خواردنی دەنگە خورماکەی نەکرد؟! یان ئاشکرا ئەوە ئەو ڕێگەی گرتووەتەبەر بەڕاستی دەیەوێت زانستی ڕاست و دروست بە قوڵی فێربێت و خزمەتی نەتەوەکەی پێبکات، مێژوو شاهیدە حوجرە چەند خزمەتی بەم کۆمەڵگە کردووە، لە ڕووی شۆڕش و نەتەوایەتی و پێشەنگی هەتا کەلتوریەوە.
یان ئەوەتا کۆمەڵانێك دەیانەوێت نەك دەستە چەورەکەی خۆیان بەڵکو دەستە خوێناویەکانیان بە چەند فەقیەیەکی هەژارو بێ دەرامەت و بێپشت و پەنادا بسڕن؟!
مامۆستایانی من بەرپرسیاریەتی قیامەتی و ویژدانی و هەتا دونیایشتان لەسەرتانە کە بەکۆمەڵ و چاونەترسانە ئێوە ببن بە پارێزەرەی فەقیەکانتان، ئەگەر ئەوان ترەقە لە کۆمپیوتەرەکانیاندا بێت دەبێت قومبەلە لە کۆمپیوتەرەکانی ئێوەدا بێت!
هەرگیز لەبیرم ناچێت لە ساڵی ١٩٩٧دا بوو ئاسایشی هەڵەبجە بە شێوەیەکی خۆیان ئاسا هەڵیان کوتاوە سەرمان و بەبێتاوان چەند ڕۆژێك لە زیندان هێشتینیانەوە، نە دادگا ئاگای لێ بوو نە کێشەکەشمان چووە دادگا، دادگا هەر ئەو دادگایە بوو یەك لایەنانە ووتیان ئەم فەقیانە سەیری فلیمی سێکسیان کردووە، جا ئەگەر ئەوە ڕاست بێت مانای وایە مامۆستاکانمان ڕۆژ لەگەڵ سۆزانیەکاندا دەکەنەوە.
بەو شێوە دڕندانەو بەو تاوانە گەورە تۆمەتباریان کردین، تاکە مامۆستایەکی خۆمان مەواجەیان نەکردین لە زینداندا، ئیتر نازانم سیاسەت بوو!، حیکمەت بوو!! یان ترس!!!. لە کاتێکدا خەڵکی بە شەرەفی هەڵەبجە بەو پەڕی جوامێری و شانازیەوە سەرەیان دەگرت لە بەردەم ئاسایشدا بۆ مەواجەکردنمان، ئەو چەند ڕۆژەی لە زینداندا بووین ئەوەندە مەنجەڵە دۆڵمەو خواردنی خۆش لەو کاتە گرانیەدا بۆمان دەهات تەواوی پاسەوانەکانیش میوانی ئێمە دەبوون! لە زیندانیشدا ئێمە هەر ڕەحمەت بووین بۆیان! ئەوەشی ئێمەی لەسەرگیرا ڕقی خوێندن و شەونوێژو فێربوونی زانستە شەرعیەکان بوو! لە زیندانەکەشدا هەر بەردەوام بووین لەسەری، نوێژێکمان نەدەکرد بە تەنها بە جەماعەت نەبێت، زیکرو حەلەقەی موحازرەکان ئێشتەش لەبیرم ماوە.
پێویستە یەكەم چینێك کە هەڵوێستی هەبێت ئێوەبن لە ئاست ئەم دەسدرێژی و ناهەقیەدا، بە چ پێوەرێك بیپێویت هەر تاوانبارن، پێوەری دادگار، کۆمەڵگا، یاسا، ویژان، پێوەری شەرعیش لەسەروی هەموویەوە.
بۆ بۆ بچوکترین کێشەی ئاسای خەڵکی دێنە سەرجادەو دواکاری خۆیان دەکەن، ئایا؟ ئێوە هیچ داواکاری ناڕەزایەتیەکتان نی یە لە ئاست کوڕەکانی خۆتان، ئەگەر قەرارە ئێوە پێشەنگیان بن پیشەنگی هەر بە ووتنەوەی نەحو ێەرف و شەرحی مینهاج نی یە، ئێستە ئەو زانستانە هەمووی بە شەرحکراوی و زۆر لە ئێوەش باشتر لەسەر ڕووبەری ئەنتەرنێت دەست دەکەوێت، هەموو زانستەکان لە تەنها لە دی ڤی دیەکدا بەردەست دەبێت.
زانایانی پێش ئێوەش چەندێك بە زانستەکەیان بەناوبانگ بوون و مێژووی شاهیدی بۆ داون چەند جاری ئەوە بە هەڵوێستەکانیان، خۆ سەلاحەدینی ئەیوبی کەسێکی شەرع زان نەبووە! هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووەو کاری گەورەی کردووە.
زاناکانی پێش ئێوەو ئەوەی کە ئێستە مێژوو تۆماری کردووە تەنها زانستەکەیان نەبووە، زۆر زۆر هەبوون لەوانەش زاناترو ئێستە هەر ناویشیان نی یە.
کە تۆمەتی داوێن پیسیان دا بەسەر دایکە عائیشەدا گومانی ژن و پیاوێك کە لە نیوانی خۆیاندا لەسەر ئەو مەوزوعە گفتوگۆ دەکەن خوای گەورە لە قورئاندا تۆماری کردووە وەك هاتووە لە قورئاندا:
(ڤن المۆمنون والمۆمنات بأنفسهم خیرا)
ئافرەتەکە شاهیدی داوێن پاکی بۆ عائیشە دەدات و پیاوەکەش شاهیدی لە خواترسی بۆ هاوەڵەکە، ئەو (واللە هی أگهر منی بۆ عائیشە بەکار دێنێت و ئەمیش بە واللە هو أتقی منی بۆ ێەفوان بەکار دێنێت) لای خەڵکەکەش مونافیقەکان نەبێت قەزیەکە ڕوون بوو.
ئێستەش ئەمە هەمان قەزیەیە لای مونافیقەکان نەبێت خەڵکی دەزانێت فەقیەکان پاکن و خەڵکی دەزانێت کێ دەستی سورە بە خوێنی بە ناهەق ڕژاو، ئاشکرایە کێ ئاسایشی ئەم هەرێمەی تێکداوە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە! بەڵام پێویستە ئێوەش هاوار بکەن؟! کاریگەری سلبی لەسەر فەقیەکان و کۆمەڵگەش دەبێت، من دوای ئەو ڕووداوە فەقیەیەتم لەبەرچاو کەوت بە ناڕاستەوخۆ وازم لە فەقیەیەتی هێنا، هاتنە ماڵەکەمان و تەکلیفی دونیایان کرد گەڕاشمەوە لەبەر دڵی ئەوان چەند ڕۆژێك مامەوەو خواحافیزی یەکجارەکیم لێکردن. ڕۆشتمە ئەوروپا لەناو ئەو هەموو کچە قژزەردو چاو شینانەی ئەوروپادا دەردی کورد دەڵێ گەنجیەتیەکەم سەرفکرد، مێژوو وە کوردانی ئەوروپاو بە تایبەت بەریتانیا شاهیدین کە من خەریکی چی بووم لە ئەوێ، ئەگەر لە فەقیەیەتی سەیری فلێمی سێکسم بکردایە دەبوایە لە ئەوروپا لەسەر جادەکان ڕامبواردایە.
ئەو خوێندنە بوو بە هەوێن بۆم و بەرزترین شەهادەم دوای ئەوە هێنا، ئێستەش کە هەر ئەم دەستەڵاتە ڕێگربوون لە دانەمەزراندم، بەشێوەیەکی تر مەمنون دەبن لە زانکۆکانی کوردستاندا بە عەقد کاریان بۆ بکەم.
سەدان کەسایەتی ئەم هەرێمە بەرهەمی و بنچینەیان لە فەقیەیەتیدا بووە، ئەم کارانە گەورەترین ئیهانەو ناشرین کردنی ئەو مێژووەیە، هەروەك هەڵوێستەکانیش دەبێتە مێژوو وە بۆ خەڵکیش زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
ئەگەر ئێوە پێشەنگی کۆمەڵگەتان پێناکرێت هیچ نەبێت پێشەنگ بن بۆ فەقیەکانتان، ئەگەر ئەوەشتان پێناکرێت توخوا مەبنە مایەی ئەزیەتی زیاتریان و با بچن لە قوتابخانە حکومیەکاندا بخوێنن کە لە داهاتوودا کێشەی بڕوانامەکانیشیان بۆ دروست نابێت، بۆ زانستە شەرعیەکانیش سەرو دی ڤی دی بکڕن و هەڵوێست و جومێریش با هەر لە مێژووی پێشینانەوە بخوێننەوە.