ئۆجەلان، رێبەرێك پڕاوپڕ لە داهێنان
Thursday, 10/02/2011, 12:00
داگیركەرانی كوردستان، لەو ساتەوەختەوەی دەستیانداوەتە چاوتێبڕین و داگیركردنی زێدی كوردان، یەكەم هەنگاویان هەرەسهێنان و شێواندنی شیرازەی كەسایەتیی نەتەوایەتیمان بووە. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە مێژووی نەتەوەكەمان و ئەو پرۆسەی داگیرو دابەشكردنەی كوردستان، لە هەر بەشێكی داگیركراویدا بە ئاشكرا ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە كەسایەتیی تاكی كورد تا ئەوپەڕی شێواندن، شێوێندراوەو هەوڵی داشۆرینی گیانی بەرخۆدانی تێدادراوە، بەجۆرێك كە زۆربەی كاتەكان، تاكی كورد لە هەمبەر كەسایەتیی نەتەوەی سەردەستی ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، خۆی كەمترو لاوازتر بێتە بەرچاو و هەندێجاریش شەرمنانە بێتەگۆ.
بە خوێندنەوەیەكی خێرای بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەكەمان لە باكووری كوردستان، بەتایبەتیش لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، تا ئێستا زۆر بە ئاشكرا ئەو راستییە دەرك پێدەكرێت كە سەرهەڵدانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سەركردایەتیكردنی شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوایەتی لە باكوورو دواتریش هەوڵی بەشداریكردن لەسەرجەم بزاڤە رزگاریخوازییەكە لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، بە وەرچەرخانێكی دەگمەن و كەموێنەی مێژوویی، لە مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازییە نەتەوایەتییەكەمان ئەژمار دەكرێت، چونكە بوێرانە خەبات بۆ ژیاندنەوەی كەسایەتیی راستەقینەی تاكی كورد كراوەو بەرهەمەكەیشی هاتۆتەدەست، خودی ئەو وەرچەرخانەش خۆی لە كەسایەتیی سەركردایەتیی شۆڕشە رزگاریخوازییەكەیدا دەبینێت، زۆر بە تایبەتیش لە كەسایەتی خودی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)دا، چونكە هیچ سەركردەو رێبەری شۆڕشێكی بزاڤی رزگاریخوازی لە هەر چوارپارچەی كوردستان و هەتا لە زۆرێك لە وڵاتەكانی دیكەش رێبەرێكی وا بە سەلیقەو پەروەردەكاری شۆڕشگێڕانەی ئەندامەكانی بزووتنەوەكان بەدیناكرێن، ئەگەر هەشبن، ئەوا بڕوا ناكەم لە پەنجەكانی یەك دەست تێبپەڕن. داهێنان و گەورەیی ئەم سەركردە كوردە لەوەدایە كە بۆ یەكەمجار توانی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، ئافرەت بەمشێوە بەربڵاوە، پەروەردە بكات و هەروەكو پیاوان چەكی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوە بكەنە شان و هەتا زۆرێكیشان رابەرایەتی چالاكییە سەربازییەكانیش بكەن. راستە لەوانەیە لەسەرجەم شۆڕش و راپەڕینەكاندا ئافرەت رۆڵی خۆی گێڕابێ، لێ ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە، بەو شێوە بەربڵاوەیە كە ئەمڕۆكە گەریلا ئافرەتەكانی پەكەكە شانبەشانی براكانیان لە شەڕێكی مانونەمانی نەتەوایەتیدا لە سەنگەردان و خاوەنی ئیرادەی خۆیانن، دیارە خاوەنداربوون و بەدەستهێنانی ئەو ئیرادە پۆڵایینە شۆڕشگێڕییەش هەر لە خۆڕا نەهاتۆتەدی، بەڵكو خولە پەروەردەییە فیكری و چەكدارییە چڕوپڕەكانی ئەو پارتەو ئەو سەركردایەتییە واقیعبینەی كە هەیەتی ئەو بەرئەنجامەی خستۆتەوە. خۆئەگەر لەم لاینەوەش روونترو چڕتر بدوێین، ئەوا لەمەشیاندا پێویستە ئاماژە بە رۆڵی رێبەری یەكەمی پەكەكە (ئۆجەلان) بكەین، كە دوای ئەوەی بە پیلانێكی شوومی نێوەدەوڵەتی لە (15/2/1999) دەستگیر دەكرێت و لە دوورگەیەكیشدا تەنها بە جەستە بەندو گۆشەگیریش دەكرێت، نەك بە هزرو هەڵوێست، كەچی ئەو رێبەرە وەك ئەوەی نە با بووبێ و نە باران، لە نووسینە بە بڕشتەكانی و لە ئامۆژگاری و رێنماییە لۆژیكی و واقیعییەكانی بزووتنەوەكە ناكەوێت و هەتا لەو دوورە دەستەیشدا رۆڵی رێبەرایەتی خۆی یاری دەكات و گۆڕەپانەكە چۆڵ ناكات و چۆك بۆ داگیركەران دانادات، وێڕای ئەو دۆخە نائاساییەش هێشتا بوێرانە هەڕەشە لە دەوڵەتی داگیركەرو سەرانی رژێمی توركیا دەكات، بەوەی ئەگەر لە سەركێشی و ملهوڕی خۆیان بەردەوام بن، ئەنجامێكی باش چاوەڕێی دۆزەكەو دۆخەكە ناكات و قازانج سەری مایەشیان دەخوات!!. لە ئێستادا ئاستی پێشكەوتنی هۆشیاریی نەتەوایەتی لە باكووری كوردستان، گەیشتۆتە ئاستێك كە ئیتر خەریكە شۆڕشی شەقام و بەرد، كارێك دەكات شۆڕشی شاخ ئەو كاریگەرێتییەی نەمێنێت، چونكە ئێستا لە باكووری كوردستاندا گەورەو بچووكی نەتەوەی كورد گەریلان و لەگەڵ هەر ستەمێكی رژێمی توركیای داگیركەر سەنگەر لە دەوڵەت دەگرن و راشكاوانە خەبات بۆ ئازادی و سەرخۆبوونی كوردستان دەكەن.
لە كۆتاییشدا دەڵێم: داهێنەر ئەو مرۆڤەیە كە لەهەر شوێن و ساتێك و بارودۆخێكدا بێت، لە داهێنانی خۆی ناكەوێت و كۆڵدان پەی بە هەستی مرۆڤدۆستی و شۆڕشگێڕێتیی نابات، دەقاودەق ئەوەی دەیڵێم لە خودی بەڕێز (ئۆجەلان)دا بەرجەستە دەبێت و كۆبۆتەوە، چونكە وەك دەبینین رۆژ لەدوای رۆژ بەرهەمەكانی سنوورە دەسكردەكانی هزرو هۆش دەبەزێنن و بە قوڵایی مێژوویی مرۆڤایەتیدا رۆدەچێتە خوارێ و مێژووی مرۆڤایەتیت بۆ شیتاڵ شیتاڵ دەكاتەوە، دڵنیاشم نەتەوەیەك خاوەنی رێبەرێكی وەكو ئۆجەلان بێت، چ زوو بێ، یان درەنگ بە ئارمانجی خۆی دەگات.
لە (12)ەمین ساڵوەگەڕی گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی و پیلانی دوژمنانی مرۆڤایەتی، لە كەركوكی داگیركراوەوە سڵاو لە ئاپۆی كورد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست