کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خێزانێک له‌گه‌ڵ مردۆکاندا له‌ گۆڕستانێکدا ده‌ژی!

Sunday, 15/01/2012, 12:00


ئه‌نیشتاین ده‌ڵێ: (مردن پاسپۆرته‌ بۆ ووڵاتێکی خۆشتر)

ڕه‌نگه‌ ئه‌نیشتاین کاتێک ئه‌م قسه‌یه‌ی کردبێت، که‌ له‌ناو بلواری گۆڕستانێکی هێمنی یه‌کێک له‌ جێگه‌ خۆشه‌کانی ئه‌ورپادا بووبێت، ده‌نا ئه‌گه‌ر له‌م گۆڕستانه‌دا بوایه‌ ئه‌وه‌ ده‌یووت مردن سه‌فه‌ره‌ بۆ جه‌هه‌نده‌م.

خوێنه‌ری ئه‌زیز، خێزانێکی هه‌ژار له‌دوبه‌یه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا له‌ سه‌ر گۆڕستانێک گوزه‌ر ده‌که‌ن و ژیانێکی مه‌مه‌ره‌ و مه‌ژیان هه‌یه‌، منداڵه‌کان به‌ به‌رد و داری گۆڕه‌کان یاری ده‌که‌ن، ئه‌م منداڵانه‌ چیرۆکی ناشتنی مردوو، ئایه‌ته‌کان و مه‌لای کوێر و فاتیحاو قورئان و داره‌مه‌یت و قه‌ره‌باڵغی هامشۆکه‌رانی گۆڕستانه‌کان و ڕۆژانی هه‌ینی، ده‌بێته‌ بە به‌شێک له‌ژیانیان، گه‌وره‌ ده‌بن له‌گه‌ڵیا ، کاتێکیش ئێواره‌یان لێدادێت ده‌رگای ماڵه‌که‌یان کڵۆم ده‌ده‌ن و به‌دیار وێنه‌ی وه‌ک ژنه‌که‌ گومانی هه‌یه‌ (داخۆ مه‌لا مسته‌فایه‌، یان مه‌سعوده‌. ئا ئا ... مه‌سعوده‌ سه‌لام ده‌کات) ئەو وێنەیە به‌دیواره‌ خوار و خێچه‌که‌دا هه‌ڵواسراوه‌ و میوانی شه‌وی ئه‌و خێزانه‌یه‌، که‌ له‌ پایته‌ختی ووڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندا ده‌ژین.
ده‌بوو بمان توانیایه‌ زیاتر قسه‌ بکه‌ین له‌ سه‌ر ئه‌م کورته‌ فلیمه‌، که‌ زۆر وه‌ستایانه‌ گیراوه‌، منداڵ و پیر دووکه‌سایه‌تین ، پڕن له‌ ڕاستی و جوانی و پاک بوونه‌وه‌ ، منداڵه‌که‌ ده‌ڵێ حه‌زده‌که‌م خانووەکه‌ به‌ به‌لاش بێت و ڕه‌نگی په‌مه‌یی بێت ، ژنه‌که‌ش ده‌ڵێ: مێرده‌که‌م ئه‌رزاقی ده‌برد بۆ پێشمه‌رگه‌، فڕۆکه‌ جه‌نگییەکان به‌ئاسمانه‌وه‌بوون نه‌یده‌زانی به‌سه‌لامه‌تی دێته‌وه‌ یان نا؟ گله‌یی هه‌یه‌، چونکه‌ مێرده‌که‌ی لای عه‌لی شه‌عبان بووه‌ و ئیستا که‌س ئاوڕی لێ ناداته‌وه‌ و له‌گۆڕستانێکدا هه‌واریان هه‌ڵداوه‌.
ئه‌م کورته‌ فلیمه‌ ساده‌یه‌ به‌ڵام پڕێتی له‌ڕامان له‌جوانی له‌ ترس ده‌کرێ له‌مه‌وه‌ په‌یامی دوبه‌یه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بخوێنینه‌وه‌و بیبینین.

کاتێک دایکه‌ ڕه‌شپۆشه‌که‌ گومانی له‌ وێنه‌که‌ هەیە، کە داخۆ ئەوە وێنەی مه‌لامسته‌فایه‌ یان کوره‌ جەربه‌زه‌که‌ی؟
من لای خۆمه‌وه‌ به‌ناخی زه‌ویدا ڕۆده‌چووم و ده‌م پرسی داخۆ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م فلیمه‌ مه‌سعود چیده‌ڵێ و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ هه‌ولێر چۆن ده‌که‌ونه‌ خۆیان و ڕه‌نگه‌ ئه‌م خێزانه‌ ئازاریش بده‌ن، بزانین چۆن ده‌بێت؟
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم، هه‌رچی تاوان هه‌یه‌، هه‌رچی داڕمان و داڕزانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و هه‌ژاریی هه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خائینه‌دایه‌، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نه‌ ساخته‌چییەکان، به‌ر له‌ مردنیان مزگه‌وت ده‌که‌نه‌وه‌ و پاره‌ له‌ ده‌سه‌لات وه‌رده‌گرن ، ناتوانن سه‌دان خێزانی وا له‌و نه‌هامه‌تی و داڕمانه‌ ڕزگار بکه‌ن.
به‌ر له‌چه‌ند ساڵێک هونه‌رمه‌ندێکی کورد به‌ناوی (کارزان کرێکار) فلیمێکی دیکۆمێنتی دروست کرد و له‌ژێر ناوی کورد گه‌لێکی سواڵکه‌ر نییه‌، له‌وێدا خێزانێکی تێدابوو له‌ ئاوده‌ستدا ده‌ژیان، له‌ نه‌خه‌وه‌ منی هه‌ژان و زانیم منداڵێک له‌ جێگه‌یه‌کی وادا گه‌وره‌بێت چ پاشەڕۆژێکی شه‌رانگیر و ناخۆشیی ده‌بێت؟ ئه‌م خێزانه‌ و ژیانی له‌ناو ئه‌م گۆڕستانه‌دا هه‌مان کاره‌ساته‌، که‌ ئیتر مرۆڤ ناتوانێ تف له‌ دوبه‌یه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی و ده‌سه‌لاتدارانی کورد له‌ باشور نه‌کات، که‌ بە ئانقەست له‌سه‌ر تێک شکاندنی تاکی کورد به‌ پلان کار ده‌که‌ن، لێ گه‌ڕێن شاره‌کانتان پڕ کرودوه‌ له‌ خه‌ڵک، بۆ زه‌مینه‌ خۆشناکه‌ن ئه‌م خه‌ڵکه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی خۆی بۆ گونده‌کان؟ یان چۆن خزمه‌تی به‌عسییەکان و کچ و کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن وه‌ک کچه‌که‌ی عیزەت دوریی، که‌ میوانی بنەماڵەی بارزانییە له‌ هه‌ولێر، لێ بۆ خێزانێکی وا ژیانێکی شیاو سه‌ره‌تایان بۆ فه‌راهه‌م ناکه‌ن؟ ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ جێگه‌یه‌کی تردا بوایه‌ ده‌بووه‌ که‌ره‌سته‌ی شۆڕش ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لای ئێمه‌ ڕووداوه‌کان هێنده‌ زۆر بوون خه‌ڵکی خۆپه‌رستن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ و سه‌دان شتی وا نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (کردار شه‌رته‌) بهێنێته‌ وه‌لام!.

***********************

********************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە