كەركوك وترسێكیتر؟!
Sunday, 28/10/2012, 12:00
كەركوك شاری زێڕی ڕەش و خێروخۆشییە بۆدەسەڵاتداران وشاری ترس وبێ بەختی و خەم وچارەڕەشییە بۆ دانیشتوانەكەی، هەمیشەخەڵكی ئەوشارە لە ناو ترس ودڵە راِوكێدا ڕۆژەكان بەڕێدەكات، لە كاتی ململانییە سیاسیەكانیشدا بۆ بەرژەوەندی وقازانجی حزبی كەركوك فرەوخاوەنەو هەركەس خۆی بە خاوەن ومافداری ئەوشارە دەزانێت، بەڵام لەكاتی خوێن ڕشتن و قوربانیدان و هەڕەشە بەردەوامەكانی سەرژیان وماڵی هاوڵاتییان هیچ كەسێك خۆی بە بەرپرسیارنازانێت وئامادەنییە خاوەنداری لێبكات، ئاشكرایە دەیان ساڵ دەسەڵاتدارانی بەعس و پێش بەعسیش سەروەت وسامانی ئەوشارە بە تاڵان دەبرا و خەڵكەكەی سەركوت دەكراو دەچەوسێنرایەوە، ئەوكاتەی تارمایی ڕژێمی بەعس كۆتایی هات خەڵكی شاری كەركوك بەهیوای ئەوەبوون دەرگای بەختەوەریان لێبكریتەوەو بگەن بەژیان وگوزەرانێك ڕۆژگارەتاڵەكانیان بیرچێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە سایەی دەسەڵاتی حزبی كوردیدا ئەوخەونەبەدی نەهات، ئێستا لەدوای نۆساڵ بەناوئازادبوون لە چنگ دیكتاتۆریەت كەركوكییەكان خەمەكانیان زۆر زیاتربووە ترس ونیگەرانی ونەهامەتیەكانیان بەردەوام لە هەڵكشاندایە، ترسی تەقینەوە ، ترسی ڕفاندن، ترسی تیرۆركردن، ترسی بێسەروشوێن كردن، ترسی بێكاری هەژاری، سەرباری هەموی ترسی گەورە لە بێخاوەنی وبێكەسی وبێخەمخۆری شارەكە سەراپای ناخی خەڵكی داپۆشیوە، سەرەڕای هەمو ئەوترسانەش هەرجارەو بە جۆرێ ترسێكیتر دەخەنە دڵی خەڵكی كەركوكەوە، ئەوەی ئێستاش وەك مۆتەكە قوتیان كردۆتەوە ترسی فەرماندەیی ئۆپراسیونی دیجلەیە كە بەبڕیاری نوری مالكی ڕەوانەی دەوروبەری كەركوك كراوە وەك هەڕەشەیەك بۆ كۆنترۆڵ كردن وداگیركردنی شارەكە
ئاماژەی بۆ دەكرێت وپێناسەدەكرێت، زۆر لە مێژە خەمخۆران ودڵسۆزانی كەركوك كەسانی نوسەروڕۆشنبیری كورد باسی مەترسیەكانی سەركەركوك دەكەن ، بەڵام هەمیشە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان ئەوخەڵكە دڵسۆزەیان بەڕەشبین ودەم بەهاوار پێناسە دەكرد، نۆساڵە عەرەبی شۆڤیەنی وبەعسی و میتی توركی وداردەستەكانی وڵاتانی دژە كورد خەڵكی كەركوك خەڵتانی خوێن دە كەن بەتەقینەوەو بەدەسڕێژی گولەی راستەوخۆ بەئاشكرا كوردی خۆپیشاندەری ئەوشارەیان شەهید و بریندار دەكرد، كەچی "خەمخۆرە سیاسیەكانی ئەمڕۆ" بەشێك لەو كورد كوژانەیان ڕەوانەی دەرەوەی عێراق دەكرد لە ڕێی كوردستانەوە !! نمونەی ئەندامانی بەرەی توركمانی سەربە "میت" كەبەئاشكرا دژایەتی گەلی كورد دەكەن و خواستەكانی كەمالیستە نوێیەكان جێبەجێ دەكەن ، هەموكاتێ چەند وڵاتێكی رەگەزپەرستی عەرەبی و توركیای دوژمنی سەرسەختی كوردستان دژایەتی خۆیان لە هەمبەرگەلی كوردبەگشتی و كوردستانی بونی كەركوك بەتایبەتی بەئاشكرا راگەیاندووە، هاوكات حكومەتەكانی دوای پرۆسەی لەناوبردنی بەعسیش كە دەسەڵاتدارانی كورد بەردی بناغەكەیان دادەنا هێچ كامیان ئامادەنەبوون دەس بەرداری كەركوك بن بۆكورد سەرەڕای دانانی ڕێگەچارەی دەستوریش، بەڵام سەیرەكە لەودایە سیاسیەكانی حكومڕانی كوردستان ئەم راستییەیان لە خەڵك دەشاردەوە !! ئێستاش هەركاتێك بخوازن ولەبەرژەوەندی خۆیاندا بێت دەكەونە هات و هاوارو ئاماژەبەوە دەكەن كە مەترسی لەسەركەركوك هەیە، تۆبڵێی بێ ئاگابن لەوەی دڵسۆزانی كەركوك زۆرلەمێژە باسی ئەو مەترسیەدەكەن، ئایا لەیادیان چۆتەوە هەمیشە خۆیان ڕاستیەكانیان لەخەڵك دەشاردەوە ، پێم وایە لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان بەگشتی وكەركوك بەتایبەتی بخەنە دڵە راوكییەوە ئەگەر بەنیازن كەركوك بپارێزن، بەرلەهەموشتێك لەتەواوی دامودەزگانی عێراق بكشێنەوە وفشارێكی جدی بخەنەسەرئەودەسەڵاتدارانەی كە ئێوە بەهەڕەشەیان دەزانن، هاوكات بەئاشكرا سنورەكانی كەركوك دیاری بكەن وبیپارێزن وبەفەرمی رایبگەیەنن كەسنوری كوردستان بانی مەقان نییە بەڵكو چیاكانی حەمرینە و چاوەروانی سۆز و بەزەیی مالكی مەكەن فەرماندەیی دیجلە بگەڕێنێتەوەو مادەی سەدوچل جێبەجێ بكات، خەڵكی كوردستان ئاگادارە لەوەی تائێستاش بەشێكی سەرەكی دەسەڵات لە دەوڵەت وپەرلەمان وحكومەت وسوپای عێراق دووحزبە خاوەن دەسەڵاتەكەی كوردستان دەستیان پێوە گرتووەو دەسبەرداری نابن، ئێدی گلەیی لەكێ دەكەن وبەكێ ئەڵێن مەترسی لەسەركەركوكەو چاوەڕوانی كێ دەكەن كەركوك لەهەڕەشەبپارێزێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست