مام جەلال هاتەوە یان هەڵاتەوە؟
Tuesday, 03/02/2009, 12:00
1642 بینراوە
وەڵامێك بۆ ماستاوەكەى عەدالەت عەبدوڵڵا
زۆرینەى نوسەرە ماستاوچییەكانی وەك عەدالەت عەبدوڵڵا لاى خەڵك و دنیاى رۆژنامەگەریى كوردى نامۆ نین، ئاخر هەموو ساتێك لە دەزگا راگەیاندنەكانەوە دەردەكەون و ماستاو بۆ هەموو هەنگاوێكی شاو پادشا و سوڵتان ئەكەن. سەیر لەوەدایە ئەمجارە تاڵەبانى بەغداى پایتەختى تاوانى جێهێشت تا دووربێ بە ململانێى هەڵبژاردن، یان روونتر بڵێم هیچ بەلای ئەوەوە گرنگ نییە ئەو تۆزە قورساییەى هەیەتى لەكاتى هەڵبژاردندا بەقازانجى كورد بیخاتەگەڕ، بۆیە بەپەلە لە بەغداد هەڵات و هاتەوە بۆ سلێمانی. بەپێچەوانەشەوە سەركردە عەرەبەكان لەگەرمترین كار و چالاكیدا بوون بۆ بەدەستهێنانى دەنگ، چونكە ئەوان بەهەموو خراپەكانیانەوە خەمخۆرى نەتەوەكەى خۆیانن.
عاجباتییەكەش ئەوەیە ناعەدالەت لە وتارێكدا بۆ زورناكەى حیزب واتە -كوردستانى نوێ- دەڵێ بۆ بەگوڕدانەوەى كارەكانى خۆى لە سلێمانى هاتۆتەوە، بەڵام راستییەكەیشى ئەوەیە هەڵاتۆتەوە و هیچ لەبەرژەوەندیدا نیە لەبەرخاترى چەند دەنگێك، دڵى ناسكى برا عەرەبەكان بشكێنێت، چون روویەكى خۆشى مالیكى و جەعفەریى بەهەزاران دەنگی لیستى كوردى ناگۆڕێتەوە!. عەدالەتیش بەم نوسینەى دەریخست كە دەستخۆشانەیەكى تاڵەبانى و مكافەئەیەكى باش بۆ ئەو، هەزاران هەقیقەت دەهێنێ كە كەسێتی و ماستاوەكەى ئەویان خستۆتە ژێر پرسیارەوە!.