کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گروپى كچانى زانكۆ: ئەوانەی دەستدریژی لە کیژانی زانکۆ دەکەن، سەر بە حزبن

Monday, 19/03/2012, 12:00


هێرۆ عەبدولكەریم وەڵام بۆ روونکردنەوەکەی زانکۆی گەرمیان: جگە لە مامۆستا كاروان كەس دەستدرێژى لە كچانى زانكۆ نەكردووە
پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر ئەو ڕوونكردنەوەى ئێمە سەبارەت بە دەستدرێژییکردنە سەر کۆمەڵیک کیژانی زانكۆى گەرمیان، لە رۆژی ١٢ / ٣ / ٢٠١٢ روونکردنەوەیەک بە ناوى خوێندكارانى بەشە ناوخۆییەكانى زانكۆى گەرمیان بڵاوكراوەتەوە، بە داخەوە هەر بە شێوازى نووسینەكەیدا دیارە، کە ئامانج لەو روونکردنەوەیە سووككردنى كچانى زانكۆی گەرمیانە و پاساوهێنانەوەیە بۆ کارەکانی مامۆستا كاروان. لێرەدا بەر لە هەر وەڵامێك ئەمانەوێ سەرنجى خوێنەران بۆ ئەوە خاڵە ڕابكێشین كە ئەو نووسینە هى خوێندكارانى زانكۆ نییە و تەنیا كەسێك نووسیویەتى و لە ناوەڕاستى وتارەكەشیدا خۆى ئاشكرا كردووە، كە یەكێکە نەك كۆمەڵێك خوێندكار وەك ئەوەى ئەڵێت: (هەروەها ئەمانەوێ ئەوە بۆ خوێندكاران ڕوونكەمەوە). ئەم دەربڕینە دەلالەت ئەكا لە یەك كەس دەکات كە ڕاستیەكەشى وایە نەك خوێندكارانى زانكۆ و لەم كاتەدا، ئەمە لە کاتێکدا ئیستا خوێندكاران لە ماڵەوەن و پشووى ڕەسمى زانكۆیە، ئیتر نزانین ئەم گروپە چۆن كۆبوونەوە و چۆن ئەم بەیاننامەیان نووسی، دیارە هیچ گروپێك تا ئێستا بەو ناوەوە نەبووە و نییە، تەنیا یەك كەس نووسیویەتى كە دڵنیاین خوێندكارى زانكۆ و بەشى ناوخۆش نییە !
سەبارەت بەو روونكردنەوەیە ئێمە لە گروپى كچانى زانكۆ وەك ئەركێكى ئەخلاقى، وەك چالاكییەكانى ڕابردوومان ئەمانەوێ بە چەند خاڵێك وەڵام بدەینەوە، کە لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە :
1 سەبارەت بەوەى ئەگەر ئەو مامۆستایە كارى هەرزەكارانەى كردبێ چۆن دوو ساڵ لە لایەن كۆلێژەوە ئەو پۆستە هەستیارەیان پێداوە ، ئەم قسەیە خۆى بەڵگەیە كە ئەو كەسەى وتارەكەى نوسیوە خوێندكارى زانكۆ نییە لە بەر ئەوەى ئێمەى خوێندكاران باش ئەزانین، هەتا ئێستا حیزب ڕێگەى نەداوە كەسی شیاو لە پۆستى هەستیاردابێت، خۆ كوردستان وەکو وڵاتە ئەوروپیی و دیموکراسییەکانی تر نییە، هەتا كۆلێژ ڕێگە نەدات هەرزەكارێك پۆستێكى هەستیار وەربگرێت، ئەوەى ئێمە ئەیبینین تەواویى سەرۆك بەشەكان بە ڕاگرى كۆلێژ و سەرۆكى زانكۆكەشەوە خەڵكى نەشیاو و خراپن، حزب كردوونى بە بەرپرس، مامۆستا كاروانیش وەك هەر كادرێكى ترى ئەم حیزبە گەندەڵە كراوە بەرپرسی كاروبارى خوێندكاران ، بۆیە وەرگرتنى پۆستى هەستیار لە كوردستان ماناى وا نییە ئەو كەسە شیاو و بەڕێزە، بەڵكو زۆرینەى جار خەڵكى بێڕێز و نەشیاو لە پاڵ حیزب و دەسەڵاتى گەندەڵەوە،پەیدا دەبن و پۆستى هەستیار وەرئەگرن، نمونەش ئەم مامۆستا كاروانەیە، كە ئێمەى خوێندكارانى زانكۆ ئەزانین چەند كەسێكى هەرزەكارە و هەمیشە بە دوى ئێمەى كچەوە بووە هەموو ئازادییەكى لێ زەوت ئەكردین، جگە لە هەندێک کچی لاواز کە تەسلیمی دەبوون.
2_ لە باسی وەرگرتنى باج لە خوێندكاراندا حاشا لەوە ئەكات كە باج لە خوێندكاران وەرگیرابێت، بەڵام دواتر ئیعتراف ئەكات كە باج وەرگیراوە بە بیانووى ئەوەى، خوێندكاران كاغەزیان سوتاندووە . ئەم دێڕە زۆر كۆمیدیە، ڕێك لە قسەى بەرپرسە دز و گەندەڵ و پیاوكوژەكانى ئەم وڵاتە ئەچێت، ئاخر هەمیشە خەڵكى ناپاك و چەپەڵ بیانوو دەهێنێتەوە و رەوای پێدەدات، بۆ نمونە کاتێک لە بەردەم لقى پارتى، گەنجان خەڵتانى خوێن كران بیانووەكە ئەوە بوو گوایە بەردبارانى لق كراوە كە لە خۆپیشاندانەكانى ناوشاردا خوێندكاران سورئەكران لە خوێندا بیانووى دەسەڵات ئەوە بوو ئاژاوەیان دروست كردووە، باجوەرگرتن لە ئێمەى كچانیش و سوكایەتیکردن لە لایەن مامۆستا كاروانەوە بیانووە، كە گوایە كاغەزمان سوتاندووە، جگە لەوەیش ئەمە درۆیەكى شاخدارە و هیچ خوێندكارێك هیچى نەسوتاندووە بەڵكو ئێمە ڕووبەڕووى ئەوە وەستاینەوە، چونکە كە جنێویان بە شەرف و كەرامەتمان ئەدا، ئیتر ئەم دیزە بە دەرخۆنەكردن و پاساوهێنانەوەیە لە پاى چى! بۆ بە درۆ ئەتانەوێ كارە قێزەونەكانى مامۆستا كاروان بشارنەوە و جوانی بکەن!؟.
3_ سەبارەت بەو خۆپیشاندانەى دژى مامۆستا كاروان ئەنجام درا، ئەوە ئێمە بووین خۆپیشاندانمان كرد، هەتا ئێستاش یاداشت و بەڵگەنامەكانمان لا ماوە، داواكارى سەرەكیمان لێپێچینەوە بوو بەرامبەر مامۆستا كاروان، پرسیارمان کردبوو لە پاى ئەو هەموو دەستدرێژییەى كە بۆ سەر ئێمە دەیكات، ئێوە لێی بێدەنگن و هیچ ناکەن، بە پێچەوانەوە مامۆستا کاروان بوو، کە بەردەوام دەهات و کێشەی دروست دەکرد و پرسیاری دەکرد و موحاسەبەی دەکردین، یان بڕیاری وەرگرتنى باجی بەسەرماندا دەدا!؟ هەروەها شەو و ڕۆژ و كات و نا كاتی نەبوو لە پڕ خۆی دەکرد بە بەشى ناوخۆی کچاندا، بۆیە ئەگەر یەك دێڕى تر لە سەر ئەم باسە بڕۆن ئەوا یاداشتەكەى پارساڵ، كە داواى دەركردن و ئیجرائات بەرامبەر مامۆستا كاروانمان كردبوو، ئەوا ناچار دەبین هەمووی ئەخەینە بەرچاوى خوێنەران .
4_ دەربارەى ئەوەش كە مامۆستا كاروان نەهاتۆتە داخلى بە بێ پرس، ئێمە لە وەلامی ئەمەدا دەڵێن، وەك كچانى زانكۆ ئەوە بە درۆ ئەخەینەوە و ڕاستیەكەى ئەوەیە مامۆستا كاروان داخلى كردبووە كانى ژنان و هەمیشە لە داخلى بوو، نوێنەرەكانى داخلیش خەڵكێكى فوول یەكێتى و سەر بە مەڵبەند و مامۆستا كاروان بوون، تەنیا كاریشیان ئاسانكارى بوو بۆ كارە ناشرین و خراپەكانى مامۆستا كاروان، ئەگەر ئەو كەسەى ئەوەى نووسیوە خوێندكارى كچ بووایە، لە داخلى هەرگیز ویژدانى ڕێگەى پێ نەئەدا درۆى ئاوا شاخدار هەڵبواسێت و مامۆستا كاروانى حیزبى بكاتە كەسێكى شیاو و بە ناوى ئێمەى كچانەوە دەستخۆشى لێ بكات.
لە كۆتاییدا خوازیارین لە ماڵپەڕى بەڕێزى كوردستانپۆست خۆى بە دواداچوونى ورد بكات بۆ كارەكانى مامۆستا كاروان و بزانێت زانكۆ ئەنجامى لیژنەكەى زانكۆ لە سەر كێشەى مامۆستا كاروان و ئەو خوێندكارانە بە چى گەیشت.

هێرۆ عەبدولكەریم
لە برى گروپى كچانى زانكۆ

تێبینى: لە بەر ئەوەى ئێستا كاتى پشووە خوێندكاران لە ماڵەوەن بۆیە ئەم وەڵامەم دواى ڕاوێژ كردن بە تەلەفۆن لە گەڵ هاوڕێكانم لە گروپى كچانى زانكۆ بە ناوى گروپەكەوە نووسى.
***************
کوردستانپۆست: وەکو پەیمانی پێداوان لەسەر ئەمە بەدواداچوون دەکات، هەرچەندە لەلایەن لێپرساواێکی زانکۆوە داوایان لێکردین بێدەنگ بیین، بەدواداچوونی تەواو دەکەن و پەیمانیان پیداین، کە بڕیارێک دەردەکەن لە بەرژەوەندی خوێندکارەکان بێت، ئەگەر بزانین زانکۆی گەرمیان پێچەوانەکەی پیادە دەکەن، ئەوا ئێمە دەرگا بۆ هەموو خوێندکاران دەکەینەوە، تا هەرچی لەو زانکۆیەکدا دەگوزەریت و لە رابردوودا روویان داوە بۆیان بڵاوبکەینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە