کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرنگی نەورۆز بۆ گەلی كوردستان و هەڵوێستی ئیسلام

Sunday, 21/03/2010, 12:00




نەورۆز بووەتە كەلتورێكی دوور و درێژ لە نێو پێكهاتەی كورد دا. ئەم بۆنەیە كە چەندین گەلی تریش ئاهەنگی ساڵانەی دەگێڕن، كەم و زۆر هاوبەشی مێژوویان لە گەڵ كورد دا هەیە. سەبارەت بە گەلی كوردستان، نەورۆز دوو جەوهەری گرنگ لە خۆیدا هەڵدەگرێ. یەكەم، سەبارەت بە هەموو پارچەكانی كوردستان، نەورۆز بازنەی یەكگرتن و نوێكردنەوەی ئینتیمایە بۆ ئەم خاك و نیشتمانە و ئەم مێژووەی ئێمە میراتگرەكەینی. واتە نەورۆز سیمبوڵێكی گرنگی یەكگرتنی كوردە. دووەم، نەورۆز واتە بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ زوڵم و زۆرداری و ملكەچ نەكردن بۆ كۆیلایەتی و زەبونی و ئەمری واقع، كە بە شێوازی جۆراو جۆری فرت و فێڵ دەیەوێ خۆی بە سەرماندا بسەپێنێ. لەم ڕۆژەدا، لە ناواخنی مانای ئەم بۆنەیە هەر یەكێك بە هەست یان بە نەست، وزەیەك دەبەخشێ بەو پەیمان و موبایەعەیە لە پێناو مافی تاك و كۆمەڵانی گەل، بۆ ئازادی و داد و سەروەری. چواردە سەدەیە كورد مسوڵمان بووە و تا ئێستاش نەورۆز هەر لە نێوی ماوە. ئەم ڕەوشەش هەقیقەتی ئەوە دەخاتە ڕوو، كە ئیسلام بە هیچ شێوە دژی بۆنە و ئاهەنگی خوشی گەلان نیە و، ئیسلام ئەوەندە بێ زەوق نیە خۆشی و هاوبەشیە كەڵكدارەكانی گەلان قەدەغە بكا. هەروەها لە ناوەڕۆكدا نەورۆز لە گەڵ بنەما و پرەنسیپەكانی ئیسلام گونجاوە، لەوانەیە ئەمەش هۆكارێك بێ بۆ مانەوەی نەورۆز بەم گڕو تینە لە نێو كورد و گەلانی تردا. لێرەو لەوێ خەڵكانێك هەن دەیانەوێ بە ناوی ئیسلامەوە نەورۆز قەدەغە بكەن. ڕاستیەكەی ئەم دەنگانە پەیوەستیان بە چەمك و مەبەستی ئیسلامەوە نیە، بەڵكو هەڵقوڵاوی دواكەوتن و بێ زەوقی و تەپینی جیگیربوونە لە نێو بازنەی جوگرافیایەكی وشك و گەرمی بیابان، كە لە ڕێڕەوی پێشكەوتنی دونیدا دوور و لاپەڕگەیە. زۆر دیاردە هەیە كەلتوری ناوچەیەكی تایبەتی نێو ڕەشماڵی بیابانە گەرمەكانی بەدوەكانە، خەڵكانێك هەن دەیانەوێ بە ناوی ئیسلامەوە تەسویقی بكەن بۆ گەلانی تر. نیقاب و، عەبا و، ڕەنگی ڕەش و، گۆشەگیركردنی ئافرەت و جۆری جل و بەرگی پیاوان هەندێكن لەو شتانەی هیچ پەیوەستیەكیان بە ئیسلامەوە نیە و، كەلتوری گڕوپێكی ئەتەنی ناوچەیەكی دیاری ڕۆژهەڵاتە. زۆر گرنگە گەلی ئێمە ئاگادار بێ، ماوە نەدا بە خەڵكانێك ببن بە ئامر و ناهی بە سەریەوە و، جیهانبینی و چۆنیەتی ژیانی بۆ دیاری بكەن. زۆربەی گەلی ئێمە مسوڵمانە، ئەمەیان ڕاستە. بەڵام لە ئیسلامدا كورد سەركردەیە نەك بنكردە، برا گەورەیە نەك برا بچووك، گەر كەسیش خۆی بە برا بچوكی كورد دانانێ، كوردیش برا بچوكی كەس نیە. ژمارەیەكی زۆری پێشەوا و سەروەرانی بوار و بەشەكانی ئیسلام كورد بوون. لە بەر ئەوە هیچ كەسێك جگە لە كورد خۆی، مافی ئەوەی نیە بڕیاری چۆنیەتی ژیانی بۆ بدا و ئیجتیهادی بۆ بكا، چونكە ئیجتیهاد كردن مافی هەموو گەلانە و لە كوردیش زۆری لێماوەتەوە. كورد كوێر و گەمژە نیە، تا خەڵكانێكی جیاواز لە بیابانەوە بێن ڕێگەی پیشان بدەن. مانای نەورۆز واتە جەوهەری سەربەخۆیی كورد و بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ زوڵم و زۆرداری و، جێگیر بوونی ئیسلامی كوردی لە كوردستاندا. هیچ دەقێكی قورئان و فەرمودەی ڕاستی پێغەمبەر (د.خ) دژ بە نەورۆز نیە. بەخێر هاتنیش بۆ هاوبەشیە جوانەكانی ئیسلام، لە نێوان كورد و میللەتانی تری مسوڵمان. هەموو ساڵیكتان خۆشی و سەركەوتن بێ.
1 ی نەورۆزی 2710 ی كوردی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە