کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سلێمانى بۆتە تكساس و پۆلیس و ئاسایش لەگوێى هیندا خەوتوون

Monday, 06/08/2012, 12:00






تەنها لەبەروارى 3/8/2012 لەشارى سلێمانى دووكەس كوژران و چوارى تر برینداربوون و سێ ماڵ

سوتێنران و سێ خێزانیش لەترسى تۆڵەكردنەوەى دوژمنەكانیان شارەكەیان جێهێشتووە http://www.hawlati.co/babetekan/24194

 لەم لینكەوە ئەتوانن هەواڵەكە بخوێننەوە ، ئایا هاوڵاتى كورد مافى خۆى نیە بپرسێت ئەم لەشكرە زەبەلاحەى پۆلیس و ئاسایش كاریان چیە و بۆچى رۆڵى ئاسایى خۆیان نابینن لە پاراستنى سەر و ماڵى هاوڵاتیاندا ؟! ، ئەى ئەوە بۆچى ئەگەر شەش كەس بۆ خۆنیشاندانێكى ئاشتیانە كۆببنەوە ئیتر لەبەر پۆلیس و داربەدەست و سیخوڕەكانیان شوێن نیە لەو بەردەركى سەرایە رێبكەیت ؟! .
پۆلیس بەو بودجە گەورەیەوە كە بۆى دابینكراوە لەتەك ئەو هەموو توانا و ئوتومبیل و چەك و كەرەستانەدا ئەبوو ئەم شارەى بۆ بكردینایە بە شامى شەریف و ئەوەى ناوى دزى و كوشتن بوایە بوونى نەبوایە ... كەچى لەسایەیى دەزگاى پۆلیس و ئاسایشى سەقەت و كەمتەرخەمدا كەتەنها كاریان نۆكەرى و ماستاوكردنە بۆ بەرپرسە حیزبیەكان ئەوەتا هەموومان بەچاوى خۆمان ئەیبنین كەچۆن شارە شیرینەكەمان بەمەعناى كەلیمە بۆتە تەكساس و كەسێك نیە لەسەر و ماڵى خۆى دڵنیا بێت .
بڕۆن چمكێ لە ئەزموونەكەى ئەفغانستان دادڕن كە بەداخەوە بەرپرسانى ئێرە گاڵەتەیان پێدەكەن ، بەڵام بۆ مێژوو ئەفغانستان بەیەك ملیۆن قۆناغ و هەنگاو لەپێش حكومەتە گەندەڵەكەى ئێمەوەیە ، بڕۆن تەماشاى ئەم هەواڵە بكەن لەم لینكەوە

http://arabic.rt.com/news_all_news/news/591404

 ئەوەتا پەرلەمانى ئەفغانستان بەتاوانى كەمتەرخەمى لە ئەركەكانیاندا متمانەى لەهەردوو وەزیرى ناوخۆ و بەرگرى ئەو وڵاتە سەندەوە و بەهۆیەوە لەپۆستەكانیان دوورخرانەوە ، دەى با هەموو پەرلەمان و دام و دەزگا حكومى و مەدەنیەكانى تەواوى كوردستان بتوانێ نیوە متمانەیەك لە مەعالى شێخ جەعفەر و كەریم سنجابى گەندەڵ و تاوانبار بسەنێتەوە ؟؟!! ، بێگومان لەبەرئەوەى لە حیزبەكانیانەوە پاڵپشت ئەكرێن ئیتر ئەگەر هەزار و یەك تاوانى وەك حەڤدەى شوباتیش ئەنجامبدەن هەر وەك شانۆگەریەكەى پەرلەمانە كارتۆنیەكەى مەڕ خۆمان متمانەیان پێ دەدرێتەوە و چەپڵە رێزان دەكرێن .
كەس لەم وڵاتە و لەم شارەى ئێمەدا بەرپرسیارێتى ناگرێتە ئەستۆ بۆیە نەك دوو و شەش بگرە هەزارانیش بكوژرێن و رووتبكرێنەوە و ئابرووى هەزارانى تر ئەتكبكرێت ئەوە نە بەرپرسانى پۆلیسى گەندەڵ و نەبەرپرسانى ئاسایشى تاوانبار مووى غیرەت و ئابروو نایانجوڵێنێت چونكە تەواو مەعلوومە لایان كەسێك نیە لێپرسینەوەیان لەتەكدا بكات .
بەرپرسانى پۆلیس و ئاسایش تەنها پیاوى چاو بز و سمێڵ شۆڕى پڕ شورەیى ئەو جامى ئوتومبیلە گرانبەهاكانیانن و نۆكەر و كاسەلێس و موتیعى ئاغاكانیانن و هیچى تر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە