شا...........جوان ؟!!
Saturday, 30/06/2012, 12:00
شیوەنی گەل بۆ "شا" یەكە
بۆشایەكە پڕكاتەوە
"شا"یە"شا"ی دادپەروەری بێ و
وردە "شا" كان دورخاتەوە
"شا"یە"شا"بێ وشادی بێنێ
چرای هیوا گەش كاتەوە
"شا"یە خەمەكانی ژیان
لە بیر خەڵكی بباتەوە
خەڵك تەنها "شا"یەكی دەوێ
"شا"بێ و شایەنی "شا"یی بێ
"شا"یەتی "شا" كاتێ "شا"یە
گەل لە خۆشی وشادیدا بێ
سنوری قەڵەمڕەوی "شا"
بێدادیە لە گشت لایە
كەچی "شا" شادوبێخەمە
شایی هەرلە كۆشكی "شا"یە
بێ "شا"ییە گەر كۆشكی "شا"
پڕبێ لە قاقای پێكەنین
شارو شەقامی وڵاتیش
دایپۆشێ خەمو ماتەمین
ئەوكاتەی خەڵك لە سەر شەقام
بۆ داهاتی بەهەدەرچوو
پڕ بەدەم هاواری ئەكرد
لە حكومڕان ناڕازی بوو
وەك ئەوەی هیچمان كەم نەبێ
خۆشی لێبڕژێ كوردستان
بەزمو ئاهەنگ و ڕەزم بوو
بۆ دیاری كردنی شاجوان
بۆ كچی جوان ئەكەن بە "شا"
كە نیشتمان بێ "شا"ی جوانە؟!
گەل وخاك ئەو"شا"یەی دەوێ
بۆ وڵات قۆچی قوربانە
كچی "شا"جوانی كوردستان
وا لەسەر لوتكەی چیایە
قەت نابێ بە"شا"جوانی كورد
بوكەڵەی دەستی سەرمایە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست