دكتۆر بەرهەم شەرم لە كوردبوونى خۆى دەكات
Friday, 22/07/2011, 12:00
ئێمەى خەڵكى كوردستان زۆر جار لە گفتوگۆكانماندا باس لە شتى زۆر گەورە دەكەین وەك ئینتیما، هاوڵاتیبوون، ئاسایشى نەتەوەیى و شتى دیكەش، كەچى چاومان زەقترین شتەكانى دەوروبەرى خۆمان نابینێت و بیریشى لێناكەینەوە، بێگومان من ئەو كەسە نیم كە خوانەخواستە تەشهیر بە سەركردەكانى خۆم بكەم، بەڵكوو بە پێچەوانەوە من ڕێز لە هەموو ئەوانە دەگرم كە ڕۆژێك لە ڕۆژان خەباتیان بۆ ئەم وڵات و نەتەوەیە كردبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لەوە سڵ ناكەمەوە ڕاستیەك بزانم و ببین كە كەسێك جا ئەو كەسە هەركێ بێت زەرەرو زیان بە نەتەوەكەم بگەیەنێت لێى لە هەلڵا نەدەم.
من دكتۆر بەرهەم ساڵحم نەدەناسى، بە درێژایى خەباتى بزاڤى ڕزگاریخوازى نەتەوەیى و نیشتیمانیى كوردستان گوێم لەم ناوە نەبوبوو، وەك هەموو تاكێكى ئەم وڵاتە هەر وا تێگەیشتبووم كە بەرهەم ساڵح ئەندامێكى كاراو دڵسۆزى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بووە، بە خەبات و ماندووبون و زیرەكى خۆى توانیویەتى سەركردایەتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى كە گەورەترین پۆستى ئیدارەى حكوومەتى كوردستانى پێببەخشرێت، بەڵام كە لە ماڵپەڕى تایبەتیى خۆی ژیاننامەكەیم خوێندەوە هەستم كرد ئەو پاڵەوانە نییە كە باس لە خۆى دەكات، بیانییەكانیش دەڵێن باوەڕ بەو كەسانە مەكەن كە مەدحى خۆیان دەكەن، بە تایبەت كە دكتۆر دەڵێت من ئەندازیارى ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەكانى عێڕاق بووم، لە بەدواداگەڕانێك بۆم دەركەوت كە لە ڕۆژى دروستبوونى دەوڵەتى عێڕاقى تا ئەمڕۆ عێڕاق 853 ڕێكەوتننامەى نێونەتەوەیى بەم شێوەیە مۆر كردوون، 179 ڕێكەوتننامە ى گشتى لە نەتەوە یەكگرتووەكان، 177 ڕێككەوتننامەى نێودەوڵەتى لەگەڵ وڵاتانى عەڕەبى، 198 ڕێككەوتنامە لەگەڵ وڵاتانى ئاسیا، 29 لەگەڵ وڵاتەكانى ئەفەریقیا، 245 لەگەڵ وڵاتانى ئەوڕوپا، 2 ڕێككەوتننامە لەگەڵ وڵاتانى زەریاى هێمن ، 12 لەگەڵ ئەمەریكا، 11ـەش لەگەڵ وڵاتانى ئەمەریكاى لاتین. لە هیچ یەك لەم ڕێككەوتننامە نێونەتەوەییانەدا نەوەك دكتۆر بەرهەم ئەندازیاریان نەبووە، بەڵكوو كەس پرسیشى پێنەكردوە، ڕاستەوخۆ زانیم ئەم ماڵپەڕە تەنها بۆ ئەوە كراوەتەوە كە مێژوویەك بۆ دكتۆر دروست بكات، برالە مێژوو بە چەواشەكردنى خەڵكى درووست ناكرێت، تەنها قارەمانەكان مێژوو دروست دەكەن، دڵنیابە تۆش دەچیتە نێو زبڵدانى مێژوو چونكە بە چەواشە كردنى خەڵكى كوردستان و سەركردایەتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان توانیتان بەرزترین پۆستى حكوومەتى كوردستان بەدەست بێنیتو ، دەبێ ئەوەیش بزانى كە جەنابتان نەوەك تەنها خۆتان كردۆتە قارەمان و پێتان وایە ئەو میللەتە نەزان و دواكەوتووەو تەنها ئێوەن كە لە پێشەوەدان، بەڵى ئا لەمەیان ڕەنگە ڕاستت كردبێت چونكە چ میلەتێك بەوە ڕازى دەبێت كەسێك بكات بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیرانى حكوومەتەكەى خۆى كە شەرم لە كوردبوونى خۆى بكات، بەڕێزتان لە توركیاو كەنەدا دووپاتى ئەوەتان كردۆتەوە كە زۆرتان پێ عەیبە بڵێیت من كوردم و بەكوردی قسە بكەیت! گووتوتە بەردەوام هەست بە شەرمەزارییەكى زۆر گەورە دەكەم كەوا خوا بە كورد تۆى درووست كردوم! ئەو قسانەت یۆ هەڵنابەستم جەنابى دكتۆر بەڵكوو فاروق ڕەفیق لە كتێبى (ماڵێكى لێكترازاوو ویژدانێكى بیمار)ـدا تأكید لە قسەكانى بەڕێزتان دەكاتەوە، ئاى كە پێم شەرمە تۆ سەرۆكى وەزیرانى حكوومەتەكەى منى، باوەڕ بكە دەبێ ئێمەى كوردستانیان شەرم لەخۆمان بكەینەوە كە تۆمان كردوە بە سەرۆكى حكوومەت، دەگ عەمرتان نەمێنێت یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بۆ ئەم بڕیارەت كە دكتۆرتان كردۆتە سەرۆكى ئەنجوومەن، من ئەوەتا لە شوێنى خۆمەوە ئارەقەى شەرمەزارى بۆ هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانە دەڕێژم كە خوێنى خۆیان كردە قوربانى بۆ ئەوەى كەسێكى وەك بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆكى حكوومەتێك كە بە خوێنی ئەوانەوە بونیات نراوە، دەگ داوەشێن پێشمەرگە دێرینەكان كە ئەوەتان قەبوڵ كردوە، جا لە هەمووى خۆشتر دایكى دكتۆر بەرهەم لە دیمانەیەكى ڕۆژنامەوانیدا كە ڕۆژنامەنووس فەرەیدون بێوار ئەنجامى داوە دەڵێت" دكتۆر قەت عێڕاقچیەتى ناكات تا كوردچیەتى بیر بچێتەوە" ماشا ئەللا ماشا ئەللا ئەوەندە كوردچیەتى كردوە تا خوا دەلێت بەس، جا ڕوناك خان لە درێژەى قسەكانیدا دەڵێت "من هیچ سوودمەند نەبوومە_ مەبەستى لەوەى كە كوڕەكەى بۆتە سەرۆك وەزیران_ تا ئەم دەقبقەیە نە زەویم وەرگرتووە نە خانوو، پێویستیم پێ نییە" جاخانم گیان كێ گووتویەتى پێویستیت پێى هەیە؟ میللەتێك ئەوەندە ... بێت كوڕەكەت كە شەرمى پێیە بە زمانى دایكى خۆى قسە بكات و شەرمى بەوە بێت كە ئینتیماى بۆ ئەو خاك و نیشتیمان و نەتەوەیە هەبێت ڕۆژێك خەباتى بۆ نەكردبێت و بكرێت بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران خانووت بۆ چیە؟ ئەوەتا لە سەر ڕێگەى كەسنەزان وا دونیایەك ئەرزى داگیر كردوەو زێتر لە دە خانووى لەسەر دەكات، ڤێلاو قەسریشى لە لەندەن و پاریس و ... دروست هەیە، چ پێویستیت بە عەرزەیەك هەیە ئەگەر بیفڕۆشیتەوە تەنها بەشى بەڕێكردنى یەك وزەجبە میوانەكانت ناكات، بەڵام ئەو عەرزەى كە تۆ پێویستیت پێ نییە، ئەگەر بدرێتە فەقیرێكى ئەم وڵاتە دواڕۆژى خۆى پێدادبین دەكات.
هەموومان دەزانین هونەرمەند جەلیل زەنگەنە لە ڕێگەى زنجیرە دڕاماى گەردەلولەوە مێژووى خەباتى یەكێتى مەوەك تەنها نووسیەوە، بەڵكوو ئەم مێژووەى بە نەوەى ئێستا ناساندن و لە ڕێگەى ئەفڕاندنێكەوە توانى ئەم مێژووە لە مێشكى جیلى نوێ بەرجەستە بكات و خۆشەویستى و پابەندبوونیانى بە یەكێتى نیشتیمانى كوردستانەوە بەرزتر بكاتەوە، كەچى زەنگەنە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ هەفتەنامەى سڤیل دەڵێت" سێ مانگە دەمەوێت دكتۆر بەرهەم ببینم، ئەو كێشانەى لەگەڵ چارەسەر بكەم بەڵام نایبینم، نازانم چى بكەم، یانى واى لێهاتووە واز لە گەردەلوول بێنم، لە تاو ڕۆتینیاتى دام و دەزگاكان، ئەوان نازانن گەردەلوول وشیارى دەدات بە میلەتێك ، تا بزانن لە ڕابردوو چۆن بووە، ئەگەر كەسێك قسە بكاتب ا سەرۆك وەزیرانیش بێت هەزار كەس گوێى لێدەگرێت، بەڵام گەردەلوول میللەتێك سەیرى دەكات، بەداخەوە وایان لێكردووم بڵێم داواى لێبووردن دەكەم، دەبێت دەیان شوێن بكەین و دەست ماچ بكەین بۆ مۆڵەتدانى كارمەندێك، ...... لەبەر ئەوە بەڕاستى بێزارم" من هیچ كۆمێنتێكم لەسەر ئەو قسانەى هونەرمەند نییە، ئێوە بۆ خۆتان بزانن ئەو سەرۆك وەزیرانەمان تا چەندە كورد پەروەرەو یەكێتى نیشتیمانى كوردستانى خۆش دەوێت و ئەگەر دڕامایەك باس لە قارەمانییەتى ئەو نەكات یارمەتى نادات؟
باهاوارێك بكەین و یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ئاگەدار بكەینەوە كە نەوەك تەنها خەڵكى كوردستان بەڵكوو ئەندامانى دڵسۆزى یەكێتیش چیدى ڕازى نابن بەوەى دكتۆر بەرهەم لە حكوومەت بمێنێتەوەو دەبێ دەست لە كار بكێشێتەوەو، واز لە سیاسەت و چەواشەكارى بهێنێت، ئەگینا دەبێ نەوەك هەر شاربەدەرى بكەین دەبێ كوردستان بەدەریش بكرێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست