ئایا ئەشێ کاك نەوشیروان میلیشیای(کاتی) خۆی هەبێ؟
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
بۆ ئەوەی هێزی ڕاپەڕیوی شەقام و گۆڕان یەکبگرنەوەو هەنگاوی خێراو کۆتایی بەم دەسەڵاتە بێنن ، پێوستە هێزە چەکدارەکەی سلێمانی(یەکێتی) لەلایەن باڵێکی سەربازیەوە کۆنترۆڵ بکرێن. ئەم باڵە سەربازیە تەنها لەنێوان گۆڕاندا بەدی ئەکرێ.
پاش ڕوداوەکانی ١٧ شوبات و داگیرکردنی- کاتی- زێرەڤانی پارتی بۆ سلێمانی و، پەنا بردنە بەر هێزی چەکداری و میلیشیاییانەی پارتی و یەکێتی، هاوکێشەی گۆڕانی خستەوە نێو لێکدانەوەو شرۆڤەکردنێکی نوێ، کە بتوانێ لەگەڵ ڕووداو هەڵکەوتە هەنووکەییەکان خۆی بگونجێنێ. ئەم خۆگونجاندنەش بێ بوونی هێزی شێوە میلیشیایی کاتی-ناتوانێ ئەگەری دووبارە نەبوونەوەی هەڵکوتاندنەوەکان بێنێ کەڕەنگە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بەئەنجام بگەیەنرێ ، وە دوور نیە لەداهاتویەکی نزیکدا جارێکی تریش ڕووبدات، وەیان وەك پێویستیەك بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتی بەتایبەتی شاری هەولێر .
سیاسەتی گۆڕان هەمیشە وەك هێزێکی بێ چەك دەرکەوتوەو پەنابردنی بۆ توندوتیژی چەکداریانەی سەرلەبەر ڕەتکردۆتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە باڵێکی سەربازی و شۆڕشگێڕیانەی گەورەی ئەم ڕەوتە، لەبواری سەربازی و چەکداریەوە هاتون . وە ناشبێ ئەوەمان لەیادچێ کە بەشێ لەیەكلایی بوونەوەی کێشەکان ڕەنگە پێوست بەم جۆرە میکانیزمە بێ.
گومان لەوەدا نیە لەهەر شوێنێکی پڕ میلشیایی و، قەیراناوی گەورە لەئارادا بێ ، وەبۆ چارەسەرکردنیشی تەنها پەنا ئەبرێتە بەر ئەم میکانیزمە، بارو دۆخی کوردستان و سیستمی حکومڕانی پارتی ، هەروەك هاوشیوەکانی تری وەك لوبنانی سەدەکانی ڕابردو و ئێستای لیبیایە.
ڕەنگە هیچ کەسمان حەز بەخوێن ڕشتن نەکەین، لێ لەکۆتاییدا ئەم دەسەڵاتە مافیایە، جگە لەوەی بەهێزی چەکداری نەبێ کۆتایی نایەت. ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە خەمساردو بێ باکە، کە جگە لەزمانی توندو تیژی ، هیچ جۆرە زمانێکی تر کاری تێ ناکا.
لەڕوداوەکانی ١٧ شوبات، گەر هەندێ لایەنی ئازادیخواز و خەمخۆر نەبونایە، ڕەنگە ئێستا گردەکەش لەگەڵ زەویدا تەخت بکرایە لەلایەن پارتیەوە، بۆیە پێوستە وەك وانەیەك ، هەروا بەسانایی گوزەر نەکاو ئەم جارە پێوستە بەر بەو جۆرە پەلامار وئەگەرانە بکرێ. وەك دەرکەوت لەماوەی یەك مانگی ڕاپەڕیندا، دەسەڵات دەستی دەستی بەخەڵکی ئەکاو ئامادە نیە جگە لە بەکارهێنانی هێز و تیرۆر، هیچ جۆرە مامەڵەیەکی تر لەگەڵ جەماوەرو ئۆپۆزیسێۆندا بکات، بۆیە ناکرێ هەروا بیر لەئامرازی تر نەکرێتەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە.
سەرۆکی تەزوویر چەند جار ووتوویەتی ؛ بوونی نەوشیروان ، ترسە لەسەر ئەزموونەکەمان. کەواتە ئەشێ نەوشیروان مستەفا و هاوەڵەکانی بۆ ئەوەی خوێنی زۆر نەڕێژرێ، کۆنترۆڵی هێزی سلێمانی بکەن و لەدەست ئەو چەند هەرزەو نامەسئۆلانە دەریان بهێنن ، کە هەڵئەکەوتنە سەر خەڵکی و تیررۆر بەئەنجام ئەگەیەنن.
ئەشێ نەوشیروان مستەفا ئەم کارە بکا، بەبێ بەکارهێنانی چەتری گۆڕان، بەڵکە وەك کەسێك کە ئەتوانێ ، بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت ، هەندێ گۆڕانکاری و سیاسەتی تر پەیڕەو بکا، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەم قەیرانە کۆتایی پێ بێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست