دیسان كۆ بوونەوە
Thursday, 09/04/2009, 12:00
1742 بینراوە
ئەم شیعرەم پێشكەشە بە هونەرمەند و دڵسۆزى كورد و شاعیرى ناودارى كورد د.عبدالله پەشێو
كاتێك سەركردەكان كۆدەبنەوە
بۆ سێو و مۆز
من و پەشێو دەگرین
بۆ گەل و هۆز
كاتێك ئەوان لەسەر
مێزەكانیان بە پێكەنین
بۆ یەكترى دەگێڕنەوە
باس و خوازى سۆزانییەكان
من و پەشێو زۆر بەترس و دڵە راوكێ
لەترسى سەركردەكان
شەو بەدزیى
رۆژ بە كزیى
سەرژمێرى ئەو كچانە دەكەین
كە بەعسییەكان
فرۆشتنیان
كاتێك هەردوو مەكتەب
بە خوێنى ئێمە مەست و
سەر خۆش دەبن
من و پەشێو مەستر،
دەبین بە شاگەشكە
بۆ ئەو جەستانەى
داپۆشراون
لەسەر دەریاى
نەوت و پڕ پاڵاوگە
وەختێ ئەمان دادەنیشن
بۆ دابەشكردنى
سامان
داهات
دەسەڵات
كورسى
وەك قورمیشن
گورگى هار و دۆ نەدیون
لەو ساتەدا
من و پە شێو
گۆڕ بەش دەكەین
بۆ ئێسك پروسكى ئەو جەستانەى
لەسەر ئەوان
ناویان لێنان
ئەنفالستان
21/3 2005
تێبینى/ بەرێز د. عبد الله پەشێو گیان ئەم شیعرە كرچ و كالەم دەمێكە نووسیوە لەسەر هەمان ستایلى كۆبوونەوە، هیوادارم دڵت لێم نەشكابێ ئەوەش راستییەكە و مرۆڤ ناتوانێ خۆى پێ بگیرێ