لە نێوان لیژنەكەی شێخ حەمد بن عیسا و مەسعود بارزانیدا
Monday, 26/03/2012, 12:00
پاش ئەوەی پارسالأ خۆپیشاندان وڵاتی بەحرەینی گرتەوە و دواتر بەزەبری هێز كۆتای بەناڕەزایەتیەكان هێنرا، پاشان لیژنەی لێكۆڵینەوە لە راستییەكان لەلایەن (شیخ حەمد بن عیسا ئال خەلیفە) پادشاى بەحرەین پیكهینرا بۆ لێكۆلینەوە لە روودا وخۆپیشاندانەكانى ساڵى رابردووى بەحرەین،ئەم لیژنەیە لە كۆمەڵیك كەسى بیلایەن پیكهاتووە و لەدەرەنجامى كارەكانیدا رایگەیاند هێزە ئەمنیەكانى بەحرەین هێزیان بەكارهیناوە بۆ سەركوتكردنى خۆپیشاندانەكان. مەلیكی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەسزا گەیاندنی هیزە ئەمنیەكان و هەروەها قەربوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی خۆپیشاندانەكان بكات. لەبەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتە پێشوازیان لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە كرد.
لە كوردستانی باشور پاش ئەوەی 17 شوباتی پارسالأ لە سلێمانی خۆپیشاندان دژی ناعەدالەتی و گەندەڵی و زەوتكردنی ئازادیەكانی خەڵك دەستی پێكرد و دواتر خۆپیشاندانەكان پارێزگای هەولێری زۆرێك شارو شارۆچكەكانی سەر بەپاریزگای سلێمانی و گرتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ زیاتر بەردەوام بوو، پاشان بە زەبری هێز كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان هێنرا، كە تێدا 10 شەهید و چەندین خۆپیشاندەر بریندار كران.
مەسعود بارزانی كە ناوی لە خۆی ناوە سەرۆكی هەرێم لە بری ئەوەی لیژنەیكی لێكۆڵینەوەی بێلایەن پێكبهێنێت و راستیەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكات و لایەنی تاوانبار دیاری بكات، كەچی خۆی بەرپرسانی تری حزبەكەی خۆپیشاندەرێكی بەرد وەشێن و جەلادە مرۆڤ كوژەكانی خۆیانیان وەكو یەك تاوانبار دەكرد، ئەوەتا (ئیبراهیمی كاكە ئەحە) چالاكی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە بۆ ماوەی چەند مانگە بەتۆمەتی هاندانی خۆپیشاندەران زیندانی كراوە و ئەمڕۆش لە سەر داوایكی لقی 4 تیرۆریستی پارتی رێكخەرێكی خۆپیشاندانەگەی17 بە ناوی (نزار مەحمەد) راپێچی پێش دادگا كرا، كەچی ئەو تاوانبارانەی كە هاونیشتمانیانی خۆپیشاندەریان بریندار و شەهید دەكرد،لەلایەن مەسعود بارزانی و حزبەكەیەوە داڵدە دراون و داكۆكییان لێدەكرێت. ئەو لێدوان و رەفتارانەی مەسعود بارزانی و بەرپرسانی تری حزبەكەی و بەرپرسانی حزبە هاوپەیمانەكەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە دەریخست كە هەرگیز ئەو دوو هێزە ئامادە نین یاسا سەروەر بێت و تاوانباران و گەندەڵكاران كە خۆیان سەرۆكیانن راپێچی پێش دادگایەكی عادیلانە بكرێنەوە.ئەگەر ئەو دەرئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی راستییەكانی پادشای بەحرەین لێكۆڵینەوە لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان بكردایە لەبری ئیبراهیمی كاكە ئەحەی خۆپیشاندەر و قوربانی هیوا مستەفا تاوانبارەكانی هاوشێوەی زیندانی دەكرد و زیان لێ كەوتوانیشی قەرەبوو دەكرد. بەڵام مەسعود بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا چەندین لیژنەی لێكۆڵێنەوەی درۆینەی حزبی لەژێر ناوی جیا جیادە درووستكردووە و دەرئەنجامی لێكۆڵێنەوەی لیژنەكانیش بەدڵی خۆی حزبەكەی كۆتای بەكارەكانی هێناوەوتاوانبارانی رزگاركردوەو قوربانیەكانیشی كردوە بەجەلاد. خۆئەگەر مەسعود بارزانی راست دەكات بائەویش هیچ نەبێت لیژنەكانی لێكۆڵێنەوەكانی بۆ روداوەكانی رابردووی كوردستان بێلایەن بوونایە نەك حزبی. ئەوەی پادشای بەحرەین كردوێتی لە قازانجی مانەوەی خۆیدا بوو لەسەر كورسی دەسەڵات، هەرچەندە ئەوەی ئەویش كردوێتی نەشتەرگەریەكی بچوكی ئەو نەخۆشیە گەورەیە كە جومگەی ئازادیەكانی بەشێكی كۆمەڵگای بەحرەینی پێ شەلەل كراوە. لێ مەسعود بارزانی نەك هەر ئەو نەشتەرگەریە بچوكەشی نەكردوە بەڵكو خۆی تاڵەبانی ڤایرۆسی ئفلیج كردنی ئازادیەكانی بەشێكی زۆری كۆمەڵگای كوردین، ئەگەر رەوشی تەندروستی ئازادیەكانی كۆمەڵگاكەمان وابڕوات، ئەوە دڵنیابن ئەو بەشە زۆرەی كۆمەڵگا ناچار ئەبێت خۆی خۆی نەشتەرگەری بكات و ئێوەی ڤایرۆس لەلاشەی ئفلیج بوویدا دەربهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت وردە وردە راهێنان بكات و لەسەر پێی خۆی راوەستێت.هەرچەندە ئەوجۆرە نەشتەرگەریانەش خوێنی زۆری دەوێت، وەكو چۆن گەلی سوریا ئەو هەموو خوێنەیان بەخشیوەو هێشتا خوێنی زۆری تریانیش ئەوێت بۆ دەرهینانی ڤایرۆسی ستەمكاری ئەسەدی لە نێو جومگەی ئازادیدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست