ئەوەی روو دەدات تەنیا سیناریۆیەكی پارتییە و هیچی تر
Friday, 02/12/2011, 12:00
روداوەكانی ئەمڕۆی زاخۆ ، سوتاندنی چەندان شوێنی مەساجو فرۆشگاكانی مەشروب، تا دەگات بە سوتاندنی بارەگاگانی یەكگرتووی ئیسلامی لە زاخۆو سمێڵ، هیچ نییە جیا لە سیناریۆییەكی پارتی دیموكرات.
پارتی دەیەوێت بەم كارە، لەكاتوساتێكی دیاریكراودا، كە دۆخەكە بە قازانجی خۆیەتی، ئیسلامییەكان بۆ شەڕێك لەئەویش لە ساحەیەكدا كە خۆی دیاریكردووە پەلكێش بكات.
ئەگەر رواڵەتی ئەم سیناریۆیە بەوە رازبێتەوە كە ململانێیەكە لە نێوان هێزی خێرو هێزی شەڕدا، یان دەستەویەخەیەكە لە نێوان ئەو بەڵایانەی كەوتوونەتە گیانی شارستانێتیو ئازادییەكانی تاك ژێر پێ دەخاتو پەلاماری مەساجو فرۆشگاكانی مەشروب دەدات، لەگەڵ ئەو هێزانەی كە ئازادییە مەدەنیەكان دەپارێزێتو نایەڵێت هەروا بە ئاسانی ژێر پێ بنرێن، ئەوا ناوەڕۆكی مەسەلەكە لە شوێنێكی تردایە، ناوەڕۆكەكە ئەوەیە شارو شارۆچكەكانی ئێمە هەمیشە دەكرێنە تەراتێنو دەرهێنانی سیناریۆكان.
لەوانەیە سەرجەم بیرۆكەی ئەم سیناریۆیە بۆ ئەوە داڕێژرابێت كە سەرنجمان بخاتە سەر مەترسییەكانی بە ئیسلامیبوونی كوردستانو هێزە ئیسلامییەكان وەك بەڵای سەر كۆمەڵگا بكرێتە ئەكتەرو لەو لایشەوە دەسەڵاتێكی بێ شەرعیەت وەك دواین دەروازەی رزگاربوون بخرێتە بەر دەممانو ناچارن بكرێین یەكێك لەم دوانە، سپی یان رەش، هەڵبژێرینو، دەسەڵاتێكی تا سەر ئێسقان كۆنەپەرست بێتو لەدەست كۆنەپەرستی نەجاتمان بدات.
هەر لەماوەی ئەم كاتژمێرێكی چاودێری ئەم شەوی هەواڵەكان، من كاردانەوەیەكی خێرا لەبەرامبەر ئەو روداوانەدا هەست پێدەكەم، دەبینم كە چۆن خەریكە ترسو نیگەرانی لەئیسلامیزەبوونی كوردستان كونو كەلەبەرەكانی ئومێد دادەگرێتو چۆن خەریكە كاریگەرییەكانی راگەیاندن، دەمانكاتە سەیركەرێكی سوتاندنی مەشروبو قورئان پێكەوە، دەمانكاتە سەیركەرێكی بێ دەسەڵاتی ئەو دووكەڵو ئاگرەی لە سوتاندنی فرۆشگای مەشروبو مەساجو بارەگای یەكگرتووەوە بەرز دەبێتەوە.
روداوەكان هەر چۆنێك مكیاج بكرێن، ناتوانن بەواتای شەڕی نێوان ئازادیو كۆیلەیەتی، ناتوانن بە واتای شەڕی نێوان ئیسلامیو عەلمانی، بەواتای شەڕی نێوان شۆڕشگێڕو دەسەڵات لێك بدرێنەوە، ئەوەی رویدا تاوانێكە لە جۆری تاوانی چەتەكانی دەریا، لە جۆری تاوانی بەكدادانی دوای یارییەكان، لە جۆری تاوانی دەستدرێژییە گروپییەكان كە رۆژانە لە سەر ئەم گۆی زەوییە دووبارەو سەد بارە دەبنەوە.
دەبێت سەرجەمی ئەوەی گوزەراو دەگوزەرێت، وەك كێشەیەكی یاساییو ئەخلاقی بەرەو رووی پارتی بكرێتەوەو هەر ئەویشە كە بەرپرسیارێتی سەرەكی لەئەستۆیە، چونكە هەر ئەو حكومەتو دەسەڵاتی فعلیەو ئەگەر بیویستایە بەر بەو تاوانو روداوانە بگرێت دەیتوانی لەماوەی كەمتر لە سەعاتێكدا بەری پێ بگرتایە، یان بە دەربڕینێكی تر دەیتوانی وا بكات كە ئەو رووداوانە روویان نەدایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست